له‌ 30/7ى هه‌مو ساڵێكدا

فارس نەوڕۆڵی - 1-08-2019 - 1265 جار خوێندراوەتەوە

هاوڕێیه‌تى، چه‌مكێكى دره‌وشاوه‌و بنه‌ماى ژیانێكى ئارامه‌، بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ 27/4/2011 بڕیارى وه‌رگرت كه‌ رۆژى 30/7 ى هه‌مو ساڵێكى وه‌ك ڕۆژى، هاوڕێ یه‌تى بۆ تاكو، كۆمه‌ڵگاو، كه‌لتوره‌ جیاوازه‌كان دیاریكرد. كه‌واته‌ ئه‌م رۆژه‌ ئه‌وه‌نده‌ دێنێ كه‌قسه‌ى له‌سه‌ربكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ كه‌سه‌یرى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكه‌ین، له‌م رۆژه‌دا هاوڕێیانى ئه‌لكترۆنى هیچ پۆستێكى وایان دانه‌ناوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆژه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بۆ پیرۆزبایى وه‌رگرتنى به‌رپرسیارێتییه‌ك بوایه‌ سه‌دان پۆستیان له‌سه‌ر ده‌كرد هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پۆستانه‌ش، زۆربه‌یان پارادۆكسن چون له‌پۆسته‌كه‌دا پیرۆزبایى ده‌كه‌ن و له‌ڕێگایه‌كى دیكه‌ زه‌مى ده‌كه‌ن.

بابگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌رپێناسه‌یه‌ك یان تێگه‌شتنێك بۆ هاوڕێیه‌تى، هاوڕێیه‌تى له‌بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌هه‌ندێكى ئه‌خلاقى هه‌یه‌، ده‌كرێ ماناى هاوڕێ یه‌تى، به‌هاتنه‌ هاوكارى یه‌ك، داكۆكى له‌یه‌ك، پێناسه‌ بكه‌ین، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ له‌ڕه‌هه‌ندى سیاسى و ئاینى یه‌وه‌ له‌كێڵگه‌ى سیاسى و، ئاینیدا، هاوڕێ یه‌تى به‌جۆرێكه‌ له‌قاڵب ده‌درێ چونكه‌ زۆرجار سیاسه‌ت و ئاین ڕێگرن له‌هه‌ڵبژاردنى هاوڕێ دا، ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین هه‌ڵگرانى ئایدۆلۆجیاكان كه‌متر هاوڕِێ یه‌تى ده‌ره‌وه‌ى نه‌زمى سیاسى خۆیان ده‌كه‌ن، ڕێگرى هه‌یه‌، تا ئه‌وڕاده‌یه‌ى چاودێرى جۆرى هاوڕێ یه‌تى ده‌كرێن.

بۆ نموونه‌ جارێك هاوڕێ یه‌كم له‌لایه‌نێكى دیكه‌ى سیاسى له‌بازاڕدا پێكه‌وه‌ گفتوگۆمان ده‌كرد، كه‌چى په‌پوله‌یه‌ك، وێنه‌ى گرتبوین و دواتر ئه‌و هاوڕێ یه‌م له‌جێگاكه‌ى بانگ كرابو كه‌بۆچى له‌گه‌ڵ من ده‌وه‌ستى و هاوڕێ یه‌تى ده‌كه‌ى ئه‌و له‌خۆمان نیه‌، ئه‌مه‌ نیشانه‌ى خه‌له‌لى ده‌رونى و نه‌مانى، متمانه‌یه‌ په‌یوه‌ندى هاوڕێ یه‌تى هه‌تا ته‌مه‌نى زۆربێت ڕاشكاوانه‌ ترو جیاوازتر ده‌بێ، بۆ متمانه‌ بون وخۆشه‌ویستى نێوان هاوڕێكان، به‌ڵام هه‌ندێ هاوڕێ هه‌یه‌ تۆسه‌رى خۆتى پێ ده‌سپێرى كه‌چى به‌خۆت نه‌زانیوه‌ ئه‌و له‌ملاولا خه‌ریكى مل شكاندنى تۆیه‌، به‌غیابى خۆت ئه‌وه‌ى نه‌شێ، ده‌یڵێ، ئه‌م جۆره‌ له‌هاوڕێ یه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌خلاق دانه‌مه‌زراوه‌، چه‌مكى هاوڕێ یه‌تى قسه‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرێ، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا هاوڕێ ى ڕۆحى بوه‌ به‌هاوڕێى ئه‌له‌كترۆنى ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌كى ناپه‌سه‌ند، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم شانازى ده‌كه‌م كه‌چه‌ند هاوڕێ یه‌كم هه‌یه‌ به‌ماناى وشه‌ هاوڕێ یه‌تى به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌وتارێكدا ناتوانرێ، پێناسه‌ى هاوڕێ یه‌تى بكرێ، به‌تایبه‌تى هاوڕێ یه‌تى له‌دیدێكى فه‌لسه‌فه‌وه‌، كۆرسى تایبه‌تى ده‌وێ تا له‌ماناى هاوڕێ یه‌تى تێبگه‌ین بۆیه‌ ده‌كرێ به‌مانا ساده‌كه‌ى بڵێین هاوڕێ یه‌تى جوانترین و ناسكترین زاراوه‌یه‌ یاخود ناوه‌ ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆكى هه‌بێ، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕاستگۆیى و ئه‌خلاقى پێكه‌وه‌یان گرێ ده‌ین، له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ئه‌خلاق و ڕاستگۆیى هاوڕێ یه‌تى ده‌بێته‌ به‌رژه‌وه‌ندى.

كه‌واته‌ ئه‌مه‌ هاوڕێ یه‌تى نیه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ بڵێین ئه‌مڕۆ هاوڕێیه‌تى وه‌ك كۆى بابه‌ته‌كانى دیكه‌ له‌قه‌یران دایه‌، تا هاوڕێیه‌تى له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رنه‌كه‌ین هیچ شتێ ڕێگاى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى ناگرێ. دواجار له‌ڕۆژى هاوڕێ یه‌تیدا خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌و چه‌ند هاوڕێ یه‌م هه‌یه‌و سڵاوم بۆ جۆره‌كانى دیكه‌ى هاوڕێ یه‌تى هه‌یه‌ به‌وهیوایه‌ى هه‌موان ڕاستگۆیى و ئه‌خلاق بكه‌ینه‌ بنه‌ما بۆ هاوڕێ یه‌تى.  

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP