گه‌نده‌ڵى وه‌ك دێوەزمه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م كابینه‌ى نوێی حكومه‌تدا

عومەر عەلی محەمەد - 16-08-2019 - 1017 جار خوێندراوەتەوە

 

له‌ ئێستادا به‌پێى راى زۆرینه‌ى سیاسیه‌كان و ئه‌كادیمیه‌كان و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان گرنگترین مه‌ترسیه‌ك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى و بوارى گه‌شه‌پێدانى هه‌مه‌لایه‌نه‌ ده‌كات له‌ هه‌رێمى كوردستان بریتیه‌ له‌ پرسی گه‌نده‌ڵى، چونكه‌ له‌ ئێستادا ئه‌مه‌ بوه‌ته‌ هۆى په‌كخستنى زۆرینه‌ى چالاكیه‌كان له‌ بوارى خزمه‌تگوزارى و به‌مه‌ش ئه‌ركى سه‌رشانى هاوڵاتى چه‌ند هێنده‌ بوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌مانكاتدا هۆكارێكه‌ بۆ قوربانى زیاتر به‌تایبه‌تى به‌هۆى گه‌نده‌ڵى له‌ بوارى كه‌رتى ته‌ندروستى و رێگاوبان و وه‌زاره‌تى بازرگانى به‌هۆى هێنانى خۆراك و ده‌رمانى به‌سه‌رچوو، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر بوارێكى گشتى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ كه‌رته‌كانى په‌روه‌رده‌دا كه‌ ئاستى گه‌شه‌ى زانستى و په‌روه‌رده‌ى تاكه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیار، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى بوارى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ كه‌ به‌هۆى یه‌ك نه‌بوونیان و ده‌رنه‌كه‌وتنیان وه‌ك هێزێكى نیشتمانى به‌رده‌وام خه‌ڵك مه‌ترسى دروست بوونى شه‌ڕى ناوخۆو دوو ئیداره‌یى ده‌كاته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ خراپترین شوێنكاره‌كانى گه‌نده‌ڵى كه‌ به‌ درێژایى 28 ساڵى رابردوو درێژه‌ى هه‌بووه‌و ئێستاش له‌ مه‌ترسیدارترین قۆناغیایه‌تى بریتیه‌ له‌ گه‌وره‌بوونى بۆشایى له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ له‌گه‌لأ هاوڵاتیدا، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ وایكردووه‌ خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دابڕانێك له‌گه‌لأ پارته‌ سیاسیه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نیش دروست بكات، ئه‌مه‌ نه‌ك ته‌نها پارته‌ سیاسیه‌كان و رێكخراوه‌كانى سه‌ربه‌ ده‌سه‌ڵاتى گرتۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ئێستادا پارته‌ ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوه‌كانیشى گرتۆته‌وه‌ ،به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌گشتى له‌ دوایه‌مین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌ماندا كه‌مترین ده‌نگیان هێناو له‌ ئێستاشدا جوڵاندنى شه‌قامیان له‌ده‌ستداوه‌ بۆ هه‌ر ئامانجێك بێت.

هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا زۆرینه‌یان بێ هیوان، كه‌مترین بڕوایان به‌ هه‌ڵبژاردن و كارى سیاسى و حیزبایه‌تى هه‌یه‌، زۆرینه‌یان له‌و بڕوایه‌دانین كه‌ به‌م ئالیه‌ته‌ سیاسیه‌ى كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت كوردستان به‌ره‌و گه‌شه‌و نوێبوونه‌وه‌و چاكسازى هه‌نگاو بنێت و له‌ ئه‌م دۆخه‌ پڕ قه‌یراناویه‌ى ئێستا رزگار بكرێت، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و پرۆژه‌ و پێشنیار و ره‌خنانه‌ى كه‌ هه‌تا ئێستا خراونه‌ته‌ڕوو ته‌نها له‌ بوارێكى تیۆریدا ماونه‌وه‌و نه‌توانراوه‌ له‌ بوارى پراكتیكیدا جێبه‌جێ بكرێت. به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا كابینه‌ى نوێ ده‌توانێت خۆى له‌ قه‌ره‌ى بابه‌تێكى وه‌ك گه‌نده‌ڵى بدات و تواناى چاره‌سه‌ركردنى هه‌بێت؟ له‌كاتێكدا كه‌ سه‌رۆك وه‌یزرانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم كارنامه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌، له‌لایه‌ك دانى به‌وه‌دانا كه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كى زۆر له‌نێو حكومه‌تدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شى راگه‌یاند كه‌ كارى سه‌ره‌كى ئه‌وان بریتى ده‌بێت له‌ چاكسازى و ده‌ستكردن به‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، به‌ڵام ئایا ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌م ستافه‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌ تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕووى ئه‌و له‌شكره‌ زه‌به‌لاحه‌ى گه‌نده‌ڵكاران ببێته‌وه‌و نه‌بنه‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌میدا و به‌ چاره‌نووسى هه‌شت كابینه‌ى پێشووى نه‌به‌ن.

راسته‌ كارنامه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بریتیه‌ له‌ هێڵه‌ گشتیه‌كانى پلانى ستراتیجى بۆ كاركردن له‌سه‌رى له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى داهاتوو، واته‌ ده‌توانرێت ئه‌مه‌ وه‌ك پلانى درێژخایه‌ن سه‌یر بكرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌نگاوى دووه‌مدا بینێت، بریتیه‌ له‌ دانانى پلانێكى قۆناغبه‌ندى كه‌ تیایدا به‌ وردى هه‌ر وه‌زیرێك كار له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنى گه‌نده‌ڵیه‌كان له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا بكات و هه‌ریه‌كه‌شیان رێگه‌چاره‌ى بۆ دابنرێت و له‌ سه‌قفێكى زه‌مه‌نى دیاریكراودا هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنیان بۆ بدرێت، واته‌ ئه‌مه‌ نابێت ته‌نها له‌ سنورى تیۆریدا بمێنێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت بچێته‌ بوارى پراكتیكى، ده‌بێت سه‌رۆكى حكومه‌ت خۆیشى پلانێكى هه‌بێت به‌تایبه‌تى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ندێك بوارى گشتیه‌وه‌ هه‌یه‌ و بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى په‌ل و پۆى حكومه‌ت بشكێنێت و تووشى شه‌له‌لى بكات، ده‌بێت سه‌رۆكى حكومه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و راستیه‌ بزانێت كه‌ حكومه‌ت ته‌نها ئه‌رك و به‌رپرسیارێتى به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان بۆته‌ پێدانى مووچه‌ و به‌ درێژایى رۆژانى مانگ سه‌رقاڵى ئه‌م بواره‌یه‌، ئه‌و بودجه‌یه‌ش به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى پشت به‌و پاره‌یه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ له‌ به‌غداوه‌ دێت و ئه‌گه‌ر گرفتێك بۆ ئه‌مه‌ دروست ببێت ناتوانێت ئه‌وه‌ش بدات، كه‌واته‌ ده‌توانین بپرسین ئایا ئه‌مه‌ رۆلأ و به‌رپرسیارێتى حكومه‌ته‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان و نیشتمان و ژینگه‌ و بواره‌كانى گه‌شه‌پێدان و خزمه‌تگوزارى؟

ئه‌ركى گه‌وره‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت بخاته‌وه‌ سه‌ر رێره‌و و رێچكه‌ى خۆى، كه‌ ئایا به‌رپرسیارێتى به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان چیه‌ و ده‌بێت چیان بۆ بكات به‌تایبه‌تى له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى وه‌ك جێگه‌ى نیشته‌جێبوون و خۆراك و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و ئارامى و ئاسایش، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت توانى چه‌ند بوارێكى مه‌ترسیدارى گه‌نده‌ڵى دیارى بكات و هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ریان بنێت به‌تایبه‌تى له‌ بوارى شه‌فافیه‌تى نه‌وت و گاز و ده‌رامه‌تى ناوخۆ به‌گشتى، هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانه‌وه‌ كار له‌سه‌ر دیاریكردنى بڕى پێویستى كارمه‌ندانى حكومه‌ت بكات و كۆتایى به‌ مۆته‌كه‌ى بندیواره‌كان بهێنێت و گه‌شه‌ به‌ كه‌رتى تایبه‌ت بدات و له‌ ئه‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى له‌شكرێك له‌ گه‌نجى بێ كار بهێنێت كه‌ له‌ ئێستادا بچوكترین مافى سه‌ره‌تاییان نیه‌ بۆ ژیان.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێت سه‌رۆكى حكومه‌ت ستافێك ده‌ستنیشان بكات كه‌ وه‌گ گروپێك كار بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و پرۆژه‌یه‌، ئه‌وه‌ش كه‌ پێویسته‌ له‌و گروپه‌دا هه‌بێت ده‌بێت كه‌سانى ده‌ست پاك و پسپۆڕبن، له‌ هه‌مانكاتدا به‌ دوور له‌ عه‌قڵیه‌تى حیزبى كار بكه‌ن و ده‌بێت خه‌مێكى نیشتمانى گه‌وره‌یان هه‌بێت، به‌ بڕواى من گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا له‌ بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌یه‌كى سیاسیه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ بوه‌ته‌ هۆى رێگرتن له‌ ئه‌نجامدانى چاكسازى، له‌به‌رئه‌وه‌ پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت سه‌ره‌تا سیستمێكى سیاسى له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى پێشكه‌وتووى دیموكراسى بنیات بنرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موان بڕوایان به‌ دیموكراسى هه‌بێت و خه‌باتى بۆ بكه‌ن ئه‌وكاته‌ گه‌نده‌ڵیش چاره‌سه‌ر ده‌بێت و پرۆژه‌كانى چاكسازیش ده‌گه‌نه‌ ئامانجه‌كانى خۆیان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP