ماریا و هونەرەکەی تابلۆیەکن بۆ ئازادکردنی ڕەگەزگەرایی

کەمال محەمەد - 14-08-2019 - 3120 جار خوێندراوەتەوە

هەر نەتەوەیەک بە کەلتورەکەی دەناسرێت ،کەلتور هاوکات پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە رەهەندی مێژوویی کۆمەڵگاوە هەیە ،دەکرێ لە ڕوانگەی کەلتوریشەوە ڕابردوی هەر کۆمەڵگایەک بناسرێنرێت ،بۆیە کاتێک باس دێتە سەر کەلتور مەبەست لە زهنییەت و سیستەمی بیرکردنەوەو بەها ئەخلاقییەکان و هونەر و زانستی کۆمەڵگایە کە سەرجەمیان لە زاراوەی کەلتوریدایە ،پاڵێوراوترین رەهەندی بواری کەلتوریش هونەرە کە مەلبەندی مەعنەویاتەو هەرگیز نابێ وەک کاڵایەکی بێ نرخ لێی بڕوانرێت ،بۆیە کاتێک دەڵێین هونەر پاڵاوتەترین لایەنی  کولتورە مەبەست لێی نەتەوەی کوردە کە لەو بوارەدا بە مۆسیقا و گۆرانی بەرخودانیان کردوە،

( ئیدوارد تایلەر ) زانای ئەنترۆپۆلۆژی بەریتانیش پێی وایە کەلتور پێکهاتەیەکە لە زانست و زانیاری و بیرو باوەڕو رەوشت و عادات و یاسا و هونەر کە مرۆڤ ئەیەوێت بەدەستی بهێنێت وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگاکەیدا ، بۆیەئەمڕۆکەی هونەرمەندان و شانۆکارانی کوردی ئەرک و پەیامێکیان لە ئەستۆدایە و پێویستە تێکۆشانیان لە گۆڕەپانی کەلتوردا بەردەوامی هەبێت بۆئەوەی بتوانین پێیان بڵێین ئێوەن کەتوانای هەبونێکی کلتوریدان هەڵگرتوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا و نەتەوەکەمان بناسێنرێت،

ماریا هەورامیش لە دواین کلیپیدا وەک کارەکتەرێکی بواری هونەر و گۆرانی کەلتوری کوردی خۆی خستۆتە نێو ئەو سەنگەرەوە بە مەبەستی گەشەپێدان بەهونەرەکەی بەپێی قۆناغەکان هەروەک تەواوی کۆمەڵگا مرۆییەکان ،بەڵام بە هۆی هەندێ بیری کۆنەپەرەستییەوە روبەرووی هێرشێکی پیاوسالاری بویەوە و نەیانتوانی هەڵوێستێکی واتادار بەرامبەربە ژنان و رەگەزی مێینە تاوتوێ بکەن و پەیوەندی ئازادانەی نێوان  ژن و پیاو پێشبخەن،

بۆیە ئەرکی هەریەکێکە لە ئێمە بەر لە هەموو شتێک لەرێگەی هێزی ڕۆشنبیرییەوە سەرلەنوێ ویژدانی هاوبەش بخەینە سەرپێیان و کارای بکەین و ڕێگری بکەین لە داتاشینی وشەی نەشیاو بە باڵایاندا کە لەهیچ کام لەئایینەکاندا نەهاتوەو رێگەی پێنەدراوە، چونکە بەهەردوو رەگەزییەوە مرۆڤ کائینێکی پیرۆزە بۆچی بەم شێوازە هێرشی بکرێتە سەر لەرەگەزێکیانەوە بۆ ئەوی تر ،ئێ خۆ ئەگەر لە شێوازی ژیان و کەلتورەکانیش دژبەرایەتی هەبێت ئەی یەکسانی و ئازادی لە کوێ بونی ئەبێت ئەمە لە کاتێکدا یەکسانی و پێدانی ماف یەکێکن لە سیفاتەکانی ئایینی ئیسلام و مرۆڤایەتیش،

بەشداریکردنی ژنان لە چالاکییە کلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا ناکرێ بە عەیبداری لەقەڵەم بدرێ و هەوڵی دورخستنەوەیان بدرێ و بە جۆرێک کە بونیان بە لاوازی بارگاوی بکرێ ،بەڵکو پێویستە وەک ئیرادەی کۆتایی نەهاتن و بەردەوامبونی رەگەزێکی سەرەکی ژیان ببیندرێ ،بێگومان ژنیش خاوەن سروشتێکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژلە میانەی زانستی بیۆلۆژییەوە ئەیسەلمێنێ کەلەو دیو کۆمەڵایەتی بونەوە وەک ڕەگەزێکی بایۆلۆژی ئەندامێکی سەرەکی و ناوەندییە ،بۆیە پێویستە ژنانیش لەمیانی تواناکارییەکانیانەوە ڕوبەروی تەواوی ئەو بچوککردنەوەو سوکایەتیانە ببنەوە کە هۆکارن بۆ سەپاندنی بیر و کلتورێکی باوک سالاری ،بۆئەوەی لە داهاتودا ئەم تابلۆی ئازادییە فراوانتر بکرێت و کۆی کۆمەڵگا بگرێتەوەو چیدیکە ئازادی ژنان و ماف و توانستەکانیان لە تاریکیدا نەهێڵدرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP