به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران
هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كانى له‌نێوان ململانێكانى ئێران و ئه‌مریكادا؟

نەوزادی موهەندیس - 18-09-2019 - 1683 جار خوێندراوەتەوە

• پێشه‌كى

ئێران وه‌ك وڵاتێكى گه‌وره‌ و خاوه‌ن نفوزى سیاسى و ئابورى و ئه‌منى له‌ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و وه‌ك یه‌كێك له‌ وڵاته‌ خاوه‌ن مێژوو و شارستانیه‌تى دێرین و ده‌وڵه‌مه‌ند و وه‌ك وڵاتێكى خاوه‌ن جوگرافیایه‌كى پانوپۆڕ و زۆرى ژماره‌ى دانیشتوانه‌ هه‌مه‌جۆر و هه‌مه‌ ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ییش ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیه‌وه‌ گه‌لێك گرنگى و كاریگه‌رى په‌یداكردوه‌ و ته‌نانه‌ت زۆرجارانیش بۆته‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى وڵاتانى زلهێز وه‌ك ئه‌مریكا و ئه‌وروپیه‌كان و ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كانیش له‌ڕێگه‌ى ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ بۆسه‌ر هاوكار و هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ناوچه‌كه‌دا له‌وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئیسڕائیل.به‌تایبه‌تیش دواى هاتنه‌ سه‌ر حوكمى ئیسلامیه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان به‌ ڕابه‌رایه‌تى ئیمام خومه‌یى له‌ساڵى 1979وه‌ تاكو ئێستا.به‌تایبه‌تیش دواى ده‌رچوونى ئێران له‌شه‌ڕى 8ساڵه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق 1980-1988 و سه‌رگه‌رمبوونى به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ى وڵات و گه‌شه‌پێدانى هێز و توانا سیاسى و ئابورى و ئه‌منیه‌كانى له‌ناوخۆ و ناوچه‌كه‌دا و به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى دامه‌زراندن و ده‌ستپێكردنى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى،كه‌له‌ئێستادا بۆته‌ خاڵى ناكۆكى سه‌ره‌كى و ململانێى توند له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌وروپیه‌كاندا، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆك ئۆبامادا و له‌ساڵى 2015دا ڕێكه‌وتنێكى  نێوده‌وڵه‌تى ناسراو به‌ ((5+1)) ده‌رباره‌ كراو به‌وپێیه‌ش هه‌ردوولا  ئه‌ركه‌كانى خۆیان جێبه‌جێكرد بۆ ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ده‌ستهێنانى ئێران بۆ چه‌ك  و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ى ئه‌تۆمى،له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵگرتن یان سووككردنى گه‌مارۆ ئابوریه‌كانى سه‌ر ئێران كه‌ماوه‌ى زیاتر له‌ 30 ساڵى خایاندوه‌ و هاوكارى و یارمه‌تى ئێران له‌ بوژاندنه‌وه‌ى ژێر خانى ئابورى و كه‌رتى  وزه‌ و هاندانى كۆمپانیا بیانیه‌كان بۆ وه‌به‌رهێنانكردن له‌ ئێران و هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌كردنى پاره‌ بلۆككراوه‌كانى ئێران له‌ بانكه‌كانى ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و زۆر كارئاسانى تریش.

• به‌ڵام ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ به‌هاتنى سه‌رۆك ترامپ بۆ كۆشكى سپى و هه‌ڵدانه‌وه‌ى ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ى سه‌رده‌مى سه‌رۆك ئۆباما، بڕیاریدا كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌دا بچێته‌وه‌ كه‌ به‌بڕواى ئه‌و له‌ قازانجى ئه‌مریكادا نیه‌ و به‌مه‌ش كێشه‌ و گرفته‌كان سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه‌ و هه‌ردوولا ئێران و ئه‌مریكا كه‌وتنه‌ خۆ بۆ ململانێیه‌كى توند كه‌ ماوه‌ى زیاد له‌ 4 ساڵه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌. له‌و پێناوه‌شدا ئه‌مریكا له‌ مانگى 5/2015دا ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ى تاك لایه‌نه‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و دوو گوژمه‌ گه‌مارۆى توندى ئابورى به‌سه‌ر داموده‌زگا و كه‌سایه‌تیه‌كانى ئێراندا سه‌پاند له‌هه‌موو بواره‌كاندا و به‌تایبه‌تیش وزه‌ و نه‌وت و بڕیاریدا كه‌ فرۆشتنى نه‌وتى ئێران سفر بكاته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێران فشارى سیاسى و ئه‌منى و ئابوریه‌كانى خۆى له‌ناوچه‌كه‌ و دونیادا ده‌ستپێكرد و سه‌ره‌تاش له‌ ئه‌وروپیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد وه‌ك لایه‌نێكى ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ دوور له‌ ئه‌مریكا.و دواتر جه‌نگى كه‌شتیه‌كان و ته‌نگه‌ى هورموز و ته‌قاندنه‌وه‌ى جبه‌خانه‌كانى ئێران له‌ عێراق و سوریادا له‌لایه‌ن ئیسڕائیلیه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ى به‌رده‌وامى هه‌ردوولا له‌یه‌كتر مه‌ترسى هه‌ڵایسانى جه‌نگى گه‌رمى لێدروستبوو.به‌ڵام تائێستا ناوبژیوانیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بونه‌ته‌ هۆكارى دواخستنى ئه‌و جه‌نگه‌ كه‌ هه‌موو كات ئاماده‌گى هه‌یه‌.

• هه‌نگاوى سێیه‌مى ئێران چییه‌؟

ئێران له‌ ڕێگه‌ى ده‌سته‌ى وزه‌ى ئه‌تۆمیه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ پابه‌ندبونى ئه‌تۆمى خۆى كه‌مده‌كاته‌وه‌،وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ پێشێلكردنى واشنتۆن بۆ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌،ئاماژه‌ به‌و خاڵه‌ى ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ كه‌ ده‌ڵێت (( هه‌ڵگرتنى هه‌ر كۆت و به‌ندێك له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان)).

دانیناوه‌ به‌وه‌شدا كه‌ 20 له‌ ئامێره‌كانى فڕێده‌رى ناوه‌ندى له‌ جۆرى((ئه‌ى 4)) كارده‌كه‌ن.ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ كه‌ تواناى پیتاندنى یۆڕانێۆمى هه‌یه‌ زیاد له‌ ڕێژه‌ى 20%.

ده‌سته‌ى وزه‌ى ئه‌تۆمی ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى پابه‌ندبوونیان به‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌وه‌ كاركردن به‌ ئامێره‌ فڕێده‌ره‌ ناوه‌ندیه‌ زۆر پێشكه‌وتوه‌كان ده‌گرێته‌وه‌،كه‌ مانگى داهاتوو كاركردنیان ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ كه‌ پیشه‌سازى ئه‌تۆمى ئێرانى ده‌توانێت ئامانجه‌ دوور مه‌وداكانى خۆى وه‌دیبێنێت به‌ ئاسانى.

• هه‌وڵه‌كانى ئێران بۆ تێپه‌ڕاندنى ڕێژه‌ى ڕێگه‌پێدراو بۆ پیتاندنى یۆڕانیۆم..بۆته‌ مه‌ترسى بۆ ئه‌مریكى و ئه‌وروپیه‌كان، ئێران وه‌ك كارتێكى فشار بۆ سه‌ر ئه‌مریكا و ئه‌وروپیه‌كان بۆئه‌وه‌ى تاده‌كرێت ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت و هه‌موان پابه‌ندبن پێیه‌وه‌،كارى فشارى زیادكردنى ڕێژه‌ و ئاستى پیتاندنى یۆڕانیۆمى به‌رزكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت ئێران چیدیكه‌ چاوه‌ڕوان نابێت و پابه‌ند نابێت به‌ به‌نده‌كانى ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ساڵى 2015وه‌ و ئازاده‌ له‌وه‌ى كه‌ چۆن به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى گه‌شه‌و پێش ده‌خات.له‌و پێناوه‌شدا ڕایگه‌یاند كه‌ ڕێژه‌ى پیتاندنى یۆڕانیۆم به‌رزده‌كاته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 67ر3% كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌یه‌ كه‌ ڕێگه‌ پێدراوه‌ به‌پێى ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ى ساڵى 2015.

سه‌رۆكى ئێرانى ((حه‌سه‌ن ڕۆحانى))ڕایگه‌یاند كه‌ مه‌به‌ست له‌ زیادكردنى ڕێژه‌كه‌ بۆ كارى ئاشتیانه‌یه‌ نه‌ك سه‌ربازى،و هێشتا ڕیژه‌ زیادكراوه‌كه‌یان ئاشكرا نه‌كردوه‌.هه‌ر زیادكردنێك له‌ ڕێژه‌ى پیتاندنى یۆانیۆمدا ده‌بێته‌ زیاتر نزیكبونه‌وه‌ى ئێران له‌ دروستكردنى بۆمبى ئه‌تۆمى و ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش كه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا دانراوه‌ بۆ زیاتر درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى وه‌ده‌ستهێنانى ئێرانه‌ بۆ بۆمبى ئه‌تۆمى بۆ ساڵێك له‌ جیاتى 2-3 مانگ. چونكه‌ ئه‌مریكا و ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تى باش ده‌زانن كه‌ ئێران خاوه‌نى به‌رنامه‌یه‌كى ئه‌تۆمى بوه‌ و وازیلێهێناوه‌ ،به‌ڵام ئێرانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هیچ كات هه‌وڵى وه‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى نه‌داوه‌. 

لێپرسراوانى ئێران به‌به‌رده‌وامى ئه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ هه‌موو 60 ڕۆژێك پابه‌ندبوونى خۆیان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ وه‌ك كارتێكى فشار بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وروپیه‌كان بكه‌ونه‌ نێوان ئێران و ئه‌مریكاوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى فشار و گه‌مارۆكان و ده‌رگاى دیپلۆماسیشیان دانه‌خستوه‌.

ئێران پێش ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ یۆڕانیۆمى پیتێنراوى به‌ ڕێژه‌ى 20% به‌رهه‌مده‌هێنا كه‌ ئه‌و بڕه‌ پێویست بوو بۆ پێدانى به‌ كوره‌ى تاران به‌ سووته‌مه‌نى و ڕێژه‌ى پیتاندنى یۆرانیۆمیش له‌ كوره‌ى بوشه‌هر له‌ باشورى ئێران ته‌نها 5% بوو.

به‌هرۆز كه‌مالوه‌ندى وته‌بێژى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى ئێرانى ده‌ڵێت (( یۆرانیۆم به‌ پێى پێویستى خۆمان ده‌پیتێنین،و له‌ ئێستادا پێویستمان به‌ پیتاندنى یۆرانیۆم نیه‌ بۆ كوره‌ى تاران. و ته‌نها به‌ ئاستى پێویست یۆرانیۆم ده‌پیتێنین بۆ كوره‌ى بوشه‌هر)).هه‌موو ئه‌م په‌رچه‌ كردارانه‌ى ئێرانیش له‌دواى كشانه‌وه‌ى تاكلایه‌نه‌ى ئه‌مریكا دێت له‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ له‌مانگى مایسى 2018دا.و سه‌پاندنى گه‌مارۆى ئابورى به‌سه‌ر ئێراندا.و سه‌رۆكى ئه‌مریكاش ئه‌م بڕیاره‌ى خۆى به‌وه‌ پاساوهێنایه‌وه‌ كه‌ ئێران له‌ پلانى بۆ به‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى وازینه‌هێناوه‌ و هه‌روه‌ها ده‌ستوه‌رده‌داته‌ كاروبارى وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیشه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێى وڵاتانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى هاوپه‌یمانى ستراتیژى ئه‌مریكان.

• ئه‌و په‌رچه‌كردارانه‌ چیبوون له‌ دواى هه‌نگاوى سێهه‌مى ئێرانه‌وه‌.. دواى به‌رزكردنه‌وه‌ى تێكڕاى پیتاندنى یۆڕانیۆم ؟ 

• له‌ میانه‌ى ئه‌و په‌رچه‌ كردارانه‌ى كه‌ دژ به‌ بڕیاره‌كه‌ى ئێران  بۆ ئیشپێكردنى ئامێره‌كانى فڕێده‌رى ناوه‌ندى پێشكه‌وتوو بۆ زیادكردنى بڕى یۆڕانیۆمى پیتێنراو ده‌ربڕان له‌لایه‌ن وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه‌، جوراوجۆربوون له‌ نێوان توند و له‌سه‌رخۆ و هه‌ندێكیش هیچ به‌هایه‌كیان بۆ دانه‌نا.

• ئه‌وه‌تا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا ته‌نها ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ هه‌موو ئاوات  و ویسته‌كانى تێكشكاند له‌كاتێكدا كه‌ به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ ئه‌وروپیه‌كانى تردا له‌هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌دان.

• له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وروپیه‌كان ماوه‌یه‌كى كه‌میان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ بڕیاردان ده‌رباره‌ى ئه‌نجامى ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران و هیچ كه‌سیش چاوه‌ڕوانى تاكلایه‌نه‌ى ئێران نه‌كات بۆ پابه‌ندبوون به‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌وه‌.

• له‌هه‌مان كاتدا بڕیاره‌ لیژنه‌یه‌كى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ردانى ئێران بكات و سه‌ردانى جێگه‌ ئه‌تۆمیه‌كانیش بكات و ئێرانیش هیچ لاریه‌كى نیه‌ له‌و سه‌ردانه‌.

• وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكاش له‌ پاریسه‌وه‌ و له‌كاتى پرێس كۆنفرانسێكى له‌گه‌ڵ هاوتا فه‌ڕه‌نسیه‌كه‌ى ڕایگه‌یاند كه‌ هیچ سه‌رسوڕمانێكى نیه‌ له‌و بڕیاره‌ى ئێران كه‌ پێشێلى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌كات كه‌له‌ساڵى 2015دا ئه‌نجامدراوه‌.ئه‌وان واته‌  ئێران چه‌ند ساڵێكه‌  ڕێكه‌وتنى بڵاونه‌بونه‌وه‌ى چه‌كى ئه‌تۆمیان پێشێلكردوه‌.

• له‌لاى خۆشیه‌وه‌ وه‌زیرى به‌رگرى فه‌ڕه‌نساش ڕایگه‌یاند كه‌ فه‌ڕه‌نسا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وروپیه‌كان به‌مه‌به‌ستى هاندانى ئێران بۆ پابه‌ندبونى ته‌واوى به‌ ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌وه‌.بۆ پاراستنى سه‌لامه‌تى و ئاسایشى كه‌نداوى عه‌ره‌بى به‌شێوه‌یه‌كى هه‌مئاهه‌نگ و باش.

• له‌لاى خۆشیه‌وه‌ نوێنه‌رى ڕوسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ڕایگه‌یاند ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ئێران هه‌نگاوێكى نوێیه‌ و ئاماژه‌یه‌كى به‌هێزه‌ بۆ پێویستى گێڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگى له‌چوارچێوه‌ى پلانى كارى سه‌رتاسه‌رى و هاوبه‌شدا.

• به‌كارهێنانه‌كانى وزه‌ى ئه‌تۆمى له‌ ئێران

قسه‌كردن ده‌رباره‌ى سووده‌كانى به‌كارهێنانى  وزه‌ى ئه‌تۆمى بۆ مه‌به‌ستى ئاشتیانه‌ قسه‌یه‌كى كه‌موكوڕه‌،چونكه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ كۆن نوێیه‌ى وزه‌ هه‌میشه‌ له‌ پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامدایه‌،هه‌موو جارێكیش به‌كارهێنانێكى نوێ  بۆ ئه‌و وزه‌یه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ ئاشكرای بكه‌ین كه‌ وزه‌ى سووتانى 1 ته‌ن له‌ سووته‌مه‌نى ئه‌تۆمى یه‌كسانه‌ به‌ به‌رهه‌مى سووتانى 20 ملیۆن ته‌ن له‌ خه‌ڵوز.ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ وڵاتێكى وه‌كو ئه‌مریكا به‌نزیكه‌یى 20% له‌ پێداویستى كاره‌با پشت ببه‌ستێته‌ سه‌ر وزه‌ى ئه‌تۆمى.ئاشكراشه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ ڕوو له‌ زیادبونه‌ له‌ ئاینده‌دا.

جا له‌به‌ر ئه‌مه‌ وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌كان ئه‌ركیانه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانى ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كاروانى پێشكه‌وتن دوانه‌كه‌ون،ئه‌م ستراتیژیه‌ش ئاینده‌ى پیشه‌سازى ئه‌و وڵاتانه‌ دابین ده‌كات،به‌شێوه‌یه‌ك كوره‌ تێكه‌ڵكه‌ره‌ ئه‌تۆمیه‌كان كاریگه‌رى سیاسى قوڵیان نابێت كه‌ وزه‌ى ئه‌تۆمى كوره‌ په‌رتكه‌ره‌كان ده‌یده‌نه‌وه‌،له‌به‌رئه‌وه‌ى سووته‌مه‌نیه‌كه‌ له‌به‌رده‌ست هه‌مواندایه‌،و ده‌ستپێشخه‌ریش بۆ ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستدێنێت له‌ دروستكردنى بنكه‌ى زانستى بۆ بنه‌ماى زانستى پلازما و تێكه‌ڵكردنى ئه‌تۆمى.

• چ بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م ئێراندایه‌ ؟

جا له‌به‌رده‌م ئێران دوو هه‌ڵبژارده‌ هه‌یه‌:


یان وزه‌ى ئه‌تۆمى ،یانیش سووته‌مه‌نى هه‌ڵهێنجراو((نه‌وت و گازى سروشتى))، به‌ڵام وزه‌ى ئه‌تۆمى له‌ڕووى نزمى تێچوون و سه‌لامه‌تى ته‌كنیك و ده‌سكه‌وتنى بۆ ماوه‌یه‌كى دوورودرێژ و پاراستنى ژینگه‌ و سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ش ناوبانگه‌ جیهانیه‌كه‌شى،وایلێده‌كات كه‌ سه‌ركه‌وتووتر بێت به‌سه‌ر سووته‌مه‌نى هه‌ڵهێنجراودا، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌كاتى ته‌واوبونى یه‌ده‌گى ئێران له‌ نه‌وت ،پێوست ده‌كات كه‌ ئێران وه‌به‌رهێنانى گه‌وره‌ بكات له‌ پاشماوه‌ى داهاته‌كه‌ى له‌ نه‌وت له‌ سیسته‌مێكى وزه‌ى وادا كه‌ تواناى هه‌بێت بۆ به‌رگه‌گرتن و مانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى قۆناغى دواى نه‌مانى نه‌وتدا.

به‌كارهێنانى وزه‌ى ئه‌تۆمى پشت ده‌به‌ستێته‌ سه‌ر چه‌ندین هۆكارى تر،له‌وانه‌ به‌رنامه‌ى پێشخستنى به‌رهه‌مى وزه‌ و ده‌ستخستنى ته‌كنیكى پێشكه‌وتوو و هه‌مجۆركردنى سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مى وزه‌ و دابینكردنى ئه‌مان و سه‌لامه‌تى بۆ سه‌رچاوه‌كانى وزه‌،و به‌رهه‌مهێنانى وزه‌یه‌كى خاوێن،و ڕه‌چاوكردنى دۆخى ژینگه‌یى و پێویستبوونى پاراستنى،و سوود وه‌رگرتنیش له‌ باشیه‌كانى ته‌كنیكى ئابورى،هه‌ربۆیه‌ پێشخستنى وێسگه‌ ئه‌تۆمیه‌كان كارێكه‌ كه‌ ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت له‌ به‌رنامه‌ى ئێران بۆ دوور مه‌ودا، بۆ دابینكردنى سه‌رچاوه‌كانى وزه‌،به‌ڵام ده‌رباره‌ى ئه‌و خاڵانه‌ى كه‌ ڕێكخراوى وزه‌ى ئه‌تۆمى  بۆ ئێران پشتیپێده‌به‌ستێت به‌پێى ڕاپۆرته‌كان له‌ كاتى ئێستادا،بریتین له‌ :

• پلاندانان و دامه‌زراندن و كارپێكردنى وێسگه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌باى ئه‌تۆمى.
• سوڕى سووته‌مه‌نى ئه‌تۆمى.

• دامه‌زراندن و كارپێكردنى كوره‌كانى توێژینه‌وه‌ى ئه‌تۆمى په‌رتبون و توانه‌وه‌.

• ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ له‌ بوارى پێشخستنى به‌كارهێنانى تیشكه‌ ئه‌تۆمیه‌كان له‌ بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و پزیشكیدا.

• چاودێریكردن و دابینكردنى سه‌لامه‌تى بۆ چالاكیه‌ ئه‌تۆمیه‌كانى وڵات،له‌ڕێگه‌ى سه‌نته‌رى سه‌لامه‌تى ئه‌تۆمى.

• پیتاندنى یۆڕانیۆم چییه‌ ؟

پڕۆسه‌ى پیتاندنى یۆڕانیۆم داده‌نرێت به‌ پایه‌یه‌كى بنچینه‌یى له‌ گۆڕینى ئه‌و توخمه‌ خاوه‌ كه‌ له‌ سروشتدا هه‌یه‌ یان بۆ توخمێك كه‌ تواناى به‌كارهێنانى ئاشتیانه‌ى هه‌بێت له‌ به‌رهه‌مهێنانى وزه‌دا له‌ چوارچێوه‌ى پێوانه‌ و مه‌رجه‌ دیاریكراوه‌كاندا یان بۆ چه‌كێكى كوشنده‌.

جێگه‌ى ئاماژه‌ پێدانه‌ كه‌ پڕۆسه‌ى پیتاندن بۆ خۆى نابێته‌ هۆكارێك بۆ دیاریكردنى سروشتى ئاشتیانه‌ یان سه‌ربازیانه‌ى هیچ به‌رنامه‌یه‌كى ئه‌تۆمى به‌ڵكو ئه‌وه‌ بڕى پیتاندنه‌كه‌یه‌ كه‌ جۆرى به‌رنامه‌كه‌ دیاریده‌كات.

• كردارى پیتاندن چییه‌؟

پیتاندن كردارێكى ئاڵۆزه‌ كه‌ به‌چه‌ند قۆناغێك ته‌واو ده‌بێت به‌ئامانجى زیادكردنى ڕێژه‌ى یۆڕانێۆمى 235ى هاوشێوه‌ كه‌ تواناى په‌رتبوونى هه‌بێت له‌ خاوى یۆڕانێۆم و به‌ پیتى لاتینى Uئاماژه‌ى بۆ ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ى گونجاوبێت بۆ به‌كارهێنان وه‌ك سوته‌مه‌نیه‌كى ئه‌تۆمى یان له‌ دروستكردنى دڵێكى په‌ستێنراوى ته‌قاوه‌ له‌ چه‌كى ئه‌تۆمیدا.

كردارى پیتاندنیش به‌ كارێكى پێویست داده‌نرێت چونكه‌ یۆڕانیۆم له‌ سروشتدا  به‌ جۆرى جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام ته‌نها جۆرێكى دیاریكراو له‌و خاوه‌ و به‌دیاریكراویش یۆڕانێۆمى 235 ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى كاره‌بایى یان بۆ ئامانجى سه‌ربازى.

به‌زمانى فیزیاش،ئه‌و جۆره‌ له‌ یۆڕانێۆمى 235 Uئاماژه‌ى پێده‌درێت له‌سه‌ر ژماره‌ى بارستایى گه‌ردیله‌ییه‌كه‌ى و ئه‌وه‌ش بونى نیه‌ ته‌نها له‌ نزیكه‌ى 70% له‌ خاوى ده‌رهاتوو.به‌ڵام هاوشێوه‌ بڵاوه‌كه‌ى خاوى یۆڕانیۆم ناسراوه‌ به‌ یۆڕانێۆم 238 U و بارسته‌ گه‌ردیله‌ییه‌كه‌شى كه‌مێك گه‌وره‌تره‌.

جا بۆ مه‌به‌ستى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با پێویسته‌ چڕى یۆڕانیۆمى 235 زیادبكرێت بۆ نێوان 3% بۆ 5%، له‌كاتێكدا پێویست ده‌كات به‌ زیادكردنى ڕێژه‌ى چڕیه‌كه‌ى بۆ ئاسته‌كانى به‌رزتر له‌ 80% یان ئه‌وه‌ى ناسراوه‌ به‌ ((خاوێنى نمونه‌یى)) بۆ دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمى.

• ته‌كنیكى پیتاندن

پێویست به‌ دوو هۆكارى په‌رتبون هه‌یه‌ له‌ ته‌كنیكى پیتاندن بۆ خاوى یۆڕانیۆم كه‌ ناسراوه‌ به‌ (( كێكى زه‌رد)) بۆ گۆڕینى بۆ غاز كه‌ پێیده‌وترێت فلۆریدى یۆڕانیۆم((یواف 6)) هه‌نگاوى یه‌كه‌م بۆ ده‌ستپێك به‌ كردارى پیتاندن، واته‌ كردارى پیتاندن ده‌ستپێناكات ته‌نها دواى گۆڕینى خاوى یۆرانیۆم نه‌بێت له‌ دۆخى ڕه‌قه‌وه‌ بۆ دۆخى گازی.

كاتێك یۆڕانێۆم به‌ شێوه‌ گازیه‌كه‌ى پاڵپێوه‌ده‌نرێت به‌ناو له‌مپه‌ڕێكى كونداردا ئه‌وا گه‌ردیله‌ سوكه‌كانى یۆڕانیۆمى 235 تێپه‌ڕده‌بن به‌ له‌مپه‌ڕه‌كه‌دا به‌ خێراییه‌كى زیاتر له‌ گه‌ردیله‌ى یۆرانیۆمى 238 هه‌روه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ گه‌رده‌كانى لمى بچوكدا ڕووده‌دات له‌ ده‌رچه‌كانى بێژه‌نگه‌وه‌ یان هه‌ر پاڵاوته‌یه‌ك یان ئامێرى جیاكه‌ره‌وه‌ى ده‌نكى زۆر ووردى بچووك.ئه‌م كردارى جیاكردنه‌وه‌یه‌ش دووباره‌ده‌كرێته‌وه‌ زیاتر له‌ 1400 جار بۆ وه‌ده‌ستخستنى یۆڕانیۆمى 235 به‌ ڕێژه‌ى چڕى له‌نێوان 3-5% له‌ شه‌شه‌م فلۆریدى یۆڕانیۆم.

• فڕێدانى ناوه‌ندى

هه‌روه‌ك چۆن كارده‌كرێت له‌ كردارى جیاكردنه‌وه‌دا،ئه‌وا ئامێرى فڕێده‌رى ناوه‌ندى ئه‌و جیاوازیه‌ كه‌مه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان هاوشێوه‌كانى یۆڕانیۆمى 235 و 238دا به‌كارده‌هێنێت،به‌شێوه‌یه‌ك یۆڕانیۆم له‌دۆخى گازیدا پاڵپێوه‌ده‌نێت به‌ناو بۆریه‌كدا كه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ به‌ خێرایى به‌رزتر له‌ خێرایى ده‌نگ له‌و كاته‌دا،پاڵ به‌ گه‌ردیله‌ قورسه‌كانى یۆڕانیۆم 238وه‌ ده‌نرێت بۆ ده‌ره‌وه‌ و كۆده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر دیوارى بۆریه‌كه‌ له‌كاتێكدا گه‌ردیله‌ سوكه‌كان واته‌ یۆڕانیۆمى 235 كۆده‌بنه‌وه‌ له‌ چوارده‌ورى ناوه‌ند و دواتر یۆڕانیۆمى 235 ى پیتێنراو كۆده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌م كرداره‌ش چه‌ندین جار دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ بۆ زیادكردنى چڕییه‌كه‌ى.

بۆ زانیارى،دروستكردنى 20 كغم له‌ یۆڕانیۆمى پیتێنراو بۆ دروستكردنى یه‌ك كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى كه‌ توانایه‌كى سه‌ره‌تایى ته‌قینه‌وه‌ى هه‌یه‌ پێویستى به‌ نزیكه‌ى 1500 ئامێرى فڕێده‌رى ناوه‌ندى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كردارێكى به‌رده‌وام به‌بێ وه‌ستان بۆ چه‌ند مانگێك.

• مێژووى ده‌ستپێكردنى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێرانى
• ساڵانى په‌نجاو شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابووردوو:


شاى ئێران له‌ 5/3/1957دا به‌ردى بناغه‌ى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێرانى دامه‌زراند،كاتێك كه‌ (( ڕێكه‌وتنى پێشنیازكراو بۆ هاوكارى له‌بوارى توێژینه‌وه‌ و به‌كارهێنانى ئاشتیانه‌ى وزه‌ى ئه‌تۆمى))ڕاگه‌یه‌نرا له‌ژێر چاودێرى به‌رنامه‌ى ئایزه‌نهاوه‌ر (( ئه‌تۆم له‌ پێناو ئاشتیدا)).

له‌ساڵى 1967دا،سه‌نته‌رى تاران بۆ توێژینه‌وه‌ى ئه‌تۆمى  (TNRC)دامه‌زراو له‌لایه‌ن ڕێكخراوى وزه‌ى ئه‌تۆمى ئێرانیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا،و ئه‌م سه‌نته‌ره‌ كوره‌ى ئه‌تۆمى بۆ دابینكرا به‌ بڕى 5 مێگاوات كه‌ ئه‌مریكا پێشكه‌شى كرد،كه‌ یۆرانیۆمى پیتێنراوى ئاست به‌رزى پێدرابوو.

ئێران واژۆى له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنى بڵاونه‌بونه‌وه‌ى چه‌كى ئه‌تۆمى (NPT) كرد له‌ساڵى 1968دا،و له‌ساڵى 1970دا ڕاستاندى و به‌مه‌ش به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران كه‌وته‌ ژێر چاودێرى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌.

• ساڵانى حه‌فتاكان

شا ڕه‌زامه‌ندى دا بۆ دروستكردنى چه‌ند وێسگه‌یه‌كى ئه‌تۆمى،به‌یارمه‌تى ئه‌مریكا،تا بگاته‌ 23 وێسگه‌ى وزه‌ى ئه‌تۆمى له‌ساڵى 2000دا، شا له‌ساڵى 1974دا ڕایگه‌یاند كه‌  به‌بۆچوونى ئه‌و نه‌وت ئیدى كاتى به‌سه‌رچوونى هاتوه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌((نه‌وت له‌وه‌ به‌نرختره‌ كه‌ بسوتێنرێت)) ،بۆیه‌ وتى كه‌ به‌رهه‌مهێنانى بڕى 23000 مێگاوات كاره‌با به‌به‌كارهێنانى وێسگه‌ى ئه‌تۆمى كارێكى كرده‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا.

له‌ساڵى 1975وه‌  دوو كۆمپانیاى AG وAEG،هه‌ستان به‌دامه‌زراندنى كۆمپانیایه‌كى هاوبه‌ش به‌ناوى ((یه‌كێتى كرافت و یه‌رك ئه‌ى جى )) و گرێبه‌ستێكیان واژۆكرد به‌ بڕى 4-6 ملیار دۆلار بۆ دامه‌زراندنى كوره‌یه‌كى ئاوى په‌ستێنراو له‌ وێسگه‌ى ئه‌تۆمی بوشه‌هر كه‌ یه‌كه‌م كوره‌ى ئه‌تۆمى ئێرانى بوو له‌شارى شیراز كه‌ كاره‌با بداته‌ شاره‌كه‌،كه‌ ده‌یتوانى بڕى 196ر1 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنێت،و وابڕیاربوو كه‌ له‌ساڵى 1981دا ته‌واو بكرێت.

له‌ساڵى 1973  كۆمپانیایه‌كى هاوبه‌شى سویدى و به‌لجیكى و فه‌ڕه‌نسى به‌ناوى ((یۆرۆدیف)) پێكهێنرا بۆ كارپێكردنى وێسگه‌ى یۆڕانیۆم له‌ فه‌ڕه‌نسا و دواتر ڕێژه‌ى 10% سوید گۆڕدرا بۆ ئێران به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسادا.

دواتر له‌ له‌ساڵى 1976دا سه‌رۆكى ئه‌مریكا جیرالد فۆرد بڕیارێكى واژۆكرد بۆ پێدانى بوار بۆ ئێران بۆ كڕین و كارپێكردنى دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ گێڕانه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى دروستكراوى ئه‌مریكى بۆ ده‌رهێنانى بلۆتۆنیۆم له‌ سووته‌مه‌نى كوره‌ى ئه‌تۆمى. و ڕێكه‌وتنه‌كه‌ش بۆ به‌رهه‌مهێنانى ((سوڕى سووته‌مه‌نى ئه‌تۆمى))ته‌واو بوو.

هێنرى كیسه‌نجه‌ر وه‌زیرى پێشووترى ئه‌مریكا له‌ساڵى 2005دا ده‌ڵێت : (( گه‌ر شا تا ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكان بمایه‌ و هه‌وڵه‌كانى هندستانیش به‌رده‌وامبوایه‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێرانیش له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكاندا هه‌مان هه‌نگاوه‌كانى هندستانى ده‌گرته‌ به‌ر)).

شا به‌هه‌مان شێوه‌ ڕێكه‌وتنى هاریكارى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ باشورى ئه‌فریقیا و نامیبیادا واژۆكرد بۆ دابینكردنى ((یۆڕانیۆمى پیتێنراو))به‌ به‌رده‌وامى.

• له‌ قۆناغى دواى شۆڕِشى ئێران 1979 -1989

• له‌دواى شۆڕشى ئێرانى له‌ساڵى 1979وه‌ هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ى كه‌ ڕێكه‌وتنیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئێراندا بۆ دامه‌زراندن و ئیشپێكردن و وه‌گه‌ڕخستنى كوره‌ ئه‌تۆمیه‌كان و ته‌واوكردنیان پاشه‌كشه‌یان كرد له‌كاره‌كانیان و هه‌موو كاره‌كانیان ڕاوه‌ستان،له‌لایه‌ك ئێران گره‌نتى به‌رده‌وامبونى ئه‌و كاره‌ى نه‌ده‌كرد له‌دابینكردنى سووته‌مه‌نى و یۆڕانیۆمى پیتێنراو و ئاوى قورس چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆیدا بوون،وله‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ كۆمپانیاكانیش به‌هۆى دواخستنى بڕى 450 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ و هه‌ندێكى تریش ده‌ڵێن به‌هۆى فشاره‌كانى ئه‌مریكاوه‌ بوه‌ كه‌ كاره‌كانیان ڕاگرتوه‌ كه‌ له‌یه‌ك كوره‌ى ئه‌تۆمیدا 50% كاره‌كان و له‌ هه‌ندێكى تریشدا 85%ى كاره‌كان ته‌واوكرابوون.هه‌ربۆیه‌ له‌مانگى 6/1979دا به‌ته‌واوه‌تى له‌ پڕۆژه‌كه‌ كشانه‌وه‌.

• ئه‌مریكا یۆڕانیۆمى پیتێنراوى ئاست به‌رزى له‌ سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى تارانى ئه‌تۆمى بڕى،بۆیه‌ ئێران له‌ساڵى 1987- 1988به‌ناچارى ڕێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ئه‌رجه‌نتیندا واژۆكرد بۆ دابینكردنى یۆڕانیۆمى پیتێنراوى ئاست نزم 5ر19% به‌ پراكتیكیش له‌ساڵى 1993دا یۆڕانیۆمه‌كه‌ ته‌سلیم به‌ ئێران كرا.

• له‌ساڵى 1981دا لێپرسراوانى ئێرانى ڕایانگه‌یاند كه‌ پێشخستنى ئه‌تۆمى له‌ وڵاتدا پێویسته‌ به‌رده‌وام بێت.و له‌و پێناوه‌شدا گه‌شه‌ى زۆریاندا به‌ دامه‌زراوه‌ و كوره‌ ئه‌تۆمیه‌كانیان.

• له‌ساڵى 1986دا ،لێپرسراوانى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تى ڕایانگه‌یاند كه‌ ئاماده‌ن هاوكارى ئێران بكه‌ن له‌ بواره‌كانى كیمیاوى كوره‌كان و پێكهاته‌كانى و ئه‌ندازه‌ى كیمیاوى و بواره‌كانى دیزاینى وێسگه‌ ئه‌زمونیه‌كان بۆ گۆڕینى یۆڕانیۆم و داخورانى توخمه‌ ئه‌تۆمیه‌كان و كوره‌ى ئاوى سووك بۆ دروستكردنى سووته‌مه‌نى و پێشخستنى كوره‌ى ئه‌زمونى بۆ به‌رهه‌مهێنانى UO2. به‌ڵام ئه‌مریكا هاوكاریه‌كانى ڕاوه‌ستان و ڕێگه‌ى گرت له‌و هاوكاریانه‌. هه‌ربۆیه‌ ئێران ڕوویكرده‌ وڵاتى چین به‌ڵام ئه‌ویش له‌ژێر فشارى ئه‌مریكادا داواكاریه‌كانى ئێرانى پشتگوێخست.

له‌ساڵى 1984دا ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌ڵمانیاى ڕۆژئاوا ڕایگه‌یاند كه‌ زۆر نزیكه‌ ئێران له‌ماوه‌ى دوو ساڵدا ببێته‌ خاوه‌نى بۆمبى ئه‌تۆمى به‌هۆى ئه‌و یۆڕانیۆمه‌ى كه‌ له‌پاكستانه‌وه‌ وه‌ده‌ستیدێنێت.

• له‌ماوه‌ى جه‌نگى عێراق-ئێراندا 1980-1988،عێراق زیانى گه‌وره‌ى گه‌یانده‌ دوو دامه‌زراوه‌ى ئه‌تۆمى ئێران له‌ بوشه‌هر و به‌مه‌ش كارى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێرانى په‌كخست.ئێران ئاژانسى وزه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ته‌قینه‌وه‌كانى ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه‌ ئاگاداركرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ وڵاتانى دونیا كه‌مته‌رخه‌من و ڕۆكێتى فه‌ڕه‌نسى به‌كارهێنراوه‌ له‌و هێرشانه‌دا.

•دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمیه‌كانى ئێران

دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمیه‌كانى ئێران به‌سه‌ر 4 بواردا دابه‌ش ده‌كرێن كه‌ بریتین له‌ :  سه‌نته‌ره‌كانى توێژینه‌وه‌،پێگه‌كانى پیتاندان،كوره‌ ئه‌تۆمیه‌كان،كانه‌كانى یۆڕانیۆم.به‌م شێوه‌یه‌ى لاى خواره‌وه‌:

1. كوره‌ى نه‌ته‌نز
بریتیه‌ له‌ : كوره‌یه‌كى پیتاندنى یۆڕانیۆم،ڕووبه‌ره‌كه‌ى 100هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌ له‌ژێر زه‌ویدایه‌ به‌ 8 مه‌تر، و پارێزراوه‌ به‌ دیوارێكى ئه‌ستورى 5ر2 مه‌تر و دیوارێكى ترى كۆنكرێتى تریش ده‌یپارێزێت.له‌ساڵى 2004دا سه‌ربانه‌كه‌ى به‌ كۆنكرێتى شیشدار به‌هێزكرا كه‌ به‌ 22 مه‌تر گڵ داپۆشراوه‌.ئه‌م پێگه‌یه‌ و پێگه‌یه‌كى تریش له‌ ئاراك له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تى ناڕازى على ڕه‌زا جه‌عفه‌ر زاده‌وه‌ له‌ساڵى 2002وه‌ ئاشكراكرا.بۆیه‌كه‌م جار ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى  له‌ساڵى 2003دا سه‌ردانى ئه‌م پێگه‌یه‌ى كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ 160 ئامێرى فڕێده‌رى ناوه‌ندى  ته‌واوكراوه‌ و 1000دانه‌ى تریش له‌ قۆناغى دروستكردندان،له‌ئێستادا 7000 ئامێرى فڕێده‌رى ناوه‌ندى له‌ پێگه‌ى نه‌ته‌نزدا هه‌یه‌ و 500 دانه‌یان یۆرانیۆمى پیتێنراوى ئاست نزم به‌رهه‌م دێنن.

2. كوره‌ى بوشه‌هر:
پێشبینى ده‌كرێت كه‌ كوره‌ى ئاوى سووك كه‌ ڕوسیا دروستیكردوه‌ ده‌ستبكات به‌كاركردن له‌م ساڵدا،و ده‌توانێت توخمى بلۆتۆنیۆمى پیتێنراو به‌رهه‌مبهێنێت كه‌ به‌كاردێت بۆ مه‌به‌ستى ئه‌تۆمى.

3. دامه‌زراوه‌ى ئه‌سفه‌هان

لێره‌دا یۆڕانیۆم خاوێنده‌كرێته‌وه‌ له‌ پیسیه‌كان له‌ پێناو گۆڕینى كیمیاوى بۆ گازى هێكسا فلۆرایدى یۆڕانیۆم و دواتریش سارد ده‌كرێته‌وه‌ و پاكده‌كرێته‌وه‌ تا ڕه‌ق ده‌بێت.

4. كارگه‌ى ئه‌رده‌كان
له‌ نیوه‌ى ساڵى 2005وه‌ كارى دروستكردنى پێگه‌ى سووته‌مه‌نى ئه‌تۆمى تیادا ته‌واوكراوه‌.
5. دامه‌زراوه‌ى قوم
كوره‌ى پیتاندنى یۆرانیۆمه‌ له‌ناوه‌ڕاستى ئێراندا له‌ قۆناغى بیناكردندایه‌.
6. كوره‌ى ئاراك
كوره‌یه‌كه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى ئاوى قورس،ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانى بلۆتۆنیۆمى پیتێنراو كه‌ ده‌چێته‌ دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمیه‌وه‌.
7. كانى ساگنه‌د
له‌ساڵى 1985دا توانرا خامى یۆرانیۆم بدۆزرێته‌وه‌،وا بڕیاربوو كه‌ هه‌ردوو كانه‌كه‌ و كارگه‌كه‌ش ده‌ستبكه‌ن به‌كاركردن له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2006.به‌به‌كارهێنانى 120 ته‌ن له‌ یۆرانیۆمى خاو بۆ به‌رهه‌مهێنانى 50 تا 60 ته‌ن یۆرانیۆم ساڵانه‌.
8. پێگه‌ى جیهان
ئێران كان و كارگه‌یه‌كى نوێى گه‌شه‌پێداوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى 24 ته‌ن ساڵانه‌ له‌ ((كێكه‌ زه‌رده‌كه‌)).

9. پێگه‌ى خوزستان
پلان هه‌یه‌ كه‌ كوره‌یه‌كى نوێ له‌ناوچه‌كه‌دا دابمه‌زرێنرێت،به‌مه‌به‌ستى توانه‌وه‌ى ئه‌تۆمى،و ئێران بڕى 8 ملیۆن دۆلارى ته‌رخانكردوه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌،له‌گه‌ڵ دانانى 50 شاره‌زا بۆ سه‌رخستنى كاره‌كه‌،لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ 2 ساڵ ده‌خایه‌نێت،و ئێرانیش پێویستى به‌ 10 ساڵ هه‌یه‌ بۆ دیزاینى كوره‌ى ئه‌زموونى.

10 . پێگه‌ى ئاناراك

پێگه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵگرتنى پاشماوه‌ ئه‌تۆمیه‌كان.
• كاریگه‌ریه‌كانى گه‌مارۆ ئابوریه‌كانى ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران
ئاشكرایه‌ له‌و كاته‌وه‌ى كه‌ ئه‌مریكا بڕیارى سه‌پاندنى گه‌مارۆى ئابورى داوه‌ به‌سه‌ر ئێراندا له‌ مانگى  ئابى 2018وه‌ ،ئابورى ئێران ته‌واو پاشه‌كشه‌ى كردوه‌ و چۆته‌وه‌ یه‌ك به‌هۆى:
1. ده‌رچوونى هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا ئابوریه‌ زه‌به‌لاحانه‌ى كه‌ له‌ساڵى 2016وه‌ گه‌ڕابونه‌وه‌ ئێران به‌مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنان.

2. كه‌مبونه‌وه‌ى فرۆشتنى نه‌وتى ئێران له‌ بازاڕه‌كانى جیهاندا بۆ نزمترین ئاستى كه‌ ته‌نها 100هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ڕۆژێكدا كه‌ سه‌رچاوه‌ى گه‌وره‌ى داهاتى ئێرانه‌.

3. هه‌ڵاوسانى نرخى كه‌لو په‌ل و پێداویستیه‌كانى ڕۆژانه‌ و به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌كانیان به‌ چه‌ندین جار له‌ نرخى خۆیان.

4. سه‌رهه‌ڵدانى بێكارى له‌ئه‌نجامى ڕاوه‌ستانى كارگه‌ و كارخانه‌كان  له‌ به‌رهه‌مهێنان.
5. بڕینى په‌یوه‌ندیه‌ دارایى و بانكیه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌دا.
6. كه‌مكردنه‌وه‌ى بودجه‌ى ساڵانه‌ى هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانى ئێران له‌ سوپا و سوپاى پاسداران و ئه‌وانى تریش.
7. نزمبونه‌وه‌ى نرخى دراوى ڕیاڵ و تمه‌نى ئێرانى بۆ كه‌مترین نرخ.

هه‌ربۆیه‌ ئێرانیش له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانى ئه‌و گه‌مارۆیانه‌دا،هه‌وڵى خۆ ده‌ربازكردن ده‌دات كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌كو ده‌ڵێن (( پشووى ستراتیژیان))به‌كارهێنا،به‌ڵام به‌ناچارى له‌ 8ى مانگى مایسدا بڕیاریدا پابه‌ند نه‌بێت به‌ دوو به‌ڵێنه‌وه‌ كه‌ له‌ ڤیه‌ننا دابووى،كه‌ ئه‌وپه‌ڕى ئاست بۆ هه‌ڵگیراو له‌ ئاوى قورسیان دیاریكردوه‌ به‌ 3ر1 ته‌ن،و هه‌ڵگیراو بۆ یۆرانیۆمى ئاست لاوازى پیتێنراویش به‌ 300كگم. به‌م شێوه‌یه‌ ئێران ماوه‌ى ته‌نها 60 ڕۆژى داوه‌ به‌ ئه‌وروپیه‌كان كه‌ بازبده‌ن به‌سه‌ر گه‌مارۆكانى ئه‌مریكادا ئه‌گینا پابه‌ندبونى خۆى به‌ دوو خاڵى ترى ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ سڕده‌كات.به‌تایبه‌تیش هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌كه‌ى.

به‌م شێوه‌یه‌ ئێران ئه‌وروپیه‌كانى خسته‌ به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژارده‌وه‌،ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان پێباشه‌ با هه‌موان پابه‌ندبن پێیه‌وه‌،ئه‌گه‌ریش نا ئه‌وا چیدى ئێران ناتوانێت كۆنتڕۆڵى خۆى بكات و وه‌كو ده‌ڵێن ((هه‌ست به‌ لێپراسراوێتى ناكات))و بڕیاریدا كه‌ له‌ 7 ى ته‌موزه‌وه‌ ده‌ستده‌كات به‌ پیتاندنى یۆڕانیۆم به‌پێى پێویست زیاد له‌و ڕێژه‌یه‌ى كه‌ دیاریكراوه‌.ئه‌م بڕیاره‌ش وادیاره‌ له‌به‌رزترین ئاست له‌ ئێراندا ڕێكه‌وتن كراوه‌ له‌باره‌یه‌وه‌،ئه‌وه‌تا ڕاوێژكارى ئایه‌توڵا خامنه‌ئى بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى عه‌لى اكبر ولایه‌تیش هه‌مان ڕاى هه‌یه‌ و ده‌ڵێت زیادكردنى پیتاندنى یۆڕانیۆم بۆ كاروبارى ئاشتیانه‌یه‌ و به‌پێى پێویستى ئێران ده‌بێت.

• ده‌رئه‌نجام

ئه‌و ڕاستیانه‌ى كه‌له‌ ئه‌نجامى ئه‌م ململانێ تونده‌ى نێوان ئه‌مریكا و ئێران به‌ ڕاسته‌وخۆ و ئه‌وروپیه‌كانیش به‌ ناڕاسته‌وخۆ ده‌خوێنرێته‌وه‌ بریتین له‌:

1.ئه‌مریكا له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك دۆناڵد ترامپدا ده‌ستى ئاشته‌وایى بۆ ئێران درێژناكات،گه‌رچى له‌ هه‌ندێك قۆناغدا نه‌رمى ده‌نوێنێت.

2. ئه‌مریكا به‌بیانوى پاراستنى هاوپه‌یمانه‌كانى له‌وڵاتانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى و ئیسڕائیلیش هیچ كات ڕێگه‌ نادات ئێران ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى.

3.ئه‌مریكا و ئه‌وروپیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ ئێرانیان پێویسته‌ كه‌ ببێته‌ پێگه‌یه‌ك بۆ وه‌به‌رهێنانى كۆمپانیاكانیان و بازاڕێكیش بۆ ساغكردنه‌وه‌ى كاڵاكانیان، چونكه‌ ئێران وڵاتێكى پانوپۆڕى خاك و ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌وت و كانزا سروشتیه‌كان و زه‌وى به‌پیتى كشتوكاڵى و قه‌ره‌باڵغیشه‌ له‌ڕووى ژماره‌ى دانیشتوانه‌وه‌ 80ملیۆن كه‌سه‌.

4.ئێران گه‌ر ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى ئه‌وا ده‌بێته‌ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌كانى ئه‌مریكا و ئه‌وروپیه‌كان له‌ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌ بریتین له‌سه‌رچاوه‌ى وزه‌ى نه‌وت و گازى سروشتى و هێنده‌ى تر نفوز و پێگه‌ى سیاسى و ئابورى و سه‌ربازى و ئاینى و مه‌زهه‌بى ئێران له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا به‌هێز ده‌بێت.

5. ئێرانیش وه‌ك وڵاتێكى گه‌وره‌ى ناوچه‌كه‌ به‌مافى خۆى ده‌زانێت كه‌ ببێته‌ خاوه‌ن ته‌كنه‌لۆژیاى ئه‌تۆمى وه‌كو پاكستانى یه‌كه‌م وڵاتى ئیسلامى و دراوسێى و وه‌كو ده‌وڵه‌تى ئیسڕائیلیش،گه‌رچى له‌ژێر ناوى به‌كارهێنانى ئاشتیانه‌شدا بێت،كه‌ به‌دڵنیایى گه‌ره‌كێتى ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى بۆ مه‌به‌ستى سه‌ربازى.

6. ئێران له‌ ئێستادا كه‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى نیه‌،به‌هۆى گه‌وره‌یى و به‌هێزى و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى و نفوز و پێگه‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا بۆته‌ هۆكارى پشێوى و نانه‌وه‌ى نائارامى له‌ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا و له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانى عێراق و سوریا و لوبنان و فه‌له‌ستین و یه‌مه‌ن و عوماندا باڵاده‌سته‌ و له‌هه‌ندێكى تریشدا خاوه‌ن نفوزى گه‌وره‌یه‌ كه‌ئه‌مه‌ش بۆته‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر وڵاتى سعودیه‌ و ئیسڕائیل به‌ پله‌ى یه‌كه‌م.

7. پێده‌چێت ئه‌م ململانێیانه‌ى ئه‌مریكا و ئێران به‌رده‌وام ده‌بن و درێژه‌یان ده‌بێت تائه‌وكاته‌ى ئێران ملده‌دات بۆ مه‌رجه‌كانى ئه‌مریكا و ده‌بێته‌ وڵاتێكى بێ چه‌كى ئه‌تۆمى و دێته‌ خولگه‌ و فه‌له‌كى ئه‌مریكا و ڕۆژئاواوه‌،به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مریكا گه‌ر جه‌نگى گه‌رمیشى له‌گه‌ڵدا نه‌كات ئه‌وا به‌ گه‌مارۆى ئابورى ده‌یخنكێنێت و فزه‌ى له‌به‌ر ده‌بڕێت و ئه‌وجاریش  هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و جه‌ماوه‌رى گه‌لانى ئێرانى لێ هانده‌دات بۆ ڕووخاندن و گۆڕانكارى له‌م ڕژێمه‌ى ئێستادا كه‌ هه‌یه‌.

8. جا هه‌ركات ئه‌و ململانێیانه‌ى ئێران و ئه‌مریكا گه‌یشته‌ ئاستى ته‌قینه‌وه‌ و جه‌نگى گه‌رم،ئه‌وا كاریگه‌رى گه‌وره‌ و دوورمه‌وداشى ده‌بێت بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و دونیاش  و پڕیشكى ئه‌و ئاگره‌ش زۆر شوێن و جێگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانى تریش ده‌گرێته‌وه‌ و دوورنیه‌ هه‌موانیش بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان بێنه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌وه‌ و به‌مه‌ش زیاد له‌ پێویست درێژه‌ بكێشێت و سه‌رده‌ربكات بۆ جه‌نگى جیهانى سێیه‌میش.

سه‌رچاوه‌كان:
=========
1. https://ar.wikipedia.org
2. https://www.nasnews.com
3. https://www.shorouknews.com
4. https://www.france24.com/ar
5. https://mawdoo3.com
6. https://www.skynewsarabia.com/world

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP