ئیتر شەرم مەکەن!

نیاز لاجانی - 26-08-2019 - 7882 جار خوێندراوەتەوە

برا بەرێز و تێکۆشەرە چەکدارەکانی پارێزەر و بەرگریکاری نیشتمانی عێراق!!ئیتر شەرم لە رابردوتان مەکەن( ئەلحەقە !ھەر چەندە بەشێکتان ھەر نەتانکردوە!!) وەرن بە ئاشکرا باس لە داستانەکانی یەک لە دوایی یەکی گەرمیان و شارەزور و سلێمانی،کۆیە و پشدەر و بالیسان و بێتواتە،دەشتی ھەولێر و ئاکرێ و ئامێدی و دھۆک بکەن!

چیدی ئیتر ئەو خەباتە پر لە "دلسۆزییەتان" مەشارنەوە،با کور و کچ و نەوە و کەس و کارتان شانازیتان پێوە بکەن!
با ئیتر شەرم لە ناوی پێشووتان( جاش!) نەکەن،ئێوە سەربازی وونی عەمەلیاتی ئەنفالن،ئێوە سەرقافلەی ئەو نەبەرد و جەنگانەن کە دژی"موخریبین" ئەنجامتان دا،لەو پێناوەشدا سەدان و بگرە ھەزاران چەکدارە "تێکۆشەرە"کانتان بونەتە " قوربانی"!

خۆتان بە ھۆی ھەلکشانی تەمەنتانەوە،باوەر دەکەم لە تەکنیک و ئێنترێنێت و ئەو شتانە سەرتان لێی دەرنەچێ،با ئیتر مندالە زیرەک و دەسترۆیشتوو و دەولەمەندەکانتان با پەیچ و ئاکاونتان لە فەیس بوک بۆ بکەنەوە و ووردە ووردە وێنە رەشو سپی و رەنگاورەنگەکانی "خەباتان" تێیدا بلاو بکەنەوە،زۆریشتان فیلمی ڤیدۆیشتان ھەیە،ئیتر ئەرشیفە شارەواکانتان بخەنە روو با میللەت بزانێ ئێوە کێ بوونە؟ و چیتان کردوە لە پێناو ئەو " نیشتمانەدا"؟!

ئاخر چەکدارە بەرێزەکانی نیشتمانی عێراق! ئەوبرادەرانەی ئێوە پێتاندەگوت:" موخەریبین" و کە خەلکی پێان دەگوت پێشمەرگە،ئەوەی چوو چوو،ئەوەی ماوەشە لە رویی باری تەندروستی و دەرونیەوە ھێندە شەکەتە خۆ تاقەتی ھیچیان نەماوە بگێرنەوە،بێجگە لەوەش خۆ "فەقیرانە" وەک ئێوە مەزبوت و پۆشتە و ووریا نەبوون لە سەدی یەک،کورە لە پێنجسەدی یەک ئەگەر کامێرایەکی پێ بوایە! ئەو "فەقیرە"پێشمەرگەیەش رەسمێکی خۆیی لەگەل پۆستێکی شەرمنانە دادەبەزێنێ و بۆ نمونە دەنوسێ: ئەوێ رۆژی داستانی خواکورک......!!!
یان: لە راستەوە شەھید ف. م،شەھید ک. س،بەندە،شەھید ز. م داستانی ھەلاج- دابان.....!!
ئەوەی ئەو پۆستانەش دادەنێن فەقیرانە تاک و تەرا نەبێ،زۆربەیان پلەی خانەشینیان لە ھی ئێوە نزمترە،جا لە چی شەرم دەکەن؟ مەیدان ھی ئێوەیە و فەرموون خۆتان عەرز کەن با باشتر پێتان ئاشنا بین،خۆتان بە ھۆی شەو نوخونیتان خۆێندەوارییەکی ئەوتۆتان نیە،بەلام ھەمووتان ھەبوو و داران،تۆزێک پارە ببەخشنەوە بە ھەندێ قەلەم بەدەست با داستانەکانتان بکەن بە پەخشان و شیعر،با چاووشەکانیش حەیران و لاوک و بەندتان بەسەر دا ھەلبلێن!
ئیتر شەرم مەکەن و سینگتان دەرپەرێنن.....

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP