هەواڵی ئەمڕۆ

گۆڕان چی گۆڕی؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 16-09-2019 - 17869 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ھەر جوڵەیەک گۆڕان دەیکات دابەشی دەکات  بەسەر دو بەرەدا، ھەندێک جوڵەکان بە سپی و ھەندێکیش جوڵەکان بەڕەش دەبینن. واتێدەگەم ئەوە زۆر مایەی سەرسوڕمان نیە. چونکە لەڕاستیدا ئەو شتانەی بەچاوی لۆکاڵەوە سەیردەکرێن، ھەردەم ڕوئیای دو ڕەنگی بەرھەم دەھێنێنن و بوار نادەن بونی ڕەنگەکانی نێوان ڕەش و سپی، دەستەبەر بکرێت. 

لێرەوە؛ ئەگەر لەدوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد، نەوشیروان مستەفا،  لەناوەوەی گۆڕان سەیری جوڵەکانی ئەو بزوتنەوەیە بکەین ڕەنگە زۆر جیاوازبێ لەوەی کە تۆ لە دەرەوەی ئەو بزوتنەوەوە سەیری ئەو جوڵانە بکەیت. ئاخر ئەگەر لەناوەوە بڕوانیت، بێگومان بارگاوی دەبیت بەوەی کێ ڕێکخەری گشی و کێ دەبێت بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن، بەڵام ئەگەر لەدورەوە وردبیتەوە، دەبینیت ئەو بزوتنەوەیە دوجار ڕێکخەری گشتی ھەڵبژاردوە، خانەی ڕاپەڕاندنی دروستکردوە و بەھەڵبژاردن نوێشی کردۆتەوە، لە چوارچێوەی زەمەنێکی کورتی دو ساڵیدا زەمانەتی دەستاودەستی حزبیشی بنیاتناوە.

بەشێوەیەکی ڕاستەقینە، گۆڕان دو گرفتی گەورەی ھەیە، یەکەمیان چاوەڕوانی ئەو ھەزاران دەنگدەرەیە کە بەشێوەیەکی سۆزداری ھەمو خەونەکانی خۆیان بەگەردنی ئەو بزوتنەوەیەوە ھەڵواسی بەبێ ئەوەی ھیچ گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکردەیی دەستەبەر بوبێت، دوھەمیشیان بەیانکردنی دروشمی دەیگۆڕین بو، بەبێ ئەوەی ڕێبەرایەتی بزوتنەوەکە و سەرکردایەتیەکەی لەلایەک و بنکە جەماوەریەکەی لەلایەکی ترەوە، کەوتبێتنە مشتومڕی بڕی کات و جۆری شوێن و چەندایەتی و چۆنایەتی کردەی ئەو گۆڕینەوە.

لەم ڕوانگەیەی سەرەوە، دەتوانم بڵێم: گۆڕان وەک بزوتنەوە، بزاوتێکی تەندروست بو، بەڵام وەکو پڕوپاگەندە بۆ گۆڕانکاری، کەوتە زیادەڕۆییەوە. بۆیە وێڕای ئەوەی زۆرشتی گۆڕی، کەچی چونکە باھۆزی پڕوپاگەندەکە ڕوە و خۆی بوەتەوە، ئێستا بەشێک لەخۆی، پێیوایە کە گۆڕان ھیچی نەگۆڕی و بوەتەوە بە کۆپیەکی دیکە و لەڕوی شوناس و بەڕێوەبردنەوە لە دو گەورە ھێزەكەی کوردستان دەچێت، کە لەڕاستیدا، گۆڕان ھەر لەبنەڕەتەوە، نە ئەوەندە جیاوازبوە و نەئەوەندەش لەئێستادا لێکچونی ھەیە. لەوەش زیاتر ئەگەر بابەتیانە وردبینەوە ڕەنگە بگوترێت گۆڕان زۆر شتی گۆڕی و زۆرتریش لەچاوەڕوانی ماوە کە لەتەمەنی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆیدا داواکراوە بیگۆڕێت. بۆمن کە لەدەرەوەی خۆیانەوە سەرنج دەدەم و لەنێوەندەکەدا بەدەر لە پەڕگیری و لایەنگیری ھەستی پێدەکەم، گۆڕان بەردەوامە و لەمێژوی بەردەوامبونیشیدا توانیویەتی ئەزمونێکی واقعیتر بەرجەستەبکات کە بەشێک دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەن و بەشەکەی دیکەش، بەھەر ھۆکارێکە، ناخوازن و ناتوانن لانیکەم لەم وێستگەیەدا سەروکاری لەگەڵدا بکەن، کەئەوەش وەک نۆرم لە سیاسەتدا نۆرماڵە و کۆتایی دنیا نیە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP