کاتێک جەستە تێردەخوات

حەمە هیوا - 13-09-2019 - 817 جار خوێندراوەتەوە

وەک ھەموومان دەزانین و لامان ڕونە پڕۆسەی ھاوسەرگیری بەیەک بەستنەوەی دو توخمە،یاخود دو ڕەگەزە بۆ بەیەکگەشتن و دروستکردنی ژیانێکی نوێ ئەنجامی دەدەن، ئاشکرایە ئەم چەند ساڵەی دوایی بە ڕێژەیەکی بێ شومار پرۆسەی ھاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت لە نێوان ھەردوو ڕەگەزی بەرامبەر.

ئەم ڕێژە زۆرینەیەی دەچنە ژیانی ھاوسەرگیریەوە،لەگەڵ خۆیاندا ھیچ شتێک نیە گرێیان بدات

ئەوەی ڕون و ئاشکرایە لە عێراق و بەشی زۆری ھەرێمی کوردستانیش ئەم رێژەیەی بە خۆوە بینیوە، شتێک کە شایەنی ئەفسووس و تێڕامان بێت ئەوەیە: ئەم ڕێژە زۆرینەیەی دەچنە ژیانی ھاوسەرگیریەوە،لەگەڵ خۆیاندا ھیچ شتێک نیە گرێیان بدات،تەنھا و تەنھا ئەو چێژەیە کە ھەردو ڕەگەز دەیبەخشن بە یەکتر و لە دوای گەشتن بە خاڵی ئۆرگازم(خاڵیبونەوە)وجودی نامێنێت.

مرۆڤ لە سەرەتای ھاتنە بونیەوە بە بێ ھەستی لە دایک دەبێت

مرۆڤ لە سەرەتای ھاتنە بونیەوە بە بێ ھەستی لە دایک دەبێت، پاشان لەگەڵ گەشەکردنی تەمەندا ھەستی دێتە بوون.دیارە ئەم ھەستە نە خۆ ڕسکە و نە ھەڕەمەکیە،ھەستێکە زۆرجار مرۆڤ لە کاریگەری دەوروبەر و ژینگە پێی دەبەخشرێت، مرۆڤ لەگەڵ پێگەشتنی لە نەستیدا دو بۆشایی تێیدا پەیدا دەبێت یەکەم: بۆشایی جەستەیی، دوھەم: بۆشایی ڕۆحی، گەر بێت و بیر لە چۆنیەتی پڕکردنەوەی جۆری یەکەم بکەینەوە، کە جەستەیە و تینوو دەبێت بە سێکس،ئەوا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە بە چەندین ڕێگا،دەتوانین ئەم چێژە کورتخایەن و فریودەرە بەدەست بھێنین.

دەبێت ئەوە لە یادنەکەین ئەمڕۆ لە سەدەی 21 داین و مامەڵەکردن و بە کاڵاکردنی مرۆڤ، بوە بە جۆرێک لە پێویستیەکانی ژیان، ئەگەر بڕوانین رێژەیەکی ئێجگار لە ھەرزەکاران پەنا دەبەن بۆ مەساج خانەکان،تاوەکو لەوێدا پەیوەندیەکی جەستەیی ناتۆکمە و کورتخایەن لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر کە(مێ)یە ببەستن و لە ڕێگای بەرامبەر سێکس ئەنجام بدەن، ئەوەی لای من سەرسامیە و نیشانەی سەرسورمانی دەخەمە پاڵ ئەوەیە،لە وڵاتانی رۆژھەڵات ژمارەی ئەو(نێر)انەی کە لە روی تەمەن کامڵن و خاوەن ھاوسەرن،دەچن ئەم جۆرە سێکسە ئەنجام دەدەن،بەمەش بەرە بەرە پەیوەندیەکی نا سروشتیانە لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر دەبەن.

جۆری دوھەم وەک وتمان پەیوەندی ڕۆحی، ئاشکرایە پەیوەندی ڕۆحی،ئەو پەیوەندیە دژە (سێنتراڵ)ەیە کە دەبێت بە ماھیەت و ئەولەویەتێک بۆ پڕۆسەی پێکەوە بوون یاخود ھاوسەرگیری.ئایە ئەم پەیوەندیە ڕۆحیە چۆن دێتە بوون؟ئەمە پرسیارێکە،بەداخەوە ھەمیشە فەرامۆش کراوە لە لایەن ئەوانەی بڕیاری پێکەوە بونیان داوە.وشەی خۆشەویستی ئەو وشە خۆ فریودەر و ناڕاستەیە،کە مرۆڤی ئێمە بەردەوام وەک ئارگۆمێنت بەکاری دەھێنێت،بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھاوسەرگیری.

لەم نێوەندەدا خۆشەویستی لە ھاوسەرگیریدا بە ھەمو شێوەیەک نامۆ دەبێت

پەیوەندی ڕۆحی لە ڕێگای ئەو تێگەشتنە ڕەھایەوە دەخوڵقێت، کە دو رەگەزی بەرامبەر دەتوانن لە ڕێگای دانانی لۆجیک بۆ ھەمو پرسە نەشازەکان و ھەمو ئەو بارتەنگیەی دێتە ناو پرۆسەکە،وە لە رێی گوێگرتن و قبوڵکردنی ئەو دو ئایدۆلۆژیا جیاوازەی لەسەر یەک جێگا و نوێن دەخەون.بەڵام بە داخەوە ساڵەھای ساڵە و دەتوانم بڵێم چەندین دەیەیە،لە کۆمەڵگا خۆرھەڵاتیەکان ئەم جۆرە تۆکمەیەی بە خۆیەوە نەبینەوە،تەنانەت بە ڕێژەیەکی کەمتر لە کەمیش.لێرەدا ئەوەمان دێتە بەرچاوان،ھەمو ئەو پڕۆسە ھاوسەرگیریانەی چ بە ڕاستەوخۆ چ بە ناڕاستەوخۆ بۆ پڕکردنەوەی ئەم فەراغە شەھوەتئامێزە ئەنجام دەدرێت،ئەوا لە کەمترین ماوەدا ڕوبەروی نوشوستی ھاوسەرگیری دەبێتەوە،لەم نێوەندەدا خۆشەویستی لە ھاوسەرگیریدا بە ھەمو شێوەیەک نامۆ دەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP