بەپەلە

خانەی راپەڕاندن و ئەرکی نوێ

بابه‌کر دڕه‌یی - 10-09-2019 - 2352 جار خوێندراوەتەوە

لەم چەند رۆژەی داهاتودا هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت و بزوتنەوەکە دەبێتە خاوەنی رێبەریەکی تازەهەڵبژێراو کە بڕیارو پەسەندکراوەکانی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بێ کەم و زیاد جێبەجێ دەکات.

پاش کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، ئێمە کەوتینە قۆناغێکی سەختەوە: قۆناغێک کە هەر حیزب و دەوڵەتێک دوای کۆچی رێبەرێکی کاریزمایی و دەگمەن پیای تێدەپەڕێت.. کاک نەوشیروان بۆ گۆڕان وەک درەختێکی مەزن بو.. سێبەرەکەی هەموانی دەگرتەوەو ئۆکسجینی پێویستی بەهەموان دەبەخشی‌و، بە یەکسانی ئیرادەو دیدی رۆشن و ستراتیژو، لەسەروی هەمو ئەوانەوە رۆشنایی‌و خۆشەویستیەکی راستگۆیانەی دەبەخشییە هاوڕێ و میوانەکانی و وەک مرۆڤ دیاردەیەکی بێوێنەو بێهاوتا بو کە بەداخەوە هەرگیز دوبارە نابێتەوە.

دوای کۆچی ئەو، لیژنەی راوێژ هەبو کە زۆرینەی هەڵسوڕاوە سەرەکییەکانی لە خۆیدا کۆدەکردەوە. ئەم لیژنەیە ئەرکێکی قورسی کەوتە سەرشان کە چۆنچۆنی بەتاڵی شوێنی رابەری کۆچکردو پڕبکاتەوە؟ گفتوگۆی زۆر کران، سەرەنجام و دوای پێداگری جدی ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوان، بڕیاردرا کە خانەی راپەڕاندن‌و رێکخەری گشتی، بەپێی دەستور پێکبێ و بزوتنەوەکەمان لە بێ سەری رزگاری ببێ.

خانەی راپەڕاندنی دوای کۆچی کاک نەوشیروان دەزگایەک بو کە ئەرکی سەنگین و مێژویی کەوتە سەرشان لەوانە:
راگرتن و هێشتنەوەی بزوتنەوەکە بە یەکگرتویی،
راوەستان بەرامبەر کێشە سیاسییە زۆرەکانی وڵات لەبابەتی ریفراندۆم و شەڕی داعش و دیسان پاراستنی گۆڕان لە دابەشبون و جیابونەوە،
بەشداربون لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و هەوڵدان بۆ رێگری لە کەوتن و لاوازبون.

خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دو ساڵی رابردودا هەوڵیدا کە ئەو ئەرکانەی خۆی بەپێی تواناو تێگەیشتنی لە روداوەکان چارەسەر بکات. هەوڵەکانی خانە روبەڕوی رەخنەی زۆری دەنگدەران و هەڵسوڕاوان بوەوە، بەڵام سەرباری کۆی رەخنەکان یەک سەرکەوتنی گرنگ و شایان بۆ خانەی راپەڕاندنی گۆڕان تۆمار دەکرێت ئەویش ئەوەیە کە توانی بەهێمنی و بە سیاسەتێکی پڕ لە ئەزمونەوە، بزوتنەوەکە لە دابەشبون بپارێزێ و بەرگەی رەخنەکان بگرێ و هەرگیز نەکەوێتە داوی کاردانەوەو شەڕی میدیایی لەگەڵ هیچ لایەن و گروپێک.

خانەی راپەڕاندنی ئێستامان توانی گۆڕان لە قۆناغی ترسناکی دوای کۆچی نەوشیروان مستەفاوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی ئامادەسازیی بۆ هەستانەوەو رێکخستنەوەی جوڵانەوەکەو دیاریکردنەوەی لێپرسراوانی ژورەکان و شەڕی داهاتوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و حکومەتە لۆکاڵیەکان.

ئەوان رۆڵی خۆیان بە رێزەوە وازی کردوەو ئەوەی لە تواناو وزەیان بوە سەرفیان کردوە.

ئەرکی خانەی راپەڕاندنی نوێی گۆڕان ئەوەیە، کە ئەو دەزگا گرنگەی بەناوی بزوتنەی گۆڕان وەک میراتێکی سیاسی ئامادە لە نەوشیروان مستەفاو هاوڕێکانی پێش خۆیانەوە وەری دەگرن، بخەنەگەڕ بۆ:
بەدەستهێنانەوەی دەنگی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنەوەی پەرلەمانیی گۆڕان.
هەوڵدانی جدی بۆ چاکسازیی و خۆشکردنی ژیانی خەڵک و قایمکردنی دەزگاو دامەزراوەکان.
پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی دەزگاکانی خودی گۆڕان و بنیاتنانی تەماسێکی ڕۆژانەو پڕ لە خۆشەویستی لەگەڵ خەڵک بەگشتیی و دەنگدەرانی گۆڕان بەتایبەتی.

چاوەڕێین لەم رۆژانەی دادێن خانەیەک بۆ بزوتنەوەکەمان هەڵبژێردرێ، کە  پارێزگاری لە میراتی سیاسی هاوڕێکانی پێش خۆی بکات و لە ئاستی ئەوەشدابێ کە بە بەرچاوڕونیەوە هەنگاوەکانی بنێ و بزانێ ئەم گەلە چی پێویستەو خواستە ئەسڵیەکانی چین و چۆن بۆی دەستەبەر دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP