هەواڵی ئەمڕۆ

هەرێمی کوردستان وپەیڕەوکردنی سیاسەتی واقعیانە

حەسەن بارام - 2-08-2019 - 1086 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک جار بەشێک لەسەرکردە وبەرپرس وڕۆشنبیر ومیدیاکاروتەنانەت تا ئاستی تاکی کۆمەڵگای کوردی بەشێوەیەک مامەڵە ولێدوان وهەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداو پێشهاتەکان دەکەن ، وەک ئەوەی کورد لەباشوری کوردستان خاوەن ئیمبراتۆریەتێکی گەورە بێت و لەشکریکی سەربازی گەورەی زەبەلاحی هەبێت وخاوەن چەکی ئەتۆمی بێت ، هەروەها هەموو وڵاتانی هەرێمایەتی ونیودەوڵەتی بەتاسەوە بن دۆستایەتیمان لەگەڵ بکەن ،
لەڕاستیدا ئەمە بەشێکە لەو ناحاڵی بونەی بەشێک لەسیاسییەکانی کورد ، بڕوایشم وایە سیاسەت وبۆچونی هەڵە وگوتاری ناواقعی بەشێک لەهێزە سیاسییەکانی کوردستان وژمارەیەک سیاسی ئەم ناحاڵیبونەی لای بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی دروستکردووە ، ئەگینا کورد وئەزمونەکەی لەباشور ، خاوەنی ئەو پێگە وکاریگەرییە ئیقلیمی ونێودەوڵەتییە نییە ، کەوا زۆرجار باس دەکرێت .
ئەگەر خوێندنەوە وهەڵوێستێکی دروست بۆ پێگە وکاریگەری ئەم هەرێمە بکەین ، تەنها دوو فاکتەری بەهێزی کاتی هەیە ، کە دوور نییە لە ئاڵوگۆڕی هاوکێشەکاندا ئەو دوو فاکتەرەی هێز هیچ بەهایەکی نەمێنێت ، هەردوو فاکتەرەکەش بریتین لە:
یەکەم : ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ، لەنێو خویاندا لەپەیوەندییەکەی ئاڵۆز وناکۆکدان ، بەڵکو زۆرجار وەکو نەیار ودژ بەیەک مامەڵە دەکەن ، ئەمەش هەندێک جار بەقازانجی ئەم هەرێمە کەوتووەتەوە .
دووەم: ئەم هەرێمە لەڕوو جیوپۆڵۆتیکەوە گرنگییەکی مام ناوەندی هەیە ، بۆ ئەو ململانێ نێودەوڵەتی وئیقلیمییە ، ئەمەش وایکردووە ، تا ئەو ململانێیە بمێنێت ، کوردستان لەهاوکێشەکاندا بایەخی هەبێت .
کەواتا کورد دبێت ئیتر لەوە گەڕێت زمانی هەڕەشە ئاراستەی ئەم وئەو بکات ، یان بەنالۆژیکی هەندێک پرس گەورە بکاتەوە ، کورد لەو پێگە بەهێزەدا نییە لەسەر بابەتی ئاڵا لەئاستە جیاجیاکاندا هەڕەشە بکات لەتورکیا وعێراق ، یان بەئاشکرا دەست بۆ هەندێک پەیوەندی ببات ، کەدواجار ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەرێم ، یان پەلە کردن لە چونە نێو هەندێک هاوکێشەوە ، یان بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە ، لەهەمویش ئاڵۆزتر گەورەکردنی هەندێک کێشە وگرفتی بچوک لەگەڵ وڵاتانی دەرهاوسێ ، هەرێمێک تائێستاش لەبری عەقڵ وسیستەم ودام ودەزگای حوکمڕانی مودێڕن وبەرژەوەندی گەل ونەتەوە ، عەقڵێکی حیزبی وکەسی وخێڵی بەرکار بێت ، هەرێمێکی لاوازکراو لەڕووی ئابوری وسەربازی وپەیوەندییە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتییەکانەوە ، چۆن دەکرێت بەزمانی هەڕەشە وخۆ بەزلزانین ولەخۆباییەوە مامەڵە بکات؟ !
بەڵکو پێویستە لەسەر فەرمانڕەوایانی ئەم هەرێمە ئیتر خۆیان وپێگەی هەرێمەکە باش بناسن وەک ئەوەی هەیە مامەڵە بکەن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر وهاوکێشە سیاسیێەکان کە لەناوچەکەدا دەگوزەرێن، نەک بەکارهێنانی زمانی زبر وسۆز وعاتیفە و زەقکردنەوەی هەندێک بابەتی هەستێار .
چونکە مەرج نییە زمینەی مانەوەی ئەم دۆخەلەناوچەکەدا تا دونیا دونیایە بە قازانجی کورد بمێنێتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP