دنیای سەرۆک

سلێمان عەبدوڵا یونس - 11-07-2019 - 8549 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمار سەرقاڵی کارە گەورە و تەواونەکراوەکانە، سەرقاڵی ڕەونەق بەخشینەوەیە بە پێگە زیانپێگەیشتوەکان لەسەر ھەمو ئاستە جیاو جیاوازەکان، سەرقاڵی شتەگەلێکە کە بایەخەکەی زۆر تێپەڕی سنوری بەرژەوەندی کەسی و  گروپگەلە بچوکەکانە.

ئەو خەمی ئەوەیەتی ھەموان بە پلانێکی ژیرانەوە بۆ شایستەیی بباتەوە و  دۆخێک بخوڵقێنێ ھەمو شتەکان بۆ بنەما ڕێزلێگیراوەکان بگەڕێنێتەوە، ھەوڵدەدات وەک سەرۆکێکی ئارام، لەچوارچێوەی کات و شوێنی سەنگیندا ئەکشن بکات و دور لەھاشوھوشە باوە نەگونجاوەکان بێتە کایە کردەییەکانەوە .

سەرۆک وێڕای ئەوەی کوردێکی بێگەردە و بە خزمەتگوزاریە جیاوازەکان سرودی خوایە وەتەن ئاواکەی دەچڕێت و دۆڵە ڕوتەکان بۆ شار دەکات بەھەوار و ساڵانە چاوی سەدان ڕۆڵەی لێھاتوی گەلەکەی لەزانکۆی ئەمریکیدا دەکاتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەئاستە وەزیفی و لەچوارچێوەی دەسەڵاتە دەستوریەکەی خەریکی دروستکردنی یەکانگیری و ھاوبەشییەکان و تێپەڕاندنە سنوریەکانە.

 جیاوازیەکە ئەوەیە ئەو لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، داوای بازاڕی ھاوبەش و یەکێتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەدیھێنانی سەقامگیری ھاوبەشی گەلان لەم ناوچەیە دەکات، کەچی ھەندێک ھێشتا ھەر لە پۆست و پێویستیەکی کەسی بچوکەوە، ھەر لەکۆڵانی کوتلەیەکەوە، لە بازاڕی شێواوی گروپێکەوە، لەچاوی خۆڵاوی حزبێکەوە، لەدنیای بەرتەسکی ھاوپەیمانێتیەکی تەمەن کورتەوە، لەناو بیری دابەشکاریەکانی جوگرافیایەکی دو کەرتەوە، سەیری دنیای سەرۆک دەکەن، لەکاتێکدا دنیای سەرۆک دنیایەکی گەورەترە لەدنیای شتە بچوکەکان، دنیای خۆمان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP