هه‌ده‌په‌ و قه‌یومه‌كانی ئه‌ردۆگان

مەریوان عەلی محەممەد - 22-08-2019 - 1388 جار خوێندراوەتەوە

 

دواى دۆڕانه‌ جه‌رگبڕه‌كه‌ى  ئاكپارتى له‌هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانییه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى توركیا, ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌ لێدوانێكدا زۆر به‌ راشكاوى ستراتیژی ئاینده‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ى هه‌ر قه‌یرانێكى نێوخۆیی ئاشكرا كردوو ووتى( به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا ناده‌ین ئه‌و شاره‌وانیانه‌ى له‌ده‌ستمانچووه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ به‌رێوه‌ببرێن كه‌ پشتگیرى قه‌ندیل ده‌كه‌ن), هه‌ندێ چاودێرى نێوخۆیی توركیا و ده‌ره‌وه‌ش پێیان وابوو , لێدوانه‌هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان تاى هه‌ڵبژاردن و دۆراندنى شاره‌وانییه‌كانه‌ به‌تایبه‌تى شاره‌وانى ئه‌سته‌مبوڵ, به‌ڵام له‌ واقیعدا به‌رنامه‌ى دارێژراوى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆگان بوو بۆ به‌رانگاربوونه‌وه‌ى مه‌ددی  هێزى پێشكه‌وتووخوازی وه‌ك هه‌ده‌په‌ و شه‌پۆلى حزبه‌ سیكۆلاره‌كان و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هه‌ر ئه‌گه‌رێكى نه‌خوازراو كه‌ ببێته‌  مایه‌ى نه‌ك ته‌نیا له‌ده‌ستدانى پۆست و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى به‌ڵكو  دوورخستنه‌وه‌شى له‌ ژیانى سیاسیی كه‌  ئه‌ویش به‌ ته‌نیا  به‌ روودانى كوده‌تا  دروستده‌بێت .

ئه‌ردۆگان له‌ هه‌مووكه‌س زیاتر هه‌ست به‌ نایاسایی و ناده‌ستووریی ده‌ستبردنه‌كه‌ى ده‌كات بۆ لابردنى ئه‌و سێ  سه‌رۆك شاره‌وانییه‌

له‌ خه‌یاڵدانى ئه‌ردۆگاندا ته‌نیا رێگه‌ بۆ راماڵینى دێوه‌زمه‌ى كوده‌تا كه‌ له‌ گۆره‌پانى توركیادا چه‌ند باره‌بۆته‌وه‌  و ده‌سه‌ڵاتى پێگۆراوه‌, دۆزینه‌وه‌ى  (الحلقه‌ الاچعف)ى نێو پارته‌ سیاسییه‌كانى توركیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌و رێیه‌وه‌ بتوانێ قه‌یرانێكى نێوخۆیی دروستبكات و عه‌سكه‌رى پێ سه‌رقال بكات و خۆى و حزبه‌كه‌ى له‌و مه‌ترسیانه‌ دووربخاته‌وه‌ كه‌ پێی وایه‌ ئه‌گه‌رى كوتاى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌و رێگایه‌ش خۆى له‌ لابردنى سه‌رۆكى سێ شاره‌وانى ناوچه‌كوردییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌ و دانانى قه‌یوم له‌جێیان, ئه‌ردۆگان له‌ هه‌مووكه‌س زیاتر هه‌ست به‌ نایاسایی و ناده‌ستووریی ده‌ستبردهنه‌كه‌ى ده‌كات بۆ لابردنى ئه‌و سێ  سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ و  له‌هه‌موو كه‌سیش زیاتر درك به‌و راستییه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و جۆره‌ لابردنه‌ نه‌ك قازانجی بۆ پێگه‌ى سیاسیی خۆى و حزبه‌كه‌ى نییه‌ به‌ڵكو زیانى گه‌وره‌شى بۆ پێگه‌ى جه‌ماوره‌یی و ده‌نگده‌ر و هه‌وادارانیشى هه‌یه‌.

ته‌وقیتى لابردنى به‌قیوم به‌رێوه‌بردنى ئه‌و شاره‌وانییانه‌ جه‌وهه‌رى مه‌سه‌له‌كه‌یه‌  و خاڵێكى گرنگیشه‌

 

چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ دانانى قه‌یوم بۆ شاره‌وانییه‌ له‌ده‌ستچووه‌كانى سودى هه‌یه‌ ئه‌وا  سه‌ره‌تاوله‌ ده‌ستپێكدا سه‌رۆكى شاره‌وانى ئه‌سته‌مبولى لاده‌برد و  به‌قه‌یوم به‌رێوه‌ى ده‌برد  چونكه‌ چه‌ندین جار له‌ میانى بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردندا ئه‌ردۆگان دووپاتى ده‌كرده‌وه‌  هه‌ر حزبێك  له‌ هه‌ڵبژاردندا شارى ئه‌سته‌مبول  بدۆرێنێ , توركیاى دۆراندووه‌, بۆیه‌ ده‌ستبردنى ئه‌ردۆگان بۆ لابردنى سه‌رۆكى سێ شاره‌وانى ناوچه‌ كوردییه‌كان , هێنده‌ بۆ دروستكردنى قه‌یرانى نێوخۆییه‌ ئه‌ویش بۆ سه‌رقالكردنى عه‌سكه‌ره‌ هێنده‌ بۆ  لابردنى سه‌رۆكى شاره‌وانییه‌ له‌ده‌ستچووه‌كان نییه‌, به‌ڵام لێره‌دا ئه‌ردۆگان لایه‌نێكى هه‌ڵبژارد كه‌ پێى وایه‌ كه‌مترین كاردانه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ , لایه‌نى كوردییه‌ بۆیه‌ سێ سه‌رۆكى شاره‌وانى لابرد كه‌ هه‌ر سێكیان   له‌لایه‌ن كورده‌ به‌رێوه‌ده‌برێن , ته‌وقیتى لابردنى به‌قیوم به‌رێوه‌بردنى ئه‌و شاره‌وانییانه‌ جه‌وهه‌رى مه‌سه‌له‌كه‌یه‌  و خاڵێكى گرنگیشه‌ له‌كۆى ئه‌و به‌رنامه‌ و ستراتیژه‌ دارێژراوه‌ى كه‌ ئه‌ردۆگان نه‌خشاندویه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر خۆى و حزبه‌كه‌ى , ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێت لابردنى سه‌رۆكى شاره‌وانییه‌ كورده‌كان هاوكات بوو له‌گه‌ڵ بۆردومانكردنى كاروانێكى سه‌ربازى سوپاى توركیا له‌نێو خاكى سوریا له‌لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى به‌شار ئه‌سه‌د .

 

زیانى بۆردومانكردنى ئه‌و كاروانه‌ بۆ ئه‌ردۆگان ته‌نیا ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى و تانك و زریبوشى كاروانه‌كه‌ نه‌بوو,  به‌ڵكو شیوه‌نه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان    بۆ  شكاندنى شكۆى سوپاى توركیایه‌ له‌لایه‌ن هێزی وڵاتێكه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و وڵاته‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئێران و روسیاوه‌ به‌قیوم به‌رێوه‌ده‌برێ كه‌ ئه‌ویش سوریاى به‌شار ئه‌سه‌ده‌, شیوه‌نى ئه‌ردۆگان  ترسه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ى عه‌سكه‌ره‌ كه‌  توركیا به‌و هه‌موو جه‌به‌ره‌ت و  ژێرخانه‌ سه‌ربازییه‌ گه‌وره‌و به‌هیًزه‌یه‌ له‌ رووى هێزی ئاسمانیى و ده‌ریایی و پیاده‌ییه‌وه‌ , كاروانه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى  له‌ نێوخاكى سوریادا  نه‌ك نه‌یتوانى فریاى موعاره‌زه‌ى سوریا بكه‌وێت  له‌ هێرشه‌كانى سوپاى به‌شار ئه‌سه‌د له‌ شه‌رى (خان شه‌ینخون) دا , به‌ڵكو قوربه‌سه‌رانه‌ كاروانه‌كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌   زه‌لیلى ته‌نیا یه‌ك فرۆكه‌ی كۆنى سه‌ربازى سوپاى  سوریا بۆته‌وه‌ و له‌ سه‌ر زه‌ویشدا ئابڵوقه‌دراون . ئه‌م قه‌یرانه‌ چاوه‌راننه‌كراوه‌ى كه‌ یه‌خه‌ى ئه‌ردۆگانى گرتۆته‌وه‌ , واى لێكرد یه‌كێك له‌و كارتانه‌ به‌كاربهێنێ كه‌ پێشتر به‌هۆى شكسته‌كانى هه‌ڵبژاردنى شاروانه‌ییه‌كانه‌وه‌دایرشتبوو بۆ سه‌رقاڵكردنى عه‌سكه‌ر بۆ دورخستنه‌وه‌ى خۆى حزبه‌كه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى كوده‌تا , كارته‌كه‌ش بریتیى بوو له‌دروستكردنى كێشه‌و قه‌یرانى لابردنى سه‌رۆكه‌ شاره‌وانییه‌ كورده‌كان بوو ,بۆ ئه‌وه‌ى سوپا به‌ كێشه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رقال بكات كه‌ په‌یوه‌ندى به‌كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ناو توركیادا. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP