كامیان: گوتاری كوردی یان گوتاری عیراقی؟؟!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 11-03-2017 - 5367 جار خوێندراوەتەوە

عەتا قەرەداخی

گوتار چیە؟ گوتاری عێراقی چیە؟ گوتاری كوردی چیە؟ رەنگە ئەمە پرسیاری زۆرێك لە خوێنەران بێت، لە راستیدا گوتار وەكو دەقێكی نووسراو پێناسە دەكرێت كە بارگاوی كراوە بە فیكرو مەعریفەو روانین كە كۆی ئەمانەش پەیوەستن بە ئایندەبینیەوە یان نەخشەرێگای ئاسۆیەك بەرەو ئایندە نیشان دەدەن، هەر بەم پێیە گوتاری كوردی پێویستە ئەو گوتارە بێت كە بارگاوی كراو بێت بە مەعریفەو فیكری نەتەوەیی و بنەمای سەرەكی بریتی بێت لە روانین بەرەو ئاسۆیەكی گەش پەیوەست بە ئایندەی نەتەوە، كە لە راستیدا رەهەندە واقیعیەكانی گوتاری كوردی وەكو گوتاری نەتەوەیی پەیوەستە بە بوون و ئامادەبوونی ناسیونالیزمی كوردییەوە، هەر بەو پێیەش ئاستی گوتاری كوردی دەبێتە پێوانە بۆ دیاریكردنی ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی كوردی و گەیشتنی بە ئاستی بەدەستهێنانی شووناس.

گوتاری نەتەوەیی كوردی كاتێ دەبێتە گوتارێكی خاوەن شووناس كە بەلایەنی كەمەوە هەڵگری پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان و درووستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بێت، لێرەو لەوێ گوێمان لێدەبێت باسی بڕیاردانی مافی چارەتووس دەكرێت. لە راستیدا ئەو مافە شتێكی سرووشتیەو هەموو نەتەوەو پێكهاتە ئیتنیكیەكان دەتوانن هەیان بێت. بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی بڕیاردانی چارەنووس بكەرێكی كارا پێویستە كە ئەویش بكەری نەتەوەیەو ئاشكراتر بڵێین ناسیونالیستێكی پێگەیشتوو كارایە كە هەڵگری پرۆژەی ناسیونالیزمە. كە لە راستیدا ئەو بكەرە تاكو ئێستا لە رووی واقیعیەوەو لەسەر زەمینەی واقیعی كوردستان وەكو پێویست بوونی نییە.

 واتە ئەوەی تاكو ئێستا دۆزی كوردیی پێوەی دەناڵێنێت نەبوونی ئەو بكەرەیە كە هەڵگری پرۆژەی ناسیونالیزمە، راستە لە باشووری كوردستان لە سەروبەندی جەنگی یەكەمی جیهانیەوە خەباتی چەكداری دەستی پێكردووەو بزووتنەوەكانی شێخ مەحموودی بەرزنجی رووبەرێكی فراوانیان لەو مێژووەدا گرتووەو بۆ ئەو كاتەش شێخ مەحموود خواست و ویستی درووستكردنی دەسەڵاتدارییەكی سەربەخۆی بەلایەنی كەمەوە لە سلێمانیدا هەبووە. كە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرباری لاوازیی ناسیونالیستی كوردی لەو كاتەدا، گوتاری بزووتنەوەكانی شێخ مەحموود بە هەندێ لە رەگەزەكانی گوتاری نەتەوەیی بارگاوی كراون. بەڵام بۆ ئەو كاتەو دواتریش و تاكو ئێستاش گوتاری بزووتنەوەی كوردی لە باشووری كوردستان نەبووەتە گوتارێكی خاوەن شووناسی ئەوتۆ كە لە چوارچێوەی گوتاری ناسیونالیزمدا پێناسە بكرێت. هەر ئەم لاوازییانەش لە ئاستی بنیادیدا كە مەبەست بنیادی كۆمەڵایەتی كوردییە بە هەموو رەهەندەكانییەوە هۆكار بووە بۆ ئەوەی كورد بەردەوام مەیلێكی بۆ عێراقیبوون و مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا هەبووبێت. دیارە لای هەمووانیش ئاشكرایە كە باشووری كوردستان لە پرۆسێسێكی ناڕەوای سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە عێراقەوە لكێندراوە، كە ئەو كرداری پێكەوەلكاندنەش لەگەڵ رۆیشتنی كاتدا لە كۆنەستی جەماوەری كوردی باشووردا جۆرە پەیوەستبوون یان ئینتیمایەكی بۆ گوتاری عێراقی درووست كردووە، كە دیارە ئەو وابەستەبوونەش لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و زیاتر سەركەوتنی هەژموونی سۆڤێتی كە باشتروایە بە هەژموون و گوتاری ستالینی ناوببرێت لە ناوچەكەدا برەوی زیاتری سەندووە، بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی چەمكی دیموكراسی بۆ دەوڵەتی سەردەستەو ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوە بندەستەكان كە ئەویش وەكو بەرهەم و گوتاری حیزبە ستالینیەكان و حیزبە شێواز ستالینیەكانی ناوچەكە زیاتر پەرەیسەند.

 لەوسەروبەندەشدا گوتاری نەتەوەیی كورد دووچاری جۆرێك لە پاشەكشە هات كە تاكو ئێستاش كاریگەری و شوێنەواری نەرێنی ئەو پاشەكشەیە بە گوتاری كوردی باشووری كوردستانەوە دیارە. هەڵبەت لە بەشەكانی تری كوردستان گوتاری ناسیونالیزم زۆر لەوەی باشووریش لاوازترە. بۆ نموونە پارتی كرێكاران كە زووتر باسی سەربەخۆیی كوردستانی دەكرد ئێستا هیچ بەرنامەو دیدێكی روونی بۆ ئایندەی كورد نیەو خاوەنی گوتارێكی تەمومژاوی پەیوەستكراوە بە دیموكراسی توركیاوە. لە باشوور، ئەم كاریگەرییە هەرچەندە لە دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان و پێكهاتنی حكومەتی هەرێم زۆر لاواز بوو، بەڵام لە هەڵەی سەركردایەتی سیاسی كوردی لە دوای رووخاندنی سەدام حسێن كە بێ مەرج و بەند چوونە بەغدا ئەو گوتارە زۆر لاواز بوو، ئەو رۆحە گشتیەی كۆمەڵگەی كوردی كە روو لە هەڵچوون بوو پاشەكشەی پێكراو، بەوەش گوتاری كوردی بەرەو رووتكردنەوەی زیاتر لە رەگەزە نەتەوەییەكان چوو، لەبەرامبەردا رەگەزەكانی گوتاری عێراقی شوێنی بەشێك لە رەگەزەكانی گوتاری كوردی گرتەوە.

كەواتە دەشێ لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵبدات : ئایا گوتاری عێراقی چیەو چ پەیوەندییەكی ئەرێنی یان نەرێنی بە گوتاری كوردییەوە هەیە؟ گوتاری عێراقی ئەو گوتارەیە كە بە كۆی رەگەزە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی عێراق بارگاوی كراوەو بە گوێرەی عێراقییەكان عێراق وەكو گەل و وەكو نیشتیمان بۆ ئەوان لە پێش هەموو شتێكی ترەوەیەو بوون و سەروەری ئەوان واتە ئەوانی عەرەب بە شیعەو سوونەوە لە بوون و سەروەرێتی عێراقدایە. بەڵام ئایا ئەو گوتارە چ پەیوەندییەكی بە كوردەوە هەیە كە خۆی چاك دەزانێت چۆن نیشتیمانەكەیان دابەش كردووەو لە پێناوی بەرژەوەندی ئەوانی عەرەب و ئەوانی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندیدا باشووری كوردستانیان لكاندووە بە عێراقەوەو لە هەموو ئاستێكیشدا هەوڵیانداوە گوتاری كوردی لە نێو بۆتەی گوتاری عێراقیدا بتوێننەوەو لە بری ئینتیما بۆ كوردستان ئینتیما بۆ عێراق درووست بكەن و بەرهەم بهێنن. 

لێرەوە ئاشكرایە كە كورد هیچ پەیوەندییەكی نیە بە گوتاری عێراقیەوە، ئەگەرچی هەر لە ناوەڕاستی سیەكانی سەدەی رابردوودا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەكو كوردێك چوارچێوەیەكی بۆ گوتاری عێراقێتی كورد داڕشتەووە ئەویش لە كتێبی ( العرب والاكراد )دا. دواتریش مێژوونووسێكی وەكو پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر وەكو مێژوونووسێكی كورد گوتاری عێراقێتی كوردی زیاتر بەرجەستە كردووە، ئەویش لە كتێبەكانی ( رۆڵی كورد لە شۆرشی بیستدا، كوردستان لە ساڵانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا، چینی كرێكاری عێراق، مێژوو، چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی هاوچەخی عێراق و تێگەیشتنی راستی و....

 راستە پێشتر بە كاریگەری لاوازیی هەستی ناسیونالیستی كوردی و نەبوونی ناسیونالیزم و رۆڵی نەرێنی ئایدیۆلۆجیای چەپ كە چاوی لەسەر پیكێتی چینی كرێكاری عێراق بووە، لە ئاستێكی دیاری كراوی هەستدا مەیلی پەیوەستبوون بە عێراقەوە درووستبووە، كە ئەوەش بۆ رووبەری نەست گواستراوەتەوەو پەیوەستبوونی كورد بە گوتاری عێراقیەوە لە ئاستێكی لاوازدا بەرهەمهاتووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئایا پەیوەستبوونی كورد بە گوتاری عێراقییەوە وەكو نەتەوە چی بۆ بەرهەمهێناوە، یان بۆ ئێستاو داهاتوو چی بۆ بەرهەم دەهێنێت؟.

لێرەدا حەزناكەم بە رەشبین ناوم ببەن بەڵام من بێجگە لە نەهامەتی و بەدبەختی و دووبارە كیمابارنكردن و ئەنفالكردنەوەو  وێرانكردنەوەی كوردستان چاوەڕوانی شتێكی باشتر لە عێراق ناكەم. بۆیە هەر گۆرانی گوتنێك بە باڵای بەغدادا بێجگە لە خۆفریودانی كورد هیچیتر نیە. بۆیە ئەگەر سەركردایەتی كۆی حیزب و لایەنەكانی كورد، كەمترین ئاستی هوشیاری و بەرپرسیارێتی نەتەوەییان هەبێت، بۆیە ئەگەر هەر تاكەكەسێكی كورد سادەترین ئینتیمای نەتەوەیی هەبێت یەكەم باسی یەكێتی خاكی عێراق و مەترسی لەسەر ئەو یەكێتیە ناكات كە ئەو یەكێتیە بێجگە لە درۆو ویستی شۆڤێنیزمی عەرەبی هیچیتر نیە.

 ئەگەر نوخبەی سیاسی كوردی هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتی هەبێت، دەبێ هەموو ناكۆكیەكی ناوخۆی نێوانیان چارەسەر بكەن و مێژووی ناكۆكی و ململانێی خێلەكیانەی رابردوویان بەلاوە بنێن و وەكو هێزی نەتەوەیەك پێكەوە لە پێناوی یەك كوردستاندا تواناو هێزی خۆیان بخەنە كار و، واز لە سوكایەتیكردن بە مێژووی خۆیان و سوكایەتیكردن بە رۆحی كوردی بهێنن كە بە بێ سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی كوردی ئەو رۆحە هەموو رۆژێك هەتك دەكرێت، بۆیە حەقە لە بری گۆرانی گوتن بە باڵای پایتەختی داگیركەرانی كوردستانداو لەبری گاڵتەكردن و سووكایەتیكردن بە مەسەلەی سەربەخۆیی و دەوڵەت لەبەرئەوەی فڵانە حیزب یان فڵانە سەركردە بانگەشەی بۆ دەكات و ئەوانیتر ئەو حیزب و سەركردەیان بە دڵ نیە، هەموو ناكۆكیەكان بەلاوە بنێن تا كورد سەربەخۆ دەبێت ئەوسا لەژێر چەتری دەوڵەتدا خەبات بكەن بۆ درووستكردنی باشترین سیستێم. بەڵێ گوتاری كوردی كاتێ پێ،اسەی تایبەتی خۆیی هەیە كەبە رەگەزەكانی سەربەخۆیی و دەوڵەت بارگاوی كرابێت. بڕوابوونی هەر كوردێك بە گوتاری عێراقی واتە داماڵینی ئەو كوردە لە رەگەزی كوردبوون و بارگاویبوونی بە رەگەزو توخمەكانی گوتاری عەرەبی عێراقی.      

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP