حوکمڕانی باش (حوکمی ڕەشید) ...

توانا ئەحمەد خەیات - 27-07-2019 - 2155 جار خوێندراوەتەوە

بەشێوەیەکی گشتی  حوکمڕانی باش( حوکمی ڕەشید)  وەک پێوەرێکی سەرەکی  یاسای بەڕێوەبردن ئەژمار ئەکرێت ،ئەگەر حوکمەت و دەسەلاتەکان ئەم شێوازی حوکمڕانییە جێبەجێبکەن  ئەوا ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان چالاک تر دەبێت، گەندەڵی کەمدەبێتەوە، هەروەها وەڵام دەرەوەی داخوازییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت.

- ئەو بنەما سەرەکیانە چین کە پێویستە  هەبن بۆ ئەوەی بتوانین بڵێن ئەم جۆرە لە حوکمڕانی  حوکمڕانییەکی باشە ؟
- ئایا لە کوردستادا  حوکمڕانی باش هەیە ؟
 
حوکمڕانی باش هەشت بنەمای سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە: 
1.بەشداریکردن. 
2.ڕۆڵی یاسا.
3. شەفافییەت.
4. بەدەنگەوەهاتن.
5. کۆدەنگی. 
6. یەکسانی و دادپەروەری. 
7. لێهاتووی و کاریگەری.
8. لێپرسینەوە. 

بنەمای یەکەم بریتییە لە بەشداریکردن: 


بەشداری کردن بەواتای بەشداربونی هەردوو ڕەگەز ( نێر و مێ ) لە کایەکانی بەڕێوەبردن و حوکمڕانیدا. بەشداری کردنی هەردوو ڕەگەز بە بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ حوکمڕانی باش .ئەم بەشداریکردنە  یان بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەبێت یاخود لە ڕێگەی  دامەزراوە یاسییەکان یاخود لە ڕێگەی سەندیکاو نوێنەرایەتیەکانەوە دەبێت. گرنگیشە ئاماژە بەوە بکەین کە نوێنەرایەتیکردنی دیموکراسی( بە واتایەکی تر دیاریکردنی نوێنەر لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ) مانای ئەوە ناگەیەنێت  کە مافی چینە لاوازەکانی کۆمەڵگە  لە بەر چاودەگیرێت   لە کاتی بڕیار دروستکردندا.  بەشداری کردن دەبێت  ڕێک بخرێت و فۆرمەلە بکرێت , ئەمەش بە مانای  ئازادی لە دروستکردنی ڕێکخراو و ئازادی ڕادەربڕێن  لە لایەک و کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراوی مەدەنی لە لایەکی تر . 

بنەمای دووەم بریتییە لە ڕۆلی یاساو قانون:

حوکمڕانی باش  پێویستی بە دامەزراوەیەکی  یاسایی دادپەروەر هەیە کە پێویستە بە نەزیهی و دادپەروەرانە کاری خۆی بکات. هەروەها پێویستی بە  پارێزگاری کردنی  تەواوی مافی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی مافی کەمینەکان.

"جێبەجێکردنی  یاسا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە  پێویستی بە  دەزگایەکی دادوەری بێ لایەن  و پاک  هەیە لەگەل هێزێکی پۆلیسی نیشتیمانی کە بە گەندەڵی تێوە نەگلابێت ".

بنەمای سێیەم بریتییە لە بونی شەفافییەت: 

شەفافییەت بە مانای بڕیار دان و جێبەجێ کردنی بڕیارەکان  بە گوێرەی یاساو  ڕێنماییەکان. هەروەها بە مانای  مافی دەستکەوتنی زانیاری بۆ ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ  بڕیارەکەو جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە. هەروەها بە مانای پێدانی  زانیاری پێویست بە شێوەیەکی ئاسان  بۆ میدیاکان بەبێ جیاوازی.  

بنەمای چوارەم بریتییە لە  بەدەنگەوە هاتن:

لە حوکمڕانی باشدا پیویستە دامەزراوەو دەزگاکان  و کارەکان بە شێوەیەک بن کە  خزمەت بە هەموو چین و توێژەکان بکات بە کەمترین کات و دور لە ڕۆتینیاتی زیادە. 

بنەمای پێنجەم بریتییە لە کۆدەنگی: 

بێگومان لە ناو کۆمەڵگەدا ئاڕاستەو ڕوانینی جیاواز جیاواز بونی هەیە. حوکمڕانی باش  پێویستە باڵانس لە نێوان بەرژەوەندییە  جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە ڕابگرێت و بۆردێکی کۆدەنگی لە ناو کۆمەڵگەدا دروست بکات  بە مەبەستی دیاریکردنی  بەرژەوەندی گشتی  بۆ سەرجەم تاکەکانی نێو کۆمەڵگە  هەروەها کارکردن بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجە.  ئەمەش تەنها  لە ئەنجامی تێگەیشتنی مێژووی،  کۆمەڵایەتی و کلتوری  ناو کۆمەڵگەوە دەبێت. 

بنەمای شەشەم  بریتییە لە یەکسانی و دادپەروەری:

خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگەدا  بەندە بەوەی کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە وا هەست بکەن و دڵنیا بن کە مافیان هەیە لە ووڵاتەکەیاندا و بێ جیاوزی و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت  . لەمەدا پێویستە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە وا هەست بکەن  بە تایبەتی  چینە کەمدەستەکان و هەژارەکان ئەو دڵنیاییەیان هەبێت و  فرسەتی یەکسانیان بۆ بڕەخسێت تاکو خۆشگوزەرانی بەدەست بهێنن. 

بنەمای حەوتەم بریتییە لە لێهاتووی و کاریگەری:

حوکمڕانی باش  بە مانای ئەوەی کە کاری  دامەزراوەو دەزگاکان ئەنجامەکەی  خزمەت بە داخوازی و پێداویستییەکانی  کۆمەڵگە بکات ، بە  سود وەرگرتن لە بەکارهێنانی  باشترین سەرچاوە بۆ کارەکانی. چەمکی لێهاتووی لە سیاقی حوکمڕانی باشدا  باش بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان و پاراستنی ژینگەش لە خۆ دەگرێت. 

بنەمای هەشتەم و کۆتایی لەم بابەتەدا بریتییە لە لێپرسینەوە: 

لێپرسینەوە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی  حوکمڕانی باش. نەوەک تەنها لە دامەزراوەو دەزگا حوکمیەکاندا ، بەڵکو کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش پێویستە ئامادەی لێپرسینەوە بن لەبەردەم ڕای گشتی ودامەزراوەکاندا. ناتوانرێت بڕیاری لێپرسینەوە جی بەجێ بکرێت بەبێ بونی شەفافییەت و ڕۆڵی یاسا.   

چۆن حوکمڕانی باش ( حوکمی ڕەشید) بەدەست دێت: 

بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی باش  بەدەستبێت پێویستە چەندین ڕێکاری  دیموکراسیانە پەیڕەو بکرێت  کە تێدا ڕێز لە سەروەری یاسا، میدیای ئازاد، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی چالاک بگیرێت.


 هەروەها  پیویستە  دامەزراوەی بەهێز و چالاک بونی هەبێت  وەک  دەستەی چاودێری کردنی مافی مرۆڤ،  دەزگای نەهێشتنی گەندەڵی، کۆمیسۆنێکی ئازادی بازرگانی  و چەندان دەزگای تری پێویست. 

سەرئەنجامی ئەو بنەماو خاڵانەی سەرەوە کە باسمان کرد ، وا دیارە  حوکمڕانی باش (حوكمی ڕەشید)  شتێکی زۆر ئایدیاڵ و میسالییە کە جێبەجێکردنی بە تەواوەتی  زۆر ئەستەمە  بە تایبەتی لە ووڵاتانی جیهانی سێهەم و وڵاتە دواکەوتووەکان، هەرچەندە لە ووڵاتە پێشکەوتوەکان و ووڵاتە دیموکراتییەکانی جیهاندا  نزیکبونەتەوە لە بەدەست هێنانی  حوکمڕانی باش  بەشێوە یەکی ڕێژەیی باش  کە سەرئەنجام زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگە لەو ووڵاتانەدا  هەستی پێ دەکەن.

لە کۆتایدا خوێنەری بەڕێزی ئەم بابەتەش  دەتوانێ خۆی بڕیار بدات کە ئاخۆ لە کوردستاندا  تاکو ئێستا حوکمڕانی باش ( حوکمی ڕەشید ) جێ بەجێ کراوە  یاخود  تاکو چ ئاستێک چینەکانی کۆمەڵگەی کوردی  هەستیان بەبونی ئەو بنەمایانە کردوە لە حوکمڕانی ئەم هەرێمەدا. 

سەرچاوەکان:
Macdonald, B. (1998), “‘Good‌ governance and Pacific island states”, in Larmour, P. (Ed.), Governance and Reform in the South Pacific, National Centre for Development Studies Australian National University, Canberra
Woods, N. (1999) Good Governance in International Organizations, Global Governance 
Burnell, Peter. ‘Good Government and Democratization: A Sideways Look at Aid and Political Conditionality‌, Democratization


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP