سەرنجێک لەسەر وێنەی مام جەلال و پێشنیارێک بۆ کوڕەکانی

کاروان عەلی شامار - 14-08-2019 - 12454 جار خوێندراوەتەوە


چەن رۆژێکە بەشێک لە میدیاکانی سلێمانی وەک پیشەی ھەمیشەییان لە بلاوکردنەوەی تەخوین و ناشرینکردنی شاری ھەڵمەت و قوربانی دەستیان نەپاراستوە! سلێمانی رۆژگارێک چەقی پێشکەوتن بووە، لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا پێشەنگ بووە، لێ بەشێک لەمیدیاکان بەئاشکراو رۆژی روناک بەپلانو دەستی لایەنێکی دیاریکراو چاوگی تێکدان و ناشرینکردنی شارەکەن، بەمەش زیانی گەورە بەر شارەکە بەرکەوتووەو پاشەکشەیەکی بەرچاوی  لەبوارەکانی (ئابوری و رۆشنبیری و سیاسیدا) بەخۆوە بینیوە، وێنایەکی وا خراپی ناوچەکە نیشاندراوە تەنانەت توریست و دیپلۆماتەکانیش بەترسەوە سەردانی دەکەن.

ھەڵواسینی وێنەی مام جەلال لە دەروازەی زانکۆی سلێمانی نرخاندنێکی کەمە لەپای ئەو ھەوڵ و دلسۆزیەی کە بۆ زانکۆ و شارەکە ھەیبووە، مام نەبوایە ئێستا زانکۆی سلێمانی وجودی نەبوو وە گەر ئەوە زیادەڕەوی بێ ئێستا رانکینی زانکۆکە بەوجۆرە نەبوو!
مام سیمبول و شکۆی نەتەوەیەک بوو برواناکەم ھیچ سەرکردەیەک لە رۆژھەلاتی ناوراستدا ھێندەی مام لەخەمی بەرەوپێشچونی وڵات و زانست و زانیاریدابوبێ، ئەوەندەی پێرەوایە کە پەیکەرێک یاخود وێنەیەکی لە شوێنێکی گشتیدا دابنرێ.

پێویستە میدیاکانی سلێمانی پیشەیی و بابەتیانە کاربکەن و نەبنە عامیلی پاشەکشەی زیاتری شارەکە، بارتاقای سەدان جار زیاتر لە وێنەکانی مام، وێنەی سەرکردەکانی تر لەنێو وەزارەت و شوێنە گشتیەکان و دامودەزگاکانی تری پایتەختدا ھەلواسراون کە بەنیو ھێندەی مام لە لەخەمی دۆزی کوردو مەعریفەدا نەبون. کەچی ھیچ میدیاو کەس و لایەنێک باسیان ناکا!

خولاصە، بەداخەوە غەدرێکی گەورە لە مام کراوەو وەک پێویست نەتوانراوە تێزەکانی بکرێت بە مەنھەج و لەنێو زانکۆکانی کوردستان بخوێنرایە، کردنەوەی زانکۆیەک بەناوی مام جەلال و دانانی وانایەک بەناوی مامجەلالناسی کارێکی ئەوەندە گران بوو کە تا ھەنوکە نەکراوە؟! حەق وایە کوڕانی مام کاری گەورەتر لەھەگبەیاندابوایەو لەھەولی کردنەوەی زانکۆو تێوریزەکردنی ھزری مامدا بونایە، دید و کاریزمای ئەو لە رووی میانڕەوی و چارەسەری کێشە مێژویی و ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغداو پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەو کلتورو مەزھەبە جیاوازەکان  لەناوچە دابڕێنراوەکان و تەکبیری یەکریزی و چارەسەری دۆزی کوردو پلانی ئایندەی کوردستانی تێدا بخوێنرایە تا نەوەی داھاتوو بەو تێزانە ئاشنابن و سودیان لێوەرگرتایە!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP