بەپەلە

کاتێک کە مناڵ بووم...

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 27-07-2019 - 2109 جار خوێندراوەتەوە

کاتێک کە مناڵ بووم وامدەزانی تەنیایی کاتێکە هیچ یەکێک لە ئەندامانی ماڵەوەمان لە ماڵ نەبن...

کاتێک کە مناڵ بووم حەزم لە ئۆتۆمبێلێکی ئەمریکی بوو بە ناوی گالانت...

کاتێک کە مناڵ بووم وامدەزانی دونیا بەر لە دایک بوونی من ڕەش و سپی بووە، ئاخر تەلەفزیۆنەکەمان ڕەش و سپی بوو...

کاتێک کە مناڵ بووم وامدەزانی تەنیا زەنگە سوورەکان پێوە دەدەن...

کە گەورە بووم و پێ گەیشتم...

بینیم، بیستم، ڕۆیشتم و هاتم و ئەزمونم کرد...

فێر بووم...تێگەیشتم...

نەخێر...

ئەوە مرۆڤەکانن پێوە دەدەن...

هەرچەند زیاتر خۆشەویستی بنوێنی...

هەرچەند زیاتر ڕێزیان بگری...

هەرچەند زیاتر بڕواو متمانەیان پێ بکەی...هۆگریان بی...سادە بی...پڕ بی لە هەست و سۆزەوە..چاکە کار و خێرخوازو خاکی و پاک بی لە تەکیاندا...پێوە ئەدرێی و ژەهری پێوەدانەکەش ڕەنگە ساڵەهای ساڵ کاریگەری لەسەر باری سایکۆلۆژیت بە جێ بهێڵێ...

ئینسانەکان هەموویان مرۆڤ نین....دڵڕەقن...زۆر بە ئەسپایی لێتەوە نزیک دەبنەوە...دەبن بە هاوڕێی گیانی بەگیانیت...دەبن بە خۆشەویسترین هاوڕێت...دەبن بە هاوڕازت...دەبن بە سێبەرت...هەناسەیان تێکەڵ بە هەناسەکانت دەبن...ساتەکانت دەبن بە هی ئەوان...ئەتۆ دەبی بە هی ئەوان...

بەڵام خوانەخواستە هەرکاتێک هەڵسوکەتێکی تۆیان بە دڵ نەبوو....وتەیەکی تۆیان لە دڵ گران بوو...لەگەڵ بۆچووونەکت هاوڕا نەبوون...یا تۆ بە سازو ئاوازی ئەوانەوە سەمات نەکرد و هاو ئاواز و هاوسازیان نەبووی...یا کارێکی یاسایی یا نایاساییان پێ سپاردی و تۆ توانای ئەنجامدانیت نەبوو... ئەوکات زۆر بێ بەزەییانە...زۆر بە نامەردی....پێتەوە دەدەن...پێوەدانێکی کوشندە و ماڵوێرانکەر....دواتر بەجێت دێڵن...بە تەنتایی جێت دەھێڵن...تا لەگەڵ ئازارەکانتا بتلێیەوە...بتوێیەوەو دواجار داڕمێی...

کە سەیرێکی جەستە و ژیانی خۆت دەکەی و لە دۆخی خۆت وەرد دەبیەوە، بۆت دەردەکەوێ هەموو جەستەت برینی بە سۆیە...هەموو جەستەت برینی قوڵەو خوێن لێی دەچۆڕێ....هەموو جەستەت دەردو ئازارو ئێشە و تەنیا کەساسی و ماڵوێرانی و ماندوو بوون و پەشیمانیت بۆ ماوەتەوە....ناچاری تەمەنێک لەگەڵ ئێش و ئازارە ڕوحیەکانتدا هەناسە بدەی و بژی و بە حەسرەتەوە لە ڕابردووی لە دەست چووتەوە بڕوانی....

ئایا دەزانی ھەموو شتێک لەم دنیایە مەحکومە بە گۆڕانکاری و ھیچ شتێک نیە گۆڕانی بەسەردا نەیەت؟

ئایا دەزانی ئەو کەسە براوەیە خۆی نەدۆڕێنێ و بەچەکی خۆراگری و ئارامگرتن رووبەرووی ئاستەنگ و کۆسپ و ئاڵنگاریەکان بێتەوەو لە روویاندا بوەستێ؟ ئەو کەسەی ھەموو ھەوڵێکی خۆی داوەو بۆ ساتێکیش چیە دەستەوەستان نەوەستاوە....ئەو زاتەی ھیچ چاوەروانیەکی لە ئەم و ئەو نیەو تەنیا پشتی بە رەحم و بەزەیی خواوە بەستووە...ئەوکەسەی باش دەزانێ جاری واھەیە ژیان ھیچی نیە پێشکەشی بکات بەڵام کۆڵ نادات و لەھەوڵدان و تێکۆشان و جوڵە ناکەوێ...لێ لەگەڵ ئەمەشدا ھیچ کات سەرلەبەری نەھامەتیەکانی ناخاتە ئەستۆی پەتای بێدادیەوە...

زۆرێک لە ئێمەمانان لە پرۆسەی ژیان و کایەی ململانێ لەگەڵ ئاستەنگەکاندا دووچاری نائومێدی دەبینەوە...ئیش و کارەکان بە دڵخوازی ئێمە ناڕۆن بەڕێوە...کۆمەڵێک فاکتەر ھەن لە ئامانجەکان دوورمان دەخەنەوە...نیگەرانی باڵی رەشی بەسەر باری دەروونیماندا دەکێشێ و تووشی سەرلێشێوانمان دەکەنەوە...شکست دەخۆین...نسکۆمان بەسەردا دێت...وامان لێ دێت بەرامبەر بە ھەموو شت و بوونەوەر و رووداوو بەسەرھاتەکانی ژیان،  بەدگومان و بەدبین بین...چاکەکاریەکانمان بە خراپەکاری لەقەڵەم دەدرێن و رووبەرووی تیرو توانج و پلار لێدان و گاڵتە پێکردن دەبینەوە...بەڵام ئەگەر خۆراگر و ئارامگرو دڵفرەوان و ھێمن نەبین، رەنگە بە پەرچەکردارێکی نامەنتیقی و دوور لە لۆژیک، ھەموو شت بدۆرێنین....

ئەشێ کایەی ژیان بەمجۆرە وێنا بکەین:

کەسێکی شێت بەردێکمان تێ دەگرێ، ئەگەر خۆمان لە بەردەکانی نەپارێزین و لە جیاتی خۆشاردنەوە و بە رووخۆ دانەھێنان بەردی تێ بگرینەوەو بە تووندترین شێوە لە روویدا بوەستین و رووبەرووی ببینەوە، بە دڵنیاییەوە ئێمە دۆڕاوو کەسە شێتەکەش براوە لێی دەردەچێ، چونکە ئەو وات لێ دەکات تەواوی ھێزو توانا و توانستی خۆت بۆ رووبەروو بوونەوەی بەردەکانی ئەو تەرخان بکەی..ئەو لە كرداری عەقڵانی داماڵراوە و بەمشێوەیە دەیەوێ عەقڵ و ھزرو تواناو باری سایکۆلۆژی تۆش بخاتە ژێر رکێفیەوە و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە..

پرۆسەی ژیان و نەھامەتی و شکستەکانیش بەمجۆرەن، تا کاردانەوەکانمان تووندترو حیساب بۆ نەکراوو خێراو نالۆژیکی بن، زیاتر ھیلاک و نائومێد و دڕدۆنگ و ماندووتر و بێ تاقەتتر دەبین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP