کۆنگرەی چوارەم .. ئەبێت کۆنگرەی هەمووان بێت

حەسەن بارام - 21-08-2019 - 1176 جار خوێندراوەتەوە


کۆنگرە بۆ هەموو پارت وڕێکخراوێکی سیاسی ، تەنها ئامرازێکی گرنگ و پێویستە بۆ نوێبونەوە وچاکسازی لەئاستە جیاجیاکانی کایەکانی حزبیدا، ئەوەش هەڵەیەکی گرنگە کۆنگرە بکرێت بە ئامانج نەک ئامراز ، ئەمە بۆ هەموو حیزب وڕێکخراویکی سیاسی هەروایە.

لە ئێستادا یەكێتی لە هەمو كات زیاتر پێویستی بە گۆرانكاری ریشەیی هەیە

لەئێستادا یەکێتی (ی ن ک) لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە بەستنی کۆنگرە وگۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە، ئەگەرچی ئەم هێزە سیاسییە کاریگەر وگرنگە بەدرێژایی 44 ساڵ ڕابوردوو هەمیشە هەستیاری هەیە بەرامبەر بەستنی کۆنگرە.

ئێستاشدا هەم دۆخی یەکێتی و هەم جۆری ململانیەکان بۆ بەستن یان نەبەستنی کۆنگرە زەقبونەتەوە و یەکێتی پیویست بەبڕیارێکی دروست هەیە لەم قۆناغەدا ، چونکە لەئێستادا گوتار وڕیزبەندی وهەڵپەی بەستنی کۆنگرە یان نەبەستنی لەوە دەرچووە تەنها وەکو ئامراز مامەڵەی لەگەڵ دا بکرێت، بەڵکو ئێستا ئەو ئامانجە، پێم وایە ئەمەش دۆخەکە لێڵتر وئەستەمتر دەکات بۆ دروستکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە پیویستە لەژیانی حیزبیدا بکرێت.

راستە لەئێستادا یەکێتی پیویستی بەکۆنگرەیە، بەڵام چۆن کۆنگرەیەک؟ کۆنگرەیەک بۆ پشک پشکێنە وتەوافوق، کۆنگرەیەک بۆ دەستکەوت وزاڵبونی ئەم گروپ بەسەر ئەو گروپ، کۆنگرەیەک بۆ تۆڵەکردنەوە ودەرپەڕاندنی ئەم وئەو بێت، ئەوە یەکسانە  بە زیانێکی هێجگار گەورە کەیەکێتی باجەکەی قورس دەدات .

خۆ ئەگەریش کۆنگرە کۆنگرەیەکی تەواو شەفاف وئازاد بێت، کەتێدا ئاشتەوایی وگیانی هەڤاڵان وپرەنسیپە حیزبییەکان پەیڕەو بکرێت، ئەو کاتە کەسیش ناتوانێت گلەیی وگازندە وڕەخنە بگرێت بەدەرچو وبەدەرنەچووەوە ، چونکە ژیانی حیزبی ئاسایی ئاوهایە.

پێویستە سەركردایەتی یەكێتی پێش كۆنگرە ئاستەوایی و یەكڕیزی دروستبكەن

بەکورتی یەکێتی لەدووڕیانێکدایە، چۆن نەبەستنی کۆنگرە  کەم وکوڕی وعەیبەیەکی گەورەیە، ئاوهاش بەستنی ئەم کۆنگرەیە بەم ڕوحیەتە توند وزەقەوە، ڕەنگە زیان بە یەکێتی بگەیەنێت ، کەواتا پیویستە سەرکردایەتی یەکێتی وئۆرگان وکادرەکانی پێش کۆنگرە جۆرێک لەئاشتەوایی ویەکڕیز ویەک گوتاری دروست بکەن و وەکو ئامرازێک بڕواننە کۆنگرەی نوێبونەوە وخۆسازدانەوە ، نەک وەک ئامانجێک بۆ ئەم وئەو ، کەواتا ئەبێت کۆنگرە چوارەم.. کۆنگرەی هەمووان بێت ...


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP