بەپەلە

سەرکردەی کورد و پاڵەوانی مێژو!

ره‌زوان یاڵانپێی - 6-08-2019 - 2058 جار خوێندراوەتەوە

پاڵەوان فەرعێکی دیاری نێو جوڵەی مێژووە و ڕۆڵ دەگێڕێت لە ڕێڕەو و دیاری کردنی ئاراستەکانی مێژوو، لە فەلسەفەی مێژوودا بە کێ دەوترێت پاڵەوان؟ پێوەری دیاریکردنی پاڵەوان چیە؟ ئایا پاڵەوان ئەو کەسەیە تەنها ئازایەتی هەبێت؟ یاخود فێڵباز و زیرەک بێت؟ هەموو ئازایەک پاڵەوانە؟ یا هەموو سەرکردەیەک پاڵەوانە؟ ڕاستە هەموو ئازایەک پاڵەوان نیە و هەموو سەرکردەیەکیش پاڵەوان نیە؟ دەبینرێت خەڵکانێک چەتەکانی دەریا بە پاڵەوان سەیر دەکەن لەبەر ڕۆڵی مێژوییان، بەڵام ئایا ئەم هەموو کەسانە خەڵک بە پاڵەوان سەیریان دەکەن؟ لە ڕاستیدا ئازایەتی تەنها سیفەتێکە لە سیفەتەکانی پاڵەوان، بە پێچەوانەشەوە هەموو پاڵەوانێک ئازا نیە.

لێکدانەوەی پاڵەوانێیەتی لە بەجوڵەکردنی مێژوو بنەما و ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی تایبەتی کارەکانی گەورە پیاوان و ڕابەرەکان و سەرلەشکرە سەربازییەکان و سەرکردە سیاسیەکان و کاریگەری کرداریان بە سەر ژیانی میللەتانەوە هەبوبێت.

لە کۆمەڵگاکاندا تاک هەیە بەتواناترن لەوانی تر و دەتوانن هەژمونی خۆیان بەسەر خەڵکیدا بسەپێنن، چونکە دەبێ کۆمەڵگا سەردارێکی هەبێت، لەهەمو کات و شوێنێکدا چەند کەسانێک دیار دەکەون و خۆیان باڵاتر دێتە پێش چاو چ بە هۆکاری ئایینی بێت یا ئابوری یا ماددی یا سیاسی یا ڕۆشنبیری یاخود لە ڕۆی هۆز و قەبیلەوە.

پاڵەوان هەیە شوێنەواری نەمری پێوە دیارە و داهێنانی مەزنیان بۆ مرۆڤایەتی ئەنجام داوە لەوانە زانایان و نوسەران و دانایان و سیاسەتمەداران و هونەرمەندان و بیرمەندان و ....هتد. لە ڕووی سەرکردەی سیاسیەوە بەهەمان شێوە زۆرێک سەرکردە هەن نیشانەی بەردەوامیان جێ هێشتوە لەسەر مێژوو و مێژوو هەمیشە باسیان دەکات، بلیمەتی کەسیەتی مێژوویی بەم کەسانە دەوترێت کە دەستکەوتی مێژوویی جێهێشتبێت.

لەفەلسەفەی مێژوودا هەمیشە پرسیارێک ڕاست دەبێتەوە لە سەر ئەوەی ئایا کۆمەڵگەو ژینگە نین پاڵەوان دێنێتە بوون؟ بۆ نمونە ئایا هیتلەر دەبوە ئەم هیتلەرە ئەگەر لە بەریتانیا بوایە؟ یاخود ستالین دەبوە ئەم ستالینە لە ئەڵمانیا ژیانی بەسەر بردایە؟ بێگومان نەخێر چونکە دەرکەوتنی پاڵەوان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژینگەو کۆمەڵگەکەوە هەیە، بە واتایەکی دیکە پاڵەوان هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیە و کۆمەڵگاش دەکەوێتە ژێر کاریگەری پاڵەوان.

سەبارەت بە کورد و مێژوی کورد بەتایبەتی لەنوێ و هاوچەرخدا دەبینرێت لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە چەندین جار لە کات و زەمانی جیادا کۆمەڵێک شۆڕشگێڕ و کەسانی دیار شۆڕش و ڕاپەرینیان ئەنجام داوە بۆ نمونە کەسە شۆڕشگێڕەکانی وەک ( شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ عبدالسلامی بارزانی و شێخ محمودی حەفید و سمکۆی شکاک و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد و مەلا مستەفا و چەندانی تر)، دەبینین ئەم کۆمەڵە سەردارە لە بەر هۆکارە جاجیاکان بونەتە ڕێبەری میرنشینێک یا شۆڕشێک یا ڕێبەری جوڵانەوەیەک، بێ گومان مێژووش هێندە بێ ئینساف و مردو نیە خەباتی ئەوانی یاداشت نەکردبێت، بەڵام جەوهەری پرسیاری مێژوو و خەڵکانی مێژوو ئەمەیە ئایا بەم شۆڕشگێڕ وسەرکردانە دەتوانرێت بوترێت پاڵەوان؟ ئایا ڕێڕەوی ژیانی کۆمەڵگایان گۆڕیوە؟ ئایا واقیعی سەرکردەکانی کورد ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگای کوردی بون؟ بونی دەوڵەت و پەیوەندی دەوڵەت و مێژوو ڕۆڵ دەگێڕێت لە دیاریکردنی پاڵەوانی سیاسی مێژوو؟

بە واتایەکی ڕونتر دەتوانرێت ڕۆڵی شێخ مەحمود و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد و مەلا مستەفا لە مێژووی هاوچەرخی کورددا وەک پاڵەوانی مێژوو سەیر بکرێن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە فەلسەفیانە دەبیت بە وردی شیکاری مێژونوسەکان و فەیلەسوفەکان بخوێنرێتەوە ئەوانەی کە باسیان لە پاڵەوانی مێژوو کردوە، وەک ( تۆماس کارلیل، ڕانکە، بیرگسۆن، ماکس شیلەر، سیدنی هۆک.....).

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP