بەپەلە

سوارچاکی لەسەر ئەسپی تۆپیو

سلێمان عەبدوڵا یونس - 23-07-2019 - 41999 جار خوێندراوەتەوە

کۆی ئەو بیربۆچونانەی ھەڤاڵ مەلا بەختیار، لەدوتوێی دەردەدڵەکەیدا، کە ئەو بەپڕۆژەیەک ناوی بردون، بیروبۆچونی بێ عەیبن، تەنھا عەیبێک کە ھەبێت ئەوەیە، کە ئەو قسانە ھی بەرپرسی دەستەی کارگێڕبن و خۆی لەمودەتێکی دورودرێژدا سەرە ڕمی سیاسەتی ڕاست و چەپی ئەو حزبە بوبێت.

ئاخر ئەگەر ئەم بۆچونانەی ھی کادرێکی ھۆشیار و خوێندەواربن، ئەوە مایەی ستایشە، بەڵام ئەگەر قسەی کاربەدەستێکی گەورە وەکو کاک بەختیار بێت، مایەی شەرمندەییە و ئاکامەکەی وەکو رەخنەی حکومەت و کارەباکەی لێدێت، کە دواجار ساڵان ڕۆیشتن و نەکارەبای پێ چاکرا و نەحکومەتیش ماڵئاوایی کرد و ھەر سنگدەرپەڕاندنێکی مایەی تیروتوانج مایەوە.

کەمکردن و کپکردنی دەنگەگەکان

ھەڤاڵ مەلا بەختیار، باسی کەمکردنی دەنگی یەکێتی دەکات، وەک بڵێی کاتێک ئەو لەکارگێڕەوە بو بە ماڵگێڕ، ئیدی دنیای دەنگی یەکێتی داروخا. لەکاتێکدا ڕونە ئەمڕۆ دەنگی ئەوحزبە کەمی نەکردوە و پرسەکە قوڵاییەکی ڕێکخراوەیی ناتەندروست و پیلانگێڕی دورودرێژی ھەیە، کە پێش کەمکردن بەکپکردنی دەنگ دەسپێدەکات، ھەرچەندە بەھۆی باکگراوەندی یەکێتی لەگەڵ بیروڕای ئازاد و حزوری ڕێبەرێکی ئازادیخوازی گەورەی وەک مامجەلال، ساڵانێک ئەوە تەنھا بەخەتی قاچاغ و نھێنی کوتلەکان، ڕەنگڕێژ دەکرا.

بۆئەوەی ئاستی ڕاقی ئاخاوتن لەدەست نەدەین، خوێنەری بەڕێز با لەوە بگەڕێین کە ھەڤاڵ مەلا بەختیار بەدرێژایی داکشانی یەکێتی، یەکێک لە ڕێبەرانی کەمپەینی یەکێتی بوە. با لەوەش بگەڕێین، یەکێک لە داخوازیە سەرەکیەکانی مەڵبەند و کۆمیتە و بنکەی جەماوەری یەکێتی، دورخستنەوەی بەشێک لە مەکتەب سیاسیەکان بوە لە کامپەینەکان، لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەش، ھەڤاڵ مەلا بەختیار، بەڵام وەکو وتمان با ئاستی بەرزی ئاخاوتن بۆ پەرچەکردار نەگۆڕین و باشترە لەئاستێکی شایستەدا، باس لەوە بکەین، کە ئەو پرسە چۆن گرێدراوی پیلانگێڕیەکی دێرینترە ؟.

گەڕانەوە بۆ ھەڵوەراندن

بەشێوەیەکی ڕاستەقینە ئەوکاتە یەکێتی لەھەناوەوە دەستی بەھەڵوەرین کرد، کە لانیکەم لەخەیاڵدانی جەماوەر و کادرانی یەکێتیدا، ھەڤاڵ مەلابەختیار، وەک ڕێبەرێکی چەپ بۆ گەشەپێدانی بیری نوێخوازی و وەک بەپیرەوەچونێک، بۆ بانگەوازی گەڕانەوەی ھەڤاڵە دێرینەکان دێتەوە ناو یەکێتی، کەچی ئەو بەھەمو ڕقی ئاڵای شۆڕش و بەکۆنەقینی سیاسیەکی بارگاوی بە ململانێ بچوکەکانی ڕابردو، گەڕایەوە و لەیەکەمین وێستگەی گەڕانەوەشیدا، سەنگەری لە کاک نەوشیروان و ھاوڕێکانی گرت و لەم پێناوەشدا بە بنیاتنانی یۆتۆپتای ڕێکخراوی دیموکرات و میدیای تایبەت، پەیکەری ئامانجە ناتەندروستەکانی ھەڵچنی.

لەبنەڕەتەوە وێڕای بونی دەیان کادیری جۆری و دڵسۆز بەڵام ڕێکخراوە دیموکراتیەکان، وەک ڕێکخستنی دوبارە، بۆ ئامانجی دەستەگەری ڕێکخراوەیی نادیار و قۆرخکاری مەلموس لەناو یەکێتی لەلایەن ھەڤاڵ مەلا بەختیارەوە بنیاتنرا و بەژمارە وەھمیەکان کە پێکھاتەی رێکخراوە دیموکراتیەکانی بەقەبەیی لەسەر نیشاندرابو، لە بنەڕەتیشدا ئەندامەکانی ھەر ئەندامانی یەکێتی بون، ھەرھەمان ئەو ئەندامانەبون، کە لەمەکتەبی ڕێکخستن، لەناو شانە و پۆل و کەرت و کۆمیتە و مەڵبەندەکاندا ڕێکخرابون و لەناو ئەو پەیکەربەندیە نوێیە ناڕونەدا، بەژمارەی وەھمی دوبارە کرابونەوە. ئەم ھەڵاوسانە حزبیە ھەتا ھەڵبژاردنی 25 / 7 نەھات وێڕای تێچوە داراییە زەبەلاحەکانی، ئاسەوارە وێرانکاریەکانی دەرنەکەوتن. ئاخر لەسۆنگەی ئەو ژمارە یەکێتی خەڵەتێنەرانەدا، گۆڕان سەرکەوت و ھەمو شتێک بەسەر یەکێتیدا قڵب بوەوە.

پاکسازی چاکسازیخوان

لەکاتێکدا نەوشیروان مستەفا و ھاوڕێکانی، بەھەمو توانایانەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی و گۆڕینی جۆری حوکمڕانی ئەو حزبەیان دەدا و پڕۆژەی جدیان بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت پێشکەش دەکرد، ھەڤاڵ مەلا بەختیار، یەکێک بو لەوانەی کەھەردەم تۆوی گومانی لەسەر ئەو ئیرادە چاکسازیە دەچاند و وەک ئێستا، بابەتەکەی دەبردەوە سەر دەستەگەری و پرسی جیابونەوە لەیەکێتی، لەمەشدا بەڕاستی کۆڵنەدەر بو، چونکە دواجار لەبەرامبەر ئیرادەی چاکسازی، خواستی پاکسازی ڕیفۆرمستەکانی کرد بەخواستی زاڵی ناو یەکێتی و ئەم قەڵەمڕەوە بەقازانجی کوردایەتی کلاسیک و بەزیانی کوردایەتی ڕاقی بۆ یەکەمجار لەمێژودا بەشێوەیەکی مەترسیدار دو پارچەبو.

لەڕاستیدا لەکوێدا خواستی پاکسازی یەکێتی لەچاکسازیخوازان سەری گرت، ئالەوێدا چیرۆکی قەیرانە گەورەکانی حوکمڕانی یەکێتی، دەستی پێکرد و ئالەوێوە ڕێگا تەختبو مەلا بەختیار، لە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کەم کاریگەریەوە، بازی بون بەئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەستەی کارگێری یەکێتی بەسەریەوە بنیشێتەوە و وەک سەرکردەیەکی زاڵ دەربکەوێت دەرفەت بھێنێت پەیوەندی مامجەلال و نەوشیروان مستەفا، ڕێبەرانی سەردەمی ھاوخەباتی مەتین، بۆ سەردەمی جیابونەوە و تەخوین، وەرچەرخەرێنێت.

پشکی شکستەکان

لەمێژوی گەڕانەوەی ھەڤاڵ مەلا بەختیار بۆ ئێستا، ئەگەر بە ویژدانەوە شەنوکەوبکەین و دور لەھەر لایەنداریەک باس لەڕۆڵی ئەو سەرکردەیە بکەین و پشک و بەرکەوتەکان لەنێوان سەرکردە بڕیاڕبەدەستەکانی یەکێتی، لەجێگرانی سکرتێری گشتی، بۆ ئەندام مەکتەب سیاسیە باڵادەستەکان، بەداتا و زانیاری و ژمارە بخەینەڕو، ئەوا لەناو ھەمویاندا ھیچ کامیان بەئەندازەی ئەو دەور و دەستی نەبوە، چ لە دانانی ئەجنداکانی حوکمڕانی یەکێتی، چ لە دیاریکردنی ستافی ئەو ھێزە بۆ دامەزراوە باڵاو و بچوکەکانی حوکمڕانی. جا ھەر لە دیاریکردنی ئەندامانی پارلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە بیگرە، بۆ دیاریکردنی وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتی و ڕاوێژکارەکان، ھەتا دەگاتە دانانی پارێزگارەکان، سەرۆکی شارەوەنیەکان، بەرپرسی ئیدارەکان، قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەرێوەبەرە گشتیەکانی دیکەی پارێزگاکان بەبڕیاڕی ھەڤاڵ مەلا بەختیار یان بەبەشداری کاریگەری ئەو دانراون. ڕەنگە ھەر ئێستا ئەوانە کۆبکەینەوە، کە بەھۆی ڤیتۆی ئەوەوە، وێڕای شایستەییان چانسی خزمەتکردنیان لێسەندراوەتەوە، بە ئەندازەی ژمارەی حزبێک ببن. ئەی کەواتە ئەو ھەڤاڵە ھێژایە، لەشکستی حوکمڕانی یەکێتیدا گلەیی لە چی و لەکێ دەکات؟ ئایا بەڕاستی خۆداماڵین لەبەرپرسیارێتی تەنھا پێویستی بەچەند مانگێکی بەرکەنارکردنی خودی و خۆزیزکردن ھەیە؟ ئیدی دوای ئەوە سوک و سانا تۆز و پیسی ساڵانێکی خراپی بەکارھێنانی دەسەڵاتی زەوەندی حزبی و شکستھێنان لەوەرگرتنی بەرپرسیارێتی گەورە دەتەکێنرێت و دەتوانیت وەکو گۆدۆ و ڕۆشنگەر و ڕیفۆرمست و فریادڕەس بەدەردەدڵێکی عاتیفی و خودپەسندەوە، بێیتەوە کایەکەوە و سانا و سەرپێ، ھەموی بە پیس و خۆت بە بێگەرد نمایش بکەیتەوە؟

حزبۆکڕاتیەت چیرۆکی حوکمڕانی خراپ

کاک بەختیار تازە بە «پیری چوەتەوە بەر ھەویری» و عەیب و کێماسیەکی حوکمڕانی یەکێتی دەژمێرێ! ئاخر ئەگەر دادوەریەکە ڕاست بێت و دنیای بەڕێوەبردنی یەکێتی ئەوەندە عەیبدار و شکستخواردو بێت، ئەوا دەشێت لەسەرئەوە، ئەگەر جارێک یەخەی سەرۆک وەزیرانەکان و جێگرەکانی حکومەت و وەزیر و پەرلەمانتارەکان و بەڕێوەبەران و بەشدارانی حکومەتە لۆکاڵیەکانی یەکێتی بگرین، ئەوا زیاتر لەدوجار دەبێت یەکێتیە ڕاستەقینەکان، پەرۆشانی ڕێبازی ڕوبارێک خوێنی شەھیدان، یەخەی گەردگروتی بەرپرسە باڵاکانی ھاوچەشنی ھەڤاڵ مەلا بەختیار بگرن لەناو حزب، جارێک لەبەرئەوەی ھەمو ئەو حوکمڕانە شکستخواردوانەی جەنابی باسیان دەکات بەفلتەری ئەواندا تێپەڕیون، جارێکی دیکەش لەبەرئەوەی بەڕێوەبەرانی یەکێتی بێگومان کاک بەختیار لەڕیزبەندی یەکەمیاندا، شکستیان خواردوە و نەیانتوانیوە بە بەرپرسیارێتی خۆیان ھەڵبستن و ئۆرگانە جۆربەجۆرەکانی یەکێتی ڕاسپێرن، بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕەقابی بەرچاوی خۆیان بگێرن لە ھەڵسەنگاندنی ئەدای تیمی یەکێتیدا. چونکە دواجار ئەو ئۆرگانانەی حزب، کە ھەڤاڵ مەلا بەختیار و سەرکردە ھاوتاکانی ڕێنوێنیان بون، نەک نەیانتوانیوە ئەوە بکەن، بگرە ھۆکاری دەستوەردانی سلبی و دروستکردنی دنیای حزبۆکڕاتیەتن، لە بری بنیاتنانی دنیای حوکمڕانی باش و ھاوچەرج پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری شایسە، ئەوەش ئەو ھێڵە بەیانیە ڕێکخراوەییە کە ھەڤاڵ مەلا بەختیار و ھاوبیرە دەسڕۆیشتوەکانی دەخاتە ئەو دیوی مافی ڕەوای ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێستاوە چونکە ئەوان خۆیان بەشێکی کردەیی و خالقی ئەو دنیا ناشیرینە بێداد و نایەکسان و شکستخواردوەن لەناو حزب و حکومەتدا وەک بڕیاردە و نەخشەسازی ئەو وێستگانە دەناسرێنەوە.

گەڕانەوەی ھاوپەیمانی

ھەڤاڵ مەلا بەختیار باسی گەڕانەوەی ھاوپەیمانی دەکات و بەراوردی دەکات بە گەڕانەوەی ئاڵای شۆڕش و حزبەکانی دیکە، لەڕاستیدا ئەوە چەواشەکاریەکی ناوازەیە، ئاخر ھەموان دەزانن جارێ ھاوپەیمانی ھەر لەسەرەتای دروستبونیەوە ڕایگەیاند کە جیابونەوەیەکی دیکەنیە و کە گەڕاشەوە سەلماندی ھێزێکی جیابوەوە نیە چونکە لەکوێ پسابو لەوێدا گرێ درایەوە. دور لەپڕوپاگەندە ھاوپەیمانی پلاتفۆڕمێکی ھەڵبژاردنی نوێخواز بو، دروست لەپێناوی زۆرێک لەو ئامانجانەدا دروست ببو، کە ئێستا بەشێکی زۆریان وەک ڕوئیا و بیروباوەڕی دزراو، لەناو دەردەدڵەکەی ھەڤاڵ مەلا بەختیار بەشێوەیەکی ناقۆڵا و ناڕێک دانراونەتەوە و کورد وتویەتی «ڕۆنی خۆمان دەدرێتەوە لەسەری خۆمان» لەسلێمانی دەربڕینێکی کاریگەرتری کورتریش ھەیە دەڵێت «ئای لەوە» و لەھەردو دەربڕینەکانیش دورتر پێشینان وتیانە« ھەتا ماڵخۆ دزی گرت، دز ماڵخۆی گرت» ئاخر ھەڤاڵی ھێژا بەکێشان و بەپێوان بەشێک لەدامەزرێنەران و ئەندامی ئەنجومە باڵاکانی هاوپەیمانی شایستەی سەرکردایەتیکردنن بۆ یەکێتی دەشکرا و دەشلوا وەک ئێوەمانان و کۆی حزبە گەڕاوەکانی دیکە بۆ ناو یەکێتی بە ھێزی ١٥٠ ھەزار دەنگدەری دوای ساختەرکاری و دزیەکە و بەھێنانی دەنگی ٣٠٦ ھەزار دەنگی حەڵال کە ئێستا دەرکەوتوە ھاوپەیمانی ھێناویەتی دیموکراتخواز و ڕۆشنگەر و مەدەنیەکی وەکو جەنابت بەشێک بوی لەتێڕاووێڕا کردنیان کەچی وێڕاش بەو تەمەن و ئەزمونە زۆرەوە عەیب ناکەیت و گەنجانە تەحەدا و موزایەدە دەکەی لەکاتێکدا دەبو بە ویژدانەوە بتنوسیبوایە گەڕانەوەی ھاوپەیمانی جیاواز بو، چونکە معامەلەی وەرگرتنی ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەگەڵ یەکێتی نەکرد خۆ ئەگەر باسی سەرۆک کۆماریش بکەی دڵنیابە ھاوپەیمانی و پارتی و یەکێتی، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، شیعە و سونە ئەمریکا و ئێران و خۆرھەڵات و خۆرئاوا لێکڕا و پێکەوە موحتاجی دکتۆر بەرھەم بون، ئەمەش ستایش نیە بۆ ھیچ کەس، چونکە لانیکەی نوسەری ئەم بابەتە لەماڵی خۆیەتی و نە لە بەغدا و نە لە سلێمانی و نە لەھەولێر، سوپاس بۆ خودا موحتاجی پێگەو چاو لەدەستی ھیچ کام لە ئێوەمانان نیە!.

بەڕاستی سەیرە، ڕێک ئەو بیروباوەڕانەی ئەو زاتە ساڵانێکی زۆر لەدژیان وەستایەوە و لەپێناو سڕینەوەیان دەیان سەرکردە و سەدان کادر و ھەزاران ھەزار دەنگدەری لەیەکێتی بەزەبری پیلانگێڕی و میزاجی کەسی کردە دەرەوە کە لەسۆنگەیانەوە یەکێتی و لەھێزی یەکەمی کوردستانەوە بۆ ھێزی سێھەم و دوەم بەغەدر بردرا، کەچی وا ئێستا ھەمان ئەو زاتە پڕوپاگەندە بۆ ھەمان ئەو بیروباوەڕانە دەکات و وەک بڵێی؛ تەنھا بەچەند مانگێکی بەرکەناربونی خۆی، ئیدی ئەوەی دوێنی ئەو پیلانی ناودەبردن ئەمڕۆ لەپڕ بوبن بەپلانی مایەی شانامە و شانازی خۆیشی دوای ئەو خەڵوەتەی بوبێتە پەیامبەری چاکسازی!.

ئەرێ بەڕاستی ئەوە ھەڤاڵە خۆیەتی وا پۆشتە خۆی گۆڕیوە و شمشێری دادوەری لە کێلان دەرھێناوە و باسی کوفرەکانی نانبڕین و ئاکامە ھیچەکانی ھەڕەشەکردن دەکات؟ ڕێک ئا ئەمەیە دوندی ئیزدیواجیەت، ئاخر ھەرئێستا ئەو ئۆفیسەی دەستەی کارگێری خۆی بپشکنین گۆڕستانی سکاڵای سەدان کادیری خەمخۆری بێ پشتیوانی ئەم حزبەیە، کە لەزوڵمی تەکەتولبازەکانی ناو یەکێتیدا، پەنایان بۆ دەبرد. کەچی بەجۆرێک نائومێد و نامرادکران مەگەر ھەر خودا و خۆیان و مەلابەختیار و دارودەستەکەی بزانن، بەچ دەرد و دڵشکانێکیان بردون!

کۆنگرە بۆ دابڕان

لەھەموی کۆمیدیتر باسی کۆنگرەی نوێبونەوەیە بەمێنتاڵێتی دابڕان و دابڕانێکی دیکە لەیەکێتی. ئاخر بەڕاست کێ دژی بەستنی کۆنگرە بو؟ کێ بو ھەزاران پاساوی نابەجێ و ڕستێک کادری گوێلەمستی ڕاسپارد کە لەدژی کۆنگرە بوەستنەوە؟ دەی باشە ھەر ئێستا بەرنامەی گەرماوگەرمی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لێبدەینەوە؟ کاک بەختیار وتەنی ھەتا تەمومژ لە قسەکاندا نەمێنێ؟ ھەتا بەئاسانی دەردەکەوێت قسەی کێ دەبێتە تۆزی بەرباد و بڵقی سەر زەلکاو؟!.

سزا و پاداشت

ئەرێ بەڕاست لەھەمو ئەو ماوانەی بەرپرسیارێتی ھەڤاڵ مەلا بەختیار کە لەترۆپکی کارگێڕی ژیانی ڕۆژانەی حزب بوە، کوا سیستمی سزا و پاشت لەکوێ پەیڕەوە کرا؟ ئایا لەسەرانسەری ناوچەکانی بەڕێوەبردنی یەکێتی، شتێک بە واژۆی ئەوان بۆ سزادان و پاداشتکردنی ستافەکانی حوکمڕانی بونی ھەیە؟ ئایا دڵسۆزێک پاداشتکراوە؟ گەندەڵ و کەمتەرخەمێک ڕوبەڕوی سزا ئەگەر بەنوسراێک یان سەرنجڕاکێشانێکیش بوبێت کراوەتەوە؟ دەی باشە ئەگەر لەسەردەمی ئەو دەسەڵاتە زۆرەیدا ھەڤاڵ مەلا بەختیار بەکارێکی ئاوا ھەڵنەستابێ، ئێستا چۆن خۆمان فریوبدەین و بڕوا بەوە بھێنین کە ئەو زاتە گۆچانە ئەفسوناویەکەی دوای سەردەمی ماڵگێڕی بەدەستەوە دەگرێت و پەیڕەوی پرنسیپە باڵاکان دەکات و دادپەروەری دەچەسپێنێت و پۆلێنی بەویژدانانەی پاک و چەپەڵ دەکات و ئەو شتە پەیڕەو دەکات کە لەمێژوی سەرھەڵدانی یەکێتیەوە تاکە چەکی حازربەدەست و بەڵام ھەرگیز لەکالان دەرنەھاتوی یەک بەدوای یەکی سەرکردە تۆراو و توڕە و ناڕازیەکانە؟

شایستەیی و کاپتنی ھەموی

بەڕاستی قسە ھەزارە و ھەژارە، ھەزارە، چونکە تەنھا یەکیان بەکارە ھەژارە لەبەرئەوەی ھەمو کەس پێی دەوێرێت، ئەگینا لە چ سەردەمێکدا ھەبوە یەکێتی جمەی نەیەت لە خەڵکی خاوەن بڕوانامەی بەرز و لەچ وەختێکدا ھەبوە یەکێتی پڕنەبێت لەکادیری خوێندەوار و بەئەزمون؟ ئاخر خۆ یەکێتی لە مێژودا خاوەن بڕونامەبەرزەکان و ڕۆشبیرە ناسراوەکان و تێکۆشەرە بەجەرگ و بەئەزمونەکان دروستیان کردوە، کەچی ھەڤاڵ مەلا بەختیار چونکە لەم کابینەیە یەکەم بڕیاڕدەر و دوابڕیاڕدەر خۆی نەبوە، ھەرزو کەوتە تەراتێنی وشەسازی و وتی ئەم ستافەی یەکێتی لە توانامەندەکان نین، بەڵکو کابینەی تێکۆشەرەکانە، باشە کەی ستافی یەکێتی لەتوانامەندەکان بون؟ بەڕاستی ئەگەر ملکەچی و پابەندێتی بۆ کەسی لێدەربکەین کتومت ھەمویان کتومت وەچەی یەک دایک و باوکن و جیاوازیەکان ئەگەر ھەشبن زۆر ڕێژەیی بون، ئەمە وێڕای ئەوەی کاپتنەکەی یەکێتی نەگۆڕاوە و ھەرھەمان کاپتنە، کە لەخولی ڕابردودا بژادەی خۆی و بژاردەی بەشێک لەیەکێتیەکان بو، نەشمانزانیوە کاپتنە گەنجەکەمان لەم چوار ساڵەی ڕابردودا پێشمەرگایەتی کردبێت بەڵکو شەونخونی زۆری کردوە ھەتا کار و ئەزمونی دەوڵەتمەتداری خۆی بەرە و ژورببات و لەم پێناوەشدا، ھەر بەگەنجی بەشێک لەڕیش و قژی لەخەمی بنیاتنانی حوکمڕانیەکی باش و جیاوازدا سپی کرد. ڕەنگە تاکە شتێک گۆڕابێت تەمەن و ئەزمونی کاپتنە گەنجەکە و پشتیوانی زۆرایەتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەی بێت بۆئەو، چونکە ئەو ئێستا ئەگەر ھەڤاڵ مەلا بەختیار لێبگەڕی و ھەر ڕۆژەی گۆبەندێک بۆ حزبەکە نەنێتەوە ئەوا کاپتنی حوکمڕانی بێ زیادوکەمی ھەمو یەکێتییە و لەڕیسک دەرچوە.

سەردەمی گەنجەکان

کاک بەختیار ئیتر وادەیەتی بەدڵی شۆڕشگێڕێکی دێرین و بەچاوی سیاسیەکی خوێندەوار و بەئەزمونی نزیک ٥٠ ساڵی وێستگە جیاوازەکانی قاڵبونەوەی ناو سیاسەت جوڵە سەنگینەکان دەسپێبکات و ڕادیکاڵیەت و ئیرەیی بەری بدات و دەستی گەنجەکانی ناو حزبەکەی بگرێت و لە چورچێوەی ڕێز لەبارەی ھاوڕێکانیەوە بێتەگۆ و ئەو ھەمو دمبەدمە و ھەڵشاخانە ناپێویستانە توڕ بدات، کەبەر لەھەرکەسێک خۆی بچوک دەکەنەوە. باشترە دان بەسەردەمی نوێدا بنێت و باسکردن لەسەردەمی بزوتنەوەی گەنجەکانی ناو یەکێتی بەسوکایەتی بۆ تێکۆشەرە دێریبەکان لێکنەداتەوە. چونکە ئیدی دیفاکتۆیە، گەنجەکانی یەکێتی سەردەمێکی زێڕینیان بنیاتناوە، سەردەمی کۆتایی ھاتنی پاشکۆبونی یەکێتی، سەردەمی بەدەسھێنانەوەی موبادەرە گەورەکان، سەردەمی سەرکەوتنە مەزنەکان، ئاخر ئەوانبون لەبەغداوە تەختی پاشکۆیەتیان ھەژاند و پردە ڕوخاوەکانی متمانەیان لەناو حزبەکەیاندا گەیاندەوە لوتکە و بە کردار پڕۆژەی ھەڵسانەوەی یەکێتیان دەسپێکرد و شەقیان ھەڵدا لەبەرژەوەندی کەسی و بەھێزی جوان و گەنجانەی خۆیان ئاپارتمانە ساختەکانی کوتلەبازیان ڕوخاند و لەقەڵای بیروباوەڕە مەزنەکانی مامجەلالەوە، بەشێوەیەکی عەقڵانی پارە و پۆست و بەرژەوەندی تایبەتی و بنەما کلاسیکەکانی خوێن و خزمایەتیان توڕدا و لەسەر بنەما بڵندەکانی یەکێتیبونەوە جاڕیاندا، کێ بەنوێنەرایەتی یەکێتی بەخت و تەختی شەرافەتماندانە لەسێبەری یەکێتیدا دەباتەوە و ڕێگەشیان گرت کەسانێک یان کۆمەڵە کەسانێک لە تاریکی و لەسۆنگەی پاشقولی و پاشکۆیەتیدا گرەوی سوارچاکی بۆخۆیان و ئەسپی تۆپیو بۆ یەکێتی بکەن!.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP