بەپەلە

جەمال میوانی (مام)ە

ئەرسەلان بایز - 21-07-2019 - 8609 جار خوێندراوەتەوە

رۆژێكیان (مام جەلال) لە ئەندامانی مەكتەبەكەی خۆی لە سەرۆكایەتی كۆمار دەپرسێ‌: (پێم ناڵێن بۆچی جەمال یوسف دیار نیە..؟ ماوەیەكی زۆرە نەمدیوە… نە سەردانم دەكات و نە تەلەفۆنیش… پێم بڵێن…. لەو ماوەیەدا تەلەفۆنی نەكردووە…؟
-ئۆو…(مام)…! جەنابت نازانی لە دوای كۆنگرەوە كاك (جەمال) عادز بووە.
(جەمال)… پێشمەرگەی دێرین… دانیشتووی قەزای زاخۆ پیاوێكی تێكۆشەرو هێمن… لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڤاڵانی سەركردایەتی لە كۆنگرە دەرنەچوونەوە.

(مام) یەكسەر فەرمان بە دەوروبەری دەدات:
-ئاگاداری بكەنەوە نیوەڕۆی هەینی داهاتوو میوانی (مام)ی خۆیەتی بۆ نانخواردن.
كاك (جەمال) خۆی دەگێڕێتەوە:
كاژێر یانزەی پێشنیوەڕۆی هەینی چوومە خزمەتی (مام)… دوای سڵاو، لە سوچێكی هۆڵە گەورە ئاپورەكە دانیشتم. ئەوانەی كە ناسیومن لە هۆڵەكە (د.فوئاد مەعسوم، د.بەرهەم) چەندین وەزیرو میوانی تر. كاتی نان خواردن. (مام) هەڵسایەوەو قۆپچەی چاكەتەكەی داخست و ڕووی لە میوانەكان كرد.
-بەڕێزان… ئەم نیوەڕۆخوانە لەسەر شەرەفی ئەم (جەمال یوسف)ەیە. دواتر بەرەو ڕووم هات. منیش بەپەلە چوومە لای. قۆڵی كردە قۆڵم و بەرەو مێزی نانخواردنەكە ڕۆیشتین. لەو چەند مەتر ڕێگایە وتم: (مام)… تا سێ‌ كۆنگرەی تریش چەرچ بوومەوەو هیچم لە دڵ نەماوە.

ئەمە (مام جەلال) بوو. ئەمە ئەو پیاوە گەورەیە بوو كە هەموو عیراق… كوردو عەرەب و توركمان و سەرجەم پێكهاتەكان بۆی گریان.

ئەوێ‌ سەرەوەیە

(توژەڵە) كوێستانێكی سەر سنوورە بەدیوی كوردستانی رۆژهەڵاتەوە. بارەگای هاوینەی (مام جەلال) لەسەر كانی و ئاوێكی نەورایی كۆتایی دۆڵەكە بوو. بارەگای هەڤاڵانی تری مەكتەبی سیاسیش لەسەر تەپۆلكەو یاڵەكانی دەوروبەری دۆڵەكە بوو. جارێكیان كاك (دلێری سەید مەجید) كە پێشمەرگەو كەسایەتیەكی دیاری ناو شۆڕش و (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ە بەلای بارەگای هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیدا تێدەپەڕێت. برادەران هاواری لێدەكەن.
كاك دلێر…! فەرموو لادە… ئەوە بۆ كوێ‌ دەچی…؟
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ‌: دەچمە سەرەوە بۆ لای مام جەلال.
هەڤاڵانیش بەسەر سوڕمانەوە پێی دەڵێن:
سەرەوەی چی..؟ ئەوا تۆ بەرەو خوارەوەی دۆڵەكە دەڕۆیت.
ئەویش بێ‌ ئەوەی ئاوڕ بداتەوەو ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت، پێیان دەڵێت:
-ئێوە لێتان تێكچووە… مام جەلال لەهەر كوێ‌ بێت ئەوێ‌ سەرەوەیە.
-ئەوانیش دەدەنە قاقای پێكەنین و قسەیان بۆ نامێنێ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP