نادادپەروەری دیوارە شووشەییەکەی هەرێم

دلێر محەمەد نوری - 11-09-2019 - 1389 جار خوێندراوەتەوە

برادەرێکی بێگانە لێی پرسیم ئێستاتان باشتر بوو یان جاران (سەردەمی بەعس)؟ لە وەڵامدا ووتم لە هەردوو سەردەم وەکو یەک نادادپەروەری هەبوو

 

برادەرێکی بێگانە لێی پرسیم ئێستاتان باشتر بوو یان جاران (سەردەمی بەعس)؟ لە وەڵامدا ووتم لە هەردوو سەردەم وەکو یەک نادادپەروەری هەبوو، جاران نادادپەروەری هەبوو لە دابەشکردنی ستەم و ئێستاش نادادپەروەری هەیە لە دابەشکردنی هەموو شت. هەمووان هەست بە جۆرێک لە گۆڕانکاری و پێشکەوتن و کرانەوە و بیناسازی و گۆڕانکاری لە جۆر و ستایلی ژیانی خەڵکی هەست پێدەکەین لە کوردستاندا و لە پاش ڕاپەڕین بە گشتی و لە پاش ۲۰۰۳ ش بە تایبەتی (هەموو ئەوانە ڕاستن گەر نوشستی پڕۆژەی ئابووری سەربەخۆی لێ دەربکەین). بەڵام پرسیارێکی زۆر زیت و بەر چاو یەخەمان پێ دەگرێت بۆ وەڵامدانەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایە ئەم جۆری پێشکەوتن و بەرکەوتەی خێر و بێرە هەموو ناوچەکان و هەموو تاکەکانی گرتۆتەوە؟ هەر کەس بە سانایی ئەتوانێت بە نەخێر وەڵام بداتەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێ کەس و هەندێ ناوچە هەن هەموو ئەو شتانەیان هەیە و بۆ کراوە کە دەیبینن و دەیبیستن، بەڵام هەندێکیش هەن هەر دەیبنن و دەییستن وهەرگیز دەستیان پێی ناگات و نازانن تامی چی دەدات و بۆنی چی لێ دێت. 
هۆکاری ئەمانە بۆ سیاسەتێکی ڕۆژهەڵاتیانەی نادادپەروەرانەی دواکەوتوو دەگەڕێتەوە کە لە سەر هەموو ئاستەکان بەرانبەر بە بەشێک لە کۆمەڵگا پیادەدەکرێت

 

هۆکاری ئەمانە بۆ سیاسەتێکی ڕۆژهەڵاتیانەی نادادپەروەرانەی دواکەوتوو دەگەڕێتەوە کە لە سەر هەموو ئاستەکان بەرانبەر بە بەشێک لە کۆمەڵگا پیادەدەکرێت. من ناوی ئەو دیاردەیە یان ئەو سیاسەتەم ناوە سیاسەتی دیوارە شووشەییەکە. ئەکرێت تۆ دیوارێک لە شووشە دروست بکەیت بە ئەندازەیەک ڕەق بێت لە بڕین و شکان نەیەت و بە ئەندازەیەکیش روون و بێ پەڵە و بێ لەککە بێت کە وەها ئەودیوی خۆیمان نیشان بدات وەک ئەوەی هەر نەبێت. لەلایەکی ئەم دیوارە شووشەییە بەشە بێبەشکراوەکەی کۆمەڵگا دابنێی و لە لاکەی دیکەشی داهات و ئیمتیازات و خزمەتگوزاری و...هتد دابنێین. هەر کات ئەم بێبەشکراوانە دەست بۆ ئەو داهات و خزمەتگوزاریانە ببەن کە دەیبینن سەریان دەکێشێت بە دیوارە شووشەییەکەدا و بێ هیوا دەگەڕێنە دواوە، کە ئەمەش لە کۆتاییدا نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دروست دەکات و ڕۆژێک دادێت ئەبن بە هێزی ڕاپەڕین دژ بەو دەسەڵاتە خۆی یاخود هەر نەبێت کۆمەڵگات بۆ دەکات بە دوو لەتی دژ بە یەک و ناساز.
بەر لە هەر شتێک لەم ساڵانەی دوایی هەست بە جیاکارییەکی گەورە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بنیاتنانی پڕۆژەی ستراتیژی و ژیانیی لە نێوان زۆنی زەرد و زۆنی سەوز بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا

 

بەر لە هەر شتێک لەم ساڵانەی دوایی هەست بە جیاکارییەکی گەورە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بنیاتنانی پڕۆژەی ستراتیژی و ژیانیی لە نێوان زۆنی زەرد و زۆنی سەوز بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا کەوای کرد هاوڵاتیانی زۆنی سەوز هەست بە بێکەسی و بە ناهەقییەکی گەورە بکەن و هەمیشە بۆ گەیشتن بەو ئاستەی هەولێر و دهۆک پێیگەیشتوون، سەریان بەر دیوارە شووشەییەکە کەوتووە، جا هۆکارەکەی ئەوە بوو کە بەرپرسانی ئەم بەر لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە نەبوون یان سیاسەتی ئیقسای ئەو بەر بووبێت دژ بەم بەر کە کلیل قاسەی پارە و قەڵەمی واژووی بڕیارەکان هەمیشە بەو بووە! کە ئەمەش بە نەتیجە جۆرێک لە لێکەوتەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەورەی ترسناکی هەبووە و دەبێت.

 یەکێکی دیکە لەو دیوارە شووشەیی گەورانە لە مێژە لە بەردەمی گوندنشینان و شارۆچکە نشینانی ئەم وڵاتە  درووست کراوە. هەمیشە دانیشتووانی ئەم ناوچانە مەگەر لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە چاویان بە جادەی قیرتاو و شۆستەی کۆنکرێتی و شوێن و جێگەی خزمەتگوزاری و جوانکاری و حەوانەوە و ...هتد بکەوێت. 
پرۆژەی گەورەو ستراتیژی لە پشکی شارە نەک شارۆچکە و گوند، کە ئەمەش ڕێگە لە بووژانەوای ئەو ناوچانه و بێبەشبوونی خەڵکەکەی لە هەلی کار و کەسابەتدا بەداوادا دێت

 

 پرۆژەی گەورەو ستراتیژی لە پشکی شارە نەک شارۆچکە و گوند، کە ئەمەش ڕێگە لە بووژانەوای ئەو ناوچانه و بێبەشبوونی خەڵکەکەی لە هەلی کار و کەسابەتدا بەداوادا دێت. هیچ کات کارێکی خراپ نەدەبوو گەر چاڤی لاند لە چەمچەماڵ بووایە و پرۆژەیەکی دیکە لە کەلار و کارگەیەکی دیکە لە ڕەوندوز و فڕۆکەخانەی هەولێر لە دیانا و فرۆکەخانەی سلێمانی لە سەید سادق بووایە، کە بەمەش دەرفەتی یەکسانی بووژانەوە و هەلی کار و بەرزکردنەوە و یەکسانکردنی ئاستی ژیان و هزر و ڕۆشنبیری هاوڵاتیان بۆ یەک ئاست فەراهەم دەکرد. 
ئەگەر چی بازارەکانی هەرێم پڕاوپڕن لە هەموو پێداویستییەکانی ژیان هەر لە خۆراک و پێداویستی جوانکاری و پۆشاک و زۆری دیکەش بەڵام ئایا هەمووان وەک یەک هێزی کڕینیان پێیە؟

 

ئەگەر چی بازارەکانی هەرێم پڕاوپڕن لە هەموو پێداویستییەکانی ژیان هەر لە خۆراک و پێداویستی جوانکاری و پۆشاک و زۆری دیکەش بەڵام ئایا هەمووان وەک یەک هێزی کڕینیان پێیە؟ هەمووان وەک یەک لە سەری مانگاندا بە گیرفانی پڕەوە ڕوو دەکەنە مۆڵ و بازارەکان؟ ئایا چەندن ئەوانەی هەموو ئەو شتانە تەنها لەودیو دیوارە شووشەییەکەوە دەبینن و دەستیان پێی ناگات؟ ئایا ئەرکی کێیە ئەم دیوارە لە بەردەمی بێکەسێک و هەتیوێک و ژنێکی تەنیا و پیاوێکی تەنیای بێمووچە و کەمئەندمێک و بە تەمەنێکی لانەواز لابەرێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیرێک لە داهێنانی بیمەی کۆمەڵایەتی بکرێتەوە تا دۆزینەوەی هەلی کار بۆ کەسی بێکار و دابینکردنی ژیان بۆ کەسێک کە توانای دابینکردنی نییە؟ یان لێگەڕێین ئەوەی هەیەتی بخوا و ببات و ئەوەشی نیەتی لە پشتی دیوارە شووشەییەکەوە سەیر بکات؟ 

گبەشێکی دیکەی نادادپەروەری لە خودی دەزگاکانی دادپەروەریدایە! دەمێکە دەڵێن تۆڕەکەی دادگا و یاسا تەنها ماسی بچووک ئەگرێت و ماسییە گەورکان قوتار دەبن! لێرەدا ئێمە باس لەوە ناکەین بەڵکو باس لەو دەیان کەیسانە دەکەین کە دادگا دەیانبینێت و دەستی پێیان ناگات لە بەر ئەو دیوارە شووشەییەی دانراوە  و دادگا سەری پیادا دەکێشێت یان دەوەستێنرێت، بە بێ ئەوەی ڕێڕەوی خۆی بگرێت، دادگاکان سیاسی و بەرپرسی خائن و گەندەڵکار و بکوژی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگران و پیاوی ژنکوژ و ...هتد دەبینن لەودیو دیوارە شووشەییەکەوە زیتەیان دێت و تاوانبار و تاوانێک کە هەموو بنەماکانی تاوانکاری تێدایە و کەچی پەڕاوەکەی بە بێ ئیدانە دادەخرێت. 

گەر درێژەی نەدەینێ لەوە زیاتر خوێنەر دەتوانێت دەیان دیواری شووشەیی دەستنیشان بکات لە هەموو ئاستەکان و هەموو جوومگەکانی ژیاندا و لەو دیو دیوارەکانەوە دەیان هەڵە و کەم و کورتی و ناهەقی دەبینرێن، بە بێ ئەوەی دەسەڵات خۆی لێ تێبگەیێنێ و هاوڵاتیش دەستی پێ بگات. تاقە شتێکیش کە هەمووان وەکو یەک بە بێ بەربەستی دیوارە شووشەییەکان وەریدەگرین ئۆکسجینی هەناسەدانە. تۆ بڵێی ئەم میللەتە سەبری ئەیوب و عومری نوحی هەبێ؟ تۆ بڵێی بەرپرسەکان وا بە سانایی بیریان لە مەسەلەکان کردبێتەوە؟ ئەی تۆ بڵێی کاتی ڕووخاندنی سەرجەم ئەو دیوارە شووشەییانە نەهاتبێ کە هەموو شتێکی لێوە دیارە و بەڵام دەستی هەمووانی ناگاتێ؟.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP