نەڤید!

موئمین یاسین زەڵمی - 9-08-2019 - 3366 جار خوێندراوەتەوە

نەڤید!

وێناکردنی ژیانی رۆژانەی زۆرینەمان، لە پێکەنینێکی بەیانی و لە ئاخ و خەمێکی ئێوارانەوە، توڕەییەکانمان دەشارینەوە و وڕێنەکانمان دەکەینە واقیع، کە توڕە ئەبین هەموو شتێکی تێک ئەدەین، ئاخر ئەگەر بالۆرەکانی سایکۆلۆجی بۆ توڕەبوونەکانی رۆژئاوا فیت بن بەخوا بۆ توڕەبوونی ئێمە فلسێ ناژین، ئێمە هۆکاری زۆرمان هەن بۆ مردن چ جای بێتاقەتی و توڕەبوون.

 پیاوی کورد پڕ پڕە، هەزار هەزارە، پیاوی کورد ئالودەیە ئالودە، ئالودەی خەیاڵێکی زۆر و ئامانجی گەورە و ئالودەی دێڕێکی گەورەتر و قەڵەوتر بۆ مێژوو، ژیان لێرە لە مەرگ ناچێ، ئاخر مەرگ چێژی هەیە ئەوە نیە رۆژئاواییەکان وەسێتی مەرگ ئەنوسن کەچی هێشتا زیندووشن، دەرزی و حەبی مەرگ ئەخەنە ژیانیانەوە و خۆیان چێژی مەرگ ئەنۆشن.

 ژیانی ئێمە، لە ڤێلایەکی سیتەکەوە تا باخێکی شەقڵاوە، لە فاستفودێکی سەهۆڵەکەوە تا گرانبەهاترین خواردن لەهوقەبازی هەولێر، ژیانی ئێمە لە دیناوە تا نەڤید و تا هەڵکەوت و تا کێ و کێیتر، ژیانی ئێمە لە ئایفۆن هەزارەوە تا پەبجی و تا هەموو شتانەی ناوەکانیشمان پێ لەبەر ناکرێن، توڕەییان تیایە، دە نا هۆکارێکی توڕەیین، ئێمە موعتادی ژیانێکی نەگریسین بە هەرچی شت، ئاری "نامەیەک بۆ خوا" ئەنێرێ و سوهەیب " پاساری رووخاوی خانوویەک سەوزئەکاتەوە"، ستونێکی "ژیان" و وتارێکی "کامیار سابیر" و راپۆرتێکی "رووداو" و ڤیدیۆیەکی "مۆر" و  شیعرێکی "توانا ئەمین" و ... تاد ئەو شتانەن ژیانی ئێمەیان گرتووە، مامۆستای مزگەوت ئەڵێ "ئاگاتان لە ئەمانەتەکان بێت، منداڵەکانتان ئەمانەتن، هەیانە بووەتە جەردە و بەڵا بۆ گیانی خەڵک"، ئێزدییەکان میرێکی نوێ دائەنێن و تورکمانەکان بە سکرتێرێ بێدەنگ ئەبن و ئەوەی ماوەتەوە پیاوێکی ماندووی کوردە.

لای ئێمە، ژیان پشوویەکیشی نیە بسرەوین، هەنارێک نیە بە توێکڵیشەوە بیخۆین تا تەواو بێ، ژیان لای ئێمە گوریسێک نیە بیپچڕێنین و کتێبێک نیە بیپێچینەوە، ژیان لای ئێمە، لای ئێمە کورد، لای ئێمەی پیاوی کورد، توڕەبوونێ زیاتر نیە، ئاخر بەرگەی هیچ ناگرین، نە گریانمان لێدێ و نە شیعر و نە هەست و نە ریفراندۆم دادمان ئەدا، ئێمە تەنها شتێک کە هەمانە و هی خۆمانە بیر ئەکەینەوە، بێ ئەوەی بزانین تا کوێ و تا کەی!

لێومان سواق داوە بە پێکەنین، دڵمان رەنگ کردووە بە قاقا، ڤژمان بۆیاخ ئەکەین و تەسبیحەکەی دەستمان توندتر با ئەدین، دۆلار ئەکەین بە دەفتەر و بە بلۆکی ئەسپێرین، وەنەوشە بە لێکز و ئۆدی و چی و چیتر ئەگۆڕینەوە، بە تەنیشتمانەوە ساختمانەکان بەرزتر ئەرۆن بە حەوایا، ژیانمان نغرۆی توڕەبوونێکی ساردە، شەڕێکی ساردە بۆ خۆمان، پیاوی کورد گریانیشی لە هی ئومەتی محەمەد ناچێ، غەمبار فەرمووی" کاپتن تۆ تێناگەی ئەو دەمەی پیاو ئەگری کەون چ خەلەلێکی تیایە"، کەچی هەزاران پیاو گریان و خەلەلێک نەبوویە دوان و ژیان رانەوەستا.

پیاوی کورد لە هەموو پیاوانی جیهان زیاتر تەنیایە، پیاوی کورد لە سەرزەوی زیاتر ماندووە، پیاوی کورد لە شێخ زیاتر بەدینە، پیاوی کورد لە شکسپیرێک، کورە ئۆسکار وایەڵدێکە بۆ خۆی، کەچی ئەوەی نازی ئەکێشێ کۆنترۆڵێکی تەواوە کە ژیانی داپۆشیوە، کۆنترۆڵی سیاسەت و کۆمەڵگە و کلتور و ئایدۆڵۆجیا، ئێمە پیاوانێکین، لە نەسلی رۆبۆت، نە هێز هەیە بۆ لەخشان و نە کات هەیە بۆ هەڵڕشتنی توڕەبوونەکان و نە هەناسەیەک هەیە بۆ جگەریەکیتر.

پیاوی ئێرە، ئەوەی هەیەتی پێویستی نیە وئەوەی نیەتی وێڵە بە دوایا، پیاوی کورد نەڤید باش ئەیناسێ، ئەوە نیە هەرگیز ئاسایی ناژی، ئەوە نیە هەرگیز ئاسایی ناپۆشێ و ڤژی داناهێنێ. نەڤید وێنەیەکی تەواوی پیاوی کوردە بە زمانێکیتر حەشر ئەکرێ و لە جیهانێکیترا خەڵات ئەکرێ، فیلمەکانی نەڤید و شانۆکانی نەڤید، چیرۆکی کوردیی و ستۆری کوردیی و ژیانی رۆژانەی پیاوی کوردن، بەڵام ئیتر کۆڵەوارییەکەی خۆمانە، ناچارین لە بێدەوڵەتیا، لە دەوڵەتێکیترەوە هەبین و لە بێ زمانییا بە زمانێکیتر بدوێین!

هاوپێچ: نەڤید محەمەدزادە، ئەکتەری بەناوبانگی کوردی رۆژهەڵات، کە ئێستا سینەمای ئێرانی تێر کردووە و هێشتا لە سەرەتای پێگەشتنایە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP