دارستانه‌كان گرنگن بۆ ڕاگرتنى هاوسه‌نگى ژینگه‌ى مرۆڤایه‌تى، نمونه‌ش دارستانه‌كانى ئامازۆن

نەوزادی موهەندیس - 28-08-2019 - 1019 جار خوێندراوەتەوە


ئاشكرایه‌ ژینگه‌ى گۆى زه‌وى له‌چه‌ند توخمێكى سه‌ره‌كى له‌ پاڵ ئاو و خاك و هه‌وادا پێكهاتوه‌ كه‌ یاریده‌ده‌رن بۆ ڕاگرتنى هاوسه‌نگى ژینگه‌یى به‌مه‌به‌ستى به‌رده‌وامبونى ژیان و مانى مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ڕوه‌كه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌. له‌وانه‌ش دارستانه‌كان و بیابان و شاخ و داخ و گرد و دۆڵ و كانیاو و ئاوى سه‌رزه‌وى و ژێر زه‌وى و بوونى مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ڕوه‌كه‌كان و ده‌ریا و زه‌ریاكان و زۆرى تریش. كه‌هه‌ریه‌ك له‌م توخمانه‌ گرنگى و كاریگه‌رى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پاكڕاگرتن و به‌رده‌وامبوونى ژیان له‌سه‌ر هه‌ساره‌ى زه‌وى.

ئه‌وه‌ى له‌م بابه‌ته‌تدا تیشكى ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر بریتیه‌ له‌ دارستانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و دارستانه‌كانى ئامازۆن به‌تایبه‌تى كه‌ گه‌وره‌ترینه‌ له‌سه‌ر ڕووى زه‌وى و پانتاییه‌كه‌ى 6900000 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ى داگیركردوه‌ له‌ كیشوه‌رى ئه‌مریكاى لاتین و له‌ 9 وڵاتى ((به‌ڕازیل و پیرۆ و فه‌نزه‌وێلا و كۆلۆمبیا و پۆلیڤیا و گیانا و ئه‌كوادۆڕ و سۆرینام و گۆیانى فه‌ڕه‌نسى) كه‌ به‌ته‌نها 2/3 ى ئه‌م دارستانه‌ ده‌كه‌وێته‌  وڵاتى به‌ڕازیله‌وه‌ و ئه‌م دارستانه‌ ته‌مه‌نى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 55 ملیۆن ساڵ و قه‌واره‌كه‌ى 48 جار له‌ ڕووبه‌رى ئه‌مریكا گه‌وره‌تره‌ و ڕێژه‌ى 40% هه‌موو كیشوه‌رى ئه‌مریكاى لاتینى داده‌پۆشێت.

زانیارى له‌سه‌ر ئه‌م دارستانه‌
ئه‌م دارستانه‌ به‌هۆى گه‌وره‌یى و كاریگه‌رى له‌سه‌ر ده‌رچواندنى گازى ئۆكسجین كه‌ به‌سووده‌ بۆ هه‌ناسه‌دانى مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌كان كه‌ به‌ڕێژه‌ى20% ئۆكسجین به‌رهه‌مده‌هێنێت به‌(( سیه‌كانى جیهان )) ناوده‌برێت ،ئه‌م دارستانه‌ ئه‌م چه‌ند تایبه‌تمه‌نیانه‌ى لاى خواره‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ له‌ زۆرێك له‌دارستانه‌كانى ترى جیهاندا نین له‌وانه‌:
1 گه‌وره‌ترین دارستانه‌ كه‌ ژیانى وشكانى و ئاوى و ئاژه‌ڵى تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌كات له‌سه‌ر ڕووبه‌رێكى گه‌وره‌ و جیاواز به‌بێ هه‌ستكردن به‌ كه‌موكوڕى ژینگه‌یى.

2 به‌رده‌وامترین دارستانه‌ له‌ڕووى كه‌شوهه‌واوه‌،پله‌ى گه‌رماى له‌ 27 پله‌ تێپه‌ڕناكات،سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش به‌درێژایى ساڵ بارانى لێده‌بارێت،ئه‌وه‌ش بۆ ڕاگرتنى هاوسه‌نگى ژینگه‌یى و ژیانى كێوى دارستانه‌كانه‌.

3 پێى ده‌وترێت ((سیه‌كانى جیهان )) چونكه‌ 20% ى ئۆكسجینى جیهان به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ دانیشتوانى زه‌وى هه‌ڵیده‌مژن به‌پێى ئامارى ده‌زگاى گه‌ردوونى به‌ڕازیلى.

4 گه‌وره‌ترین جۆرى دار له‌خۆده‌گرێت كه‌ 750 بۆ 16000جۆرن،زۆر جۆرى جیاوازى گوڵى تیادایه‌ كه‌ تائێستا نه‌بینراون كۆى ژماره‌ى داره‌كان بریتیه‌ له‌ 309 ملیار دار.

5 سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى ئاوى شیرینى جیهانه‌،چونكه‌ 5 ڕووبارى گه‌وره‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ به‌وڵاتانى ناوچه‌كه‌وه‌ به‌سراونه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌ناوبانگترینیان بریتیه‌ له‌ڕووبارى ئامازۆن.

6 له‌و پێنج  ڕووباره‌دا زیاد له‌ 3 هه‌زار جۆر ماسى جیاوازى تیادایه‌.

7 زیاد له‌ 2 ملیۆن و 500 هه‌زار جۆر مێرووى تیادایه‌ كه‌ هه‌یانه‌ زیانبه‌خش و هه‌شیانه‌ زۆر مه‌ترسیدارن.

8 ئه‌م دارستانه‌ زۆرێك له‌ جۆرى ناوازه‌ و كه‌م و مه‌ترسیدار و نه‌بینراو له‌ ئاژه‌ڵى تیادایه‌،كه‌ تائێستا نه‌بینراون.

9 باڵنده‌ى تیادایه‌ بۆ پاراستنى دارستانه‌كه‌،وه‌ك باڵنده‌ى ((تۆقان))كه‌ ده‌نگێكى به‌رزى هه‌یه‌ و له‌ دوورى كیلۆمه‌تر و نیوێكه‌وه‌ ده‌نگى ده‌بیسرێت وهه‌ركات مه‌ترسى ڕووبكاته‌ دارستانه‌كه‌ به‌ده‌نگه‌ به‌رزه‌كه‌ى هه‌موو گیانه‌وه‌ران ئاگادارده‌كاته‌وه‌.

10 جۆرى زۆر مه‌ترسیدار له‌ جاڵجاڵۆكه‌ و مارى تیادایه‌ و داده‌نرێت به‌ جێگه‌ى سه‌ره‌كى ماره‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كان وه‌ك مارى ئاناكۆنداى زه‌به‌لاح.

11 جۆرێك له‌ شه‌مشه‌كوێره‌ى تیادایه‌ كه‌ خوێنمژن و بۆقى زۆر ژه‌هراویشى تیادایه‌.

12. زیاد له‌ 12هه‌زار جۆر ڕوه‌كى تیادایه‌ كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ چاره‌سه‌رى شێرپه‌نجه‌ و زیاد له‌ 3هه‌زار جۆرى میوه‌شى تیادا. سروشتى گه‌ڵاى داره‌كانى زۆر گه‌وره‌ و پانن كه‌ ده‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م  گه‌یشتنى باران به‌ زه‌وى دارستانه‌كه‌ دواى 10 خوله‌ك ئه‌وكات باران ده‌گاته‌ زه‌وى دارستانه‌كه‌ به‌هۆى ئه‌و گه‌ڵا پانانه‌وه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م دارستانه‌ گرنگى و كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕاگرتنى هاوسه‌نگى ژینگه‌یى ته‌واوى گۆى زه‌وى نه‌ك به‌ته‌نها وڵاتان و كیشوه‌رى ئه‌مریكاى لاتین.

مه‌ترسیه‌كانى سه‌ر ئه‌م دارستانه‌

گه‌لێك مه‌ترسى گه‌وره‌ ڕووبه‌ڕووى ئه‌م دارستانه‌ بونه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌م چه‌ند ساڵانه‌ى دوایدا و گرنگترینیان:

1 ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى به‌رده‌وامه‌ به‌تایبه‌تى له‌وه‌زره‌ وشك وگه‌رمه‌كانى ساڵدا و به‌پێى ئامارێكى په‌یمانگاى نیشتیمانى به‌ڕازیلى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌ردونیه‌كان ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ 72هه‌زار ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ له‌ساڵى 2019دا ڕوویانداوه‌ و تۆماركراون،به‌ڕێژه‌ی 83% به‌رزتره‌ له‌ساڵى 2018،ئه‌مه‌ش به‌رزترینه‌ له‌ساڵى 2013وه‌.ئاشكرایه‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى له‌ناوبردنى دارستانه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تى له‌ڕووى دره‌خت و میوه‌ و ئاژه‌ڵ و مێروه‌كان و پوش و په‌ڵاش و ..هتد وكاره‌ساتێكى مرۆیى و ژینگه‌یى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانیشى ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ بسه‌ر هه‌موو جیهاندا.


2 هه‌ڵمه‌تى بڕینه‌وه‌  و وشككردنى دار و ده‌رخته‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و كۆمپانیا و مافیا و گروپه‌كانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى پڕۆژه‌كان.


3 دامه‌زراندنى ڕێگاى خێرا و كۆمه‌ڵگا نیشته‌جێبوه‌كان  بونه‌ته‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ بۆ نه‌مان و بچوكبونه‌وه‌ی ئه‌م دارستانه‌.


4 چاندنى ڕووه‌كه‌ بێهۆشكه‌ره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دار و گروپه‌ مافیاییه‌كانه‌وه‌ له‌ناو ئه‌م دارستانه‌دا.


5 دامه‌زراندنى كارگه‌ى گه‌وره‌ى پشه‌سازى له‌ناو دارستانه‌كه‌دا و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى بڕینه‌وه‌ و وشككردن و نه‌مانى دارودره‌خته‌كان.


به‌م شێوه‌یه‌ مه‌ترسیه‌كانى سه‌ر ئه‌م دارستانه‌ به‌ڕێژه‌ى 60% و به‌ به‌رده‌وامیش له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه‌،كه‌ ئه‌م مه‌ترسیانه‌ش ده‌بنه‌ هۆكارى كه‌مبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى گازى ئۆكسجین و زیادبوونى ڕێژه‌ى ده‌رچوونى گازى كاربۆن به‌ 25% و ئه‌مه‌ش یارمه‌تى دیارده‌ى په‌نگخواردنه‌وه‌ى گه‌رماى گۆى زه‌وى ده‌دات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دیارده‌ زیانبه‌خشه‌كان بۆ ته‌واوى ژیان له‌سه‌ر گۆى زه‌وى.

كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌اگركه‌وتنه‌وه‌ى دارستانى ئامازۆن

خۆشبه‌ختانه‌ له‌ دواى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى دارستانى ئامازۆن له‌ 14/8/2019 و به‌رده‌وامبوونى تاكو ئێستا و بۆماوه‌ى زیاد له‌ 10 ڕۆژه‌،كۆنگره‌ى وڵاتانى G7 له‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌به‌سرێت كه‌ 3 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و دوو مه‌سه‌له‌ى زۆر گرنگ باس ده‌كرێن كه‌ یه‌كێكیان بابه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ى دارستانه‌كانى ئامازۆنه‌ له‌ به‌ڕازیل كه‌ له‌ ئێستادا به‌گه‌رمى بۆته‌ قسه‌ و باسى كۆڕوكۆبونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كردویانه‌ته‌ كێشه‌یه‌كى مه‌ترسیدارى جیهانى و مرۆڤایه‌تى نه‌ك وڵات و ناوچه‌ و كیشوه‌رێكى دیاریكراو.بۆیه‌ كۆنگره‌كه‌ به‌جدى و گه‌موگوڕیه‌وه‌ داوا له‌ به‌ڕازیل ده‌كات كه‌ هیمه‌تى زیاتر بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئاگره‌كه‌  وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپاش ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ى توندیشیان له‌سه‌رۆكى به‌ڕازیل (جائیر بۆكسۆنارۆ)ش گرتوه‌ كه‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێست و گوتارى دژ به‌ژینگه‌ى داوه‌ و به‌كه‌مته‌رخه‌مى ناوده‌به‌ن و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین گرێبه‌ستى بازرگانى به‌ناوى ( ته‌كه‌تولى میركوسور) له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌مریكاى لاتینیدا ده‌كه‌ن.ئه‌وروپیه‌كان به‌گشتى و به‌تایبه‌تى فه‌ڕه‌نسا و ئێڕه‌له‌ندا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و ئیسپانیاو ..هتد. هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌.

ئه‌مریكاش داواى هه‌رچى زووترى كۆنتڕۆڵى ئاگره‌كه‌ ده‌كات و ئاماده‌یى هه‌موو هاوكاریه‌كیشه‌ بۆ به‌ڕازیل.له‌به‌ر گرنگى و كاریگه‌رى دارستانه‌كانى ئامازۆن بۆ سه‌ر ته‌واوى ژیانى گۆى زه‌وى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا ئه‌مانۆیل ماكرۆن ڕایگه‌یاند (به‌ سووتاندنى دارستانه‌كانى ئامازۆن ماڵه‌كانمان ئاگر ده‌گرن).

كۆنگره‌ى G7 بڕیاریاندا كه‌ یارمه‌تى مادى پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئاگره‌كه‌ و به‌ریتانیا بڕى 10ملیۆن دۆلارى پێشكه‌شكردوه‌.
به‌ڵام سه‌رۆكى به‌ڕازیل ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌(ڕێگه‌ به‌ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى نادات و ڕوودانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ش ڕووداوێكى سروشتیه‌ و له‌هه‌موو وڵاتێكدا ڕووده‌دات و ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌ورپیه‌كانیش ده‌گرێت كه‌ وه‌ك سه‌رمایه‌دارێكى داگیركه‌ر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕازیل و بابه‌ته‌كه‌شدا ده‌كه‌ن.ناكرێت ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌نه‌ بیانوو بۆ سه‌پاندنى گه‌مارۆ و فشارى ئابورى بۆسه‌ر به‌ڕازیل).

له‌به‌رامبه‌ریشدا وڵاتى چین بڕیاریدا كه‌ هه‌رچى ده‌كرێت بۆ پاراستنى دارستانه‌كان ئه‌نجامبدرێت و دارى زیاتر بڕوێنرێت و تاڕووبه‌رى دارستانه‌كان بگاته‌ 200ملیۆن هێكتار تاساڵى 2035.

به‌هه‌مان شێوه‌ كه‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌كانى جیهان له‌ هونه‌رمه‌ند//لیوناردۆ دى كاپرۆی و گۆرانى بێژ //مادۆنا و یاریزان// كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هه‌ستاون به‌ پێشكه‌شكردنى هاوكارى مادى بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئه‌و ئاگره‌ى دارستانه‌كانى ئامازۆن،ئه‌وه‌تا هونه‌رمه‌ندى ناودارى ئه‌مریكى لیوناردۆ دى كاپریۆ بڕى 5 ملیۆن دۆلارى به‌خشیوه‌.

ده‌رئه‌نجام و كۆتایى
ئاشكرایه‌ ڕوودانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان له‌و دارستانانه‌دا هه‌ندێكیان سروشتین و هه‌ندێكى تریشیان به‌ده‌ستى ئه‌نقه‌ست و به‌به‌رنامه‌ ڕێژى ئه‌نجامده‌درێن،كه‌ هه‌ردوو جۆره‌كه‌ به‌زیانى گه‌وره‌ى مادى و مه‌عنه‌وى و سروشتى و مرۆیى ده‌شكێته‌وه‌ بۆ سه‌ر ژیانى ته‌واوى گۆى زه‌وى و كاره‌ساتى گه‌وره‌ و مه‌ترسیدارى ژینگه‌یى جیهانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌ر له‌م وه‌رزى هاوین و گه‌رمایه‌دا ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌دارستانه‌كانى وڵاتانى فه‌ڕه‌نسا و ڕوسیا و یۆنان و ئیسپانیا و گه‌لێكى تریش كه‌وتونه‌ته‌وه‌،ئه‌وه‌تا له‌ ساڵى 1970وه‌ نزیكه‌ى 1ملیۆن و400هه‌زار هێكتار دارستان نه‌ماون.هه‌ربۆیه‌ وڵاتى به‌ڕازیلیش وه‌ك گه‌وره‌ترین وڵاتى خاوه‌ن دارستانه‌كانى ئامازۆن ڕووبه‌ڕووى ڕه‌خنه‌ و گله‌یى زۆر بۆته‌وه‌ به‌هۆى كه‌مته‌رخه‌مى و خه‌مساردى و ڕێگه‌نه‌گرتنى له‌ سه‌رمایه‌دار و مافیاكان بۆ بڕینه‌وه‌ و سووتاندن و نه‌هێشتنى دارستانه‌كان،هه‌رچه‌نده‌ به‌هه‌موو هه‌وڵى خۆى و به‌به‌شدارى 44هه‌زار سه‌رباز و 2 فڕۆكه‌ى جۆرى  C-130 Herculesكه‌ بڕى 12هه‌زار لیتر ئاویان به‌كارهێناوه‌ بۆ كوژاندنه‌وه‌ و خامۆشكردنى ئاگره‌كه‌.به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆكى به‌ڕازیل ڕایگه‌یاند كه‌ كوژاندنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگره‌ گه‌وره‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و ڕووبه‌ره‌ فراوانه‌ كارێكى ئاسان نیه‌ و كاتى پێویسته‌.

له‌كۆتایدا گرنگه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ وه‌بیر هه‌موان بهێنینه‌وه‌ كه‌ دارستانه‌كان سه‌رمایه‌ و سامانى هه‌موو مرۆڤایه‌تین له‌سه‌ر ڕووى هه‌ساره‌ى زه‌وى و ئه‌ركى هه‌موانیشه‌ به‌وڵاتان و كۆمه‌ڵگاكانه‌وه‌ كارى پێكه‌وه‌یى و به‌رنامه‌ ڕێژى و پلانى زانستیان هه‌بێت بۆ پاراستن و ڕێگه‌گرتن له‌ئاگركه‌وه‌تنه‌وه‌ى ئه‌و دارستانانه‌،چونكه‌ دارستانه‌كان سه‌رچاوه‌ى هه‌واو و ئاو و خاكى پاكن بۆ مرۆڤایه‌تى و ته‌واوى گیانه‌وه‌ران به‌ ئاژه‌ڵ و ڕوه‌كه‌كانیشه‌وه‌.بۆیه‌ ناكرێت خه‌مسارد و كه‌مته‌رخه‌م بین له‌ئاستیاندا،ئه‌ركى وڵاتانى ناوچه‌كه‌شه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌سنورى وڵات و ده‌سه‌ڵاتى خۆیاندا بڕیار و یاساى پێویست ده‌ربكه‌ن بۆ زیاتر پاراستنى دارستان و له‌وه‌ڕگاكان و ڕێگه‌گرتن له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌و غرامه‌كردن و سزادانى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌بنه‌ هۆكارى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و هه‌روه‌هاش به‌به‌رنامه‌ و پلانى زانستى هوشیاركردنه‌وه‌ى تاك و گروپ و ته‌واوى كۆمه‌ڵگاكان پیاده‌ بكه‌ن ده‌رباره‌ى گه‌وره‌یى و گرنگى دارستان و پاكڕاگرتنى ژینگه‌ى گۆى زه‌وى و ئه‌ویش به‌ ڕوواندنى زۆرترین ژماره‌ى دارو دره‌خته‌كان ده‌بێت.

كوردستانى خۆشمان هیچ به‌ده‌ر نیه‌ له‌و یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ و هه‌ق وایه‌ له‌ئاینده‌دا له‌لایه‌ن حكومه‌ت و په‌ڕله‌مانى كوردستانه‌وه‌ یاسا و ڕێساى پێویست له‌وباره‌ویه‌وه‌ ده‌ربچێت به‌خزمه‌تى زیاترى پاراستنى ژینگه‌ى كوردستان له‌ پیسبوون و سووتاندن و له‌ناوچوون (( چونكه‌ ساڵانه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار دۆنم له‌ پوش و په‌ڵاش و پاوان و دارستانه‌ سروشتیه‌كان له‌ كوردستاندا به‌ به‌رنامه‌ و له‌ڕێگه‌ى ده‌ستى تێكده‌ر و هه‌ندێك جاریش به‌هۆى سروشتیه‌وه‌ كاره‌ساتى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ڕووده‌ده‌ن))،چونكه‌ چه‌نده‌ ژینگه‌یه‌كى پاكوخاوێنمان هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ش تاكێكى ساغڵه‌م و ته‌ندروستمان ده‌بێت له‌ڕووى جه‌سته‌یى و بیركردنه‌وه‌ و ئازادى و داهێنان و به‌خششه‌كانیانه‌وه‌،جا باله‌پێناو فه‌راهه‌مكردنى ژینگه‌یه‌كى پاكوخاوێندا له‌ كوردستان و جیهاندا كاربكه‌ین بۆ پاراستنى ژینگه‌كه‌مان له‌ ئاو و خاك و هه‌وا و ژیان و شارستانیه‌تى مرۆڤایه‌تیش بۆ سه‌دان ساڵى تر درێژه‌ پێبده‌ین.

سه‌رچاوه‌كان:
=========
1. https://www.elwatannews.com
2. https://ar.wikipedia.org/wiki
3. https://www.aljazeera.net/news
4. http://www.bbc.com/arabic


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP