بەپەلە

تۆ موسڵمانی یان كورد

ئەرسەلان بایز - 17-07-2019 - 28058 جار خوێندراوەتەوە


لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو. لە كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ شاندی یەكێ‌ لە حزبە ئیسلامیەكانی كوردستان. پێش دەست پێ كردنی دانیشتنەكەمان دەردەشەیەك لە نێوان بەندەو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لەسەر حزبایەتی و عەلمانیەت و مەسەلەی نەتەوەیی و چۆنیەتی پێوەندی نێوان كاری سیاسی و حزبایەتی هاتە ئاراوە. بێگومان بیروڕاكانمان زۆر لەیەكتر جیاوازو دوور بوون. بەڵام ئەوەی كە زۆر سەرنجی ڕاكێشام پرسیاری ئەو برایە بوو (ئایا تۆ موسڵمانی یان كوردی؟!).

لە ڕاستیدا حەپەسام… پرسیارەكەم زۆر بەلاوە سەیر بوو، چونكە زۆر سادەو سەرەتایی بوو. نەدەبوو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبێك ئەو جۆرە پرسیارە سادەیە بكات. بە تایبەتی لە كەسێكی (ئەوسا) ماركسی وەكو من. بەڵام بێگومان ئەو جۆرە پرسیارە بۆ جوتیارێكی سادەی نەخوێندەواری گوندنشینەكان قورسە… بگرە دوچاری سەرەگێژەی دەكات. 

ڕاستە (90) لە سەدی خەڵكی كوردستان موسڵمانن. بەڵام بەشێوەیەكی سادە ئاینەكەیان وەرگرتووەو نەچوونەتە قوڵایی. ئەو جوتیارانە بە سادەیی نوێژی خۆیان كردووەو ڕۆژویان گرتووەو هیچ گرفتێكیشیان نەبووە، بۆ نموونە (دایكم خوالێیخۆشبێت هەتا مردیش نەیتوانی (لم یلد ولم یولد) وەكو خۆی بخوێنێ‌. هێندەی باوكم و براكانم هەوڵیاندا هیچ سودێكی نەبوو هەتا دوا هەناسە دەیوت (لم یلد ولم یولد). پورە (عەتیە)شم هەتا مرد دەیوت (لم یلد ولمیولد). تا من فشارم خستە سەر براكانم كە وازی لێ بێنن، چونكە خوای گەورە لە نیەت و دڵپاكی ئەو موسڵمانە دەگات. جا دڵنیام ئەگەر ئەو پرسیارە ئاڕاستەی جوتیارێكی لادێی بكرێت سەری لێدەشێوێ‌.

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو برایە بدەمەوە بە گلەییەوە پێم وت: ئا بەو جۆرە خەڵك بۆ حزبەكەتان ڕێك دەخەن… ئایا ئەمە دروست كردنی جۆرێك لە ئاڵۆزی و چەواشەكردنی خەڵكی سادەی كوردستان نیە..؟! دواتر وتم: من پرسیارەكە بەشێوەیەكی تر لە بەڕێزت دەكەم…ئایا ئاینی ئیسلام بۆ چاكسازی كۆمەڵگەو پێوەندی خەڵك لەگەڵ خوای خۆی نەهاتووە… ئایا نەتەوەكان پێش ئاینی ئیسلام و هەموو ئاینە ئاسمانیەكان نین..؟ بێگومان كوردو عەرەب و فارس و تورك… هتد هەبوون. ئاینەكانیش دوای ئەوان هاتوون كەواتە من كوردێكی سەربەرزی موسڵمانم.

خۆشەویستی

كێ‌ هەیە ناوی (لەیلا)و (مەجنون)ی نەبیستبێ‌. تەنانەت دەڵێن لە ئاسماندا دوو ئەستێرە هەن بەناوی (لەیلاو مەجنون). هەموو سەرەتای پایزێك لەكاتی كۆچی هۆزەكان لە نیوەی ڕێگادا بەیەكتر دەگەن. 

كوردەواریش وتویانە: هەر كەسێك بەیەك گەیشتنی ئەو دوو ئەستێرەیە ببینێ‌ مرازی (حاصل) دەبێت. ساڵەها بە دیاریەوە دانیشتم، نە بەیەك گەیشتنی ئەو دوو ئەستێرەیەم دی. نە مرازەكەشم (حاصل) بوو.

ڕۆژێك (قەیس) مەجنون بە ڕێگادا دەڕوات بە ڕێكەوت چاوی بەسەگەكەی (لەیلا) دەكەوێت هەردوكیان یەكتر دەناسنەوە. (قەیس) بەدوای سەگەكە دەكەوێت تاكو بیگەیەنێتە لای (لەیلا). لە ڕێگادا ڕێكەوتی كۆمەڵێ‌ خەڵك دەكات لەكاتی نوێژدا. دوای گەڕانەوەی (قەیس) یەكێ‌ لە نوێژكەرەكان ڕێگای پێدەگرێ‌ گلەیی ئەوە لە (مەجنون) دەكات كە هەق بوو لەگەڵ ئەوان نوێژی بكردایە.
(قەیس) لە وەڵامدا پێیدەڵێت: وەڵلاهی ئێوەم نەدیوە…زۆریشم پێ سەیرە كە ئێوە منتان دیوە، چونكە ئەگەر لەكاتی نوێژكردنەكەتان هێندە خۆشەویستی من بۆ (لەیلا)، بە دڵ و گیان لەگەڵ خوای خۆتان تێكەڵاو بوونایە منتان نەدەدیت. دەفەرموون نوێژەكەتان دووبارە بكەنەوە. چونكە نوێژەكەی ڕابردووتان بەتاڵە.

ئەگەر هەندێ‌ لە گروپە موسڵمانەكانی كوردستان و ناوچەكەش بەڕاستی ئیماندارو لە خۆشەویستی خودا عیبادەت دەكەن. هەقە پێ لە زۆر دەسكەوتی دونیا بخشێنن. لە بری ململانێی كەسی و حزبایەتی، لە بری سەربڕین و كوشتنی هاوئاینی خۆیان و ئایندارەكانی تر، گیانی لێبوردەو خزمەتگوزاری موسڵمانان و گەلانی خۆیان بن

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP