ژیانمان چۆنە؟

موئمین یاسین زەڵمی - 23-08-2019 - 1418 جار خوێندراوەتەوە

مۆدێرنە نهێنی نەهێشتووە و هەرچی هەیە و نیە لەسەر شاشەکانە، متمانەی لە عەقڵ و دڵی هەموواندا سریوەتەوە، گومانی لە هەموو شتەکاندا چاندووە، تەلەفزیۆنەکانی کردۆتە گەورەترین درۆزن، نەک مێشکیان پڕ کردووین، تا سەر ئێسقان چۆتە گیانمانەوە، رواڵەتبازی و روخسارسازی و فاشن و دووفاقی و دووروویی و ناوبۆشی هەمووانی گرتۆتەوە.

خواردنەکان پێش ئەوەی بخورێن بە وێنەکانیان بوونەتە ژەهری دەروونی هەژاران، هەزارن چاو لەسەر ژیانی یەکتر دانراون، بۆ سێلفییەک هەرچی نەشێ و بشێ دەکێشرێت و دەخورێت، هەموو شێوازەکانی پەروەردە لە ئایینییەوە تا دەروونناسی و زمانەوانی بوونەتە کەسابەت، ئامانجەکان تێکەڵ و پێکەڵ و ناروونن، هەر رۆژەی ئامانجێک و تا دواییش بێ ئامانج ماوینەتەوە.

 ژیانی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و دراوسێیەتی بووەتە بازرگانی، مۆبایل نەک هەر مێشک، هەموو گیان و ژیانی تەنیوە، پارە بووەتە خراپترین هۆکاری بەدرەوشتی و بەرەڵایی، کاتژمێرەکانی دەوام و فەرمانبەریی زۆرترین کۆیلەی بەرهەمهێناوە.

 ماسک رووە راستەقینەکانی داپۆشیوە، راستییەکان کەمترین پێشوازییان لێدەکرێت، رق زۆرترین بازاری هەیە، یەکتر کوشتن و خوێن ڕشتن ئاسانترین تۆڵەسەندنەوەیە، نەخۆشییە دەروونییەکان ژیانیان تەنیوە، رەشبینی هەزارقاتی گەشبینییە، خزمەتکردنی خۆمان و پاککردنەوەی دەوربەری خۆمان بووەتە چالێنج، کەس ژێر خۆی خاوێن ناکاتەوە، بە کۆنترۆڵێک ژیانی دەیان کەس تێکدەدرێت و خوێنی چەندین کەس دەرێژرێت.

لە کۆتاییدا مانایەک بۆ ژیان و سەنگێک بۆ خۆشەویستی و پێوانەیەک بۆ دۆسایەتی و هاریکاری و پێکەوەژیان و هاوکاری و دەستبارگرتن نامێنێتەوە!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP