شەنگال، دێگەڵەیەکی تر لە جەستەی سیاسیماندا

ئاسۆ فەرەیدوون - 8-03-2017 - 6635 جار خوێندراوەتەوە

ئاسۆ فەرەیدوون

جیاوازیمان چی یە و ڕێکەوتنمان سەبارەت بەچی ؟! 

پێش هەموو شتێک دەبێت  لە جیاوازی نێوان هاوپەیمانی سیاسی  و ڕێکەوتنی سیاسی  تێگەیشتبین ، ئەوساکە دەتوانین ڕێکەوین لەسەر جیاوازییەکانمان . زۆرجار تیکەڵکردنی ئەو جیاوازیەی نێوان هاوپەیمانی و ڕێکەوتن ، ناحاڵێ بوونمان لەو دوو کایە جودایە،  دەمانخاتە بەردەم مەسولیەتێکی گەورەتر لەوەی لەتواناماندایە . 

ئێمە درۆیەکی گەورە لەگەڵ خۆمان و خەڵکیشدا دەکەین ئەگەر پێمان وابێت  حیزبە سیاسیەکان لەهەرێمی کوردستاندا بتوانن ببنە هاوپەیمانی سیاسی یەکتر . چونکە هاوپەیمانی دەکاتە یەک بوون لە بۆچوون و پلان و ستراتیژی هاوشێوەی یەکتر ، بەمانایەکی تر هاوپەیمانی سیاسی نێوان دوو حیزب لە یەک وڵاتدا دەکاتە یەکگرتن و بوونەیەک حیزب لە نێوان دوو هێزی سیاسیدا . بەڵام ڕێکەوتن مانای قبوڵکردنی جیاوازی تەکنیکی و تاکتیکی نێوان دوو حیزب و پێکهاتنە لەسەر ئەوەی سەرباری جیاوازیمان ، چاوپۆشی لە خاڵەلاوازەکانی یەکتر بکەین .

ئەزموونی هاوپەیمانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا ، ئەوە دەسەلمێنێت تا چ ئاستێکی خراپ، ئێمە زیانمان بە هەردوو حیزب و بەخەڵکیش گەیاند . بەداخەوە تا ئێستاش نەتوانراوە لە ستراتیژدا ئەم دوو حیزبە ببنە یەک ڕا و یەک هەڵوێست لە پرسە نیشتمانیەکانەوە تا پرسە ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان . تەنانەت لە بۆچوونی هەرێمیشدا لە نێوان جەمسەرەکاندا دابەش بووینەتەوە بەسەر دووبەرەی تەواو جیاواز لەیەکتر کە ئەمەش کرۆکی جیاوازیە گەورەکەی نێوان ئەم دوو هێزە سیاسی و سەربازییەی ناوچەکەیە.

ڕاست و دروست ، سەرچاوەی هەموو قەیران و نەهامەتیەکانی هەرێمی کوردستان ، حیزبەکانی ئەم هەرێمەن .ئاسەواری ناکۆکی و کێشە و گرفتەکانی نێوانیان کاریگەری خراپی  بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاوڵاتیان خولقاندووە . بەڵام ڕێکەوتن و پێکهاتن و هاوپەیمانیان بۆ خۆیان و بەرژەوەندی مەکتەبە سیاسیەکانیانە .

 لە ئێستادا قەیرانە ئابووری و سیاسیەکانی هەرێم  ڕەگی گەیشتووە بە بنخێزانی تاک بەتاکی کۆمەڵگەی کوردی ، پێویستە خەڵک بەجۆرێکی تر حیزبەکان بخەنە بەردەم ئەو پرسیارە سەرەکیەوە کە ئایا جیاوازیەکانتان لەسەر چی یە ؟ لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ بەهەمان شێوە ڕێکەوتنانتان لەسەرچی یە ؟ لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟ ئەم پرسە لە بابەتێکی ئیعلامیەوە بهێنرێتە دەرەوە ، ببێتە بابەتی ژیان و مانی خەڵک .   سیاسیەتی کوردی لە دەقێکی ئیعلامی و خەبەریەوە ببێتە بڕیارێکی زاتی و مەوزوعی تاکی کۆمەڵگە!

لە پێناو ڕوونەدانی کارەساتی کەمەرشکێنی نێوان حیزب و حیزبدا ،دەبێت چارەسەری  لەنێوان کۆمەڵگە و دەستەڵاتدا ڕووبدات ،  کۆتایی بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی بهێنرێت . هەموو شتێک بە جیاوازی و ڕێکەوتنەکانەوە بە  ئاشکرا بخرێتە بەردەم خەڵکەوە . بگوترێت ئەمەیە واقیع حاڵی سیاسی هەرێمی کوردستان . جورعە ئازار شکێنەکانی ڕابردوو ، چارەسەری ڕاستەقینەی ئێمە نەبوون ، پێویستمان بە نەشتەرگەریە هەنووکەیەکەی پێکهاتنە و تەنیا فریادرەسمانە .
بە کەمێک هەستی سیاسیەوە هەموومان دەزانین  کوردستان لە لێواری چەندین مەترسی گەورەدایە .  مەترسیە گەورەکان نێوخۆیین ، بچوکترینیان  دەرکین . هێزە ئیقلیمیەکان دەتوانن شوێن و کاتی تەقینەوەی مەترسیەکان دروست بکەن ، ئەگەر نێوماڵی کوردی خۆی مەترسی تیادا نەبێت ئەوان توانای دیاری کردنی کات و شوێنی تەقینەوەکانیان لەدەست نایەت . کەواتە دەبێت لە زووترین کاتدا ڕێکەوتن ڕووبدات . بەڵام پرسیارە گرنگ و سەرەکیەکە لێرەدایە ، ڕێکەوتن لەسەرچی و لەنێوان کێدا ؟!

 با شەنگال نەبێتە دێگەڵەیەکی تر !!

ئاسەواری دابەشکردنی زۆنەکان لەمدیو و ئەودیوی دێگەڵەدا تا ئەمڕۆ لەهەموو جومگە و دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکانی هەرێمدا هەرماوە . هەندێک جار پەرتبوون ئەگەر لە فۆرمی لامەرکەزیەتی ئیداری و مالیدابێت بەخێر و چاکە دەشکێتەوە ، بەڵام پەرتبوونی سیاسی ، بەشەڕی دابەشبوون و پارچەبوونی جەستە و ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتمانی کۆتایی دێت . 
هەموو ئاماژە سیاسی و سەربازیەکانی کارەساتی داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە و پارێزگاری و ئازادکردنی لەلایەن پێشمەرگە و شەرڤانانەوە ، بابەتی جەنگێکی ئیقلیمی نێوان جەمسەرکانی جەنگەکەن . بەڵام پێکدادان و بەرکەوتنی سەربازی نێوان کورد و کورد . شەڕی نێوان کورد و کورد لەو دەڤەرەدا بەهەموو پێوەرە سەربازی و سیاسیەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ( دیاریکردنی شوێنی شەڕەکە و هەڵبژاردنی تەوقیتی بەریەککەوتنەکە) کوردانە نیە . لەو سێ گۆشەیەدا کورد تەنیا ڕۆڵی ئەو جەنگاوەرە دەبینێت کە دەرهێنەری سیناریۆی شانۆگەریەکە بۆی دیاری دەکات . 
لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا ، دەرهێنەرەکانی دیمەنی سیاسی دێگەڵە توانیویانە شانۆیەکی سیاسی وەها لە کوردستاندا ئامادەبکەن، بۆ دەیان ساڵی تر لە شێوە و شێوازی نمایشی جۆراوجۆردا بەشی دەیان ساڵی تری جیاکردنەوەمان بکات. 

لە ئێستاوە سەرەتاکانی شەڕی شەنگاڵیش بەشی دەیان ساڵی ناکۆکی و شەڕی ماڵوێرانکەری کورد و کوردی بەدەمەوەیە . دێگەڵە تەنیا جیاکردنەوە و دابەشکردنی حوکمڕانی نیە لە هەرێمی کوردستاندا  ، بەڵکە لە تاران و ئەنقەرە و بەغدا و واشنتتۆن و مۆسکۆشدا دابەشی کردووین بەسەر دوو جەمسەری نەیار و ناکۆکی دژبەیەکدا . بۆیە شەنگالیش تەنیا بەریەک کەوتنێکی لەناکاوی نێوانمان  نیە ، بەڵکە دابەشکردنەوەیەکی نوێ یە کە دەتوانین ناوی سایکس بیکۆی نێوماڵی کوردی لێ بنێنن ، بەڵام  لەنێوان کورد و کورد خۆیدا . 

ئەگەر بمانەوێت ئاوەدانی و ئاشتی نێوماڵی کورد دروست بکەینەوە، دەبێت لەهەردوو چیای وشک و ڕەق و تەقی دێگەڵە و شەنگاڵەوە ئاشت بینەوە . ئەگەرنا ، لە پێچەوانەکەیدا نەک هەر لەو دوو کێو و بەردەڵانەدا سیاسەتی کوردی زیاتر کەنەفت دەبێت و پەکی دەکەوێت، بگرە کەرکوک و خانەقی و سلێمانی و هەولێر و سەرجەم سەرزەمینی کوردستانمان لێ دەبێتە بەردەڵانێک مەحاڵە لەسێبەری دارێکیدا بحەسێینەوە. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP