هەواڵی ئەمڕۆ

بۆ مامۆستا فەخرەدین

دانا هەڵەبجەیی - 10-09-2019 - 2275 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە سێبەری بەهشتیانەی گوێزەکانی سۆسەکانەوە، لە فێنکی چاوگی ئاوێسەر، لە تەوێڵەی میرزاکانەوە، دڵێک و دەستێک و چاوێک ڕووی کردە هەڵەبجە، خوێندن و خەبات و خێزانێکی لە کەشکۆڵێکی قەشەنگدا پێچایەوە.

مێژوی ساسانیان و لۆلۆ و خان و سانەکانی هەورامانی ئەکردە زەنگۆڵەی ملی شارێک

وانەی هونەر و دەستڕەنگینی هەجیجیان و شاهۆنشینیانی دەکردە تابلۆی ماڵ و مەدرەسەی هەڵەبجە، مێژوی ساسانیان و لۆلۆ و خان و سانەکانی هەورامانی ئەکردە زەنگۆڵەی ملی شارێک کە خۆیشی بوە مێژو. کە گاز باری، کە شار بووە چوڵەوانی، خێزان و زاڕوڵەکانی لە چاو وون بوون وەک هاوشاریانی.

مناڵیکی بە هونەر و مێژوو گۆش بوو، لە چاو و دیدە و دیدار کۆژایەوە، کەس نەیزانی ئەم کۆرپە و پەپولە بێ زمانانە لە ئامێزی کام ژن، لە کەناری کام ڕووبار، لە قووڵایی کام دۆڵ، لە پەنا و پاساری کام ماڵ گیراسانەوە.

مامۆستای خاوەن فەخر،شانازی شار، دوای جینوساید هەر بڵیسەی جەرگی خامۆش نەبوو، بە چاوێک هونەر و شاکاری ئەبەخشییەوە بە میوانانی شار، بە چاوێكی تری چاوەڕوان و چاوەنواری وونبوان بوو.

کوا بۆ نەهاتەوە، بۆ نەدۆزرایەوە، بۆ نەیانهێنایەوە، بۆ و هەزارانی بۆی تر لەم شارەدا ڕۆژانە و شەوانی ماتەم بە ئاسماندا ئەجریوێنن، تا چاوەکانی مامۆستا نەگوشا، تا دڵەکەی خامۆش نەبوو، هەر گوێ قوڵاخ و چاو لە سوراخی وونبوانی ئازیزی بوو.

ئێمەش ون بوین، تەنیا لاشەیەکی تەرم ئاساین

مامۆستا گیان، بۆ وا ئەزانی ئەوەی کە ئامادەیە لە حزوردا، وون نەبووە؟، ئێمەش وون بووین، تەنیا لاشەیەکی تەرم ئاساین، ڕۆحمان و گیانمان دەمێکە وەک منالانی هەڵەبجە وون بووە، لەو ڕۆژەوە تۆ عەوداڵی کۆرپەی وونبووی خۆتیت، ئیمەش بەدەن حازر و ڕۆح وونبوویەکی قەلەندەرین.

وەکوو تۆ و دایکە جگەر سوتا و وونبووەکان، ئێمەش چاوڕێن، دڵ و دەرونمان چاوەڕێیەوە، ڕۆح و گیانمان چاوەڕێیە، هۆش هەستمان چاوەڕێیە، تۆ بۆ منداڵێکت، ئیمەش بۆ ڕۆحی پێش شانزەی سێ، ئێمەش وەک تۆ هەڵەبجە و یادگاری و منداڵیمان لێ وون بووە، هەموومان وونین، بەڵام بە ناچاری لە حزوردا حازرین مامۆستا گیان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP