ته‌قینه‌وه‌ ئه‌تۆمیه‌كان مه‌ترسى گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تى

نەوزادی موهەندیس - 20-08-2019 - 2235 جار خوێندراوەتەوە

پاراستنى ژینگه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌م قۆناغى نوێگه‌راییه‌دا وه‌ك بنه‌مایه‌كى زۆر مرۆڤدۆستانه‌ هاتۆته‌ ناو كایه‌ى گفتوگۆو مشتومڕه‌كانى نێوان سه‌ركرده‌ و وڵاتان و كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كانیش

 

• پاراستنى ژینگه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌م قۆناغى نوێگه‌راییه‌دا وه‌ك بنه‌مایه‌كى زۆر مرۆڤدۆستانه‌ هاتۆته‌ ناو كایه‌ى گفتوگۆو مشتومڕه‌كانى نێوان سه‌ركرده‌ و وڵاتان و كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كانیش، و به‌ده‌یان و سه‌دان حیزبى سیاسى و ڕێكخراوى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌پێناو پاراستنى ژینگه‌ى گۆى زه‌ویدا دروست و دامه‌زراون، له‌ڕێگه‌ى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر حكومه‌ته‌كان گه‌لێك كارى گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌ى گۆى زه‌وى و به‌رده‌وامبوونى ژیانێكى پاكوخاوێن بۆ مرۆڤایه‌تى.. چونكه‌ دواى ڕشتن و فڕێدانى سه‌دان و هه‌زاران ته‌ن له‌ خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ و پاشه‌ڕۆ ژه‌هراوى و تیشكده‌ره‌كان و خستنیان بۆ ناو هه‌وا و ئاو و خاكه‌وه‌ له‌لایه‌ن كارگه‌ گه‌وره‌ پیشه‌سازیه‌كانه‌وه‌ ژینگه‌ى زه‌وى و مرۆڤایه‌تى به‌ره‌و پیسبوون و له‌ناوچوون و زیانگه‌یاندنى گه‌وره‌ چووه‌، بۆیه‌ ئه‌م قۆناغه‌ واده‌خوازێت و ئه‌وه‌شى كردۆته‌ بنه‌ماو چه‌سپاندویه‌تى كه‌ كۆمه‌ڵگاى نوێگه‌را پێویسته‌ ڕێز له‌ پاكوخاوێنى ژینگه‌ى مرۆڤایه‌تى بگرێت و هه‌ریه‌كه‌ به‌ قه‌واره‌ و گاریگه‌رى و ڕۆڵى خۆى هه‌ستێت به‌ پارێزگاریكردن و پاگڕاگرتنى ئه‌و ژینگه‌ مرۆڤایه‌تیه‌،چونكه‌ تا ژینگه‌ى زه‌وى پاك و خاوێن نه‌بێت و دوور نه‌بێت له‌ پیسوون و ژه‌هراویبوون ئه‌وا تاكى ساغڵه‌م و ته‌ندروستیش نایه‌ته‌ بوون.
چه‌ك و ڕۆكێت و ته‌قه‌مه‌نیه‌ سه‌ربازیه‌كان ئه‌وانه‌ى كه‌ هه‌ڵگرى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى نین ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو كاولكارى و زیان و مه‌ترسیه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام بڵاوبونه‌وه‌ى تیشكه‌ مه‌ترسیداره‌

 

• یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى سه‌ره‌كى بۆ پیسبوونى ژینگه‌ و مه‌ترسى گه‌وره‌ش دروستده‌كات بۆ سه‌ر ژیان و مان و بوونى ته‌نانه‌ت زینده‌وه‌ران و ڕوه‌ك و ئاژه‌ڵه‌كانیش جیا له‌ مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان و هۆكارێكه‌ كه‌ ڕێگرى لێناگیرێت و سنوره‌كان ناناسێت و هه‌موانیان تێده‌په‌ڕێنێت و ته‌نانه‌ت له‌ سنورى وڵاتانى ناوچه‌یه‌ك یان هه‌رێم و كیشوه‌رێكیشدا نامێنێته‌وه‌ به‌ڵكو  زۆر له‌وه‌ دوورتر ده‌ڕوات كه‌ مرۆڤ بیرى لێده‌كاته‌وه‌، وه‌كو چه‌كه‌ كوشنده‌ كیشوه‌ربڕه‌كان وایه‌ و ته‌نانه‌ت له‌وانیش مه‌ترسیدارتره‌، چونكه‌ چه‌ك و ڕۆكێت و ته‌قه‌مه‌نیه‌ سه‌ربازیه‌كان ئه‌وانه‌ى كه‌ هه‌ڵگرى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى نین ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو كاولكارى و زیان و مه‌ترسیه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام بڵاوبونه‌وه‌ى تیشكه‌ مه‌ترسیداره‌ ئه‌تۆمیه‌كان بۆ سه‌دان ساڵ و بگره‌ زیاتریش كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانى له‌سه‌ر ئاو و خاك و هه‌واى ناوچه‌ و هه‌رێم و كیشوه‌رێكیش به‌جێدێڵێت و كاریگه‌رى زۆر خراپتریش ده‌كاته‌ سه‌ر نه‌وه‌و وه‌چه‌كانى مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ڕوه‌كه‌كانیش.

• هه‌ربۆیه‌ ئه‌ركى وڵاتانى گه‌وره‌ى پیشه‌سازى و خاوه‌ن چه‌ك و بۆمبى ئه‌تۆمین كه‌ ڕێگه‌ بگرن له‌ زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ى چه‌كى ئه‌تۆمى و نه‌هێڵن بكه‌وێته‌ ده‌ست هه‌ر وڵات و سه‌ركرده‌ و ڕژێمێك كه‌ نرخى به‌ها به‌رزه‌كانى مرۆڤایه‌تى نازانن و ڕێزیان لێناگرن.
تازه‌ به‌تازه‌ ململانێ ناڕه‌واكانى ئه‌مریكا و ڕوسیا وه‌كو دوو زلهێزى بوارى چه‌ك و ڕۆكێتى بالیستى و مامناوه‌ند و مه‌ودا و ئه‌تۆمى كه‌وتونه‌ته‌ خۆ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ڕێكه‌وتنه‌كانى نێوانیان 

 

• به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تازه‌ به‌تازه‌ ململانێ ناڕه‌واكانى ئه‌مریكا و ڕوسیا وه‌كو دوو زلهێزى بوارى چه‌ك و ڕۆكێتى بالیستى و مامناوه‌ند و مه‌ودا و ئه‌تۆمى كه‌وتونه‌ته‌ خۆ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ڕێكه‌وتنه‌كانى نێوانیان بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ى چه‌كه‌  مه‌ترسیداره‌كان بۆ سه‌ر ژینگه‌ى گۆى زه‌وى و مرۆڤایه‌تیش به‌گشتى. هه‌ریه‌كه‌یان له‌هه‌وڵى داهێنان و دروستكردنى چه‌كى نوێى پڕ مه‌ترسیدان و گه‌ره‌كیشیانه‌ دابه‌شى بكه‌نه‌ سه‌ر وڵاتان و كیشوه‌ره‌كانى سه‌ر به‌ نفوز و خولگه‌ى خۆیان له‌ ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا و ئاسیادا.

• نوێترین نمونه‌ش بریتیه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى شكستخواردووى  ڕۆكێتێكى هه‌ڵگرى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى له‌لایه‌ن ڕوسیاوه‌ كه‌ بریتى بوه‌ له‌ هه‌ڵدانى ڕۆكێتێك له‌ جۆرى (( پۆریفیستنیك)).

• پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م جۆره‌ چه‌ك و ڕۆكێته‌ چیه‌؟ مه‌ترسی  و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانى چین بۆ سه‌ر ژینگه‌ و مرۆڤایه‌تیش؟

ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى حكومى ڕوسیا ڕایگه‌یاند ((ڕوساتۆم)) كه‌ شاره‌زاكان سه‌رقاڵى تاقیكردنه‌وه‌ى بزوێنه‌رى ڕۆكێتێكى ئه‌تۆمى بوون. له‌  به‌رامبه‌ر سه‌كۆیه‌ك له‌ ناوچه‌ى جه‌مسه‌رى باكور له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ سه‌ربازى و ده‌ریاییانه‌ى كه‌ ڕوسیا ئه‌نجامیان ده‌دات، له‌ئه‌نجامى ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا پێنج له‌ ئه‌ندازیاره‌ ئه‌تۆمیه‌كانى ڕووس بونه‌ قوربانى  و سێ ئه‌ندازیارى تریش له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن،له‌ئه‌نجامى ته‌قینه‌وه‌ى ئه‌و بزوێنه‌ره‌ له‌ شارى سارۆڤ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوورى 373 كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى شارى مۆسكۆى پایته‌خته‌وه‌،كه‌ كارگه‌یه‌كى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى جه‌نگى ڕوسیاى تیادایه‌. پێشتریش ڕوسیا  ڕۆكێتى جۆرى كرۆزى تاقیكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌وزه‌ى ئه‌تۆمى كارده‌كات و ناوى ((پۆریفیستنیك)) بوه‌.

ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌ سه‌رنه‌كه‌وتوه‌ كاره‌ساتێكى ئه‌تۆمى مه‌ترسیدارى لێكه‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا تیشكێكى ئه‌تۆمى بۆماوه‌ى 40 خوله‌ك لێ به‌رزبۆته‌وه‌ له‌ شارى سیفیرودفینسك كه‌ 40 كم له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى گۆڕه‌پانى تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌ دووره‌ له‌ نینوكاسا له‌ ده‌ریاى سپیدا.

لێپرسراوانى شاره‌كه‌ ده‌ڵێن كه‌ ئاستى تیشكه‌كان گه‌یشتۆته‌ 2 مایكرۆسیڤێرت له‌ كاتژمێرێكدا ((یه‌كه‌ى پێوانه‌ى بڕى تیشكدانه‌وه‌یه‌))،دواتر دابه‌زیوه‌ بۆ ئاستى ڕێگه‌پێدراو كه‌ بریتیه‌ له‌ 11ر0 مایكرۆسیڤێرت،هه‌ردووك ئاسته‌كه‌ به‌ بچووك داده‌نرێن و ناتوانن ببنه‌ هۆى نه‌خۆشى له‌ئه‌نجامى به‌ركه‌وتن به‌و تیشكدانه‌وه‌یه‌.

• به‌ڵام ئایا ئه‌م ڕاگه‌یاندن و گوتانه‌ تا چه‌ند ڕاستن؟ ئایا بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ى دانیشتوانى ناوچه‌كه‌یه‌ یان بۆ خۆده‌ربازكردنه‌ له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ژیان و پاكڕاگتنى ژینگه‌ى ناوچه‌كه‌یه‌؟

به‌ڵام شاره‌زا ڕوسى و ڕۆژئاواییه‌كان  ده‌ڵێن له‌ ڕاستیدا ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕۆكێتى 9 ئێم730 پۆریفیستنیك كه‌ به‌ڕوسى ماناى ((باڵنده‌ى نوئه‌ دێت كه‌ بچوكترین باڵنده‌ى ده‌ریاییه‌)).

پێشتریش سه‌رۆك پۆتین له‌ساڵى 2018دا و له‌به‌رده‌م په‌ڕله‌مانى وڵاته‌كه‌یدا باسى له‌م ڕۆكێته‌ كردبوو و په‌یمانى ناتۆش ده‌ڵێت ئه‌و ڕۆكێته‌ بریتیه‌ له‌ جۆرى ئێس ئێس سى-9 سكایفوڵ.
مه‌سه‌له‌ى خێرایى هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر كێشى ئه‌و سیسته‌مه‌دا، سه‌ره‌ڕاى مه‌ترسى ئه‌وه‌ى ئه‌م ڕۆكێته‌ بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ك بڕوات ئه‌وا پاشماوه‌ى تیشكى به‌جێده‌هێڵێت

 

مارك گالیۆتى، چاودێر و شیكه‌ره‌وه‌ى دیارى ڕوسیا ده‌ڵێت(( ئه‌م سیسته‌مى پاڵدانه‌ ئه‌تۆمیه‌ بریتیه‌ له‌ ئاڵنگاریه‌كى ته‌كنه‌لۆجى زۆر گه‌وره‌)).و زیاترى له‌سه‌ر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت (( مه‌سه‌له‌ى خێرایى هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر كێشى ئه‌و سیسته‌مه‌دا، سه‌ره‌ڕاى مه‌ترسى ئه‌وه‌ى ئه‌م ڕۆكێته‌ بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ك بڕوات ئه‌وا پاشماوه‌ى تیشكى به‌جێده‌هێڵێت)).و ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند كه‌(( ئه‌م پڕۆژه‌ى ڕۆكێته‌ له‌مێژه‌ له‌لایه‌ن ڕوسیه‌كانه‌وه‌ كارى بۆ ده‌كرێت و له‌ ئێستادا له‌سه‌ر ڕه‌فه‌كان ده‌رهێنراوه‌ و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و وه‌به‌رهێنانیان تیادا ئه‌نجام ده‌درێت)).

ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مى پاڵدانى ڕۆكێتیه‌(( سیسته‌مێكى دیاریكراو نیه‌ له‌ڕووى ماوه‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ى نیونوكاسا چه‌كێكى جیاوازتریشى له‌خۆگرتبێت كه‌ تواناى هه‌ڵگرتنى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمیشى هه‌یه‌)).

• جۆرى نوێ له‌ ڕۆكێتى كروز دوور مه‌ودا دژى پاپۆڕه‌كان كه‌ ناوده‌برێت به‌ زیركون،كه‌ به‌خێراییه‌ك ده‌ڕوات به‌رزتره‌ له‌ خێرایى ده‌نگ. به‌ 8 جار.به‌پێى وته‌ى سوپاى ڕوسیا.

• جۆرى نوێ له‌ دروستكراوه‌ بزوێنه‌ره‌كان له‌ژێر ئاودا كه‌ له‌ ژێر ده‌ریاییه‌وه‌ ده‌ته‌قێنرێن و پێى ده‌وترێت ((پۆسیدۆن)).

• چى ده‌زانرێت ده‌رباره‌ى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌؟

ڤالانتاین كۆستیۆكۆف،كه‌ فه‌رمانبه‌رێكى دیاره‌ له‌ ئاژانسى ڕۆساتۆم، ده‌ڵێت (( ئه‌و 5 ئه‌ندازیاره‌ى كه‌ بونه‌ قوربانى له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ 8 ئابى 2019دا ڕوویدا  و له‌ ئه‌نجامى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگرێكى له‌ناكاودا بوو له‌ ده‌سته‌بژێرى شاره‌زا و پاڵه‌وانه‌كان بوون كه‌ مه‌ترسیه‌كانیان تاقیكرده‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ى پێشتریشیان ئه‌نجامدابوو(( له‌ژێر دبارودۆخى زۆر سه‌خت و نائاساییدا)).

كۆستیۆكۆف سه‌نته‌ری سارۆفى ئه‌تۆمى به‌ڕێوه‌ ده‌بات،كه‌ بریتیه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى نهێنى له‌ قۆناغى جه‌نگى سارددا و به‌رپرسیاره‌ له‌ كۆگاى بۆمبه‌ هایدرۆجینیه‌ ڕوسیه‌كان.
كاتێك ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌شاره‌كه‌دا ڕوویدا خه‌ڵكى ڕوویانكرده‌ ده‌رمانخانه‌كان بۆ كڕینى حه‌بى یۆد، چونكه‌ حه‌بى یۆد له‌ یۆدى تیشكده‌ر مرۆڤ ده‌پارێزێت

 

كاتێك ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌شاره‌كه‌دا ڕوویدا خه‌ڵكى ڕوویانكرده‌ ده‌رمانخانه‌كان بۆ كڕینى حه‌بى یۆد، چونكه‌ حه‌بى یۆد له‌ یۆدى تیشكده‌ر مرۆڤ ده‌پارێزێت، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌كاتى ڕوودانى كاره‌ساتى ئه‌تۆمى بنكه‌ى چێرنۆبێل له‌ ساڵى 1986دا هه‌مان داواكارى له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ حه‌به‌ هه‌بوو بۆ خۆپاراستن.

ده‌سه‌ڵاتدارانى ڕوسیا پێش ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ناوچه‌كه‌یان خستبوه‌ ژێر چاودێریه‌كى وورد و قه‌ده‌غه‌كراوه‌وه‌،به‌ڵام له‌ دواى یه‌ك ڕۆژ له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ 9 ئابدا پاپۆرێكى ڕوسى له‌ ناوچه‌كه‌دا بینراوه‌ به‌پێى پێگه‌یه‌كى پسپۆڕى نه‌رویجی بۆ هه‌واڵى جه‌مسه‌رى باكور.ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و پاپۆڕه‌ كارى كردوه‌ بۆئه‌وه‌ى هه‌موو شوێنه‌وارێكى پیسبوون به‌ تیشك لاببات و تائێستا له‌كاركردن به‌رده‌وامه‌.ڕه‌نگه‌ ناوچه‌كه‌ به‌داخراوى بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سوته‌مه‌نیه‌ ژه‌هراویه‌كه‌ى ڕۆكێته‌كه‌ تێكه‌ڵ به‌ ئاوى ده‌ریاكه‌ نه‌بێت كه‌ ڕاوچیه‌كان كارى تیادا ده‌كه‌ن)).

• ئایا ڕۆكێتى بزوێنراوى ئه‌تۆمى ده‌بێته‌ داهێنان و گۆڕانێكى گه‌وره‌؟

مارك گالیۆتى ده‌ڵێت((گومانى زۆر هه‌یه‌ كه‌ ڕۆكێتى پۆریفیستنیك ڕووناكى ببینێت)) و ئاماژه‌شى به‌وه‌دا كه‌ ڕۆكێتێكى ترى نوێ كه‌ پێیده‌وترێت ((پۆلاڤا))(( بۆماوه‌ى چه‌ند ساڵێك تاقیكردنه‌وه‌كان له‌سه‌رى شكستیان هێناوه‌)).
هه‌ردوو ڕۆكێتى زیركۆن و پۆسیدۆن دوو پڕۆژه‌ى زۆر پێشكه‌وتوون،و پۆسیدۆن له‌ شێوه‌ى پاپۆرێكى بزوێنراودایه‌ كه‌ له‌دووره‌وه‌ ده‌بزوێنرێت

 

هه‌ردوو ڕۆكێتى زیركۆن و پۆسیدۆن دوو پڕۆژه‌ى زۆر پێشكه‌وتوون،و پۆسیدۆن له‌ شێوه‌ى پاپۆرێكى بزوێنراودایه‌ كه‌ له‌دووره‌وه‌ ده‌بزوێنرێت له‌ژێر ئاودا و تائێستا له‌ قۆناغى نمونه‌ى سه‌ره‌تاییدایه‌.ئه‌م ڕۆكێته‌ش چه‌كێكى كاولكاره‌  وبۆ به‌كارهێنان نه‌شیاوه‌ جگه‌ له‌ جه‌نگى ئه‌تۆمى سه‌رتاپاگیر.

• ئه‌م ڕۆكێته‌ى كه‌ ته‌قیه‌وه‌ و ناوى(( پۆریفیستنیك))بوو، له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌یه‌كى حكومه‌تى ڕوسیاوه‌ ((ڕوسیسكایا گازیتا))وه‌ پێش مانگێك به‌ ((چه‌كێكى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌))ناوده‌برا، هه‌روه‌ك چۆن نازیه‌كان به‌و ڕۆكێتانه‌یان ده‌وت كه‌ ده‌نران به‌ به‌ریتانیاوه‌ له‌ قۆناغى كۆتایى جه‌نگى جیهانى دووه‌مدا.هه‌مان ڕۆژنامه‌ ده‌ڵێت ئه‌م ڕۆكێته‌ تواناى فڕینى بۆماوه‌ى دوورودرێژ هه‌بوو هه‌روه‌ك چۆن تواناى خۆبه‌دوور گرتنیشى هه‌بوو له‌ به‌رگریه‌ ئاسمانیه‌كان، ئامانجه‌كه‌شى بریتى بوو له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر ژێرخانێك مابێت له‌ دواى لێدانى ڕۆكێتى بالیستى كیشوه‌ر بڕه‌كانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ى دوژمن به‌م ڕۆكێته‌ كاول و له‌ناوببرێت.

گالیۆتى ده‌ڵێت (( له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنانى ڕێكه‌وتنامه‌ى هێزه‌ ئه‌تۆمیه‌ مام ناوه‌نجیه‌كان، ئه‌مریكاش زیاتر تواناكانى چڕ ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پێشخستنى كۆگاكانى له‌ چه‌كه‌ مامناوه‌نجیه‌كان،كه‌ كارێكى پێویست نیه‌ له‌كاتى هه‌ڵایسانى جه‌نگى سه‌رتاپاگیریدا)).

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه‌(( ڕوسیا ده‌یه‌وێت ئه‌و چه‌كه‌ وه‌ده‌ستبهێنێت به‌هۆى مه‌ترسیه‌كانیشى  به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ توانا ئه‌تۆمى و سه‌ربازیه‌كانى وڵاتى چینیش)).

• به‌م شێوه‌یه‌ به‌كارهێنان و تاقیكردنه‌وه‌ و هه‌وڵى دروستكردنى جۆرى جیاواز و نوێتر له‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى پێشكه‌وتوو له‌لایه‌ن وڵاته‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ك ده‌بنه‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر زیاتر پیسبوونى ژینگه‌ى گۆى زه‌وى و كۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تى به‌گشتى و دروستبوونى مه‌ترسى له‌ناوچوون و ڕوودانى كاره‌سات  بۆ ئێستا و ئاینده‌ى نه‌وه‌كانى مرۆڤ و سه‌رجه‌م زینده‌وه‌رانیش.

جا گه‌ر به‌م شێوه‌ ناڕه‌وایه‌ پێشبڕكێ له‌نێوان زلهێزه‌ ئه‌تۆمیه‌كاندا به‌رده‌وام بێت له‌سایه‌ى سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌ و سه‌ركێشیه‌كانى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى  مه‌غرور و خۆبه‌زلزانى وه‌كو پۆتینى ڕوسیا و ترامپى ئه‌مریكاوه‌، ئه‌وا به‌دڵنیایى نه‌ك مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادیه‌كان و دیموكراسى و دادپه‌روه‌ریى ده‌خرێته‌ ژێر پێیه‌كانه‌وه‌ وه‌كو بنه‌ما مرۆڤایه‌تى و قۆناغى نوێگه‌رایى ،به‌ڵكو هیچ ڕێز و به‌هایه‌كیش بۆ بنه‌ما و دروشمى پاراستنى ژینگه‌ش نامێنێته‌وه‌ و مرۆڤ به‌ده‌ستى خۆى ئاینده‌ى مرۆڤایه‌تى ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و كاولكارى و كاره‌ساتى دڵته‌زێن ده‌خوڵقێنن له‌جیاتى داهێنان و پێشكه‌وتنه‌ ئه‌رێنیه‌كان.بۆیه‌ گه‌ر ئه‌م پێشبڕكێ ناڕه‌وایانه‌ به‌رده‌وام بن ئه‌وا به‌دڵنیایى ئاینده‌یه‌كى تاریك و ناڕۆشن و كاولكارى و ماڵوێرانیه‌كى سه‌رتاپاگیرى گۆى زه‌وى چاوه‌ڕوانى مرۆڤایه‌تى ده‌كات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP