کابوسی کانی قرژاڵە

باوەڕ ئاوەدان - 22-07-2019 - 5599 جار خوێندراوەتەوە


بەڵێ ئازیز، نازانم خەون بوو یا ڕاستی، خەیاڵ بوو یاخود یەقەزە، بەڵام لەبەرچاوم دیمەنەکان دەگۆڕان؛ وەلێ ئەمجارەیان خاوتر. ئاخر دوای هەر دیمەنێک، سەیتەرەیەکم دەهاتە پێش چاو و دیمەنەکەی خاو دەکردەوە. 

بەڵێ ئازیز، باوە ئادەمم بینی خەریکبوو شەیتان دەیخەڵەتاند. خەریکبوو قەپی لە سێوەکە پێ دەگرت، قەپێک کە قەپی ئەو نەبوو! دوای خواردنیشی، وەک بڵێی دەیتفاندەوە، چونکە جیناتی گۆڕابوو و تامی تەپەدۆری دەدا! ئــــــاااای شەیتانی مەلعوون، ئــــــاااای ژینگەتێکدەر بەهۆی ئینسانەوە! دەمبینیت خەندەت دەهاتێ و دەتوت من نیم، هەر خۆتانن! بەڵێ بینیم؛ ئەو شەیتانەی نەک هەر وای کرد ئادەم بەری درەخت بخوات، بەڵکو دواتر نەوەکانیشی گومڕاکرد، بەڵام ئەمجار پێچەوانە؛ نەک هەر هانی نەدان بیخۆن، تەنانەت وای لێ کردن لەبنەوەڕا درەختەکە ببڕنەوە!  

لەناکاو حەزرەتی نووحم بینی! دەمدی جووت جووت گیانداران سواری کەشتییەکەی دەکات. ئەو گیاندارانەی چیدی نەیاندەتوانی لەو ژینگە شێوێنراوەدا بژین و غەمگینانە دەیانوت:
 "ئەی خودا چ بکەین لەژێر ئەم کاولەی کەس تیا نەماو؟!"
بەداخەوە، دەمبینی کە وا کوڕە نالەبارەکەی نایەت بەدەمیەوە و چووەتە سەر شاخێک! دڵنیا نیم، بەس وابزانم کوڕەکەی نوح، نەک بەهۆی تۆفان و لافاو، بەڵکو بەهۆی بێ ئاوییەوە، بەڵێ لە تینووا خنکا!

بەڵێ ئازیز، دیمەنەکان دەگۆڕان و بودام بینی! دەمبینی لە کۆشکی پادشایەتییە و ڕادەکات، دەروونییم دەخوێندەوە کە چۆن سکاڵایەتی لەدەست زیادەمەسرەفییەکانی کۆشکەکەی باوکی. دەیوت ئەوانەن سەرچاوەی ئازاری مرۆڤ. بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن گڵۆپی زیادە وزەت لێ دەبات، چۆن ڕشتنی چێشت ناهێڵێ چێژ ببەیت. دەمبینی وا بودا دەگاتە درەختەکە، تەماشادەکات لەبری سەوز، شین دەکاتەوە! لەبری میوە، هەمووی نایلۆنە! لەبری چێژ، ئازار دەچێژێ. 

بەڵێ ئازیز، دیمەنەکان دەگۆڕان. وابزانم سات جۆزرەدان بوو، دونیا زەرد بوو، لەناکاو گەیشتمە کانییەک، بەڵام کانی چی! کانی پڕ بوو لە مار و مێروو! پڕ بوو لە جڕوجانەوەر! لەو کونەوە هەر قرژاڵ بوو دەهاتە دەر، هەر ڕۆبیان بوو دەردەپەڕی. یەک دوو جاریش، ڕۆبیان و قرژاڵی ئامۆزا، دەجەنگان و یەکتریان خوارد. تەمتومان بوو! دەمێ عەلاگە هەڵدەفڕی، تاوێ جلی فڕێدراو دەسووتێنرا، وەختێ شووشە دەردەپەڕی و هاڕەی دەکرد… نەمدەزانی ئەوێ کوێیە؟ داخۆ بڵێی کەسی لێیە؟ دیمەن گۆڕا و ئاسمان ڕەش بوو، سەدایەک هات: 

ڕۆژ پڕە گوێمان لەبەر ئەنھار و جۆگە و ھاژە ھاژ
شەو نییە خەومان لەبەر قرژاڵ و بۆق و ژاوە ژاو

بەڵێ ئازیز، دواتر زانیم کەوا ئەوێ نامۆ نییە و پێی دەڵێن کانی قرژاڵە! دیمەنەکان دەگۆڕان؛ لەو ساتەدا هەرقلی پاڵەوانم هاتە پێش چاو. وا خەریکە هەرقل لەگەڵ ئەژدیها حەوت سەرەکەدا دەجەنگێت و قرژاڵێکی زەبەلاحیش بە بنی پێیەوە دەدات. عەجیب ئەوەبوو قرژاڵەکە لە ئەژدیها حەوت سەرەکە زیاتر ئازاری هەرقلی دا! وردبوومەوە و زانیم کە ئەگەر ئەژدیها حەوت سەری هەس، خۆ قرژاڵیش دە پای هەنە. بەڵام عەجیبتر ئەوەبوو کە قرژاڵ بە هەرقلەوەی دا و، بەو پرۆفیسۆرانەوەی نەدا کە بە کەشوفشەوە هاتبوونە کانی قرژاڵە و بەحسابی خۆیان توێژینەوەیان لەسەر دەکرد! یەکێک لەو توێژەرانەم بینی وەختێ کامێراکە ڕۆیشت، جگەرە و قەڵەم و کاغەزەکەی فڕێدایە سەر عەرزەکە. لەو ساتەدا قرژاڵێک هات، بە خوێنی چنگاڵەکانی لەسەر کاغەزەکە نووسی: "من هێندەی چنگاڵەکەمم و تۆیش هەر هێندەی خاشاکەکەت". 

جۆزرەدان ڕۆیی و پوشپەڕ هات. لەتاو پوشوپەڵاشی خەڵک دنیا هەمووی تەمومژ بوو. لەتاو گڵۆپی شارەکان، گڵۆپێ لە ئاسمان نەبوو. وردە وردە دونیا دووکەڵی تیا نەما و وەکو چاوی قرژاڵ ڕوون بوو. دیمەن گۆڕا و ئەستێرە هات. ئەستێرەکان پۆل پۆل ڕیز بوون. هەندێکیان شێوەی کەوان و بەعزێکیان چەشنی کاوڕ و نەختێکیشیان ڕیزیان بەست و وێنای قرژاڵێکیان کێشا. ئەبڵەق بووبووم! پێشتر هەرگیز نەمزانیبوو داخۆ بۆچی ئەستێرە شێوە دەگۆڕن؟ مەگەر پەیامێکیان هەیە وا شێوەی قرژاڵ دەبەستن؟ بۆچی بە بورجی قرژاڵ(♋️) دەوترێ بورجی صەرەطان؟ بڵێی "کانی قرژاڵە" کارگەیەک بێت صەرەطان بەرهەم بهێنێت؟

بەڵێ ئازیز، دیمەنەکان دەگۆڕان. مانگەشەو بوو، بەڵام لەناکاو دیمەنەکە گۆڕا و مانگ دیار نەما! مانگ کەوتە خوار، مانگم بینی چووە کونی قرژاڵەوە و خۆی مەڵاسدا، لەو ساتەدا گوێم لە چەنگی قرژاڵێک بوو، تەماشام کرد، دەیویست بە چنگاڵەکانی نایلۆن بدڕێت، ئەو نایلۆنەی تێی ئاڵابوو! کاتێکیش نایلۆنی دەدڕاند، لەبەر خۆیەوە هەر دەیوت: 
ئەی تریفەی مانگە شەوی دەرکی دەلاقە
با پیس نەبی خۆت مەدە لەم کوردی عێراقە

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP