بەپەلە

با چاو لە ئەسیوپیا بکەین

کامران ابراهیم شێروانی - 14-08-2019 - 1489 جار خوێندراوەتەوە



وڵاتی ئەسیوپیا کەمپینێکی بەناوی(گرین لێگەسی)، ڕاگەیاند ئامانج لەم کەمپینە چاندنی زۆرترین دار و سەوزایی بوو بەمەبەستی ڕوبەڕوی بونەوەی گۆرانی کەش و هەوا کە لە م دوایانەدا زۆرترین کەمپینی بۆ سازکرا زۆرترین باس لە مەترسەیەکانی ئەم گۆڕانە کرا، ئەو کەمینە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا( ئەبێی ئەحمەد) ڕاگەیەندرا وە داوا لە هاوڵاتیان کرا کە زۆرترینیان بەژداری ئەم کەمپینە بن، هەوڵی سەوزکردنی وڵاتی بدەن، شەرەفی بەژداری کردنیان لەم کەمپینە گەورەیە بۆ نەوەکانی داهاتویان باس بکەن ، لە سەرەتادا ئامانجی ئەم کەمپینە چاندنی ٢٠٠ ملیۆن داربوو لە یەک ڕۆژدا. بۆیە سەربازانی وڵات و قوتابیان و کرێکاران و هەموو چینەکانی تری کۆمەڵگای ئەسیوپی بەژداریان لەم کەمپینە کرد بە پێی تویتێکی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە شەش کاتژمێری یەکەمی کەمپینەکەدا ( زیاد لە ۱٥۰ ملیۆن دار چێنران)، وە دوای دوانزە کاتژمێر لە دەسپێکی کەمپینەکەدا زیاتر لە ۳٥۰ملیۆن دار لەسەرتاسەری وڵات چێنران، کە ئەمەش بوە ڕیکۆردی جیهانی. ئەم جۆرە لەکەمپینانە وا خەریکە دەبن بە نەریت لە سەرتاسەری دونیادا ، چونکە وڵاتان هەست بە مەترسی گۆڕان لە کەش و هەوا دەکەن وە دەیانەوێت بەر بەم خێرایە بگرن لە گۆرانکاری کە لە کەش و هەوای دونیا ڕوودەدات، پێشتر لە ساڵی ۲۰۱۷ وڵاتی هیندستان بۆ هەمان مەبەست کەمپینێکی فراوانی ڕاگەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو هاوڵاتی هیندی بەژداریانکرد وە زیاتر لە ٦٦ ملیۆن داریان ڕواند لە ماوەی دوانزە کاتژمێردا. توێژەرانی بواری کەش و هەوا لەسەر ئەوە کۆکن کەوا ڕوواندنی دار بە یەكێک لە کاریگەرترین و هەرزانترین ڕێگاگانی بەرگردن لە گۆڕانی کەش و هەوا هەژماردەکرێت.

چاڵێنجی دار چاندن بۆ بەژداری کردن لە کەمپینی (دارێک بچێنە شارێک سەوز بکە) چەند مانگێکە لە هەرێمی کوردستان زۆرترین فۆکەسی لەسەرە ، هاوڵاتیان و بگرە زۆرترین بەرپرس و بزنس مانەکان و کەسایەتی دیاری کوردستانی سەرقاڵی ئەم کەمپینە کردوە،ئەمە جێگەی ئومێدە وە کەریگەری زۆری دەبێت لە هۆشیاری و زیاتر هەستی خۆشەویستی تاک بۆ سەوزکردنی وڵات بەرزدەکاتەوە.

بەڵام پێویستە ئەم چاڵێنجە یاخود ئەم کەمپینە بخزێنرێتە ناو چینی خوارەوەی کۆمەڵگای کوردی ، تەنها سیاسیەکانی ترۆپکی دەسەڵات بەژداری تێدا نەکەن (چونکە لە وانەیە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتی هەست بکەن ئەمە تەنها ئەرکی سیاسیەکانە وە ئەم کەمپینە تەنها تایبەتە بە نوخبەی سەرە بۆیە بەژداری کردن لەم کەمپینە بە ئەرکی خۆیان نازانن)، بۆیە کابینەی نوێ لەڕێگەی وەزارەتی پەیوەندار دەکرێت چاڵێنجی سەرتاسەری ڕابگەینن ، وە ڕۆژێک دەست دەستنیشان بکرێت وە بکرێت بە ڕۆژی سەوز کردنی کوردستان ،چونکە کوردستان وەکو خۆراک بگرە زیاتریش پێویستی بەم جۆرە لە کەمپینانە هەیە، وە هەروەها خاوێنی ئاو هەوای کوردستان لەبەردەم مەترسی گەورەدایە، چونکە لە دوایی ساڵی ٢٠٠٣ یەوە کوردستان زیاتر بەڕووی جیهانی دەرەوە کرایەوە وە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە وە هاوردەکردنی کەل وپەلی بیانی زیاتر بوو ، وە بەتایبەتی هاوردەکردنی لەڕادەبەدەری ئۆتۆمۆبیل کە لە ڕێژەی چاوەڕوانکراو زۆر زیاتر بوو، ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت لە پیسکردن و زەرەر گەیاندن بە ژینگەی کوردستان و خاوێنی کەش و هەوا. بۆیە چاندنی دار دەبێتە ئەرکی نیشتمانی بۆ خاوێن ڕاگرتنی کەش.ئەوەی گرنگە نابێت ئەو ڕۆژە بەتەنیا دەسنیشانبکرێت و وازی لێبهێنرێت، بەڵکو دەبێت زۆرترین ڕیکلامی بۆ بکرێت ، زۆرترین هاونیشتیمانی لێی ئاگاداربرێت. بۆیە چەند خاڵیک بە زەروور دەزانم بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە ئەگەر خرایە بواری پرکتیکی:

یەکەم: ڕۆژی١٦/٣کە ڕۆژی کیمیابارانی هەڵبجەیە دەستنیشانبکرێت بۆ ڕۆژی سەوز کردنی وڵات.

دووەم؛ لەجیاتی ئەو هەموو کۆڕو کۆبونەوەو یادکردنەوە تەقلدیەی لە ڕۆژی هەڵەبجەی شەهید ئەنجامدەدرێن، ئەو بودجەیە تەرخان بکرێت بۆ سەوزکردنی وڵات ( بەم شێوەیە یادەکە بەرزتر ڕادەگیرێت، وە بە دڵنیاییەوە ڕوحی شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە ئاسودەتردەبێت).

سێیەم؛ لەهەر شارێک ٥۰۰۰ هەزار دار بچێنرێت وەکو وەفایەک بۆ ٥۰۰۰ قوربانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە.

چوارەم: ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و خوێنراودا، وە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان ایجبار بکرێن بۆ ئەنجامدانی گەورەترین ڕیکلام هەر لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کەمپینەکە تاکو ڕۆژی کۆتا ڕۆژی کەمپینەکە ( هەر ڕاگەیاندێک جورئەتی ئەوەی کرد بەژدار نەبێت دەبێت هەموو کۆمەڵگەی کوردی بایکۆتی بکات).

پێنجەم: نوخبەی سیاسی، پێشمەرگە قارەمانەکان، ڕۆشنبیران، مامۆستا و پیاوانی ئاینی گشت دین و مەزهەبەکان، چاڵاکوانان، زانکۆکان، هتد ، لەسەرتاسەری وڵات بەژداری ڕیکلام کردن بکەن بۆ ئەم کەمپینە نیشتمانیە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP