٧٣ ساڵ لە مێژووی پارتی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

بەهادین نوری - 19-08-2019 - 7467 جار خوێندراوەتەوە


پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦-٨ دا حەفتاو سێهەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی تێپەراند. بەم بۆنەیەوە پیروزبای گەرم ئاراستەی هەموو خوشك و برایانی پارتی دەکەم لەسەرەوە تاخوارەوەیان لەکاروباری چاکسازی راستەقینەی سیاسی و رێخراوەیی لەحیزبەکاندا، بۆدیمکراتیزەو ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەیداهاتوودا. خۆزگە برایانی پارتی خۆیان دەستپێشکەریان بکردایە هەڵسانگاندنێکی بابەتیانەی کاروانی ۷۳ ساڵەی حیزبەکەیان بکردایە، بەباش وخراپی ئیشەکانیانەوە. ئەمەبکەن پارتی قازانج دەکات نەیکەن بە پێچەوانەوە.
ئەگەر خۆیان خاڵی لاوازی هەڵەکانیان باس بکەن ئەوە ئەزمونێکی دەوڵەمەندتریان پێدەبەخشێ و شانسی سەرکەوتنیان زیاتر دەکات

 

ئەگەر خۆیان خاڵی لاوازی هەڵەکانیان باس بکەن ئەوە ئەزمونێکی دەوڵەمەندتریان پێدەبەخشێ و شانسی سەرکەوتنیان زیاتر دەکات من وەکو یەکێ لە سیاسە بەساڵاچووەکنی ئەم وڵاتە کە لەڕۆژی دامەزراندنی پارتیدا بەرلە ۷۳ ساڵ، تەمەنی ۱۹ ساڵیم تێپەراندبوو، لە گێژاوی سیاسەت و حیزبایەتیدا بووم وهەرلەو ڕۆژانەشدا بەیانی دامەزراندنی پارتیم خوێندەوە، کە لە سەرتاوە بەناوی (رزگاری) یەوە بوو، دواتر کردیان بە (حزبی دیموکراتی کورد )، ڕێگە بەخۆم دەدەم کورتە هەڵسەنگاندێ بۆ مێژووئ ئەم ۷۳ ساڵەی پارتی پێشکەشکەم بەخوێنەران، پێشەکی دەزانم کە زۆر لەبرایانی پارتی پێیانوایە کەڕقوکینەی شەخسی لەپشتی نووسینەکانمەوە بوو دژ بە پارتی.
من نەبووم کە ڕق وکینەی شەخسی پاڵیپێوە نابم بنوسم دژ بەهیچ حیزبێ یان بەرپرسێ، بەر لە ٣٦ ساڵ حشعم جێهیشت و بەدرێژای ئەم ساڵانە وتارو رونکردنەوەم دژ بە کۆچکردو عزیز محمد و بەرپرسانی حشع نوسیوە وهەر دەشنووسم چونکە ئەوان بەرپرسیارن لە تێشکانی حشع لە عیراقدا

 

ئەمەش بۆچونێکی هەڵەیە لەوبرایانەوە، ئەوە من نەبووم کە ڕق وکینەی شەخسی پاڵیپێوە نابم بنوسم دژ بەهیچ حیزبێ یان بەرپرسێ، من بەر لە ٣٦ ساڵ حشعم جێهیشت و بەدرێژای ئەم ساڵانە وتارو رونکردنەوەم دژ بە کۆچکردو عزیز محمد و بەرپرسانی حشع نوسیوە وهەر دەشنووسم چونکە ئەوان بەرپرسیارن لە تێشکانی حشع لە عیراقدا، بەرپرسیارن لەو بەرە کلکایەتیەی لە حەفتاکاندا گرێیاندا لەگەڵ حزبی بەعسی فاشی، بەرپرسیارن لە راپێچی شیوعیەکان بۆ دۆخی شەڕی برا کوژی هەرێم لە هەشتاکاندا چونکە بەرەسمی هیچ ئیدانەیەك نەکراون، هەر بەقارەمانانی حشع دەژمێردرێن و بەکردەوەش کۆچکردو عزیز محمد حشع ی کرد بەقورداو تائێستەش برینەکانی خوێنیان لێ دەتکێ. بەهەمان شێوە دەبێ قسە لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبە قەومیەکانیش بکرێن کە شانسی زێرینیان بۆهەڵکەوتوە ۲۸ ساڵ حوکمرانی وڵاتەکەیان بن و ئەگەر لێزانانە و دیمکراسیانە حکومیان بکردایە ئێستە ئەم میللتە لە حاڵێکی تەواو جیاوازدا دە بوو ، بەڵام ئەوەی هەموان دەبینین ئەم هەموو کێشەو نەهامەتیە یە کە پاش ۲۸ ساڵ لە حوکمرانی حیزبە نەتەوەییەکانی کوردستان ئەم میللتە داماوەی تێدا دەژی.
ئاشکرایە کە هەڵەی ئەمڕۆی هەر حیزبێ پێوەندیدارە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، بەکاروکرداری ڕۆژانی پێشتریەوە، ڕەگ و ڕیشەی ئەم هەڵەگەورە و کوشندانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ٢٨ ساڵی حوکمڕانیاندا

 

ئاشکرایە کە هەڵەی ئەمڕۆی هەر حیزبێ پێوەندیدارە، بە شێوەیک لە شێوەکان، بەکاروکرداری ڕۆژانی پێشتریەوە، ڕەگ و ڕیشەی ئەم هەڵەگەورە و کوشندانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ٢٨ ساڵی حوکمڕانیاندا، بەڵکو لە ساڵانی پێشتریشدا، دانەبڕدراوە لە کار و کرداری پێشویان، لەبەر ئەوە بە باشی دەزانم، لە ساڵیادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا، داوا لە پارتی و هەموو حیزبەکانیتریش بکەم کە مێژووی خۆیان هەڵسەنگێنن و هەڵە و ساتمەکانی ڕابودوویان دەستنیشان بکەن و دەرسی ڕاستەقینەیان لێوەرگرن.

من بە کورتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەڵەگەورە کوشندەکانی پارتی و هێندێ حیزبی دیکەش دەکەم لە ڕوانگەی خۆمەوە:

١- لەساڵی ١٩٦١دا پارتی ( کە ئەوکاتە یەک حیزب بوو، بەڵام بوو بوو بە دووباڵ، باڵی سەرۆکی حیزب مستەفا بەرزانی+ باڵی مەکتەبی سیاسی کە برایم ئەحمەد سکرتێری بوو) بە هەردوو باڵەکەیەوە کەوتە یەکەم هەڵەی کوشندەی خۆی کە برێتی بوو لە هەڵگرتنی چەک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی عبدالکریم قاسم و تۆڵەسەندن لە شۆڕشی ١٤ تەموزی ١٩٥٨، ئەم چەک هەڵگرتنەی پارتی برێتی بوو لە کەوتنە نێوداوی هەواڵگری بەریتانی کە ڕێکەوتبوو لەگەڵ هەواڵگری ئەمریکا و ڕژێمی قەومی عبدالناسر و حیزبی بەعسی فاشی عێراق و کۆمەڵێ لە گەورە ئەفسەرانی سوپای عێراق بوو ڕووخاندنی یەکەم دەسەڵاتی نیشتمانی سەربەخۆی عێراق لە مێژووی ئەم وڵاتەدا.

ئەوەی ئەم هەڵەیەی پارتی کاراتر کرد ئەوە بوو کە دواتر پارتی ڕێکەوتنێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەعس واژۆکرد سەبارەت بە کودەتای شوباتی ١٩٦٣.

ئەوەی شایەنی باسە مسعود بارزانی لە کتێبەکەی خۆیدا باسی ئەم هەڵەیەی کردووە داوای لێبوردنی کردووە لە قاسمیەکان و میللەتی عێراق، من لەو بڕوایەدام کە ئەگەر پارتی تێهەڵکێشی پڕۆژەی ڕووخاندنی ڕژێمی قاسم نەبوایە شانسی سەرکەوتنی ئەوپرۆژەیە زۆر کەمتر دەبوو.

داڕمانی خەباتی چەکداری کورد لە ساڵی 1975دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەموو کار و باری شۆڕشەکە، لە سیاسی و دارایی و سەربازی و ئیداری و ...هتد چڕکرابوو لەدەستی یەک کەسدا 

 

٢- هەڵەی ئاشبەتاڵی ئازاری ١٩٧٥ کە پارتی لە لووتکەی هێزو توانای خۆیدا، بە درێژایی هەموو مێژووی خۆی، خەباتی چەکداری کورد داڕما لە کوتوپڕێکدا، ئەم شێوەیەش لە داڕمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە هەموو کار و باری شۆڕشەکە ، لە سیاسی و دارایی و سەربازی و ئیداری و ...هتد چڕکرابوو لەدەستی یەک کەسدا ( مستەفا بەرزانی ) و ئەو کەسەش ڕیشی خۆی دابوە دەستی شای ئێران، بەیەک وشەی شا کەوتی ( ئیتر یارمەتیتان نادەین) مەلا مستەفا ڕووخاو شۆڕشیش هەمووی لەگەڵیدا ڕووخا، بۆ ئاگاداری لەو کاتەدا– بەقسەی د.محمود عوسمان – سەرکردایەتی پارتی خاوەنی ٥٣ ملیۆن دیناری عێراقی بوو کە دەیکردە زێتر لە ١٥٠ ملیون دۆلار.

کە شیوعیەکانی هەرێمیش داوایان لە سەرکردایەتی حشع کرد: ( بالوولەی چەکەکانمان وەرگیڕین دژ بە ڕژێمی بەعس و بەرگری لەمافی ڕەوای میللەتەکەمان بکەین)، عزیز محمد و زکی خێری و باقڕ ئیبراهیم وەڵامیان دانەوە : ( دەبێ خۆشحاڵی خۆمان دەربڕین بەسەرکەوتنی ڕژێمی پێشکەوتنخوازی بەعس بەسەر جێبی عمیلدا )!!.
لە ڕووی ئەخلاقیەوە جورئەتێکی زۆری دەوێ بۆ مرۆڤ کە پاش ٣٥ ساڵ چەکهەڵگرتن و شەڕ دژی سەدام لە پڕ، بەچرکەیەک، ڕێکەوێت لەگەڵ ئەو دوژمنە نەگریسە و چەکدارەکانی خۆی بخاتە نێو تانک و زرێپۆشی ئەو دوژمنە 

 

سێیەم: ئابڕوچوونی ٣١ ئابی ١٩٩٦، نامەوێ زۆر لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم، بەڵام لە ڕووی ئەخلاقیەوە جورئەتێکی زۆری دەوێ بۆ مرۆڤ کە پاش ٣٥ ساڵ چەکهەڵگرتن و شەڕ دژی سەدام لە پڕ، بەچرکەیەک، ڕێکەوێت لەگەڵ ئەو دوژمنە نەگریسە و چەکدارەکانی خۆی بخاتە نێو تانک و زرێپۆشی ئەو دوژمنە خوێنڕێژە و هێرش بکاتە سەر شاری هەولێر!.
 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەنامەیەک داوای لە تاڵەبانی کرد شەڕەکە بوەستێنێ و بگەڕێتەوە جێگای پێشووی. تاڵەبانی ئەوداوایەی ڕەفز کرد

 

خەتای ئەم قەباحەتە بەتەنیا ناکەوێتە ئەستۆی بارزانی، بەڵکو تاڵەبانیش بەشدارە تێدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەنامەیەک داوای لە تاڵەبانی کرد شەڕەکە بوەستێنێ و بگەڕێتەوە جێگای پێشووی. تاڵەبانی ئەوداوایەی ڕەفز کرد، بەنامەیەک، وتی: ئەمە هەست و خواستی جەماوەرە و ئێمە ناتوانین هیچ بکەین. ئەمجا ئەمریکیەکان، لە ڕێگەی سەرەکوەزیرانی تورکیا تانسۆ چیلەرەوە، ئیعازیان دا بە سەدام تایارمەتی مسعود بدات بۆ گرتنی هەولێر. سەدامیش خوا خوای شتێکی وایبوو !!.

چوارەم: شەڕی برا کوژی

 ئەم شەڕە لە نێوان هەردوو باڵەکەی پارتیدا، لە ١٩٦٤وە دەستی پێکرد و هەتا ١٩٩٧ بەردەوامبوو، شەڕی برا کوژی گەورە ترین هەڵەی پارتی و یەکێتی بوو، بوو بە هۆکاری کوشت و بڕی دەیەها هەزار گەنجی کورد، بە هەتیوکردنی دەیەها هەزار منداڵ، سەرگەردانی و دەربەدەری و برسێتی هەزاران خێزان، دروستکردنی دوئیدارەیی، دومیلیشیای حیزبی لە باتی سوپایەکی نیشتمانی، دودەزگای پۆلیس و ئاسایش، دوسیستەمی بانکی ...هتد. لەگەڵ ئەوەش کە شەڕ ٢٢ ساڵە وەستاوە هەتا ئەم چرکەیەش ئاسەواری زۆری هەرماوە، دوئیدارەیی هەرماوە بەکردەوە. لێپرسینەوەش لەگەڵ کەس نەکرا لەسەر ئەم هەموو خوێنڕشتن و وێرانکاریە، لەسەر خوێنی ئەو هەمووەکە بە خۆڕایی کوژران.

پێنجەم: ڕیفراندۆمە کارەساتەکەی ئەیلولی ٢٠١٧.

ئێوە، برادەرینە، ئەم ڕیفراندۆمە ناوەختەتان بۆچی کرد؟ ئاخر ئەوەتان لەبیرچوو کە لە ١٩٦١ بوون بە تەڵەی هەواڵگری بەریتانیاوە بە هەڵگرتنی چەک دژی ڕژێمی عبدالکریم قاسم، بوون بە بەشێ لە نەخشەی ئیمپرالیستی – قەومی – بەعسی بۆ ڕووخانی ڕژێمی قاسم و سەرخستنی کودەتا فاشیەکەی شوباتی ١٩٦٣؟ ئەوەتان لە بیرچوو کە پاش دەیەها ساڵ لە خەباتی بزوتنەوەی چەکداری، کورد لە ١٩٨٨ گەیشت بەچی و ئەنفال و کیمیاباران و ڕووخاندی چوار هەزار گوند چی لەم وڵاتە کرد و ئەگەر سەدام ئەو بێ ئەقڵێەی نەکردایە، ئەگەر دەستی بۆ بڤەی کوێت نەبردایە، ئێستەش هەرێم هەر بە دەستی سەدام و عودەییەوە دەبوو؟ دەست درێژی داعش هەلێکی زێڕینی خستە دەستی ئێوە کە چەکدارەکانتان بنێرنە ناوچە کێشە لەسەرەکان کە پێشتر لەدەستی ئیدارەی عێراقدابوو.

ئەمەش وەزعێکی گونجاوی ڕەخساند بۆ جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠) لە دەستووری عێراق، ئاخر بۆچی ئەوهەلەتان لە کیسداو کردتانە قوربانی ڕیفراندۆمەکارەساتەکە ؟ بۆچی گوێتان لە هاوار و ڕجا و تکای ئێمەومانانتان نەگرت کە وتمان: ئێستە کاتی ئەو ڕیفراندۆمە ناوەختە نیە، ئەمە بە کارەسات کۆتایی دێت؟ بۆچی گوێتان لە هیچ شەخسێ  هیچ حیزبی، هیچ دەولەتی، لە ئەمریکا، ئەوروپا، ڕوسیا، چین، ئێران، تورکیا ...هتد ، نەگرت و بەقسەی کەستان نەکرد؟ بە هەموو پێوەرێکی لۆژیکی سەرانی پارتی و یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی، بەرلەهەموان سەرۆکی پارتی مسعود بەرزانی، بەرپرسیارن لەو هەڵە گەورە کوشندەیە کە هەرگیز برینەکەی ساڕێژناکرێتەوە.

ئێوە دەزانن، برادەرینە، کەباجی زۆر قورسی ئەوهەڵە کوشندەیە کەوتۆتە ئەستۆی میللەتی کورد، ئەستۆی کوردەکانی کرکوک و شنگال و مەخمور و خانەقین و هەموو جێگەکانی تریش.. ئێوە کە ئەندازیاری ڕیفراندۆمەکە بوون لەسەر کورسیەکانی خۆتان دانیشتوون و نە بای هێناوە نە باران !!

لە باتی ئەوە بڵێن: ( ئێمە هەڵە بووین، دوای لێبوردن لە میللەتەکەمان دەکەین)، لەباتی بڵێن: ئێمە پاش ئەم هەڵە گەورانەی تێیکەوتین بڕیاری دەستلەکار کێشانەوەمان دا، لەباتی هەمووشتێ کارەساتی ڕیفراندۆم لە دو وشەدا کورتدەکەنەوە، دەڵێن: ( خۆ کفرمان نەکرد، ڕیفراندۆمان کرد )!!.

ئێمە باس لە ٧٣ ساڵەی مێژووی پ . د . ک دەکەین کە، بە ویژدانم مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیە، کە هەزاران قوربانی تێدا دراوە لە شه هید و بریندار و دەربەدەر و ماڵوێران.. بەڵام ئەمە دیوێکی پرسەکەیە . من قسە لەسەر دیوەکەیتری دەکەم: ئایا ئێوە بە پێویستی نازانن پاش تێپەڕاندنی ٧٣ ساڵ لە تەمەنی پارتی، پاش ئەم هەموو سەرکەوتن و ژێرکەوتنە و تێشکاندنە گەورانە، پاش ئەم ٧٣ ساڵەی کە دەسەڵاتی هەرێمتان تێدا چڕکردووە بە شێوەیەکی زەقی خێڵەکیانەو، لە دەستی بنەماڵەی خۆتاندا، بێگوێدانە ئەوەی کە جیهانی ئەمڕۆ جیهانی گڵۆباڵ و ئینتەرنێتە..هتد، پاش ئەم ٧٣ ساڵە دەتوانن هەڵسەنگاندنێکی زانستیانە و بابەتیانە لە مێژووی حیزبەکەتان بڵاو بکەنەوە؟ دەوێرن باسی ئەو هەموو گەندەڵکاریە بکەن کە لە سەردەمی حوکمڕانی ئێوەدا ڕوویداوە، کێ کردی؟ بۆ ڕێگەی لێنەگیرا؟ کێ سزا درا؟ ئەی بۆ چی لەم ٢٨ ساڵەدا هیچ شەفافیەتێ لە بووجەدا نەبوە ؟ بۆچی کەس نەیزانیوە و تا ئێستەش کەس نازانێ، بە تایبەتی لە فایلی نەوتدا ، چەند بەرهەم هێنراوە و بە چەند فرۆشراوە و پارەکەی کوا ؟.

ئەی لە ٢٨ ساڵی حوکمڕانیدا دەسەڵاتداران چیانکرد بۆ دیموکراتیزەی هەرێم؟ بۆچی دیموکراسی نیە بەتایبەتی لەناوچەی دەسەڵاتی پارتی؟.

ئەی قەرزی پاشەکەوتی مووچە خۆران کەی و چۆن دەدرێتەوە؟ 

گەلێ پرسیاری دیکەیش هەیە کە ئەم خەڵکە چاوەڕوانی وەڵامن لە برایانی پارتی.
 
جارێکی تریش لەگەڵ ڕێز و سڵاو بۆ برایانی پارتی لە ٧٣ ساڵیادی حیزبەکەیاندا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP