بەپەلە

تێزی بەرھەم ساڵح
بازاڕی ھاوبەش و یەکێتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

سلێمان عەبدوڵا یونس - 4-08-2019 - 17360 جار خوێندراوەتەوە

پێش پێشەکی
باسکردن لەیەکێتی ڕۆژرھەڵاتی ناوەڕاست و بازاڕی ھاوبەش بۆ ناوچەکە، تێزێکی کۆن و نوێی بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراقە. کۆنە چونکە لانیکەم وەک بیرۆکە تەمەنی ئەم تێزە بۆ پێج ساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێتەوە و نوێشە چونکە دوای ئەوەی ئەو کاراکتەرە توانی دەنگ و ئیرادەی نوێنەرانی عێراق لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی بباتەوە، جارێکی دیکە ئەم تێزە بەشێوەیەکی کردەیی ھاتە ناو ئاستە باڵاکانی بڕیار و بەرژەوەندی لایەنە ناوچەییە پەیوەندیدارەکانەوە.

قفڵێکی پێشوەخت
جیاوازی بەرھەم ساڵح لە سەرۆکەکانی پێش خۆی وەک چۆن جیاوازی دەرکەوتە و ڕوخسارە، ئاوەھاش جیاوازی ڕوئیا و کردارە، بێگومان ئەم دەربڕینە بۆ بەراوردکاری نیە بەسەردەم و سەرۆکەکانی دیکە،بەتایبەت بە سەرۆک مامجەلال، چونکە ئەو کارێزماو فیگەرێک بو، لە ناو قوڵایی مێژویی زیاتر لە شەش دەیەی ھەوراز و نشێوە سیاسیە ھەمەچەشنەکان، خەسڵەتی ناوازەی خۆی ھەبوە و وایکردوە ھەردەم ئەو فیگەرە لە دەرەوەی بەراوردکاری بمێنێتەوە. پێشەکیش ئەم قفڵەم لەباسەکەدا، بۆئەوەی سەرنجەکە لە ئاگایی و بێ ئاگاییدا، بۆ ئەملاوئەولا پەرت نەکرێت.

پێناسەی تێزەکە
پێشەکی دەمەوێت سەرنجی خوێنەر بۆئەوە ڕابکێشم کە تێزی «یەکێتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست  و بازاڕی ھاوبەش»، تێزێکە وەک تێزی سەرەتایەکی نوێ و دەسپێکێکی جیاواز بۆ مێژو لەناو جوگرافیایەکی گڕگرتودا، ھەتا لەوسۆنگەیەوە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بتوانێت گونجاندنی دژیەکەکان بە یەکانگیری و سازان بگۆڕێت و لەبەرامبەر ئەو ھەمو بەریەککەوتن و ململانێ توند و خوێناویانەی لە کۆی سەدەی ڕابردو و سەرەتاکانی ئەم دو دەیەی سەدەی 21دا بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیەکان ھەبون، ئەلتەرناتیڤی ئاسایش و ئارامی لەسۆنگەی یەکیەتی و بازاڕێکی ھاوبەش دەستەبەر بکات.

ئامانجی تێزەکە
ئەم تێزە دەیەوێت، دیقەتی ناوەندەکانی بڕیاڕ و بەرژەوەندی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆ جیاوازیەکانی سەردەمی ئەزمونی جەنگە خوێناویەکان و وادەی ئەزمونی بازاڕی ھاوبەش، کە خۆرئاواییەکان بەناوی یەکیەتی ئەورپا خوڵقاندیان بگوازێتەوە و وابکات، سەرنجی کاراکتەرە گرنگ و خودان پشکەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەسەر بەرھەمی ئەو مۆدیلە لەبازاڕی ھاوبەش بگیرسێنێتەوە، کە کاراکتەرە گرنگەکانی ئەوروپا، وەک مۆدیلی دوای جەنگە جیھانیە خوێناویەکان خوڵقاندیان و پێیان بڵێت، کە ئیتر وادەیەتی ڕۆھەڵاتیەکان بەدەر لەجیاوازی زمان و شوناسی نەتەوەیی و ئاینی و لەسەر بنەما ھاوبەشەکانی جوگرافیا و ئارامی و بەرژەوەندی لەناوەڕاستێکی تەناھی تەباییدا یەکبگرنەوە و  مێنتاڵیتی جەنگ و کاولکاری بەلاوەبنێن و لەسۆنگەی ئەزمونی شارستانیەتێکی دێریندا ئایندەی قۆناغێکی نوێ و ژیانێکی ھاوچەرخ لەناو سەرەتاکانی  بەرھەمی شارستانیەتێکی مێژویدا وەک مۆدیلێکی گونجاو بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە پێشکەش بکەن، مۆدلێک؛ کە ڕەچاوی پاراستنی سەربەخۆیی خودی کارەکتەر و دەوڵەتانی ناوچەکە بکات لەناو ھەناویدا دابینی بەرژەوەندی ئەو کارەکتەر و ڕەگەز و پێکھاتە ڕۆژھەڵاتیانەشی ھەبێت بۆئەوەی دنیای بەریەککەوتن بۆ واقعی پێکەوە کارکردن بگۆڕێت و بنەماکانی دوژمنایەتی و ڕەتکردنەوە بۆ ھاوبەشێتی چەسپاو، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەردەوام و پارێزراو ڕەنگڕێژ بکاتەوە.

ئەم تێزە ھاوبەشێتی و گەلان لەناو یەکیەتیەکی ئارەزومەندانەی قازانجبەخشدا جێگا دەکاتەوە و گروپ و پێکھاتە و ڕەگەزە جیاوازەکان ڕادێنێت، ھەتا لەبری بەیەکداھەڵشاخان و ڕوبەڕوبونەوەی کامپە سەربازیەکان، پەنا بۆ بەیەکەوە گونجان و مامەڵەی تەندروست بەرن لەناو بازاڕێکی سپی هاوبەشدا.

دەسکەوتە ھاوبەشەکان
بۆ گەلانی ناوچەکە و لەناویشیاندا بەتایبەت  بۆ کورد، ئەم تێزە  تێزێکی حەیاتی و ستراتیژیە، بەتایبەت لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا، کاتێک دەبینێت پێکھاتە زاڵەکانی ناوچەکە « تورک و فارس و عەرب» بەئاقاری وێناکردنی ھێزی ناوچەیی گەورەتر لە دەوڵەتی نەتەوەیی و جوگرافیای بەرینتر لە نیشتمان ھەنگاو دەنێن، چیتر نایانەوێت بەتەنھا وەک دەوڵەتێک لە چوارچێوەی سەروەریە دەستوریە دیاریکراوەکاندا بمێننەوە و بەزیاتر لەڕێگایەک بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە لەدەرەوەی سنورەکانی خۆیان ببن بە مۆدیلێکی نوێ وەک ئەوەی ئینگلیز و خۆرئاواییەکان پێێ دەڵێن regional power، ڕەنگە لەوەش ڕونتر ئەوەبێت کە بتوانین بڵێین ئەو پێکھاتە سەردەستانەی ناوچەکە تێپەڕی خواستی بون بەڕیجینەڵ پاوەریان ھەیە و بەزیاتر لە ڕێگا و نەخشەڕێگایەک بە شوێن بنیاتنانی ئیمپڕاتۆریەتێکی مۆدێرنەوەن بۆ خۆیان، لەکاتێکدا زۆرترین خواستی کورد لە سەربەخۆیی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نیشتیمانی تێپەڕناکات و لەڕوی واقعی و کردەیشەوە دەسکەوتی لەفیدڕاڵیەتێکی سنوردارکراو لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا لەبەردەم کورددا نیە.

دەسکەوتەکانی کوردایەتی
ئەگەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەمەیدانی جەنگە خوێناویەکانەوە ببێتە بازاڕێکی ھاوبەش، ئەوا بێگومان کورد دەتوانێت لە ئاشتیەکی جیگیردا، دەرفەتی ئەوەی ھەبێت بەئارامی مامەڵەیەکی قازانجدار بکات و کەسایەتی خۆی لەسەر ئاستی تاک و نەتەوە بنیاتبنێتەوە، کە بەھۆی ململانێ زبر و خوێناویەکانی نێوان ڕۆم و عەجەمەوە، توشی ھاڕان و پارچە پارچەبون ھاتوە، دەتوانێت لەناو یەکیەتیەکی ئارەزومەندانەی مودێرن و سەقامگیردا، قەرەبوی تاڵاوی تاڵانی و دابەشکاریەکان بکاتەوە.

ڕۆڵی کورد
لەم تێزەی سەرۆکە عێراقیە کوردەکەدا، یەکێتی و پارتی و گۆڕان لە باشور و هەدەپە و پەکەکە لەباکور و دیموکرات و کۆمەڵە و پژاک لە ڕۆژھەڵات و ھەدەسە و ھەپەگە و ڕێبەرانی کانتۆنەکانی ڕۆژئاڤا و نوخبەی ناو ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و ئەمریکا و جیھان، دەتوانن دور لەحزبسالاری و پۆپۆلیزمی ئێستای بەرکار و زاڵ، ڕۆڵی ئەرێنی بەرچاو لە ھاوکاریکردنی سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح بگێڕن و پێکەوە لەناو پڕۆژەیەکی کوردی گونجاودا، شوێنی کوردستان لەناو یەکیەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بازاڕی ھاوبەشی ناوچەکەدا پڕاگماتیکیانە بکەنەوە.

ئەنجامی تێزەکە
ئەم تێزەی سەرۆک کۆمار، حزبە کوردیەکان لەسەرانسەری پارچەکانی کوردستان و گەلانی سەردەستی ناوچەکەش دور لەململانێ نەتەوەیی و تائفی و ئەتنیکیە جیاوازەکان ھوشیار دەکاتەوە، ھەتا لەناو چاڵی بەرژەوەندیە بچوکەکان و لەو قوڵاییە بچوکە داخراوە خودیە ماڵوێرانکەرانەی ڕابردوەوە بێنەدەر و لەبری جەنگ و بەیەکدادان و بەریەککەوتنە خۆێناویە بێ ھودە لۆکاڵیەکان، پەنا بۆ ڕێگەچارەی ستراتیژی و ئارام و قازانجبەخشە ھاوبەشەکان بەرن و ئەزمونە بەرھەمدارە خۆرئاواییەکان بکەن بەئیلھام بۆ خۆرھەڵاتێکی ئارام و ھاوبەش و سەقامگیر.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP