کوردبون چ ترسناکە چ غەمگینە

فارس نەوڕۆڵی - 14-07-2019 - 2023 جار خوێندراوەتەوە

ھەمو ڕێبازو ئاینەکان و ئایدۆلۆجیاکان، ھەمو بیرمەندەکان بانگەشە بۆ ئازادی مرۆڤ وئازادی گەلان دەکەن، ھەمویان بانگەشە دژی چەوسانەوە دەکەن بەڵام کەدێیت وسەیری دوێنێ و ئەمڕۆی کورد دەکەیت ھەمو ئەو ئەو فکرو ڕێبازانە دەکەونە ژێر پرسیارەوە، چون کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، بەدرێژایی مێژو لەژێر ئاگری ئەوئایدیانەدا سوتێنراوە، لەبەرامبەر ئەو ستەمە ویژدانی و لادانە ئەخلاقییەدا، کورد جەنگی بونی بردوەتەوە وەک مانەوەی وەک کورد،  ئەوجەنگەی کورد لەلایەکەوە بۆ مانەوە بوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە  بۆ ئەوە بوە دەرەوە بمانبینێت، دواتر بمانخوێننەوە،  کەچی سودێکی ئەوتۆی نەبوە چونکە جیھان چاوی لەئاست ئێمە دا داخستوە.

سەیرکەن لەسەردەمی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی دا، لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلام وئێستای دەوڵەتانی ئیسلامی دا ودواتر لە جیھانبینی دەوڵەتانی سەرمایەداری ولیبراڵ ودیموکراتی دا، کورد وەک مرۆڤ وەک نەتەوە، وەک سیاسەت  جێگایەکی لەستراتیجی ئەواندا نیە   بەپێچەوانەوە، کورد بۆماوەیەکی زۆر لاوانی کردە قوربانی ڕێبازی کۆمۆنیزم بەناوی جیاجیا، لەلایەکی دیکەوە سەراپای مێژوی، ئەدەبی وسیاسی کورد خراوەتە خزمەت ئیسلام و لەوێوە چوەتەخزمەت نەتەوەکانی ناوچەکە کەھەمومان یەک پێناسەی ئاینیمان ھەیە، بەڵام  کورد لای ئەوان پێناسەی کوردبونی نیە، لەلایەکی دیکەوە لەشەڕی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا، جیھان بەپارێزەری دیموکراتی جیھانی ناوی دەبردین، بەڵام  کەدێتەسەر بونی کورد وەک دەوڵەت کورد وەک پێناسی سەربەخۆ ھیچ کام لەم قوتابخانانە قبوڵیان نییە، وەرن سەیری ئێراق کەن لەسێ پێکھاتەو دوو پێناسە پێکھاتوە لەلایەک پێناسەی کوردبون و عەرەب بون، لەلایەکی دیکە پێناسەی شیعەبون و سوننە بون.

کەچی سەرەڕای جیاوازییەکی قوڵ تائاستی کافرکردنی یەک، کەچی شیعەو  سوننە لەبەرامبەر کوردبون  پێناسی مەزھەب دەخەنە لاوەو بەرامبەر ھەر مافێکی ئێمە دەوستنەوە ھەر کاتێکیش داوای جیایی بکەین دەڵێن جیھانی ئیسلام بەش دەکەن کاتێ کێشەکەمان دەخەینە ڕاپرسییەوە، جیھان بێڕەحمانە پشتگوێمان دەخات و دەڵێن ئێوە سیستەمی جیھانی دەخەنە مەترسییەوە. 

لێرەدا پارادۆکس لەھەڵوێستی جیھاندا دەبینین، ئەمەیە کارەسات بۆئێمە کەبەرەو مەرگمان دەبات چون تائێستا میتۆدی ئەوروپی و جیھانی پێناسەیەکی بۆکورد بون نیە کەواتە ئێمە لەدۆخێکدا دەژین لە ناوسیستەمێکدا دەژین، دەرک بەشتەکان ناکەین  وەک بڵێی  جیھان بەڕێگەیەکدا دەڕوات و ئێمە بە ڕێگەیەکی دیکەدا، کەلەناوچەیەکی کوێر دەچێت کەچاوی زانست و سیاسەت و ویژدان نامان بینێت. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئێمە چەندە کێشەکەمان قوربانی بەرژەوەندیییەکانە ھێندەش کێشەیەکی دەرونی بێت لەسەر ئاستی سیاسەت ئەگینا ئەم ھەمو ترسە لەکورد بون بۆچی، جیھانی لیبراڵ کوردبون بەترس دەزانێ  ئەمە کێشەکە دەرونی نەبێت چی یە! جیھانی ئیسلام بێبەزەییانە دەمانھاڕێ هەمو کێشەکەیان دەرونی نیە چییە! بۆیە ئێمە دەبێ ڕێگاکە بگۆڕین بیربکەینەوە بەڕێگایەکی دیکە سیاسەت بکەین،  پەیوەندی دروست کەین  تێبگەین ئەم ھەمو خەبات وقوربانی و شۆڕشە نەیگەیاندینە جێگای خۆی، کەچی لە تەنیشتماندا.

چەندین دەوڵەت ھەیە جامێ خوێن و پەرداخێک ئارەقیان نەبەخشیوە کراون بەدەوڵەت، کەواتە بون وەک دەوڵەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا ئیعتیرافە نەک شتی دیکە، ئەویش لە ڕێگای دەوڵەتە گەورەکان، کە ڕێککەون لەسەر دانپێدانان  بەبونی تۆدا، ئەمەش دەبێ پێداچونەوەیەکی ڕیشەیی وقوڵ  بۆخۆمان بکەین  یەکەم  ھەنگاو ڕوبەڕوی ھەڵەکانی خۆمان ببینەوە دواتر گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای دیکە، ئەمەش بەتێگەشتننی نێوان ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکان و سیاسییە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی بۆ مێژوو سیاسەت دەکەن  بۆ دیاریکردنی ئامانجی ھاوبەش، بۆ لێکۆڵینەوە لەم  کێشەی کورد بونە  بێ نەفی کردنی یەکتر.

بۆ دانانی بنەماو  ڕێکەوتن  لەسەر بابەتێک کە لەسەر ئاستی فیکر بیری لێبکرێتەوەو لەسەر ئاستی میللی کاری بۆ بکرێت  بیرکردنەوە لە کورد بونێک  بۆ بوەتە ترس بۆ جھان و غەمگینی بۆ خۆمان،  بۆ دەرونمان بیمارە بەرامبەر یەکتر، لەکوردبوندا  چارەی ئەم کێشەیەش لەدەستی ئەقڵدایە ئەو دەتوانێ ئەم دیواری ترسە بشکێنێت،  کەواتە بائەقڵ بخەینە گەڕ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP