تەرازوویەک لە دار، کێشانەکردنێک بە بەرد!

حاکم صباح داودی - 15-09-2019 - 1353 جار خوێندراوەتەوە

منداڵ بووم جارێکیان دایکم پێ ووتم بڕۆ بۆ لای ئەو پیاوە پیرە بەقاڵە دوو کیلۆ هەنجیری لێ بکڕە ، پیرە ئەختیارێکی بە ساڵاچووی پشت چەماو بوو ، میوەی و تشتەکانی لە سەر پشتی کەرەکەی دانابوو ودەگەڕاو هاواری دەکرد بۆ فرۆشتنی میوەکانی ،، داوای دوو کیلۆ هەنجیرم لێ کرد ، لە ئەو تای هەگبەی کەرەکەی تەرازوویەکی کۆنی دەرهێناو هەردوو تای تەرازۆکەی لە سەر عەرزەکە لە بەرامبەری یەکدا داناو تایەکیان پڕ کرد لە هەنجیرو وبەردێکی ڕەقی لە تاکەی تریشی دانا ! ، وئەمجار هەستا بە بەرزکردنەوەی ترازۆکە بە هەڵکێشانی بەنەکەی ناوەڕاستی دارەکە تاکوو هەردوو تای تەرازۆکە بەرامبەری یەکبوونەوەو لەگەل کەمێک دابەزینی تا پڕ لە هەنجیرەکە مەیلەو زەویی!.

سەری بەرزکردەو ڕووی لێ کردم بە دەنگێکی کزەوە وتی:

- نیو دینار ئەکا، منیش پرۆسەکەم بە دڵ نەبوو، پێم ووت:

- بەس مام حاجی، تۆ بە بەرد هەنجیرەکەت کێشانە کرد !!، ئەوە چۆن دەبێ ؟! من چوزانم ئەو بەردە دوو کیلۆیە ؟!

- جا ڕۆڵە کێ ووتوویەتی دوو کیلۆیە ؟، ئەو بەردە دوو کیلۆو قەدەرێکە ، حەز دەکەم مەغدوور بم لە فرۆشتندا نەوەک غەدرکار.

بەردەکەی لاداو وبردی بۆ دووکانێکی نزیک کە چەند سەد هەنگاوێک لەوێوە دوور بوو وبە پێشی ووتم لە گەلمدا وەرە.

کاتێک بەردەکەی کێشانە کرد لای دووکاندارەکە سەنگی بەردەکە لە دوو کیلۆ قورستر بوو!!.

هەرچەندە ئەو کاتە منداڵیش بووم بەڵام هەستم بە خەجاڵەت کرد لە بەرامبەری ئەو پیاوە پیرە بە ساڵاجووە.

ئەو ڕووداوە وا کاریگەری لە سەرم کردو بۆ ساڵانێکی زۆر وام لێهات بوو کە گوومان لە هاوکێشەی هیچ تەرازوویەک نەکەم بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە پێویستە مرۆف زۆر خۆش باوەڕیش نەبێ.

لە ژیاندا زۆر جار خۆت لە مەوقیفێکدا دەبینیتەوە لە بەرامبەری تەرازوویەکدا، تەرازووی گەورە، ئەوەی لە عەلوەکان بەکار دەهێندرێن، تەرازووی کێشانەکردنی کێشی خۆت، ئەوانەی بە دە هەزار لە سەر جادەکاندا دەفرۆشرێن، تەرازووی زەڕەنگەر، ئەوەی بچووک وجوانە، ڕەنگە لە جوانیدا تەنها تەرازووی سەر هەندە مێزێک بیبەزێنێت، تەرازووی سەر مێزی مەکتەبی گەورەو فەخمی هەندێک کەس وا ناونیشانی زۆر مووهیمیان هەیە، ئەم جۆرە تەرازووانە بوونەتە هێمای دادپەروەری ئەگینا کێشانەکردنی حەق وناحەق ئەوە پرۆسەیەکە کەسە گڕنگ مێشکەکانی پشتەوەی مێزە فەخمەکە پێ هەڵدەستن بە بێ پێویست بوونیش بەو تەرازووە جوانەی سەر ئەو مێزەیە.

لە ژیانمدا تووشی تەرازووی جۆراو جۆر بوومەتەوە، لە هیچیاندا ناحەقەم بە دی نەکردووە بە قەدەر میزان یان تەرازووی بریقەداری دانراو وەکو هێمایەکی مردوو بۆ جۆرە ویژدانێک کە لە ژووری ئینعاشدا سەدان سۆندەی هەناسەدانی دەستکردی بۆ دەکرێ تەنها لە پێناوی دواخستنی ڕاگەیاندنی مردنیان.

تەرازووە کۆنە ناشرینەکەی ئەو بەقاڵە کوردە هەژارە پشت داچەماوەی کە چل ساڵ لەمەو پێش بینیم دەرسێکی ئاڵتوونی دامێ لە ژیاندا کەوا ئەخلاق وخۆشەویستی دادپەروەری وکارکردن بۆی بە ویژدانەوە بە شەهادەی بەرزو شان وشەوکەت وقات وڕیباتی گران بەهاو بە مێزی فەخم وکورسی وگووڕە گووڕو لە لووتەوە قسەکردن و پۆز لێدان نییە ،، بەڵکو تەنها بە پاکی جەوهەری مرۆفەکانە.

دروود بۆ گیانی پاکی ئەو بەقاڵە کوردە هەژارەی کە بە تەرازوویەکی کۆنی لە دار درووست کراو حەقێکی بێ عەیبی دەدا بە فرۆشیاران،نەفرەتیش لەو خاوەن ناوو ناونیشانانەی وا تەرازوویەکی پاک وجوانیان لە بەردەست دایەو لە جیاتی پیدانی حەقی هەر مەغدوورێک پێ دەڵێن بڕۆ بەرد ببەستە سەری سکتەوە .

خوای دادپەروەرو میهرەبان تەرازووی هەموو مرۆفێکی دادپەروەر قورس کات لە باشەو حەسەنات وئەوانەش ناحەقی دەکەن لە تەرازوودا ڕیسوای دونیاو قیامەت بن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP