70 + 80 =

فارس نەوڕۆڵی - 6-08-2019 - 2798 جار خوێندراوەتەوە

له‌ده‌ركه‌وتنى ناوى پێشمه‌رگه‌ له‌كۆمارى مه‌هاباد تا ئێستا، پێشمه‌رگه‌ ناوێكى باڵایه‌ له‌ناو گه‌لى كوردستاندا. پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌موو قۆناغه‌ سه‌خته‌كانى خه‌باتى كوردایه‌تى ڕۆڵى به‌رچاوى هه‌بووه‌ بۆ جه‌نگى بوون و مانه‌وه‌ى كورد، له‌شۆڕشى ئه‌یلولدا ئه‌م ناوه‌ واته‌ پێشمه‌رگه‌ گه‌شته‌ لوتكه‌ له‌ئاستى كوردستانى گه‌وره‌دا. پێشمه‌رگه‌ بو به‌شانازى بۆیه‌ له‌شۆڕشى ئه‌یلولدا، كوردى هه‌موو پارچه‌كان و هه‌مو ئاین و ئاینزاكانى كوردستان پێشمه‌رگه‌یان به‌موڵكى خۆیان ده‌زانى، له‌دواى پیلانگێڕیه‌كه‌ى جه‌زائیر كه‌شۆڕشى كوردى بۆماوه‌یه‌ك ته‌واو لاواز كرد، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م، شۆڕش هه‌ڵگیرسایه‌وه‌  ئه‌م جاره‌ چه‌ندان هێزى جیاجیا دروست بوون و ده‌ستیان كرد به‌خه‌باتى چه‌كدارى ئه‌مه‌ش واى كرد هه‌موو حزبێك بۆخۆى به‌شێكى هه‌بێ به‌ناوى مه‌كته‌بى سه‌ربازى، له‌م هه‌لو مه‌رجه‌دا پێشمه‌رگه‌ وه‌ك خۆى ئه‌ركى پاراستنى كوردو كوردستانى گرته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام دابه‌ش بو بۆ هێزى جیا جیا واته‌ پێشمه‌رگه‌ى حزبه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ واى نه‌كرد پێشمه‌رگه‌ ڕۆڵى خۆى ون بكات، دواى چه‌ندین قۆناغى گرنگ وشه‌ڕو شۆڕى ناوخۆو ده‌ره‌كى پێشمه‌رگه‌ هه‌روه‌ك ڕۆڵه‌ى به‌وه‌فاى كوردستان مایه‌وه‌، شه‌ڕى داعش سه‌لمێنه‌رى ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ لێره‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوێكى كوردستانییه‌وه‌ بوو به‌ناوێكى جوانى جیهانى. 

ئه‌وه‌ى پێویسته‌ بوترێ كۆى خه‌ڵكى كوردستان به‌هیوان بۆ كوردستان سوپاسه‌كى یه‌كگرتوى كوردستانى دروست بكرێت، ئێستا حكومه‌تى كوردستان نوێنه‌رى گه‌لى كوردستانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى نیگه‌رانى خه‌ڵكه‌ بوونى دوهێزه‌ به‌ناوى یه‌كه‌كانى 70 و 80 ڕاسته‌ ئه‌م دو یه‌كه‌یه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كیه‌كان هاوسه‌نگه‌رن و پێكه‌وه‌ ده‌جه‌نگن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ردا به‌داخه‌وه‌ كه‌بو به‌دوئاڕاسته‌ بۆیه‌ تێكه‌ڵاو نه‌كردنى ئه‌و دوو یه‌كه‌یه‌ له‌یه‌كه‌یه‌كى سه‌ربازیدا كه‌له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا نه‌بێ جێگاى ترس و نیگه‌رانییه‌ بۆ پرسى یه‌كگرتویى كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر پارتى و یه‌كێتى هاوكارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى كوردستان بن بۆ یه‌كگرتنى ئه‌و دوو یه‌كه‌یه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ له‌كابینه‌ى پێشودا ئه‌وكات وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ له‌گۆڕان بوو پارتى ده‌یوست ئه‌و یه‌كانه‌ یه‌كبگرن، به‌ڵام دیاره‌ دۆخى سیاسى ڕێگاى نه‌دا، كه‌واته‌ ئێستا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك ئیراده‌یان هه‌بێ بۆ یه‌كگرتنى ئه‌م دوهێزه‌، هه‌رچه‌نده‌ زانیاریم نیه‌ بزانم وڵاتانى هاوپه‌یمان و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر چه‌نده‌ كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ یان یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ى ناو ئه‌و دوهێزه‌، هه‌رچۆن بووه‌ ده‌بێ كارى جددى بۆ بكرێ سه‌ره‌تا هێزه‌كانى یه‌كه‌ى 70 ، 80 نه‌خشه‌ڕێگاى بۆ دانرێ كه‌، له‌یه‌ك یه‌كه‌دا كۆكرێنه‌وه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌م پڕۆسه‌ى دامه‌زراندن له‌م دوو یه‌كه‌دا ڕاگیرێ و یاساى خانه‌نشینى جێ به‌جێ كرێ واته‌ له‌م قه‌باره‌یه‌دا تا ماوه‌یه‌كى دیاریكراو بمێنێت بۆئه‌وه‌ى هه‌ندێ كه‌س وانه‌زانێ له‌به‌رژه‌وه‌ندیان ده‌درێ. دواجار به‌پێى ته‌مه‌ن و بڕوانامه‌ قۆناغ به‌قۆناغ بخرێنه‌وه‌ ناو ئه‌و سوپایه‌ى پێشمه‌رگه‌ كه‌له‌یه‌ك جێگاوه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێ، دواتر واباشه‌ حكومه‌تى هه‌رێم سیستمى خزمه‌تى سه‌ربازى جێ به‌جێ بكات. ئیتر چى نمونه‌یه‌ك له‌به‌رچاو ده‌گرێ ئه‌وه‌ شاره‌زایانى سه‌ربازى و ده‌روونى ئه‌كرێ دیارى كه‌ن، چونكه‌ خزمه‌تى سه‌ربازى گرنگیه‌كى گه‌وره‌ى ئه‌خلاقى له‌ناو نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌یه‌، مارشاڵ (مولتكه‌) له‌بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌ڵێ :(كاریگه‌رى قوتابخانه‌ له‌سه‌ر گه‌نجان كورت خایه‌نه‌ قۆناغى پێگه‌یشتنى راسته‌قینه‌ خزمه‌تى سه‌ربازییه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ حكومه‌تى هه‌رێم كاربه‌و ئاڕاسته‌دا بكا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى یه‌ك سوپا دروست ده‌كات ده‌كرێ چه‌ند فێرگه‌یه‌كى تایبه‌تى دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كى ته‌مه‌ڵ نه‌بین ئه‌وانه‌ى زانكۆو په‌یمانگا ته‌واو ده‌كه‌ن، له‌و فێرگانه‌دا بۆ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو بخرێنه‌ مه‌شقه‌وه‌ ئه‌مه‌ش بكرێته‌ مه‌رج بۆ دامه‌زراندن، چونكه‌ هێزى مه‌عنه‌وى به‌گه‌نجان ده‌به‌خشێ ، وه‌ك ناپلیۆن ده‌ڵێ (هێزى مه‌عنه‌وى نیوه‌ى حه‌قیقه‌ته‌) كه‌واته‌ پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵگرێ و حزبه‌كانیش له‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌ خۆیان نه‌دزنه‌وه‌، چونكه‌ 70+80=تێپه‌ڕاندنى قۆناغێكى سه‌خت و به‌خشینى هێزه‌ به‌حكومه‌تى كوردستان و ڕێزگرتنه‌ له‌مێژوى پێشمه‌رگه‌و به‌خشینى ئارامییه‌ به‌كۆمه‌ڵگاى كوردستان. به‌هێزكردنى حكومه‌ت و پڕۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستانه‌ و زۆر مه‌سه‌له‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام مانه‌وه‌ى به‌م جۆره‌و له‌دو یه‌كه‌ى جیاوازدا به‌رده‌وام لێكه‌وته‌ى نه‌رێنى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP