دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 20-07-2019 - 845 جار خوێندراوەتەوە

وشەی کۆمەڵگای مەدەنی لە زمانی ئینگلیزی بە مانای civil Society"  " و لە زمانی فەرەنسیش بە مانای " Civil Societe"ەوە دێت.  وشەی Civis لە زمانی لاتینیەوە هاتووەو لەسەردەمانی کۆندا وەک شوناسێکی سیاسی بۆ تەعبیرکردن لە " کۆمەڵگەی هاوڵاتیان" ەوە بە کار دەهات.

 هەردوو چەمکی کۆمەڵگەی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەردەمی تازەدا وەک دوو فاکتەری بەرچاوو کاریگەر لە پێناسەکردنی شوناسی کۆمەڵگەدا رۆڵی سیاسی دەگێڕن. 

ئەم دوو چەمکە هاوتەریب و لە پاڵ یەکتردا بەردەوام لە هەوڵی نواندنی رۆڵی کارای خۆیاندان بۆ گۆڕینی دۆخی سیاسی و دیاری کردنی ئاراستەی کارو چالاکی و بەرنامەکانی حکومەت و دەسەڵاتداران لە رووبەری کاری سیاسیاندا.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانین بڵێین ئەم دوو چەمکە تەواوکەری یەکترن. بەو پێیەی دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکان، پارتە سیاسیەکان، بزاڤە سیاسیەکان، جوڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان، رێکخراوەکان، سەندیکاکان و دەستەو گرووپە چالاکەکانی کۆمەڵگە، لە کارلێکی بەردەوامدان بۆ دیاری کردنی ئاراستەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگە. بۆیە دەتوانین بڵێین:

1-دامەزراوەو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی خوازیاری گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانیەوە نین. بەڵکو هەوڵ دەدەن بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان، کاریگەریان هەبێ بەسەر کارو سیاسەتەکانی حکومەتەوە. لە کاتێکا دامەزراوەو بزاڤە سیاسیەکان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و حوکومڕانیەوە. 

2- رێکخراوو دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان دەنگی نارەزایەتی و گلەیی و گازندەی هاوڵاتیان بگەیەننە  گوێی دەسەڵاتدارانەوەو کیشەکانیان بخەنە بەردەم حوکومەتەوە. لەکاتێکدا رێکخراوو بزوتنەوە سیاسیەکان ئەوپەڕی هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و ئەمان زیاتر تینوی دەسەڵاتن.

3- رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی کۆمەک بەخش دەتوانن لە رێگەی یارمەتیە مادی و مەعنەویەکانی خۆیانەوە بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەرگری لە بەها مرۆییەکان و مافە دیموکراسی و بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیانەوە بکەن. کەچی هەر ئەم رێکخراوە کۆمەک بەخشە نێودەوڵەتیانە ناتوانن راستەوخۆ یارمەتی حوکومەت و دەسەڵاتی سیاسی بدەن، بەم پێیەی ئەم جۆرە یارمەتیانە دەچنە خانەی دەست تێوەردان لە کاروباری ناوەخۆی وڵاتان و پێشێلکردنی سەروەری و دیاری کردنی ڕێووشوێن و ئاراستەی کاری سیاسیانەوە. 

کۆمەڵگەی مەدەنی رووبەرێکی سەربەخۆو بەرفراوانی رێکخراوە و لەپاڵ رێکخستنی ژیانی هاوڵاتیان و سنووردارکردنی دەست تێوەردانەکانی حوکومەت، حەڵقەیەکی پتەوی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیانیشە.  جڤاکی مەدەنی پانتایەکە لە دەرەوەی رووبەری بنەماڵە و دەوڵەت و خاوو خێزان و کاسبی و بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی کاڵاوە.
 
ئەگەر بنەماڵە بە رووبەری ژیانی تایبەتی لە قەڵەم بدەین، دەتوانین حوکومەت بە رووبەرو بکەری جێ بە جێکاری یاساو دەسەڵاتداری و کەرتی بازاریش بە رووبەری ئابوری لە قەڵەم بدەین. لە نێوان ئەم رووبەرانەشدا بۆشاییەک دەمێنێتەوە، ناونراوە رووبەری مەدەنی، یا رووبەری گشتی یا کۆمەڵگەی مەدەنی. 

بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەم چەند بنەمایەی خوارەوە وێنا دەکرێ:
1- حزب و رێکخراوو بزاڤە سیاسیەکان 
2- گروووپ و دەستە و سەنتەر و رێکخراوە کولتوریەکان، ئەدەبیەکان، هونەریەکان، زانستیەکان، ئایینیەکان.
- یەکێتیەکان، سەندیکاکان، ئەنجومەنەکان، دەستەکان، رێکخراوە پیشەیی و بازرگانیەکان.

4- ئەنجومەنەکانی سەربە گوندو شارو دامەزراوە کۆمەڵاتیەکان.

بەم پێیە کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتووە لە کۆمەڵێک گرووپگەلی ئازادو سەربەخۆ و خۆبەخشەوە، بە مەبەستی بەرەو پێشەوە بردنی بەرژەوەندی و ویست و خواست و ئامانجەکانی ئەو چین و توێژانەی ئەم گرووپ و کۆمەڵانە نوێنەرایەتیان دەکەن.

ئەم گرووپانە دەتوانن لە چوارچێوی دەستە و سەندیکا و رێکخراو، یەکێتی، کلۆب، تیپ، ئەنجومەن، رێکخراوە ناحکومیەکان و دامەزراە سەربەخۆکانی راگەیاندنی ئازاد( دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، رۆژنامە ئازادەکان، چاپەمەنیەکان و رادیۆو تەلەفزیۆنە سەربەخۆکان) کارو چالاکی بنوێنن و رۆڵێکی کارا لە بەرەو پێشەوە بردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگەوە بگێڕن و جێ دەستیان  لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکاندا هەبێ و ببن بە چاودێر بەسەر حوکومەت و دەسەڵاتدارانەوە. 

رێکخراوو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ لە ژێر رۆشنایی یاساو رێنمایی دانپێنراوە باوەکان و سوود وەرگرتن لە فەزای سازگاری سیاسی و دوور لە فشارو چەواشەکاری سیاسیەوە دەستەبەری ئامانج و بەرژەوەندیە گشتیەکانی هاوڵاتیانەوە بکەن و بە هیچ شێوەیەک نەخزێنە پانتای ململانێ سیاسیەکانەوە. 

بەدەرلەمەش، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی لەسەریانە دەست بە بنەماکانی ئەخلاقی مەدەنی و عورفی دیاریکراوی گشتیەوە بگرن و لە سەر بنەمای یاساورێسا باوەکانەوە، لە چوارچێوەی تۆڕی پەیوەندیەکان و پاراستنی شەفایەت، راستگۆیی و بڕواو متمانە و دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی و ئاڵۆزی و نانەوەی پشێوی،  کەشێکی لەباری پێکەوە ژیانی ئاشتیانە ی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی هاوکاری نێوانیانەوە، درێژە بە ژیان و چالاکی مەدەنی خۆیانەوە بدەن. 

رێکخراوەکانی جڤاکی مەدەنی لە پاڵ کارو چالاکیە مەدەنیەکانیانەوە گەرەکە دەست بە شوناسی یەکانگیری رێکخراوەیی و مەدەنیانەوە بگرن و لە دەستەگەری و تێخزانی سیاسەتی حوکمڕانان و لایەنداری ئەم و ئەوو فڵانە حزبی سیاسی و سەرکردە، دوورکەونەوەو بە ئاراستەیەکی ئاشتیخوازانە لە پێناو بەرژەوەندی و چاکەی گشتیدا چالاکی بنوێنن. 

کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداری پێکردنی هاوڵاتیان

چەمکی هاوڵاتی بوون و کۆمەڵگەی مەدەنی دوو مەفهومی هاوتەریب و تەواوکەری یەکترن.  زۆربەی ڕۆشنبیران پێیان وایە کۆمەڵگەی مۆدێڕن هەمان کۆمەڵگەی مەدەنیە. بەو پێیەی هەردوو چەمکی هاونیشتیمانی بوون و بەشداری مەدەنی تەواوکەری یەکترن و لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. گەشە سەندنی ئەم دوو چەمکە لە فەزایەک یا سنوورێکی جوغرافی دیاریکراودا روو دەدات کە بە " شار" ناودێر کراوە. 

یەکێک لە رەگەزو بکەرە هەرە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هاوڵاتیە.

بەشداری کارای هاوڵاتی لە پرۆسەی بەرەوپێشەوە چوون و پێشکەوتن وگەشەی کۆمەڵگە، بە بەردی بناغەی کۆمەڵگەی مۆدێڕن و مافی بنەڕەتی دادەنرێ.  هاوڵاتی هۆشیار لە کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو هاوڵاتیەیە بەردەوام لە کارلێکی دوو لایەنە و چالاکی دایە لەگەڵ دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگە و دەتوانێ بە خوێندنەوەی قوڵ و تێگەیشتن و لێکدانەوەو هەڵسەنگاندن و ئاگادار بوون لە رووداوەکانی هەناوی کۆمەڵگە، بیروبۆچوونەکانی لە پێناوی دەست نیشان کردنی کوموکورتی و ناتەواویەکانی جڤاک،  گەڵاڵە بکات و بۆ سەرخستنیان هەوڵی بێوچان بدات لە پێناوی بەرژەوەندی و خێری گشتیدا. 

هیچ کۆمەڵگەیەک ناکرێ بە کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسەی بکرێ ئەگەر ئەندامەکانی لە چوارچێوەی رێکخراوو دامەزراوەو سەندیکا سەربۆخۆکانەوە خۆیان رێک نەخستبێ و هەوڵ بۆ بەشداری کارا لە کایەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگاوە نەدەن. 
بە واتایەکی تر دامەزراندنی دەرزەنێک رێکخراوو دامەزراوەو گرووپ و دەستە لە هەر جڤاکێک بە بێ بەشداری راستەوخۆی ئەندامانی  و هەوڵدان بۆ کاریگەری کردن لە سەر بریارە سیاسیەکانەوە، ناچێتە خانەی کۆمەڵگەی مەدەنیەوەو تەنیا وەک ناوێکی زل و دییەکی وێران دکرێ وێنای بکرێ. 

نەبوونی سەربەخۆیی ئەم جۆرە رێکخراوانە و مانەوەیان لە دۆخی چەقبەستوویی و مەنگی و چوارچێوەو سنوورێکی تەسکی جوغرافی و سیاسیدا و کەوتنە ژێر هەژمونی ئایدیۆلۆژیای حزبی و چاوچنۆکی و بەرژەوەندی پەرەستی و خۆبردنەوە پێشەوەو دەست خستنی پۆست و پلە وپایەی حکومی، جگە لە زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی نائومێدی و دڕدۆنگی و نەهامەتی، هێج سوودێکی تریان بۆ کۆمەڵگە و گۆرین یا باشتر کردنی دۆخی کۆمەڵگەو هاوڵاتیانەوە نیە. بە پێچەوانەوە ئەم رێکخراوانە دواجار دەبن بە بارێکی گران بەسەر شانی هاوڵاتیان و مکیاجی جوان کردنی دەسەڵاتی سیاسی و وابەستەبوونیان بە یارمەتیە حوکومیەکان و سنووردارکردنی مەوادی کارو جالاکیەکانیانەوە. 

جۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەن

( نەرتیگەرا و مۆدێڕن)


لەگشت کۆمەڵگا پیشەسازی و گەشە سەندووەکاندا تۆڕێک لە رێکخراوو کۆمەڵەی ناحکومی نارێکخراوو خێرخوازی پەرش و بڵاوی داکۆکیکار لە مافی هاوڵاتیان بوونیان هەیە کە دەکرێ ناویان بنێین رێکخراوە ناحکومیەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەریتگەرا. 

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەریتگەرا ئەو رێکخراوو کۆمەڵانەن، بە شێوەیەکی نافەرمی و لەسەر بنەمای کۆمەڵێک نەریت و عورف و سیمبولی کۆمەڵایەتی و نەریتی کۆن دامەزراون و لە رێگەی تۆڕێکی نافەرمیەوە لە پەیوەندی و کارلێکی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارە رەسمیەکانی کۆمەڵگەوە.  ئەم کۆمەڵە و رێکخراوە نافەرمیانە خاوەنی پێکهاتە و سرووشت و ستراکتۆرێکی تایبەت بە خۆیانن و لەسەر بنەمای نەریت و تێگەیشتن و باوەرە کۆمەڵایەتی و ئایینی و جڤاکیە کۆنەکانەوە کار دەکەن و ئامانجیان خزمەتی گشتی و جڤاکی و خێرخوازیە. ئەم جۆرە کۆمەڵە و رێکخراوانە لە حاڵەتی بێهێزی و دەستەوەستان و پەککەوتەیی حکومەت و لایەنە سیاسیەکانەوە، چالاکی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن و رووبەری جوڵەو جالاکیەکانیان بەرفراوانتر دەکەن و دەکرێ بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە قەڵەم بدرێن.

بە پێچەوانەی کۆمەڵگەی مەدەنی نەریتگەرا، کۆمەڵگەی مەدەنی مۆدێڕن لە لایەن بریارسازە سیاسیەکانی وڵاتە دیموکراسیەکانەوە  ( پەرلەمانی هەڵبژێردراو) یاساو رێووشوێنی کارکردنیان بۆ دیاری دەکرێ بەڵام بەهیچ شێویەک ئاستەنگ ناخرێتە بەردەم کارو چالاکیەکانیانیەوە.

 ئامادەیی ئەم جۆرە کۆمەڵەورێکخراوە ناحکومیانە لە کۆمەڵگە دیموکراسیەکاندا لە خۆیدا دەبێتە هۆکاری سەرخستنی بەشداری راستەوخۆی هاوڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیدا و گێڕانی رۆڵی راستەوخۆیان لە چۆنیەتی چارسەری ئەو پرسانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هاونیشتیمانیان و وڵاتەوە هەیە.

رێکخراوە ناحکومیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە پێچەوانەی لایەنە سیاسیەکان و کۆمپانیا بازرگانیەکان بە دوای سوود  وقازانجی تایبەتی و شەخسیەوە نین. سیاسیەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆمپانیاکانیش بۆ دابین کردنی زۆرترین سوود و قازانجی ئابوری و مادیەوە، لە جەمسەری بەرامبەر رێکخراوە ناحکومەیەکاندا هەمیشە لە کێبەرکێ و کارلێکی دوو لایەنەدان. 

لە هەموو حوکومەتەکان دەستەبژێری سیاسی هەمیشە لە هەوڵی گرتنە دەستی حوکم و گرتنە دەستی دەسەڵاتدان و کارو چالاکیە سیاسیەکانیشیان هەر لەم چوارچێوەیەدا دەخولێتەوە.


 دەسەڵاتدارانی وڵات لە رێگەی دەرکردنی یاساو رێساو رێنماییە گشتیەکانی تایبەت بە باج و دەرامەت و خەرجیە گشتیەکانی کۆمەڵگە، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کەرتی گشتیدا پیادە دەکەن و بەردەوام لەگەڵ یەکتر لە ململانێدان.

لە کاتێکدا ئاراستەی کارو چالاکیەکانی سەرمایەداران و بەرێوەبەرانی کەرتی تایبەت سوود وەرگرتنە لەو کەش و هەوا و زەمینە گونجاوەی حوکومەت بۆیان دەرەخسێنی بە مبەستی بەدەست خستنی زۆرترین سەرمایە و سوود و قازانجی دارایی و کەلەکەکردنی سەرمایەوە. 
لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەشدا رێکخراوو کۆمەڵە ناحکومی و سەندیکاکانی کۆمەڵگە دێن کەوا ئاراستەی کارو چالاکیەکانیان پاراستن و بەرگری و داکۆکی کردنە لە مافی کرێکارو کارمەند و کارگوزار و کارکەرانی کەرتەکانی گشتی و تایبەتەوە. 

بەکورتی دەتوانین کاروئەرکی کۆمەڵەو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت کەینەوە:

1-فشار هێنان بۆ سەر حکومەت و کەرتی تایبەت، لە پێناو وەڵامدانەوەی داواکاری و دابین کردنی مافە گشتیەکان داواکاری هاوڵاتیانەوە.

2- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان لە پێناوی بەشداری کردنی کاراوچالاک لە کاوروبارەکانی پەیوەست بە ژیان  وگوزەرانیانەوە.

بەمجۆرە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە وڵاتە دیموکراسیەکان ئەم رێکخراوو کۆمەڵانە لە خۆ دەگرێ:

رێکخراوەکانی پشتیوان و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، هاوپەیمانیە خۆجەییەکان، زانکۆکان، ئەنجومەنی یاسادانان ( پارلەمان)، رێکخراوە ناحوکومیەکان، رێکخراوە خۆجەییەکان، یەکێتیەکانی تایبەت بە ئافرەتان، بزووتنەوە لۆکالیەکان، رێکخراوە ئایینیەکان، فدراسیۆنەکانی لاوان، یەکێتیەکانی تایبەت بە بازرگانی و بەکاربەر، دەزگاکانی راگەیاندنی بیسراوو بینراوو نووسراوی سەربەخۆ، ژوورە بازرگانیەکان، دامەزراوەو سەنتەرەکانی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان، گرووپ و دەستە ئەدەبی و هونەریەکان و ....هتد.

تەوەری سەرەکی رێکخراوو کۆمەڵە و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گشت ولاتە دیموکراسیەکاندا، خزمەتی هاوڵاتیانە نەک گیرفان و بەرژەوەندیە شەخسی و تایبەتیەکانەوە. هاوڵاتی و بەرژەوەندیە گشتیە ژیاریەکان، هەمیشە چەقی کارو چالاکی و گرینگی پێدان و بەرگری و داکۆکی کردنە لە مافە بنەڕەتی و گشتیەکانی و بە ئامانج گەیاندن و سەرخستنی چەمکی راستەقینەی مافی هاوڵاتی بوونە، دوورلە بەرزکردنەوەی درووشمی قەبە و باق و بریقەدارو لە خشتەبردن و سەرگەرم کردن بە درووشمی وەهمی و سیاسەتبازیەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP