بڕیاری گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ھەنگاوێكی ئاشتیخوازانەی كورد

محەمەد عەلی - 11-09-2019 - 1057 جار خوێندراوەتەوە


لە مێژووی سەد ساڵەی دروستبوونی عێراق، دوای خستنەسەری كوردستانی باشوور بۆ سەر عێراق بە بێ ویستی خۆی، ھەمیشە كورد شۆڕشی كردووە بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی، ئەوەی كورد بەردەوام جەحتی لێ كردووەتەوە، كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بووە لەگەڵ حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكانی لە رێگەی دیالۆگەوە، ھەر لە سەردەمی شێخ ئەحمەد و شۆڕشەكانی یەكەم و دووەمی بارزانەوە، ھیچ كاتێك سەركردایەتیی شۆڕشی كوردستان دەستپێشخەرییەكانی گفتوگۆی رەت نەكردۆتەوە، بگرە لە ساتەوەختەكانی سەركەوتنیش ھەمیشە دەرگای بۆ گفتوگۆ و گەنگەشەكردن كراوە بووە.

لە دوای كودەتای تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن (عەبدولكەریم  قاسم)، ویستی چارەسەری كێشەی كوردی ھەبوو لە عێراق و ڕێك پاش كودەتا داوای گەڕانەوەی بارزانی كرد لە سۆڤیەت، بێ دوودڵی بارزانیی باوك بەدەم داواكەیەوە ھات و گەڕایەوە عێراق، هەروەها ھەموو ھەنگاوێكی پۆزەتیڤانەی نا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، بەڵام لە كۆتاییدا نیەتی ڕاستەقینەیان دەركەوت، كە نایەوێت چارەسەری كێشەكان بكات، بۆیە لە ساڵی ١٩٦١ بەغدای بەجێھێشت و سەركردایەتیی گەورەترین شۆڕشی لە مێژووی كوردستانی باشوور كرد و تۆسقاڵێك سازشی لەسەر داوا ڕەواكانی میللەتەكەی نەكرد.

 لە سەروبەندی كودەتای یەكەمی بەعس لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن بەعسییەكانەوە، گفتوگۆ دەستی پێكردەوە و، بەڵێنی دابینكردنی گشت مافەكانی گەلی كورد بە سەركردایەتیی شۆرشی ئەیلوول درا، وەلێ زۆری نەخایاند لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩٦٣ (عەبدولسەلام عارف÷ كودەتای كرد و لە ساڵی ١٩٦٤ حكومەتی عێراقی ئامادەیی پیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بارزانیی باوكیش پێشوازیی لەو بڕیارە كرد و دەست كرا بە گفتوگۆ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ھیچ ھەنگاوێكی پێویست نەنرا، بۆیە بێ ھیچ دوودڵییەك ئامادەسازیی تەواو كرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەكانی حكومەتی عێراقی، كە لە ساڵی ١٩٦٥ شەڕ دەستی پێكردەوە، دوای مردنی لەناكاوی سەرۆككۆمار و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولڕەحمانی برا بچووك، دووبارە لە ساڵی ١٩٦٦ گفتوگۆكان دەستیان پێكردەوە، بەڵام زۆری نەخایاند و كودەتای دووەمی بەعس دەستی پێكرد. 

پاش كودەتای دووەمی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن (ئەحمەد حەسن بەكر) و جێگرەكەی (سەدام حوسێن)، ئامادەیی چارەسەركردنی كێشەی كوردیان ھەبوو، بۆیە سەركردایەتیی شۆڕش دووبارە بەدەم ئەو بانگەوازە ئاشتیخوازانەوە چوو، ئەوە بوو ڕێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی لێ كەوتەووە، بەڵام كاتێك دەسەڵاتدارانی بەغدا تاكلایەنانە یاسای ئۆتۆنۆمیی ساڵی ١٩٧٤ی ڕاگەیاند و مافەكانی گەلی كوردی پشتگوێ خستبوو، سەركردایەتیی شۆڕش دووبارە ئامادەسازیی بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش كرد.

لە دوای ٢٠٠٣ و رووخاندنی رژێمی بەعس، دووبارە سەركردایەتیی كورد بە ھەموو ھێزێكەوە ڕووی كردەوە بەغدا و ھەموو ھەوڵێكی خستە كار بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێی دیموكراسی و، بەشداری كرد لە ئەكتیڤكردنەوی دامەزراوە یاساییەكانی عێراق و پاراستنی ئارامیی ناوچە گەرمەكانی شەڕ، لە بەرامبەر بەدەستھێنانی فیدڕاڵی بۆ كوردستان و جێكردنەوەی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا، بەڵام كاتێك بینی كە عێراقییەكان خەریكین پاشەكشە لە بەڵێنەكانیان دەكەن، بە تایبەتی لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٣ حكومەتی عێراقی بودجە و مووچەی ھەرێمی بڕی و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێمی دەكرد، كوردستان زۆر بە ھێزەوە بەرامبەر ئەم ھەڕەشانە وەستایەوە و بڕیاری فرۆشتنی نەوتی دا بە شێوەی سەربەخۆ، دواتر بەرەنگاری ھاتنی داعش و ھێرشەكانی حەشدی شەعبی بووەوە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر.

لە ئێستاشدا ھەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، گرینگترین خاڵ لە بەرنامەی كاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمدا، بڕیاری گفتوگۆكردن بوو لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكان، لە كۆتا كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتیش لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەوەی دووپات كردەوە، كە بە ھیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان ناكەین، بۆیە بڕیاری حكومەتی ھەرێم بە دەسپێكردنەوەی گەڕێكی تری گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوانیان، ھەرگیز بە مانای تەسلیمبوون نییە، بگرە نیازپاكیی كورد دەردەخات بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی جیددی لە پێناو چارەسەركردنی تێكڕای گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP