پارتى و یه‌كێتى و ئه‌وانى دیكه‌

فارس نەوڕۆڵی - 24-07-2019 - 3372 جار خوێندراوەتەوە

ململانێكان به‌ ده‌ست وه‌شاندنى جۆراوجۆر له‌كه‌شتییه‌كان ده‌ستى پێكردوه‌. به‌ تایبه‌تى ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌، له‌گه‌روى هورمز و ده‌وروبه‌رى لێدانى كه‌شتى  و ده‌ست به‌سه‌راگرتنى به‌ره‌ و هه‌ڵكشانه‌

 

مه‌به‌ست له‌ ئه‌وانى دیكه‌، كۆى حزبى و هێزه‌ سیاسیه‌كانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستانه‌، لێره‌دا پارتى و یه‌كێتى به‌ حوكمى مێژوو به‌ حوكمى واقعى سیاسى و ڕِۆڵى سه‌نته‌ر و ئه‌ركى مێژوى یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ. له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌ركى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ له‌وان كه‌متر نیه‌ ، چونكه‌ ئێستا ناوچه‌كه‌ ئه‌كوڵێت بۆ گۆڕانكارییه‌كى گه‌وره‌، كه‌ كاریگه‌رى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ له‌ ڕوى ئاینده‌ى جوگرافی و سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى داده‌نێ. ململانێكان به‌ ده‌ست وه‌شاندنى جۆراوجۆر له‌كه‌شتییه‌كان ده‌ستى پێكردوه‌. به‌ تایبه‌تى ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌، له‌گه‌روى هورمز و ده‌وروبه‌رى لێدانى كه‌شتى  و ده‌ست به‌سه‌راگرتنى به‌ره‌ و هه‌ڵكشانه‌. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جه‌نگى كه‌شتیه‌كان و زۆر دوور نه‌ڕۆین له‌ جه‌نگى ئێران و عێراق ئه‌م جۆره‌ له‌ جه‌نگ ڕوى دا، (له‌ ساڵى 1984 تا ساڵى 1987). دواى ئه‌وه‌ى سوپاى عێراق كانه‌ نه‌وتیه‌كان و به‌نده‌ر و كه‌شتیه‌  نه‌وتیه‌كانى ئێرانى كرده‌ ئامانج و ڕێگرى له‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران كرد، له‌ وه‌ڵام دا ئێران هێرشێكى فراوانى بۆ سه‌ر كه‌شتیه‌ نه‌وتى و بازرگانیه‌كانى جیهان ده‌ست پێكرد.
 ده‌بێ بزانین لێكه‌وته‌كانى ئه‌م جاره‌ وه‌ك جه‌نگى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نییه‌، ئه‌وكات جیهان چاودێرى ئێران و عێراقى ده‌كرد به‌ زۆریش له‌ پشت عێراق بوون

 

له‌م هێرشه‌دا توانى (546) كه‌شتى بازرگانى و (259) كه‌شتى نه‌وتى جیهان تێكبشكێنێت. له‌وكاردانه‌وه‌دا زیانه‌ مادییه‌كان به‌ (6) ملیۆن دۆلار خه‌مڵێنراو هاوكات (430) ده‌ریاوانى مه‌ده‌نى كوژران. ئه‌م ڕوداوه‌ واى كرد ئه‌مریكا و سۆڤیه‌ت هێزێكى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى كه‌شتیه‌كان دروست بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بێ بزانین لێكه‌وته‌كانى ئه‌م جاره‌ وه‌ك جه‌نگى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نییه‌، ئه‌وكات جیهان چاودێرى ئێران و عێراقى ده‌كرد به‌ زۆریش له‌ پشت عێراق بوون، به‌ڵام بۆ جه‌نگى ئێستا ئه‌مریكا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات جه‌نگه‌كه‌ بكاته‌ جه‌نگى ئێران و جیهان. ئێمه‌ى كورد له‌ ئه‌نجامى هه‌موو جه‌نگه‌ جیهانیه‌كان دا زه‌ره‌ر مه‌ندى یه‌كه‌م بوین له‌ ناوچه‌كه‌دا ، بۆیه‌ ده‌بێ هێزه‌ سیاسه‌كان به‌ قوڵى بیر بكه‌نه‌وه‌ و به‌ ئه‌خلاق ڕه‌فتار بكه‌ن.
پارتى و یه‌كێتى ده‌بێ زۆر ورد بن، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و چاره‌نوسێكى نوێ ده‌ڕوات و نادیاره‌، بۆیه‌ ده‌بێ كۆى جیاوازییه‌كان قفڵ كه‌ن

 

ئه‌خلاق به‌ پێناسه‌ كوردییه‌كه‌ ناڵێم، چونكه‌ كاریگه‌رترین فاكته‌ره‌كانى پوكانه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ى ئه‌خلاقه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا  پارتى و یه‌كێتى ده‌بێ زۆر ورد بن، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و چاره‌نوسێكى نوێ ده‌ڕوات و نادیاره‌، بۆیه‌ ده‌بێ كۆى جیاوازییه‌كان قفڵ كه‌ن، هه‌موو توانایان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ئاماده‌كارى بۆ ئه‌گه‌ره‌كان و تێپه‌ڕاندنى هه‌رێم به‌ كه‌مترین زیان. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسى یه‌كانى هه‌رێم واز له‌وه‌ بهێنن كێ ڕاسته‌ و كێ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ له‌ نێوان ڕاست و هه‌ڵه‌دا سه‌دان جیاوازى هه‌یه‌ ،بۆیه‌ به‌رگرى كردن له‌ كوردستان و هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارێتى ئه‌م قۆناغه‌ و ده‌رك كردن به‌ مه‌ترسیه‌كان و به‌گژداچونه‌وه‌ى هه‌رفه‌وزاو خراپه‌كارییه‌ك به‌رامبه‌ر هه‌رێم بۆته‌ ئه‌ركێكى ئه‌خلاقى و نابێ كه‌س خۆى لێ بدزێته‌وه‌. له‌ لایه‌كى كه‌وه‌ ئه‌ركى هێزه‌ سیاسیه‌كانى پارچه‌كانى دیكه‌ زۆر قورس و هه‌ستیار تره‌، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ كوردایه‌تى ده‌كه‌ن ده‌بێت كارێك نه‌كه‌ن ئارامى هه‌رێم بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژوو ڕاسته‌مێژووى ئێمه‌ پڕله‌ ناشرینى و یه‌كتر كوشتن و هاوكارى  دوژمنه‌ ، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ شێكى زۆر له‌ مێژوومان  لاپه‌ڕه‌ى  پڕشنگدارن و ده‌كرێ له‌ هه‌ردوكیان وانه‌ وه‌رگرین، خاڵه‌ ناشرینه‌كان دووباره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ و خالًه‌ جوانه‌كان گه‌شه‌ پێبده‌ین، كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ركى نه‌ته‌وه‌ى و ئه‌خلاقى خۆیان جێ به‌جێ كه‌ن خه‌باتى سیاسى یان  له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌حه‌دا و ئه‌رگۆمێنت داڕێژن نه‌ك ئیستیفزاز. لێره‌دا نابێ ئه‌وه‌ له‌ بیر بكه‌ین هێزه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات له‌ دروست بونى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌كى به‌رز هه‌ستیارى دۆخى هه‌رێمى كوردستانیان له‌به‌رچاو گرتووه‌.
پێویسته‌ هێزه‌كانى دیكه‌ له‌ پارچه‌كانى كوردستان هه‌مان ڕۆڵى ئه‌رێنى بگێڕن و له‌وه‌ تێبگه‌ن هه‌رێمى كوردستان ئێستا قه‌ڵا و پشت و په‌نای هه‌موو كورده‌

 

بۆیه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانى دیكه‌ له‌ پارچه‌كانى كوردستان هه‌مان ڕۆڵى ئه‌رێنى بگێڕن و له‌وه‌ تێبگه‌ن هه‌رێمى كوردستان ئێستا قه‌ڵا و پشت و په‌نای هه‌موو كورده‌، له‌ ئێستاشدا  كۆمه‌ڵگاى كوردستان به‌ ململانێ یه‌كى توندى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى دا گوزه‌ر ده‌كات، ده‌بێت یه‌كێك هه‌بێت ئه‌م گرژییه‌ خاو كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر كۆى حزبه‌كان ئه‌ركه‌ كه‌ به‌ هاوكارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ت به‌رنامه‌یه‌ك بۆ ئه‌م گه‌مه‌یه‌ داڕێژن كه‌ نه‌ (شیش بسوتێ و نه‌ كه‌باب) له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تیۆرى گه‌مه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى گریمانه‌ دانراون بۆیه‌ هه‌ڵس و كه‌وتى ژیرانه‌ى یاریزانه‌كان ئه‌نجامى بردنه‌وه‌ و دۆڕانى یاریه‌كه‌ دیارى ده‌كات و ڕوونى ده‌كاته‌وه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ توانایى سیاسیه‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ى ئاینده‌ ئاكامى باشى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌شى كاره‌سات، كه‌واته‌ پێویسته‌ حزبه‌كانى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى باڵا له‌ ده‌ورى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كۆببنه‌وه‌ و ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ دروست كه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌ داخزان و شكان بگرین. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ واز له‌ كینه‌ى سیاسی و ئاینى بێنین و گیانى یه‌كتر قبوڵكردن قوڵبكه‌ینه‌وه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌بێ پارتى و یه‌كێتى به‌م ڕۆڵه‌ هه‌ستن.
پێش هه‌موشت ئه‌م سه‌رگه‌ردانییه‌ى میدیا بوه‌ستێنرێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌و گروپه‌ سه‌فسه‌ته‌ چیانه‌ى ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌ بێ به‌زه‌ییانه‌ سوكایه‌تى به‌ هه‌مموو شتێك ده‌كه‌ن

 

پێش هه‌موشت ئه‌م سه‌رگه‌ردانییه‌ى میدیا بوه‌ستێنرێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌و گروپه‌ سه‌فسه‌ته‌ چیانه‌ى ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌ بێ به‌زه‌ییانه‌ سوكایه‌تى به‌ هه‌مموو شتێك ده‌كه‌ن. دواجار هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌م دۆخه‌، له‌سه‌ر هه‌موو  لایه‌نێكه‌ سه‌یرى مێژووى گه‌لان بكه‌ن هه‌ر میلله‌تێك ئه‌گه‌ر ڕوبه‌ڕوى جه‌نگێك یان ڕوداوێك بوبێته‌وه‌ چه‌نده‌ له‌ ناوخۆدا جیاوازبوبن له‌وكاته‌ دا هه‌موویان سه‌ربازى وڵات بوون. ئه‌مه‌ ئه‌خلاقى سیاسی یه‌ ئه‌مه‌ به‌ ئه‌مه‌كى یه‌ بۆ وڵات، بۆیه‌ هه‌ركه‌س به‌ خه‌مى ئاینده‌ى كورد نه‌بێ له‌م قۆناغه‌دا و له‌م ئه‌گه‌رى شه‌ڕه‌ گه‌وره‌یه‌دا لادانه‌ له‌ مۆراڵ و بێ ئه‌مه‌كه‌ به‌رامبه‌ر كوردستان ، كه‌واته‌ له‌ سه‌ر هه‌موو حزبه‌كان پێویسته‌ هه‌م وه‌ك ئه‌خلاق سیاسه‌ت بكه‌ن هه‌م به‌ ئه‌مه‌ك بن بۆ كوردستان ، پێشم وایه‌ كارى له‌ پێشینه‌ى هه‌مووان ئه‌وه‌یه‌ هاوكارى
 
حكومه‌ت بن بۆ مسۆگه‌ر كردنى سێ خاڵ كه‌ بریتی یه‌ له‌ :-
1) پاراستنى ئاسایشى خه‌ڵك و خاكى هه‌رێمى كوردستان.
2) دابین كردنى بژێوى سه‌ربه‌رزانه‌ى خه‌ڵك .
3) فراوانكردنى كه‌ناڵى دبلۆماسى بۆ تێگه‌یشتن له‌ گۆڕانكارى یه‌كانى ناوچه‌كه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP