هەموو هێلکەکان مەخەنە سەبەتەی بەغداوە

عارف قوربانی - 21-08-2019 - 3832 جار خوێندراوەتەوە

لە سەروبەندی هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و رووخاندنی رژێمی سەدام، ستراتیجی کورد روو لە بەغدا بوو. بە ئەندازەیەک کە زۆر دۆستی کورد و چاودێری بیانی تائێستاش لۆمەی سەرکردایەتی کورد دەکەن لەوەی کوردستان نیمچە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە و لەگەڵ کەوتنی رژێمەکەی سەدامدا، تەسلیم بە بەغدایان کردەوە. 

گەرچی کوردستان لە ستراتیجی رووکردنە بەغدا دەستکەوتی زۆری هەبوو، بەڵام دوای چەند ساڵێک راستییەکی مەترسیدار دەرکەوت کە بە کەوتنی سەدام کۆتایی بە عەقڵیەتی شۆڤینی و فاشیزمی عەرەبی نەهاتووە. بۆیە کورد تووشی نائومێدییەکی گەورە بوو، بەتایبەتیش کە ئەوانەی هاتبوونە سەر حوکم و سەرچاوەی نائومێدیەکەی کوردستان بوون، کەسانێک بوون وەک کورد قوربانیی دەستی فاشیزمی بەعس بوون و هاوپەیمانی کورد بوون لە رووخاندنی ئەو رژێمە و هاوبەش بوون لە دروستکردنەوەی دەوڵەتە نوێیەکەیان. وەلێ‌ زۆر زوو ئەو وێنایەیان لە خۆیاندا بەرجەستە کرد کە ئەگەر هەمان هەلومەرج و هەمان دەسەڵاتی سەدام بۆ ئەوان بڕەخسێ، لە سەدام زیاتر دەکەن بەرامبەر بە گەلی کوردستان. 

ئەم نائومێدبوونەی کورد لە بەغدا، هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بەدوای دەروازەی دیکەدا بگەڕێ. بەجوهدی زۆر و بەسازشکردن بۆ تورکیا دەرگایەکی بەڕووی خۆیدا کردەوە کە ئومێدی ئەوەی لەسەر دروست بوو قەرەبووی دەرگا داخستنەکەی بەغدای بۆ بکاتەوە. لەو سەروبەندەدا کە هەموو ئومێدەکان لەسەر تورکیا هەڵچنرابوون، رەخنە و سەرنجێکی زۆر رووبەڕووی کوردستان دەکرایەوە و زۆر بوون ئەوانەی لە ناوخۆ و دۆستی دەرەکیش ئامۆژگاریی کوردیان دەکرد بەوەی هەموو هێلکەکان نەخەنە سەبەتەی تورکیاوە. بەتایبەتیش کە هاوسەنگی بەرژەوەندیی هەرێمایەتی لەسەر حسابی ئێران بە قازانجی تورکیا بوو. هەرچەندە لەمەشیاندا سەرەڕای دەستکەوتگەلێکی زۆر بۆ کوردستان، بەڵام لە شەڕی داعش و رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا، تورکیاش هاوشێوەی بەغدا کوردستانی نائومێد کرد.  

هەرێمی کوردستان دوای نائومێدبوونی لە تورکیا و بەشێکیشی بەهۆی لێکەوتەکانی دوای داگیرکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وەک حاڵەتێکی ناچاری جارێکی تر رووی لە بەغدا کردووەتەوە. سەرەڕای ئەو خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنە دەقیقەی بەغدا کە لە دوورمەودادا مەترسییەکانی لە سەدام کەمتر نابن بۆ کوردستان، لانیکەم بۆ ئێستا کورد بژارەی تری ئەوتۆی لەبەردەست نییە. هەرچەندە هاتنە سەر حوکمی (عادل عەبدولمەهدی) بۆ کورد و بۆ بەغداش قۆناغێکی تازەی هێناوەتە پێش، گرنگە هەرێمی کوردستان سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و ئەوەی قابیل بە چارەسەرە هەنگاوی پێویستی بۆ بنێت، بەڵام لێرەشدا سیاسەتی دروست ئەوەیە کە پەند لە هەڵەکانی رابردوو وەرگرین و ئەمجارە هەموو هێلکەکان بەتەنیا نەخەینە سەبەتەی بەغداوە. 

دوای کەوتنی سەدام، بۆ ماوەیەک ئەیاد عەللاوی سەرکردایەتی بەڕێوەبردنی عێراقی کەوتە دەست، ئەو ماوەیە کوردیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا باڵای دەکرد و ئومێدی زۆر لەسەر عەللاوی هەڵچنرا. بەڵام زۆری نەخایاند جەعفەری هات و بەدوای ئەویشدا مالیکی و پاشان عەبادی وەک سێکوچکەیەکی دەسەڵات و حوکمی تائیفی، ریسی خەونەکانی کوردیان کردەوە بە خوری و ئەوەی بە هەشتا ساڵ حوکمی تاکڕەوی و دیکتاتۆرییانەی سوننە لە عێراق بە پێنج جار جینۆسایدکردنی کوردیشەوە بۆیان نەکرا، حوکمی سێکوچکەی (دەعوە) بە کەمتر لە 10 ساڵ حوکمڕانی، کوردستانیان ناچار کرد بەدوای رێگای دەربازبوون لە عێراق بگەڕێت. 

بۆیە هاتنی عادل عەبدولمەهدیش ناکرێ زۆر ئومێدی لەسەر بینابکرێت. چونکە ستراتیج و ئامانجی لەگەڵ تەشەیوع یەک ناگرێتەوە، لەبەر ئەوە بەدوور نازانرێت لە هەر دەرفەتێکدا لە دەسەڵات دووری بخەنەوە. لە حاڵەتێکدا ئەگەر کابینەکەشی بەردەوام بوو، هێشتا هەر ناکرێت پێمانوابێت هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دەستی ئەو چارەسەر دەبن. لەگەڵ ئەوەی لەڕووی واقیعییەوە بەغدا و کوردستان پێویستیان بەوەیە کەشێکی ئاسایی و دۆستانە لەنێوانیان هەبێت. 

سەرۆک وەزیرانیش وەک دۆستێکی کورد دەخوازێت شانازی ئەوەی هەبێت کە چارەیەک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیشەوە هەمان هیوا و مەیل هەیە بۆ بەغدا، بەڵام نابێت ئەوەش لەبەرچاو نەگرین کە کێشەکان قووڵ و ئاڵۆزن. مەلا مستەفا چوار ساڵ لە 1970 بۆ 1974 خەریکی گفتوگۆ بوو. مام جەلال لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا نزیکەی دوو ساڵ بەڕێی بەغداوە بوو. لە دوای ساڵی 1991یش بەرەی کوردستانی بەنوێنەرایەتی هەموو گەلی کورد درێژەی بە دانوستاندن دا، سەرئەنجام هەموو هەوڵەکان بێئاکام بوون. تەنانەت دوای کەوتنی سەدام و چوونی کورد بۆ بەغدا و بەشداریی راستەقینەی لە نووسینەوەی دەستوور و لە حوکمڕانیی وڵاتەکەش، ئەنجامەکەی روون بوو کە کێشەکان و لێکەوتەکانی قووڵتر بوونەوە.

دەکرێت بەشێک لەو کێشە تازانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بوون، وەک کێشەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی، جۆر و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی نەوت، ئەمانە بە یاسا یان بە رێککەوتنی سیاسی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، هەرچەندە ئەمەش ئەگەرێکی لاوازە، چونکە هەر رێککەوتنێک بێتە ئاراوە لەنێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی بەغدا زۆرینەی هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی لەپشت نییە و دەشێ‌ حیزبەکان لەڕێگەی فراکسیۆنەکانیانەوە رەتیبکەنەوە. ئەگەر وەک دۆخێکی تاکتیکی و بۆ زیاتر وابەستەکردنی هەرێم بە بەغداوە ئەوەشیان کرد، بەڵام جەوهەری کێشەی کورد لە عێراق نەوت و پارە نییە. کێشەی خاک و ناسنامەیە. کێشەی نەمانی متمانەیە، ترسە لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید. بەغدای ئێستا هیچکام لەمانەی پێ چارەسەر ناکرێت و ناتوانێ‌ دڵنیایی بۆ کورد بگەڕێنێتەوە. 

بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان بە بەرچاوێکی روونەوە بچێتەوە بۆ بەغدا. ئەوەی لەبەرچاوبێت کە دۆخی ئاسایی و پەیوەندیی تەندروست و مامەڵەی دۆستانە لە عێراق دەڵەمەیە و وەک حاڵەتێکی بەردەوام ناچەسپێ. دەبێت پلانی یەک و دوو سێی هەبێت. کەڵک لە ململانێی زلهێزەکان لە راگرتنی هاوکێشەی ئەم ناوچەیە وەرگرێت، هەروەها پێویستە بە سیاسەتێکی ترەوە بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و راگرتنی هاوسەنگیی هێزە هەرێمایەتییەکان، دەرگاکانی تری تاران و ئەنقەرە و دیمەشق و رۆژئاوای کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت. ئەگەر ئەمە نەکات و تەنیا بەهیوای بەغدابێ‌، وەک کورد دەڵێت رۆژێک دێت بەبێ‌ شێو سەردەنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP