مەلابەختیار زیاتر بێ ئومێدى کردین

گۆران عەلی كەریم - 21-07-2019 - 5086 جار خوێندراوەتەوە

زۆرکەس لایان وابوو دواى ئەوماوەیەى کاک بەختیار دورکەوتبۆوە ،جارێکی تر بەپرۆژەو بەرنامەیەکى جیاواز لەرابردوو دێتەوە مەیدان، بەڵام گەر بەدیقەتەوە بابەتەکەی بخوێنرێتەوە دەبینرێت زیاتر بابەتەکانی تەرخان کردبوو بە باسکردن و گێرانەوەى رابردوو. هیچ پێشنیارێکى گرنگ و تایبەتیشی تیا نەبوو بۆ ئێستاى یەکێتى، تاوەکو یەکێتی و یەکێتیەکان بەرەو ئامانجێکی تایبەت ڕێنوێنی بکات، چونکە دەبێت ئەوە بزانرێت سیاسییەکان ئامانجیان هەیە نەک خەون، کاک بەختیاریش خەونى دادپەروەرى و یەکسانى وەک بەرنامەى سۆسیالیستى کردۆتە بنەمایى پرۆژەکەى و لەپاڵ ئەوەشدا زۆرى نەماوە کە هەموو عەیبەکانى یەکێتى بخاتە سەر شانى هاورێکانى و خۆى لەروداوەکان و ناشرینییەکان بێ بەرى بکات. هەموو کەس دەزانن کاک مەلابەختیار ٩ مانگە تارادەیەک دورکەوتۆتەوە و ئەو روداوانەى باسیشى دەکات هى چەند ساڵ لەمەو بەرن و تەنانەت سەردەمانێکیش باس دەکات کە مام جەلال لە تەندروستى باشدا بووە، بۆیە دەبوو پێش هەرکەس رەخنەى ئاراستەى خۆی  بکردایە، چونکە خۆى لەوکەسانە بوو کە زۆرترین  بریارى یەکێتى لاى ئەو بووە، یان دەکرا بەڕنامەکەى بەوجۆرە دابرشتایە باسى رابردوى نەکردایەو خاڵى بخستایەتە سەر ئەو وشانەى کە دەکراو دەلوێت بۆ ئێستاى یەکێتى و لەلاى خەڵک و جەماوەرى یەکێتىش بەگرنگ دەزانرێت.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی هەمولایەکە ئەوەیە کاک مەلا بەختیار سازشیکی زۆر بۆ پارتی دەکات و هەڤاڵانی حیزبەکەی و تەنانەت گۆڕانیش تۆمەتبار دەکات لەبەردەم پارتیدا، ئەوەتا بەهانە ئەهێنێتەوە بۆ روداوى پەکخستنى پەرلەمان و وەدەرنانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکانى گۆران، ئەو دەیەوێت بلێت پارتى لەبەرسەرخستنى حکومەت گۆڕانى دەرکردوە نەک لەسەر پرسى سەرۆکایەتى هەرێم  بۆیە دەلێت  پارتى کەزانى حکومەتى بنكەفراوان!! سەرناكەوێ، گۆڕانی وەدەرنـــا. پێش وەدەرنـانـی گۆڕانیش، لەکۆبونەوەیەکی داخراودا و لەکۆبونەوەیەکی ئاشکراشدا بەڕێکخەری گشتی گۆڕان و وەفدەکەیم گوت: پارتی دەرتان دەکات، گوتیان ناتوانن، گوتم دەیکەن، کاک عومەری سەید عەلی گوتی: گەر پارتی وایانکرد ئێوە چی دەکەن، گوتم دژی دەبین، بەڵام لەگەڵ پارتی لەسەر ئێوە تێکی نادەین، دژیشی بوین. 

بەڵام راستیەکەی شتێکی تر دەڵی کەپێویستە لێرەوە بۆ خوێنەرانی ئاشکرا بکەم، ئەوکاتە یەکێتى ئەیتوانى پارتى راگرێت و دۆخەکەش ئارام بکاتەوە، وابیستراوە لەناو خەڵکدا کە هێرۆخان هەڵوێستى هەبوە، بەڵام کاک بەختیار چوەتەلاى و قەناعەتى پێکردوە کە ئەوە بۆیەکێتى باش نییە پشتگیری لەگۆران بکرێت لەبەرامبەر پارتیدا، بەمەرجیک ئەو پرسە ئەوەندەی پەیوەندی بەچەسپاندنی دیموکراسیەت و راگرتنی قەڵەمڕەوی پارتییەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بەگۆڕانەوە نەبوە. لە نوسینەکەیدا ئەوە دەردەکەوێت کاک بەختیار وەک یەکێتى هەر خۆى بریارىداوە کە لەگەڵ پارتى تێکى نەدەن لەسەر گۆران.

پرسێکى تر کە جێگەى سەرنجە کاک بەختیار بەرنامەکەى بۆ ئەستۆپاکى  پارتى هۆنیوەتەوە ئەوەتا دەلێت:زۆرجــار هەوڵمانداوە، دۆخـی سیستەم و حوكمڕانی و ســـەروەری یاسا،پاکسازی و چاکسازی بکەین، لەکۆبونەوەکاندا بڕیارمان لێداوە، پرۆژەو بەرنامەمان نوسیوە، لەکۆبونەوەکانی پارتیدا باسمان کردوە وپرۆژەکانمان پێشکەش کردوە. کاک بەختیار هێندە بەشان و باڵی پارتیدا هەڵدەدات مرۆڤ سەری لێتێک دەچێت کە ئایا ئەمە کارگێری مەکتەب سیاسی پارتییە یان یەکێتی؟. چونکە دەکرا کاک بەختیار گلەی لە حیزبەکەی بکات کەخۆی ڕۆڵی سەرەکی هەبوە تێیدا بەبێ هەڵدان بەشان و باڵی حیزبێکی تردا. کاک بەختیار لەدریژەی ئەو بابەتەیدا دەڵێ: تەنانەت بەرنامەی گرتنی تاوانبارانمان هەبوو بەڵام لەزۆنی سەوزدا داڵدە دراون. گومان لەوەدا نییە تاوانباران لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیەوە داڵدە دەدرین، بەڵام با وێنەکە بۆ کاک بەختیار ئاشکراتربێت کەزۆنی زەرد و پارتی لە دوای راپەرینەوە جێگە و لانکەی تاوان باران بوە، ئایا ئەو هەمو سەرۆک جاش و تاوانبارانەی بەعس کێبو داڵدەی دان؟ لە ئێستاشدا گەر حکومەتی عێراقی بیەوێت کەسێک بەتاوان سزابدات هەموان دەزانین لەکوێ دەگیرسێنەوە، بەداخەوە لەکاتێکدا سلێمانی پشتو پەنای کاک بەختیاربوە نەدەبو ئەو وێنە ناشرینانە بەزۆر دابتاشێت بەسەر ئەم شارەدا یان گەرمیانی شەهید و ئەنفال بچوک بکاتەوە لەچاو جێگایەکی تر کە شوێنی لەدایک بونی خۆیەتی.

حیزب نییە لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێندەی یەکێتی بەرپرسەکانی بە ئاشکراو نهێنی، تەسریح بدەن و ڕای گشتی چەواشە بکەن و بەرنامەی حیزبەکە تێک بدەن و بوختان هەڵبەستن،باوەڕیش ناكەم، حزبێك هەبێ، بە پـارەی دەزگاكانی، بەئەندازەی یەكێتی سایتی نهێنیو پەیچی سەیروسەمەرەی شكاندنو تومەت هەڵبەستنی هەبێ!! هەمووشی بۆ تەكەتولەكان دەكرێ نەك بۆ یەكێتی. ئەمانە گوتەی بەڕێزیانە، بە بۆچونى کاک بەختیار یەکێتى هۆکارى سەرەکى نادادى و هەموو ناشرینیەکانى ترى کۆمەڵگەیە بە گەندەڵیشەوە، بەڵام هەقە جەماوەرى یەکێتیش بپرسێت، حزب لەدنیا هەیە سەرکردە و کارگێرى مەکتەبى سیاسى ئاوا باسى حزب و سەرکردەکانى خۆى بکات، خۆگەر ئەمە بەرنامەیە بۆ چاکسازى ئەوەندەى نائومێد کردنە بە یەکێتى ئەوەندە ئومێد بەخش نییە بە ئایندەى حزبێک کە سەرکردەکانى خەریکى سەرانەو بازرگانى بن و هۆکارى ناشرینینیەکانى کۆمەڵگە بێت، لەهەموشى سەیرتر، ئەوەیە کە کاک بەختیار باسى لێدوانى زۆرى بەرپرسەکانى یەکێتى دەکات، بەڵام لەناو یەکێتیدا ئەستەمە کەسێک بدۆزرێتەوە بەوتەبێژەکانى یەکێتیشەوە هێندەى خۆى بۆمیدیاکان قسەى کردبێت و رەئى جیاواز و لێدوانى پێچەوانەى ئاراستەى حزبەکەى خۆى وتبێت، نمونەى زیندوش بۆ ئەو قسەیە بڵاو کردنەى ئەم بەرنامەیەى ئێستایەتى کە جگە لەبێئومێد کردن و هێرش کردنە سەر هاوسەنگەرەکانى  خۆى شتێکى تازەى تێدانییە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP