یەکەم وتاری ترامپ لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکی

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 1-03-2017 - 2363 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕش خالید ئاژگەیی

یەکەم وتاری دۆناڵد ترامپ لەبەردەم کۆنگڕیسی ئەمریکادا خاڵی بوو لە هەر جۆرە خستنە رووێکی سیاسەت و پلانێکی تازەی ئیدارەی نوێ لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوەو ناوەخۆی وڵاتەوە.

دۆناڵد ترامپ لە وتارەکەیدا بە بێ ئەوەی هێڵە گشتیەکانی سیاسەتی ئیدارەکەی لە بوارەکانی دەرەوەو ناوەخۆی وڵات ئاشکرا بکات، تا توانی خۆی لە ورروژاندن و ڕاستەوخۆ تاوانبارکردنی ئەم و ئەو پاراست و هەوڵی دا خۆی لە بە کار هێنانی دەستەواژە تووندەکان بپارێزێت و ئەدەبیاتێکی تر لە کاتی وتەکانیدا بەکاربێنێت و تۆنی دەنگی ئارامتر و هیمنتر بکاتەوەو تەنانەت داوای لە کۆنگریس کرد بە یەکگرتوویی بەرەو ئامانجەکانی خزمەتی بەرژەوەندی ئەمریکا هەنگاو بنێن و لە ئاشتەوایی ناو کۆنگرێس دوور نەکەونەوە ە خۆیان لە دووبەرەکی زیانبەخش بپارێزن.

 بەڵام وتەکانی بەدەر بوون لە هەر جۆرە ئاماژەیەک بەوەی ترامپ و ئیدارەکەی بە نیازن چ جۆرە سیاسەتێک لە ئاستی ناوەخۆو دەرەوە بگرنە بەر.

بە واتایەکی تر ئەو ترامپەی دوێنی شەو لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا ئامادە بوو، ئەو سەرۆکە نەبوو لە هەفتە و مانگەکانی رابردوودا بینیبوومان بە وتە تووندو ورووژێنەرەکانی ببووە مایەی تووڕەیی و بێزاری گەل و وڵاتی ئەمریکا بە گشتی و تەنانەت جیهانیشی لە خۆی بێزار و نیگەران کردبوو.  

سەرۆکی ئەمریکا بە بێ ئەوەی خۆی لە قەرەی کێشە و تەحەدیاتی حاڵی حازری سیاسەتی جیهانی و بارودۆخی شەڕو ئاشوبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات و پلانە کۆنکرێتیەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان ئاشکرا بکات، هەروەک پێشووتریش لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بینیبوومان هاتە سەر سێ خاڵی سەرەکی. لەوانە درووست کردنی دیوارێک لە نێوان ئەمریکا و مەکزیک بۆ  ڕێگری کردن لە کۆچی نایاسایی، و ئەنجام دانی ڕیفۆرم لە سیستەمی باج و گۆڕانکاری کردن و نۆژەن کردنەوەی بونیادی داتەپیوی کۆمەڵگای ئەمریکی. بە بێ ئەوەی بە وردی ئاماژە بە چۆنیەتی ئەنجام دانی ئەو ریفۆرمانە بکات چ لە ڕووی داراییەوە و چ لە ڕووی ماوەی دیاری کراوی بە ئەنجام گەیاندنیان.

هەرچەندە بە گوێرەی مەزەندەکانەوە بڕی تێچووی نۆژەن کردنەوەی  بونیادی کۆمەڵگەی ئەمریکی خۆی لە نزیکەی یەک میلیارد دۆلار دەدات، دۆناڵد ترامپ تەنیا ئاماژەی دا بەوەی ئەم بڕە پاڕەیە دەکرێ لە ڕێگەی هاوکاری و هاوبەشی کردنی کۆمپانیا هاوبەشەکانەوە دەستەبەر بکرێت بە بێ ئەوەی بپرژێتە سەر وردەکاریەکانی چۆنیەتی جێ بە جێ کردنی ئەم پلانە و ماوی دیاری کراو بۆی.

لەمەش زیاتر دۆناڵد ترامپ بەلێنی دا بەم کەم کردنەوەی باج و تەرخان کردنی بڕی پەنجاو چوار ملیارد دۆلاربۆ کەرتی سەربازی و بەرز کردنەوەی ئاست و توانستی هیزی سەربازی، ئەمریکا بخاتە وە سەر ڕاستە ڕێی سەرکردایەتی کردنی جیهان. بە بێ ئەوەی ڕێژەی کەم کردنەوەی باجەکە  دیاری بکات و بۆ پڕ کردنەوەی  بۆشاییەکانی بودجەی گشتی لە حاڵەتی کەم کردنەوەی باج، پلانێکی دیاری کراوو کۆنکرێتی بخاتە روو.

پەیوەندیدار بە ناتۆو یەکێتی ئەورووپاوە، ترامپ هەمان پەیام و داواکاریەکانی پێشووتری دووپات کردەوە و دووبارە داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد لە رووی مادی و داراییەوە زیاتر هاوکاری ناتۆ بکەن.

هەرچەندە دیموکراتەکان هێشتا بە گومانەوە لە ترامپ وەک کەسایەتیەکی سیاسی کۆکەرەوەی هەموو ئەمریکا و سەرکردەیەکی جیهانی دەروانن ناوبراو بە مرۆڤێکی دەسەڵاتخواز و تۆتالیتار وتاکڕەو لە قەڵەم دەدەن و تەنانەت ئێستاشی لەگەڵدابێ بۆیان ڕوون نەبۆتەوە ستافی نوێی ترامپ تا چ ئاستێک لە گەڵ پۆتین ورووسەکان لە پەیوەندیدابوونە و جۆرو قەبارەی ئەو پەیوەندیانە چۆن بووەو لێکۆڵینەوەکان لەم رووەوە بەردەوامن، لێ هەردوو فراکسیۆنی دیموکرات و کۆماریەکانی کۆنگرێس دکارن لە هەندێ بواری پەیوەندیدار بە کۆمەڵگەوە لەوانە ریفۆرمەکانی کەرتی تەندروستی و دەرمان هاوکاری یەکتر بکەن. هەرچەندە هەردوولا لەڕووی گەیشتن بە ئامانجە دوور مەوداکان و مێتۆدەکانی گەیشتن بەو ئامانجانە ناکۆک و ناتەبان و هەر یەکەو بڕوای بە شێوازێکی دیاری کراوەوە هەیە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP