عێراق له‌ نێوان كوڕ و باوكدا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 30-08-2019 - 4285 جار خوێندراوەتەوە


مه‌سرور به‌رزانى له‌ پێشوازى یاسین تاهیر یاسرى وه‌زیرى ناوخۆى عیراقدا مكوڕى خۆى له‌ سه‌ر یه‌كپارچه‌ى خاكى عیراق دووباره‌ كردوه‌ته‌وه‌ و راگه‌یاندنه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عیراقیش ئه‌وه‌ى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، راستى ئه‌م بۆچوونه‌ى مه‌سرور بارزانى له‌ ئێستادا له‌ته‌ك لۆژیك و ئاوه‌زدا دێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چى من تۆزقاڵێك بڕوام به‌ شوناسى عیراقى بونى خۆم نیه‌و ئه‌وه‌شم زۆر ده‌مێكه‌وه‌ وتوه‌، 13 ساڵ به‌رله‌وه‌ى بابا كورده‌كه‌ به‌ده‌م هه‌له‌كه‌ سه‌ماو خۆشیه‌وه‌ پاسه‌پۆرته‌كه‌ى بدڕێنێت ، من به‌ ده‌م گریانه‌وه‌ له‌ سه‌ر گۆڕێكى به‌ كۆمه‌ڵ هاشام له‌ عیراقى بوونى خۆم كرد ، پێشتریش هه‌مان بیرو ڕام هه‌بوو، ئه‌مه‌ى ئێستا مه‌سرور بارزانى ده‌یڵێت رێكپێچه‌وانه‌ى قسه‌ گه‌رم و گوڕه‌كانى باوكێتى له‌ سه‌ر ده‌مى هه‌راو زه‌ناى ریفراندۆما ، كه‌له‌ راستیدا هیچ ده‌سكه‌وتێكمان لێى نه‌بینى و ئه‌وانه‌ش كه‌ گۆرانیان به‌ باڵایدا ده‌گوت ئێستا مانگانه‌ چاوه‌ڕێى به‌غدان موچه‌كه‌یان بنێرێت .
ته‌نانه‌ت عه‌ره‌باندنى ئێستاى كه‌ركوكیش به‌رهه‌مى ئه‌و سه‌رسه‌ختیه‌یه‌


ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ به‌ ترس و نیگه‌رانیه‌وه‌ سه‌یرى هه‌نگاوه‌كانى ریفراندۆممان ده‌كرد ، گه‌رچى له‌ هه‌مووان زیاتر سه‌ربه‌خۆیى خواز بووین ، ئێمه‌ ده‌مانزانى چیمان له‌ ده‌ست ده‌چێت ، پێمانوابوو له‌ دوا هه‌نگاودا بارزانى و هاوكاره‌زۆرو زه‌وه‌نده‌كانى له‌ حزبه‌كه‌ى خۆى و حزبه‌كانى دیكه‌ په‌شیوان ده‌بنه‌وه‌ ، نه‌بونه‌وه‌و تا ئێستاش باجى ئه‌و په‌شیمان نه‌بوونه‌وه‌یه‌ ده‌ده‌ین ، ته‌نانه‌ت عه‌ره‌باندنى ئێستاى كه‌ركوكیش به‌رهه‌مى ئه‌و سه‌رسه‌ختیه‌یه‌، كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ى زیاتر له‌ خزمه‌تى ئه‌ردۆغاندا بوو نه‌ك كه‌سى تر .

نه‌ئێمه‌ جاشى ئێران و سه‌فه‌وى بووین كه‌ مه‌ترسیه‌كانى ریفراندۆممان باس ده‌كرد نه‌مه‌سرور بارزانیش وه‌سایه‌ ، مه‌سه‌له‌كه‌ زۆر ڕوونه‌ له‌ راستیدا به‌غدا نه‌بێت به‌رگه‌ى 6 مانگ ناگرین ، ئه‌مه‌ له‌ ڕووى ته‌ناهى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ داخێكى قورسه‌ ، به‌ڵام كێ به‌و ده‌رده‌ى بردین ، هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌رپرسیارن له‌و دۆخه‌ ئێستا له‌ سه‌رى سه‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدان و هێشتا ده‌ربارو ماستاوچیه‌كان گۆرانى به‌ باڵایاندا ده‌ڵێن. 
ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رو به‌ندى ریفراندۆما روویدا جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تى هیچى تر نه‌بوو

هه‌ڵبه‌ت من له‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدایا هه‌ولێر هه‌ڵده‌بژێرم ، ئه‌مه‌ بێئه‌وه‌ى وه‌ك ماستاو چیه‌كان كیسه‌شم بۆ خه‌ڵات و دیارى هه‌ولێر دووریبێت ، لێ ده‌زانم ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رو به‌ندى ریفراندۆما روویدا جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تى هیچى تر نه‌بوو ، زیانه‌كه‌شى بۆ خانه‌واده‌ى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بوو، كه‌ كرانه‌ قوربانى و بۆ خه‌ڵكى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیش بوو كه‌ له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ كرانه‌ دیارى ئه‌وى تر .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP