ڕێگاکانى بەرەو دەوڵەت

فارس نەوڕۆڵی - 8-09-2019 - 2332 جار خوێندراوەتەوە

ئەم ناونیشانەى سەرەوە ناوەڕۆکەکەى وەک ئەوە نییە کە دەڵێن چۆن لە 24 کاتژمێردا دەبیت بە ملیۆنەر، بەڵکو لە ئەنجامى بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە واقع نوسیومە ، چونکە بابەتێکە ژیانى کۆمەڵگەى پێوە بەستراوەو ئایندەى نەتەوەیەکە، هەمیشەش لەبیرکردنەوەى کوردپەروەرانى ڕاستەقینەدا دەژى، بۆیە لێرەدا دەمەوێ ئەو ڕێگایانەى ئێمە دەگەیەنێتە دەوڵەت بەتێگەیشتنى خۆم بخەمە ڕوو، پێش هەمووشتێ دەبێ پرسیار بکەین ئەو ڕێگایانەى دەمانگەیەنێتە دەوڵەت کامانەن؟ بۆ تائێستا نەبوینەتە دەوڵەت؟ خەتاى کورد خۆیەتى یان ئەوانەى دیکە؟ ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیارى دیکە لەم بارەیەوە دەکرێ لە خۆمانى بکەین و بگەین بەوەڵامەکانى، لێرەشدا بۆئەوەى بتوانین وەڵامى دروستمان دەستکەوێت لەسەر هەرکێشەیەک دەبێ بگەڕێینەوە بۆ مێژووەکەى، لەم بارەیەوە ئەگەر سەیرى مێژووى کورد بکەین قۆناغەکانى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى بەسروشتى نەبڕیوە.

هەمیشە چەوساوەو داگیرکراو بووە، خراپترین و ترسناکترین جۆرى داگیرکارى، داگیرکارى کەلتورو پەروەردەو بیرکردنەوەیە، کە دوژمنانى کورد بە بەرنامە کاریان لەسەرکردووە، هەرچەندە کورد هەمیشە لەبەرگریدا بووەو شەڕى مانەوەى کردووە، بەڵام دواى ئەو هەموو قوربانیە، نەیتوانیوە بگاتە کامڵ بونى (واتە دەوڵەت) چونکە هەرنەتەوەیەک دەوڵەتى نەبوو نەتەوەیەکى ناکامڵە، بۆئەوەى بگەینە کامڵبوون ، کورد لە ڕاپرسییەکى گشتیدا بەجیهانى وت: "ئێمەش دەمانەوێ سەربەخۆ بین" هەرچەندە ئەو ڕاپرسییە لەم قۆناغەدا سەرکەوتوو نەبوو،  بەڵام لەلایەکەوە بوو بە وێستگەیەکى مێژووی ئاسایشى نەتەوەى کورد، لەلایەکى دیکەوە بۆ نەوەکانى ئێستا و ئایندە بوو بە بنەما ، کە بۆ پرسى سەربەخۆیى بگەڕێنەوە بۆى.

بەڵام  دەبێ ئەوە بزانین کە لەم قۆناغەدا کامانەن ئەو ڕێگایانە دەمانگەیەنێتە دەوڵەت دەست نیشانى بکەین، ئیتر ڕێگاکان دوورمەودا یان نزیک مەودابن، بەڵام کارى یەکەمى ئەم قۆناغە ئەوەیە، کە بە خوێندنەوەیەکى نوێ ئەو ڕێَگایانە بگرینەبەر وەک پڕۆسە نەک وەک پڕۆژە، دەکرێ ئەم ڕێگایانە ڕێگاى جەوهەرى بن کە بریتین لە :-

1.پاراستنى هەرێمى کوردستان و بەهێزکردنى: 

کەئەمە دەکرێ ڕێگاى یەکەم بێت، چونکە لێرەوە دەتوانین بە ڕێگاکانى دیکە بگەین.

2.شەڕى ددان پێدانان (ئیعتراف):

لە ڕاستیدا هەرچەندە خەبات و شۆڕش و قوربانى بۆ گەیشتن بە ئامانجى گەورەى نیشتیمانى بەردەوام بێت، ئەگەر ئیعترافت پێ نەکرێ ناگەینە ئەنجام، چونکە ئەگەر بە قوربانیدان و شۆڕش بوایە کورد بەشى دروستکردنى چەندان دەوڵەت قوربانیداوە، بەڵام مادام ئیعترافى نییە ئەنجامى نییە، خۆ ئەگەر سەیرى زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى و ناوچەکە بکەین بەبەراورد لەگەڵ کورد قوربانییان ئەوەندە نەداوە، کەچى بوونەتە دەوڵەت  بۆچى؟ لەبەر ئەوەى ئیعترافیان وەرگرتووە یان پێکراوە، بۆیە دەبێ ئێمە ئەو ئیعترافە بکەین  کە ئێمە نابینرێین.

 ئێمە لە ناوچەیەکى کوێرداین نەچاوى سیاسەت، نەچاوى زانست نەچاوى بەرژەوەندى باڵاى دەوڵەتە گەورەکان نامانبینێت، ڕێگرى ئەم بینینە بەرژەوەندى هێزەکانە، بۆیە دەبێ  ئیتر ئێمە لەوە بگەین کەسیاسەت نابێ لەیەک گۆشەنیگاوە  لێى بڕوانین، چونکە (هەر کۆمەڵگەیەک نەیتوانى لەچەند گۆشەیەکەوە لەسیاسەت بڕوانێت، ئەوە کۆمەڵگەیەکى تەندروست نییە) کەواتە، دەبێت لەم بارەیەوە کورد جیاواز لە جاران سیاسەت بکات.

3.لۆبی: 

هێزێکى کاریگەر کە بتوانێ هێز بەکورد بدات لۆبى کردنە لە دەرەوەى، ئەگەر واقعى سەیر کەین کورد لەم لایەنەوە کڵۆڵە ، نەیتوانیوە لۆبى بۆ فشارى سیاسى دروست بکات ، چون لۆبى کردن ئەگەر دروست ئیدارەى بدرێت زۆر ڕێگاى بۆ کورت دەکاتەوە ، هەر ئەم لۆبى کردنە بو کە جولەکە توانى خۆیانى پێ دروست کەن و لەپەرتەوازەیى دەربازبن،  بۆیە ئەرکى سەرکردایەتى کوردستانە بیر لەم مەسەلەیە بکاتەوە بەتایبەتى سەرۆکى هەرێم دەکرێ شارەزایانى ئەم بوارە لەدەورى خۆى کۆبکاتەوەبۆ دروستکردنى لۆبیایەکى بەهێز لەدەرەوە.

4.یەک گوتارى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستانى:

ئەگەر ورد قۆناغەکانى ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى کورد بخوێنینەوە، خاڵى هەرە لاوازى کورد قبوڵ نەکردنى یەکترییە زۆر کەم لە مێژوودا دەبینرێ ماڵى کورد ماڵێکى یەکگرتوو بێت بەڵکو هەمیشە پەرتەوازە و بیمارو ناهاوسەنگ لە گوتاردا بوەتە مۆرکى ژیانى سیاسی و کۆمەڵایەتى کورد، تاچارەسەرى ئەم مەسەلەیەش نەکەین زەحمەت دەبێ لە هیچ ڕێگایەکى ترەوە بگەینە ئامانج ، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ لەبیرکردنەوە دزێوەکان خۆمان داماڵین و کێشەکانى ناوخۆو جیاوازییەکانى بەڕێگایەکى دروست ئیدارە بدەین، ئەویش لە ڕێگاى گفتوگۆیەکى ئەخلاقى یەوە بەشێوازێکى (جۆرى) گفتوگۆ بکەین لەسەر بنەماى کەلتورى چینى، لە ڕێکەوتنى چینى دا هەردولایان چەندلایەنێ ڕازى دەبن لەسەر مەرج و خاڵە بنچینەییەکانى ئەو ڕێکەوتنەى کە پێکەوە ئەنجامى دەدەن،کەهەموولایەک بە ڕێکەوتنەکەدڵخۆش بن، ئەم جۆرە گفتوگۆیە ناودەبرێ بە گفتوگۆى بردنەوەى هەمووان،کە بۆ ئەم قۆناغە گەلى کورد باشترین شێوازى گفتوگۆیەو لە فەزاى مەجازى دەربازمان دەکات. 

5.گفتوگۆى کورد وئەوانى تر: 

پێویستە لە ئاستى ڕۆشنبیرى و فیکریدا گفتوگۆیەکى قوڵ و کراوە لەگەل َمیللەتانى ناوچەکەو ڕۆشنبیرانیدا بخەینە سەرڕێ، ئەمەش دەکرێ ئەو ڕۆشنبیرانە دەستنیشان بکەین کەئاستێکى بەرزى فکرییان هەبێت تەنها بۆ بەرژەوەندى کورد بوون کاربکەن بێ ئەوەى بکەونە ژێر کاریگەرى هیچ ئایدیایەکى دیکەوە، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆیەکى هەمەلایەنە بگرنەبەر لەگەڵ ڕۆشنبیرانى عەرەب و تورک و فارس بۆ ئەوەى بتوانن شەڕى ئەو جۆرە ئەقلیەتە بکەن کە نەفى کورد دەکات ، ئەویش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەبزانین سیاسەت دیالۆگى ڕۆژانەیەو بەردەوامە لەسەر تەواوى ژیانى کۆمەڵایەتى وسیاسی، بۆیە نابێ هەموو بابەتەکان لە شەڕى  کورسى و دەسەڵاتدا کورت کەینەوە، گفتوگۆیەک بکەین هەمووان تێیدا براوە بین.

6.ئابورى (پارە): 

هەموو ئەو ڕێگایانە پێویستیان بە ئابورییەکى بەهێز هەیە بۆ بەڕێوەبردنێکى دروست.بۆیە دەبێ هەموو ئەوڕێگایانە بەقەد دورى ڕێگاکە ئامادەیى و پشتگیرى دارایى بکرێت، چونکە دواجار سیاسەت تەنها زمانى سیاسەت نیە بەڵکو هەڵگەرانەوەى جیناتى ئابورییە بۆیە دەبێ ئەقڵێکى ئابورى دروست لە پشتى ئەم پڕۆسەیەوە بێت بۆ بڕینى ڕێگاکانى ، بڕینى ئەو ڕێگایانەش پێویستى بە (دڵسۆزى و باوەڕ و بیرکردنەوە و  ئەقڵ و پارە هەیە).

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP