بەپەلە

داڕوخانی بەشێ لەگوتاری ئاینی لەکوردستاندا

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌ - 18-08-2019 - 1598 جار خوێندراوەتەوە

هێرشی توند و بەزمانێکی یەکجار نزمی مامۆستایەکی ئاینی بۆ  سەر مامۆستایەکی ترو خانمێکی گۆرانیبێژ، کە تەنها نمونەیەکە لەوەی لەبەشێ لەناوەندە ئاینیەکەدا و بەتایبەتیش ئەوبەشەی کاریگەرە بە سەلەفیەت ڕوودەدات، ئاماژەیە بەئەو داڕووخاوی و قەیرانە قوڵەی  بەشێ لەم گوتارە بەدەستیەوە دەناڵێنێ، ناوەڕۆکی ئەم گوتارە، بەڕوونی کاریگەری ڕەوتێکی بیابانگەرایی عەرەبی لەتێگەیشتنی ئیسلامی پێوە دیارە، هەربۆیە زمانی دەربڕین و گەیاندنیشی ڕەنگدانەوەی ڕووە دواکەوتوو خراپەکەی خێڵەو ڕەچاوی سەرەتا دینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان ناکات.
گوتارەکە گەرچی بەناوی دینەوە پێشکەش دەکرێت، لەجەوهەردا نادینی یە لەبەرئەوەی لەدوورو نزیکەوە پەیوەندی بەو شێوازانەوە نیە 

 

ئەوەش دەیسەلمێنێت، کە گوتارەکە گەرچی بەناوی دینەوە پێشکەش دەکرێت، لەجەوهەردا نادینی یە لەبەرئەوەی لەدوورو نزیکەوە پەیوەندی بەو شێوازانەوە نیە قورئان  بۆ بانگەشەکردنی خەڵکانی ناموسوڵمان دەستنیشانی کردوە و دانی پێدا ناون، کە لە (الحکمه‌، الموعڤه‌ الحسنه‌ وجدال بالتی هی احسن) دا بەرجەستە دەبن، چجای دواندنی موسڵمانێ با تۆ بەگوناهباریشی بزانی. 
ئەم گوتارە جگە لەنامۆبوونی بە چەندان دەقی دینی، بەتەواوەتیش لەوگوتارە ئیسلامیە کوردییە خۆماڵیە نامۆیە

 

ئەم گوتارە جگە لەنامۆبوونی بە چەندان دەقی دینی، بەتەواوەتیش لەوگوتارە ئیسلامیە کوردییە خۆماڵیە نامۆیە، کە لەمێژوودا دەربڕی کارلێکی کورد لەگەڵ ئیسلام ئەو میانەڕەوی و لێبوردەییە ئایینی و کۆمەڵایەتیە جوانەیە لێی کەوتۆتەوە، کە مامۆستا فاتیح شارستێنی_ لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ هەموو ئەوشتانەدانین دەیانڵێت_یەکێ لەو خەتیب و بانگخوازانەیە سەربەم قوتابخانە دیندارییە کوردەواریە جوانەیە و بۆن و بەرامەی ئەوی لێ دێت و شایستەی ڕێزگرتنە و هێرشکردنە سەری بەو جۆرە تاوانێکی دینی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە.
ئەم گوتارە بەو ئەندازەی دژ بە کۆمەڵگەو هەموو ئەوکەس و ناوەندانەیە بەئامانجیان دەگرێت، دژ بەخودی دین و بانگەشە ئیسلامیەکەشە لەکۆمەڵدا

 

ئەم گوتارە بەو ئەندازەی دژ بە کۆمەڵگەو هەموو ئەوکەس و ناوەندانەیە بەئامانجیان دەگرێت، دژ بەخودی دین و بانگەشە ئیسلامیەکەشە لەکۆمەڵدا، چونکە دەچێتە خزمەت زیاتر بەدبینکردنی بەشێ لەنەوەی نوێ بەرامبەر بەئاین و بیانووش بەدەست هەندێ کەسەوە دەدات، بۆ پەلاماردانی ئیسلام و کۆی ئەو چالاکی و هەوڵانەش بەناوی بوژانەوەی بەها ئیسلامیەکانەوە دەیانەوێت خزمەت بەڕووە ئیسلامی و ڕووحی و ئەخلاقیەکەی کۆمەڵگە بکەن.

لەڕوویەکی ترەوە جگە لەوەی سیمایەکی دژە ئازادی، وەك مەعروفێکی سەردەم بەگوتاری بانگخوازی و دینی دەبەخشێت، لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی داڕووخانی بەشێ لە زمانی  سۆشیال میدییاش ببێتەوە، کە داڕووخاویی سیاسەت لەقۆناغی ڕابردوودا خوڵقاندویەتی، هەمان شێواز بەناوی ئاینەوە دووبارە دەکاتەوە!! کە ئەوەش تاوانەکەی چەند قاتە، چونکە خراپەیەکە لەژێر بەرگی پیرۆزیدا ئەنجام دەدرێت، جۆرێ لە ڕەوایەتی پێدانی ئاینیش بەو زمانە نەشیاوەی سۆشیال میدیا کە ئاماژەمان پێکرد دەبەخشێت! لەکاتێکدا ئاین دەبێت وەك سەرچاوەیەکی ئیدانەکردن و ئیسڵاحیی هەمییشەیی کردەو شێوازە نائەخلاقیەکان بمێنێتەوە.
ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین پڕە لە ڕق و خۆپەرستی و شەڕو نائومێدی، ڕۆڵی ئاین بانگەشە بۆ شەڕو زبری و کینەو هەست بریندارکردن و سەپاندنی فۆڕمێ لەژیانی کۆمەڵایەتی مێژوویی نیە

 

ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین پڕە لە ڕق و خۆپەرستی و شەڕو نائومێدی، ڕۆڵی ئاین بانگەشە بۆ شەڕو زبری و کینەو هەست بریندارکردن و سەپاندنی فۆڕمێ لەژیانی کۆمەڵایەتی مێژوویی نیە، کە لە مێژوشدا پانتاییەکی مێژوویی کەمی بەردەکەوێت، وەزیفەی ئاین شەکەتی دەرکردنی مرۆڤی ماندووی سەردەم و بەخشینەوەی ڕێزو سۆز و خۆشەویستی و گیانی فرەیی یە، کەمکردنەوەیە لە گرژی و کێشەکان، نیشاندانی ئاسۆی لێخۆشبوونی بێ سنوری خواییە بۆ گوناهکاران.

نەك لەمیانەی ڕەفتارێکەوە کە تۆ بەگوناهی دەزانی یاخود هەر لەبنەڕەتدا گوناهە، حوکم بەسەر ئاین و کۆی کەسێتی و دنیاو قیامەتی مرۆڤێکدا بدەی!! وەك ئەو مامۆسایە بەرامبەر ئەو خانمەو تەنانەت مامۆستا فاتیحی بانگخوازدا کردوویەتی. 
لەگەڵ ئەوەشدا کە داوای لێبوردنی مامۆستاکە و پەشیمان بوونەوەی لەهەندێ دەستەواژەی و داننانی بەنەشیاو بوونیان لەڕووی شەرعی و کۆمەڵایەتیەوە شتێکی باشە

 

لەگەڵ ئەوەشدا کە داوای لێبوردنی مامۆستاکە و پەشیمان بوونەوەی لەهەندێ دەستەواژەی و داننانی بەنەشیاو بوونیان لەڕووی شەرعی و کۆمەڵایەتیەوە شتێکی باشە وەدەکرێت خاوەن مافەکان لەو کەیسەدا قبووڵی بکەن، مەسەلەکە بەمە کۆتایی نایەت و ناشبێت کۆتایی بێت، چونکە کێشەکە ڕووداوێکی دابڕاوو تێپەڕنیە، بەڵکو ئاماژەیە بەکێشەیەکی گەورەتر و ڕێبازێکە لە تێگەیشتن لە دین و شێوازێکە بۆ تێگەیشتنی ئیسلام و گەیاندن و پیادەکردنی و چەندان مامۆستاو خەڵکی جۆراوجۆر لە پشتیەوەتی و بۆ بەدبەختیش لەساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتیش پشتیوانی کردووە!! هەندێ ڕێوشوێنی ڕواڵەتی بەرامبەر هەندێکیشان بووە بە میکانیزمێ بۆ بە ئەستێرە بوونیان و کردنیان بەپاڵەوانی شاشەو سۆشیال میدیا، کە فیتنەیەکی ڕاستەقینەو سەرچاوەو هۆکارێکی سەردەمیانەی  لەڕێ لادان و شێواندنی بەشێ لەگوتاری بانگخوازی یە.

وەناتوانین دڵنیابین لەوەی بەشێ نەبێت لەهەمان پشتیوانی پێشوو بەجۆرێکی تر، بەگشتیش لەبەرئەوەی هەر وەك وتمان ئەمە قوتابخانەیە، ڕەوت و دیاردەیە، وەلەهەمانکاتدا مەترسیە بۆ سەر ڕۆحی ئیسلام و دینداریی کوردەواری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی توندوتیژی لەداهاتوودا، پێویستە  ببێتە جێگەی بایەخ و قسە لەسەرکردنی ناوەندە ئیسلامی و زانایی و فیکرییەکەی کوردستان، چونکە بەجێهێشتنی بێ ڕەخنە لێگرتن و لەسەروەستان و ڕاوەستاندنی فیکریی و زانستی، مەترسیەکانی چەندقات دەکاتەوەو چارەسەرەکانیش قورستر دەبن. 
لێپرسراوێتی بەشێ لەوەی لەم  ڕوەوە ڕوودەدات ڕوودەکاتە ئیسلامیەکان و بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەلەڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوی لەپاشەکشەکردن بەوگوتارە هەبووە

 

ماوەتەوە بڵێین لێپرسراوێتی بەشێ لەوەی لەم  ڕوەوە ڕوودەدات ڕوودەکاتە ئیسلامیەکان و بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەلەڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوی لەپاشەکشەکردن بەوگوتارە هەبووە، لەوسۆنگەوەکە بەهۆی درێژەدانیان بەشێوازێکی چەقبەستوو لەکارکرندا، وەبەکارهێنانی بانگەوازو بانگخوازان و ئیستهلاککردنیان وەك ئامراز بۆ سیاسەتێکی شکستخواردوو، وەبەپاشکۆ مانەوەی بانگەواز بۆکاری حیزبی و سیاسی و سەربەخۆنەکردن و ئەولەویەت پێنەدانی، وەڕانەماڵینی پاشماوەکانی هەندێ ڕوواڵەتی سەلەفیەت لەناو خۆیانداو درێژەدان بە پێشکەشکردنی بانگەوازو بابەتی ڕوحی لەبەرگی حیزبدا  و نوێ نەکردنەوەی زمان و شێوازو میکانیزمەکان، کە مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردستان تێی پەڕاندووەو کاریگەری بۆنزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە، بۆشاییەکی ڕاستەقینەیان دروست کردووە، بەشێکی بەرچاوی بۆشاییەکەش لەلایەن کۆمەڵێ بانگخوازو پڕکراوەتەوە ، کەهەڵگری گوتارێکی دینی وشك و توندن.

لەڕووی فکریشەوە جگە لە هەندێ دەنگی تاکەکەسی سنوردا ڕۆڵێکی وایان لەڕەخنەلێگردتنی ئەم فیکرو گوتارەدا نیە، بەڵکو هەندێ جار موجامەلە دەکەن و تەنانەت بەداخێکی زۆرەوە لەهەندێ ڕووی فکرییەوە خەریکە پاشەکشە لەبەشێ لەو دەستکەوتە فیکریانەش دەکەن، کەلەقۆناغی ڕابردوودا بەدەست هاتوون ؟!.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP