عه‌ره‌باندن له‌ سه‌رده‌مێكى تازه‌دا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 13-09-2019 - 2920 جار خوێندراوەتەوە

له‌ دواى ریفراندۆمه‌ شكستخواردوه‌كه‌و دواتر 16ى 10ى 2017ه‌وه‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و به‌ تایبه‌ت كه‌ركوك و هه‌ردوو قه‌زاى داقوق و خورماتوو كه‌وتنه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى نوێى ته‌عریبه‌وه‌، به‌رله‌وه‌ى باسى ته‌عریبه‌كه‌ى دواى 2017و هه‌ڵاتنى كورد بكه‌ین له‌و شاره‌ ، یان روونتر چه‌ككردنى كورد له‌و شاره‌ ، پێویسته‌ئاماژه‌یه‌كى كورت به‌وه‌ بكه‌ین كه‌له‌2005ه‌وه‌ تا 2017 كورد سه‌ره‌ڕاى :
یه‌كه‌م : هه‌ڵوه‌شتنه‌وه‌ى بڕیاره‌كانى به‌عس و ریشه‌ كێشكردنى ئه‌و حزبه‌ 
دووه‌م : بوونى ماده‌ى 140 كه‌ ماده‌یه‌كى ده‌ستوریه‌ " به‌ كه‌م و كوڕیه‌كانیشیه‌وه‌ .
سێیه‌م : بوونى باش و كاریگه‌رى كورد له‌ به‌غدا 
كه‌چى نه‌یتوانى لانى كه‌م چوار قه‌زا دابڕێنراوه‌كه‌ى كه‌ركوك " چه‌مچه‌ماڵ ، كه‌لار ، خورماتوو ، كفرى " له‌ سلێمانى و تكریت و دیاله‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ و بیخاته‌وه‌ سه‌ر كه‌ركوك ، له‌مه‌دا به‌ قه‌د عه‌ره‌ب و توركمان كوردیش خۆى رێگرو له‌مپه‌ر بوو .
هه‌ڵبه‌ت ئێستا كه‌ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ " سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى پارله‌مان " دۆستایه‌تیه‌كى باش له‌ نێوانیاندایه‌ بڕواده‌كه‌م جارێكى تر ده‌توانن له‌ سه‌ر پرسى گێڕانه‌وه‌ى قه‌زاكان قسه‌یان هه‌بێت ، ئه‌وه‌نده‌ى ئاگاداریش بم به‌ ئاگادارى هه‌رسێ لایان به‌رده‌وام كۆبونه‌وه‌ له‌ سه‌ر پرسى ئه‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ .
دواى به‌ جێهێشتنى هه‌ردوو پارێزگارى كه‌ركوك و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك و چوونیان بۆ كه‌ركوك ، هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن به‌ تایبه‌ت پارتیه‌كان ، راكان جبورى بووبه‌ پارێزگارى بێڕكابه‌رو له‌ لایه‌ن حه‌شد و سوپاو حكومه‌تى عێراقیشه‌وه‌ پشتگیرى ته‌واوكرا ، سه‌ره‌تاكانى ته‌عریب لێره‌وه‌ ده‌ستیان پێكرده‌وه‌: 
یه‌كه‌م : هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌وه‌ى عه‌ره‌ب بۆ ناحێى سه‌رگه‌ڕان و گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى .
دوه‌م : بێزار كردنى كورد له‌ گونده‌كانى ده‌ورو به‌رى دووبز بۆ ئه‌وه‌ى هه‌راسان بن و چۆڵى بكه‌ن 
سێیه‌م : به‌ بیانووى جۆراو جۆر هه‌مان هه‌راسان كردن له‌ خورماتوو ، داقوق و گونده‌كانى ئه‌و ده‌ورو به‌ره‌ 
چواره‌م : رێگه‌ نه‌دان به‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى ئه‌و گوندانه‌ى داعش وێرانى كردبوون ، له‌ ناویاندا گوندى كوردو گوندى كاكه‌ى هه‌بوو.
پێنجه‌م : هێنانى ئاواره‌یه‌كى زۆر بۆ ناو كه‌ركوك و رێگرى له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنى خۆیان به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كانى سنورى حه‌ویجه‌و ریازو عه‌باسیه‌ و گونده‌كانى ئه‌و سنوره‌ ، تا ئێستا ده‌یان گوندى عه‌ره‌ب ئاوه‌دان نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ هۆى رێگرى حه‌شدو سوپاوه‌ به‌ بیانووى بوونى داعشه‌وه‌ .
نا بێت ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه‌ كورد خۆى رۆڵێكى زۆرى له‌ عه‌ره‌باندنى ئێستادا هه‌یه‌ئێستا واته‌ له‌ دواى 2017ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ، ده‌كرێ رۆڵى كورد له‌م خاڵانه‌دا كورتبكه‌ینه‌وه‌ :
یه‌كه‌م : نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ ى كورده‌ هه‌ڵاتوه‌كان بۆ كه‌ركوك و به‌ جێهێشتنى له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌ 
دووه‌م: سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى حزبه‌ كوردیه‌كان ده‌رهه‌ق به‌و ناوچانه‌ به‌ تایبه‌ت نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى پارتى به‌ بیانووى داگیركاریه‌وه‌ .
سێیه‌م : نه‌بوونى ماڵى زۆربه‌ى به‌رپرسه‌كان له‌و ناوچانه‌و بوون و مانه‌وه‌یان له‌ هه‌ولێرو سلێمانى ، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ خه‌ڵكى دیكه‌ش متمانه‌ى به‌ مانه‌وه‌ نه‌بێت ، به‌ تایبه‌ت له‌ خورماتوو داقوق .
چواره‌م : ئاوه‌دان نه‌كردنه‌وه‌ى گونده‌كان و نه‌پاراستنیان.
ئه‌م چواره‌ خاڵه‌ هۆكاره‌كه‌ى كورده‌ بۆ درێژه‌ دان به‌ ته‌عریب .
له‌ راستیدا له‌ سه‌رده‌مى 2003 تا 2017ه‌ش عه‌ره‌باندن هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام به‌ شێوه‌ى تر ، بۆنمونه‌  به‌عسیه‌كان و عه‌ره‌به‌ سونه‌ توند ره‌وه‌كان و نه‌قشبه‌ندیه‌كان ودواتر داعش  له‌ سنورى قه‌زاى حه‌ویجه‌ زیاتر له‌ 1100 خێزانى كوردیان ده‌ركرد و زۆر كه‌سیشیان كوشت كه‌ من لیستى ته‌واوى ئه‌و خێزانانه‌م لایه‌ .
ئێستا عه‌ره‌باندن له‌ قۆناغێكى زۆر مه‌ترسیداردایه‌ ، بۆ نمونه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ بیانووى كه‌ركوكى بوون سه‌دان خێزانى عه‌ره‌ب فۆڕم و شوێنى نیشته‌ جێبوونیان گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك ،هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى یاسایى ده‌كرێت و هه‌ندێكیان له‌ چوار چێوه‌ى ماده‌ى 140دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت .
له‌ سنوره‌كانى دوبز ، سه‌رگه‌ڕان ، داقوق ، خورماتوو ، له‌یلان ، ده‌یان گوند به‌ بیانووى جۆراو جۆر یان چۆڵكراون ، یان به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌چن .له‌ به‌رانبه‌ردا عه‌ره‌ب به‌ شێوازى جۆراو جۆر زه‌ویه‌كانیان به‌ كار دێنێت .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP