له‌ ده‌ورانی مام جه‌لاله‌وه‌ بۆ قۆناغێکی نوێ

عەدالەت عەبدوڵا - 21-08-2019 - 1150 جار خوێندراوەتەوە

کورد له‌ به‌غدا، پێکهاته‌یه‌کی سیاسی و کارگێریی و په‌رله‌مانیی هه‌یه‌ که‌ هه‌موویان پێکه‌وه‌، به‌پێی هه‌ندێک ناولێنان که‌ له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیی ده‌وڵه‌ته‌ فیدراڵییه‌کاندا هه‌یه‌، نوێنه‌رایه‌تیی ناوچه‌یه‌کی جوگرافی- سیاسی ده‌که‌ن.


ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ ڕه‌سمی ناوی هه‌رێمی کوردستانه‌، به‌ڵام خاکه‌که‌ی به‌گشتی، به‌پێی مانا نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی که‌ فه‌رمی نییه‌، پێی ده‌وترێت باشووری کوردستان، ئه‌مه‌ش به‌و پێودانگه‌ی که‌ جگه‌ له‌ هه‌رێم: (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک، ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌)ش، ناوچه‌کانی جێی ناکۆکی -ناوچه‌ کوردستانییه‌کانیش، ده‌گرێته‌وه‌.


له‌واقیعیشدا، نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌، له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه‌ (2003ز) ته‌واوی باشووری کوردستانی گرتۆته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ به‌غداو له‌ (14) ساڵی رابردوودا، واته‌ له‌(2005ز)ه‌وه‌ که‌ حکومه‌تی ئینتیقالی عیراق دامه‌زرا، جگه‌ له‌ پۆسته‌ سیادییه‌کان، هه‌م وه‌زیر، هه‌م په‌رله‌مانتار، هه‌م پله‌داری باڵای تری ده‌وڵه‌تیمان له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا هه‌بووه‌و تائێستاش هه‌یه‌ که‌ هه‌ندێکیان به‌ ره‌گه‌زنامه‌ بێت، یان شوێنی نیشته‌جێبوون، خه‌ڵکی ناوچه‌ کوردستانییه‌کانن، بۆیه‌، نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا، نوێنه‌ری جوگرافیای باشووری کوردستانن، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر شه‌ره‌فێک بێت بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ناو پێکهاته‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌دان، ئه‌وا بێگومان هاوکات و له‌یه‌ککاتدا هه‌م ئه‌رکی نوێنه‌رایه‌تیکردنه‌که‌یان بۆ سه‌خت ده‌کات!، هه‌م ستراتیژی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیکردنه‌که‌ش.


یه‌که‌م پایه‌ی به‌رگری
له‌قۆناغی رابردوودا، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رو هه‌ره‌می نوێنه‌رانی کورده‌وه‌ بووبێت له‌ به‌غدا، خوالێخۆشبوو مام جه‌لال بوو(1933-2017ز)، رێکه‌وتیش وایه‌ که‌ ره‌وانشاد خۆی سه‌ربه‌ خانه‌واده‌یه‌کی دانیشتووی هه‌ستیارترین ناوچه‌ی کوردستان بێت که‌ که‌رکوکه‌، هاوکات سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسیش بێت که‌ پتر له‌(60) ساڵه‌ ره‌مزی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کورده‌ له‌ باشوورو رێزلێگیراوی به‌شه‌کانی تری کوردستانیشه‌، بۆیه‌ به‌رپرسیارێتیی که‌سی نمره‌ یه‌ک له‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌دا، بۆ مام جه‌لال، به‌رپرسیارێتییه‌کی گه‌وره‌ بوو.


یه‌که‌مجار بوو له‌ مێژووی نوێی ده‌وڵه‌تی عیراقدا (1921ز) کوردێک به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراتییانه‌ و به‌ ئیراده‌ی نوێنه‌رانی گه‌ل، بۆ به‌رزترین پۆستی باڵای ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ڵبژێردرێت که‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماره‌. ئه‌م پۆسته‌، هه‌م له‌ڕێگه‌ی ئیستحقاقی یاساکانه‌وه‌، هه‌م به‌هۆی ئه‌زموون و شاره‌زایی سیاسیی مام جه‌لال خۆیه‌وه‌، ده‌بێته‌ یه‌که‌م پایه‌ی دامه‌زراوه‌یی و فه‌رمیی داکۆکیکردنی ده‌ستوورییانه‌ له‌ مافه‌ سیاسی و ئابوورییه‌کانی باشووری کوردستان و نوێنه‌رایه‌تیکردنی دانیشتوانه‌که‌شی له‌ناو ده‌وڵه‌تدا.


له‌پێگه‌ ده‌وڵه‌تییه‌که‌یدا له‌ به‌غدا، مام جه‌لال، هه‌موو سه‌رمایه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌ سیاسی و ئایدیولۆژیی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشی له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی تری عیراق و نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌کانیاندا وه‌به‌رهێنابوو و خستبووه‌گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی، پێش هه‌ر ستراتیژێکی تری ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیکردنه‌، پێکهاته‌کانی عیراق و نماینده‌ سیاسییه‌کانیان به‌ دیفاکتۆی ئه‌زموونی هه‌رێم رازی بکات که‌ ئه‌وکات تا ساڵی(2017ز) له‌رووی ده‌ستوورییه‌وه‌، قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی زۆر جیاواز و تایبه‌ت بوو!، خاوه‌ن کۆمه‌ڵێک مافی زیاتر بوو له‌وه‌ی که‌ هه‌رێمه‌کان له‌ناو وڵاته‌ فیدراڵییه‌کاندا هه‌یانه‌، ئه‌مه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی که‌ زۆر چاودێر و لێکۆڵه‌ر له‌عیراقدا پێیان وابێت هه‌رێمی کوردستان قه‌واره‌یه‌کی کۆنفیدراڵه‌!، زیاتر له‌وه‌ش، گه‌وره‌ توێژه‌رێکی وه‌ک «ئۆڤرا بینیگیۆ» له‌ کتێبێکیدا که‌ ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌ی له‌»دار الساقی» له‌ لوبنان له‌(2014ز) بڵاوبۆته‌وه‌، پێی وابێت ئه‌وه‌ی کورده‌کان له‌ عیراقدا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن «بونیادنانی ده‌وڵه‌ته‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تدا»!.


ره‌مزی دیفاکتۆی هه‌رێم
مام جه‌لال، به‌ کرده‌یی، ره‌مزێکی گه‌وره‌ی نوێنه‌رایه‌تیکردنی ئه‌و دیفاکتۆیه‌ بوو که‌ بریتی بوو له‌ قه‌واره‌یه‌کی نیمچه‌ ده‌وڵه‌تییانه‌ی کورد له‌عیراقدا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ستراتیژه‌ش بژی و درێژه‌ی هه‌بێت، سیاسه‌تی راگرتنی په‌یوه‌ندیی و جۆرێک له‌ هاوسه‌نگیی له‌نێوان هه‌ردوو پێکهاته‌ی شیعه‌ و سوننه‌ی له‌وڵاتدا، پاراستبوو. ئه‌و بڕوای زۆری به‌ دوورگرتنی کورد هه‌بوو له‌و ململانێ تایه‌فه‌گه‌رییه‌ سیاسییه‌ی که‌ له‌دوای که‌وتنی رژێمی به‌عسه‌وه‌ (1968-2003ز) له‌عیراقدا و به‌ دنه‌دان(تحریچ)ی هه‌رێمایه‌تی و ناوچه‌یی، هاتبووه‌ ئاراوه‌.


له‌ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماردا، مام جه‌لال توانی له‌رێی ئه‌م سیاسه‌ت و رۆڵه‌وه‌ خۆی وه‌ک بێلایه‌نترین و کاریگه‌رترین کاراکته‌ری سیاسیی عیراق له‌ناو وڵاتدا بسه‌پێنێت. ئه‌و زۆرجار له‌سه‌رو ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌کانییه‌وه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌زموون و په‌یوه‌ندییه‌کانی و شاره‌زایی سیاسیی خۆی، هاوکات وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی کاریزمی و مه‌رجه‌عێکی سیاسی، توانیبووی «کۆشکی سه‌لام» له‌بینایه‌کی سیمبولیکی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بگۆڕێ بۆ چه‌تری کۆکردنه‌وه‌ی گروپه‌ سیاسییه‌ به‌ریه‌ککه‌وتووه‌کان، بگره‌ بیکاته‌ ماڵه‌ گه‌وره‌که‌ی عیراقییه‌کان و چه‌قی جڵه‌وکردنی به‌شێک له‌و گرژییه‌ مه‌ترسیدارانه‌ش که‌ له‌ چوارچێوه‌ی ململانێ تایه‌فه‌گه‌رییه‌کاندا، ناوبه‌ناو، تا سنووری ته‌قینه‌وه‌، ده‌هاتنه‌ ئاراوه‌.


به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تر، تاڵه‌بانی، وه‌ک سه‌رۆک کۆمار، ببووه‌ سه‌نگه‌ری یه‌که‌می به‌رگریکردن له‌ دیفاکتۆی هه‌رێم، بوژانه‌وه‌ی سیاسی، ئابووری، دیبلۆماسی، هه‌روا خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتیانیش که‌ له‌ چوارچێوه‌ی پشکی (17%)ی هه‌رێمدا، سه‌ریهه‌ڵدابوو، به‌ تایبه‌تی له‌نێوان ساڵانی (2005 بۆ 2013ز)، سه‌رله‌به‌ر، زاده‌ی هونه‌ری سه‌رکردایه‌تیکردنی حه‌کیمانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیکردنی دیفاکتۆی هه‌رێم بوو له‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌دا.


هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌ویشدا بوو که‌ مۆرکی کوردستانییانه‌ی ناوچه‌کانی جێی ناکۆکی به‌هێزتر ببوو، له‌و په‌ره‌سه‌ندانه‌شدا، سه‌رۆک تاڵه‌بانی، له‌یه‌ک کاتدا، هه‌م له‌ هاوئاهه‌نگیدا بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز «مه‌سعود بارزانی»دا، هه‌م به‌رده‌وام وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و به‌رپرسه‌ کورده‌کانی ناو ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کانی عیراقی له‌ خۆی کۆده‌کرده‌وه‌ و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵدا ده‌گرتن، ئاڵوگۆڕی بیروڕاو و راوێژی‌ پێده‌کردن و خۆیشی رێنوێنی ده‌دانێ و پرسه‌ ئاڵۆزه‌کان و شێوازی کارکردن و هه‌ڵوێستوه‌رگرتنی له‌ رووداوه‌کانی عیراق و ده‌ره‌وه‌ی بۆ شی ده‌کردنه‌وه‌، به‌جۆرێک که‌ هه‌مووان وه‌ک تیم و تۆڕێک Network، کاربکه‌ن و، مه‌رجه‌عی خۆیشیان له‌ ئاڵوگۆڕه‌ ئاڵۆزه‌کاندا، بزانن.


جگه‌ له‌وه‌، تاڵه‌بانی بایه‌خێکی زۆری به‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هێزه‌ شیعه‌ و سوننه‌کانی عیراق و پارته‌ تورکمان و مه‌سیحییه‌کان و پێکهاته‌کانی تردا ده‌دا. هاوکات، دۆستاییه‌تیکردنی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان و ئه‌مریکییه‌کانیشدا ره‌چاو ده‌کرد، ته‌نانه‌ت له‌و کاتانه‌شدا که‌ ئه‌مریکییه‌کان ره‌خنه‌کیان لێی هه‌بووایه‌، کاریان نه‌ده‌گه‌یانده‌ سنووری ده‌ستبه‌رداربوون له‌ تاڵه‌بانی، به‌تایبه‌تی که‌ مام جه‌لال ره‌گی خۆی له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا داکوتابوو، به‌ته‌واوی ببوه‌ جێی متمانه‌ی عیراقییه‌کان و مه‌رجه‌عه‌ ئاینییه‌ باڵاکانی وڵات.


بۆشایی تاڵه‌بانی و پاشه‌کشه‌ و هه‌ڵه‌
هه‌موو ئه‌و رۆڵه‌ میحوه‌رییانه‌، به‌ گشتی و له‌کۆتاییدا، بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ پێگه‌ی کورد له‌ به‌غدادا قبووڵکراو بێت، ئامانجێکی تاڵه‌بانی ئه‌وه‌بوو که‌ له‌ڕێی به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتییه‌ سیاسی و میللییه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه‌، هه‌لی چه‌سپاندنی زیاتری دیفاکتۆی هه‌رێم و کۆکردنه‌وه‌ی زۆرتری ده‌ستکه‌وتی سیاسی و ئابووریی بۆ باشووری کوردستان هه‌مواربێت. له‌وه‌ش زیاتر جارێکی تر که‌ڵکه‌ڵه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی و سیاسه‌تی دژایه‌تیکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ عیراقدا سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشکه‌وتنی تاڵه‌بانی و دوورگرتنی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ له‌دوای خۆی به‌جێی هێشت، ئه‌و گرژیی و نه‌یارێتییه‌ سیاسییه‌ له‌به‌رامبه‌ر کورد و مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانیدا ده‌ستیان پێکرده‌وه‌، له‌وه‌شدا بێگومان ئۆباڵی به‌شێکی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ترسناکانه‌، به‌ زۆر پێوه‌ر، له‌ئه‌ستۆی خودی سه‌رکردایه‌تیی کورد خۆیدا بوو که‌ نه‌یتوانی درێژه‌ به‌ رێڕه‌وی سیاسه‌تی نه‌رم و دوورمه‌ودای تاڵه‌بانی بدات له‌ عیراقدا و که‌وته‌ داوی دوو هه‌ڵه‌ی ستراتیژییه‌وه‌ که‌ یه‌که‌میان دروستبوونه‌وه‌ی دووبه‌ره‌کیی نه‌ته‌وه‌یی بوو که‌ له‌پڕۆژه‌ی ریفراندۆمدا ته‌قییه‌وه‌، دووه‌میشان: جۆرێک له‌ لایه‌نگیریی تایه‌فه‌گه‌ریی له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی وڵاتدا، که‌ ئه‌مه‌شیان، لانیکه‌م، به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌ی عیراقی له‌دژی کورد هانداو زیان و سزای زۆری هه‌رێمی کوردستانیان دا.


قۆناغی نوێی سه‌رکردایه‌تیکردن
ئێستا بێگومان قۆناغێکی نوێ له‌ عیراقدا هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ که‌ پێویستییی به‌ بوژاندنه‌وه‌ی که‌له‌پور و که‌لتووری مام جه‌لال-ه‌ له‌ سه‌رکردایه‌تیکردنی نوێنه‌رایه‌تیی کورد له‌ به‌غدا، رێکه‌وتیش وایه‌ که‌ دۆستێکی کورد له‌مڕۆدا له‌ هه‌ره‌می باڵای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردندایه‌ له‌ عیراق که‌ ئه‌ویش د. عادل عه‌بدولمه‌هدی-یه‌. ته‌نانه‌ت سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش، د.محه‌مه‌د حه‌لبوسی، به‌پێی بۆچوونی هه‌ندێک له‌ کاربه‌ده‌ستانی کورد له‌ به‌غدا و به‌ تایبه‌تیش په‌رله‌مانتاران، تا راده‌یه‌کی باش و هه‌تا ئێستا، کاراکته‌رێکی داخراو نییه‌ به‌ رووی پێکهاته‌ی کورد و نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌کانیدا له‌ به‌غدا و هه‌رێمیش.


بێگومان، له‌سه‌رو ئه‌وانیشه‌وه‌، سه‌رۆک کۆمار، «د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح» خۆی هه‌یه‌ که‌ له‌ زۆر بۆنه‌دا، به‌ شانازییه‌وه‌ خۆی وه‌ک قوتابییه‌کی قوتابخانه‌که‌ی مام جه‌لال ناوده‌بات. ئه‌و ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال-دا کاریکردووه‌، له‌ نزیکه‌وه‌ ئاشنای شێوازی ئیداره‌دانی پێگه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماره‌ و زانیاریی و باکگراوندی زۆریشی له‌سه‌ر هاوکێشه‌ و کێشمه‌کێش و ململانێ ناوخۆییه‌کانی ناو عیراق هه‌یه‌، هاوکات سه‌رۆکێکی ده‌نگپێدراوی زۆرینه‌ی فراکسیۆنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیشه‌، واته‌ له‌ ئاستێکی باڵادا متمانه‌ی هه‌یه‌ و پێیدراوه‌.


سه‌رۆک کۆمار، ده‌توانێت له‌م قۆناغه‌دا، جگه‌ له‌ ئه‌زموونی کارکردنی خۆی له‌ هه‌ردوو حکومه‌تی عیراق و هه‌رێمدا، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌له‌پووری سیاسیی مام جه‌لال-یش له‌ مامه‌ڵه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌کانیدا، به‌تایبه‌تیش په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ناوچه‌یی و زلهێزه‌کان که‌ کاریگه‌رییان له‌سه‌ر عیراق و دۆسێ و رووداوه‌کانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی عیراق و نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌کانیان که‌ به‌رپرسیارێتیی ده‌ستوریی ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆ، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هێز و پارته‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستاندا که‌ ده‌شێ له‌ ڕێی فراکسیۆنه‌کانیان و به‌رپرسه‌ حکومییه‌کانیانه‌وه‌ له‌ به‌غدا ببنه‌ هێزێکی مه‌عنه‌وی بۆ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئۆرگان و ئه‌ندامانی حزبه‌که‌ی خۆیشی که‌ له‌کۆتاییدا ده‌توانن بۆی ببنه‌ پاڵپشتێکی به‌هێز بۆ سه‌رخستنی ستراتیژی نوێنه‌رایه‌تیکردنی کورد له‌ به‌غدا و سه‌رکردایه‌تیکردنی و پیشاندانی نموونه‌یه‌کی تری شیاو بۆ ئه‌و سه‌رکردایه‌تیکردنه‌.


پرۆسه‌یه‌کی سه‌خت
به‌ کورتی، نوێنه‌رانی کورد، به‌و پێکهاته‌ نوێیه‌ی که‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردنی (2018ز)ه‌وه‌ هاتۆته‌وه‌ به‌غدا، پێویستییان به‌ سه‌رکردایه‌تییه‌کی به‌هێزه‌ له‌به‌غدا. سه‌رۆک کۆمار، به‌ حوکمی پێگه‌ی باڵای له‌ناو ده‌وڵه‌تدا، گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک قۆناغی مام جه‌لال، ئه‌و ئه‌رکه‌ مێژووییه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ و هه‌ر خۆیشی رۆڵی هه‌بێت له‌وه‌ی ته‌واوی مه‌رجه‌کانی ئه‌و ئه‌رکه‌ فه‌راهه‌م ببن که‌ پێش هه‌ر شتێک بریتییه‌ له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی تۆڕێکی په‌یوه‌ندیی فراوانی هه‌مه‌لایه‌ن له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، هاوکات دانانی ستراتیژێکی سیاسیی دیاریکراو که‌ تیایدا پێگه‌ی کورد له‌عیراقدا، پله‌ به‌پله‌، ببوژێته‌وه‌و – لانیکه‌م- بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ورانی مام جه‌لال، به‌تایبه‌تی که‌ جێبه‌جێکردنی ستراتیژێکی له‌و جۆره‌ له‌دوای رووداوه‌کانی ریفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌، پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی سه‌خته‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ سه‌رۆک کۆمار، وه‌ک که‌سی یه‌که‌می کورد له‌ عیراق، هانده‌دات که‌ به‌غدا و هه‌رێم زیاتر له‌یه‌ک نزیک بکاته‌وه‌، له‌ رێی دانوستاندن و گفتوگۆی کراوه‌ و کرانه‌وه‌ی هه‌ردوولاشه‌وه‌ به‌ڕووی یه‌کتریدا، دۆسێ و کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوانیان، جڵه‌وبکات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP