بەپەلە

بەرەو بەغدا!

موئمین یاسین زەڵمی - 22-07-2019 - 2538 جار خوێندراوەتەوە

"دواڕۆژی ئێمە پەیوەستە بە عێراقێكی سەقامگیر‌و دیموكرات".
 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرترین بەرزو نزمی پەیوەندی‌و دۆستایەتی لەگەڵ دەوروبەرو بە تایبەت حكومەتی ناوەندی بەخۆیەوە بینیوە، هەر لە بڕینی بەشە بودجەی كوردستانەوە تا  گەڕانەوە بۆ هێڵی سی‌و شەش‌و درێژەی ئەم بەرزو نزمیانەش بە شێوەیەكی گشتی بە زیانی هەرێمی كوردستان شكاوەتەوە.

كورد چۆن بەرەو بەغدا بچێتەوە، كامانەن كی-فاكتەرەكانی سیاسەت‌و مامەڵە‌و بەرژەوەندی خەڵك‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، چۆن كورد بتوانێت قۆناغەكە بەرەو پێش بگوازێتەوە؟   

مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەروازەیەكی نوێ بوو بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ رەسمییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەشداری سەرۆك كۆماری عێراق‌و بەرپرسانیتری حكومەتی ناوەندی‌و پێشوازییكردنیان لەلایەن مەسعود بارزانی‌و سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەرخستنی نیەتپاكی هەرێم بوو بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

دوایین پێشڤەچوون، سەردانی هەفتەی ڕابردووی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ بەغدا كە لە كۆشكی سەلام لە لایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە پێشوازی لێكرا‌و لە گەڵ هەریەك لە سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش كۆبوویەوە. 

لەگەڵ ئەوەی  باس لە پرۆژەی چوار ساڵەی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی نێوان بەغدا‌و هەولێر دەكرێت، ئەوەش هاتووەكە  د. بەرهەم ساڵح  بۆئەو مەبەستە بە تایبەت لەگەڵ سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەتەوە‌و چاوەڕێ دەكرێت  گفتوگۆی جیددی دەستپێبكاتەوە.

پاش سەردانەكەی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی وتارێكی بڵاوكردەوە‌و رایدەگەیەنێت: " سەردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقم كرد‌و بە ئامانجی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانمان لە پەیوەست بە نەوت، ناوچە جێناكۆكەكان، بودجە‌و ڕۆڵی هێزە چەكدارەكانمان، كۆمەڵیك پێشنیازم خستنە روو. 

 دەمەوێ لە رێگای دابەشكردنی هاوسەنگ‌و دادپەروەرانەی بودجەوە، رێز لە ڕێككەوتنەكانمان بگیرێت. ئەم بڕیارەش دەتوانێت بناغەیەكی پتەوی هاوكاریی نێوانمان بێت بۆ ئایینده."

یەكێك لە هۆكارەكانی قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی هەرێم‌و بەغدا ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، بەڵام
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەنگدانەكە بە " پابەندنەبوو" وەسفدەكات، باسلەوشدەكات كە دەیەوێت ئەو "شێواز"ە بگۆڕێت كە كارەكانی پێ ئەنجام دەدەن، راشیدەگەیەنێت كە ڕێگایەكی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان دەخاتەروو.

نیەتپاكی بە تەنها دادی ئەو ناسازییە نادات كە چەندین ساڵە لە دیبلۆماسییەتی كوردیدا هاتووەتە ئاراوە، بۆیەش گۆڕینی بونیادی پەیوەندییەكان لە تاكتیكەوە بۆ ستراتیجی نیشتیمانی‌و كۆتاییهێنان بە بەرژەوەندی شەخسی‌و حزبی لەو پەیوەندییانەدا، زامنی داهاتوویەكی باشتر‌و مامەڵەیەكی سەركەوتووی سیاسییە لەگەڵ بەغدا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP