موزایەدەکردن بەسەر حزبەوە

گوڵاڵە صدیق - 10-07-2019 - 3059 جار خوێندراوەتەوە


وشەی موزایەدە لە زمانی ئابوری یان بازاڕدا، بەواتای بەرزکردنەوەی ئاشکرای نرخی کاڵایەکە بەمەبەستی فرۆشتنی ئەو کاڵایە، وە هەمیشە ئەو کەسەی کاڵاکە دەکڕێت، ئەو کڕیارەیە کە زۆرترین نرخ دادەنێت وە هیچ یەکێک لە ڕکەبەرەکانی ناتوانن یان نایەنەوێت لەو نرخە زیاتر بدەن بەو کاڵایە.

بەڵام لەڕوی سیاسیەوە موزایەدەکردن بەو شێوازی مامەڵەکردنە دەوترێت حزبێکی سیاسی بەسەر حزبە ڕکەبەرەکانیان دەکات بە مامەڵەکردن بەپرسێکی دیاریکراوەوە و ئەم پرسە دەخاتە گۆڕەپانی سیاسی دەوڵەتەوە و هەندێک خەڵک یان زۆرینەی خەڵک لەگەڵ تەوژمە سیاسیەکەی خۆی دەجوڵێنێت.

وە هەندێکجار وا ڕێدەکەوێت لەناو یەک حزبی سیاسیدا کەسانێک یان چەند کەسانێک دەست دەکەن بەم شێوازە لە موزایەدەکردنە بەسەر ئەو حزبە سیاسیەی خۆی کاری تێدا دەکات، وە یان موزایەدە بەسەر حزبەکەی و ئەو هاواڵانەی خۆیدەکات کە هەمان کاریان پێ سپێردراوە!

ڕۆژانێک لەهەرێمی کوردستان لەدوای شەڕی ناوخۆوە خەڵک لەهەمو شت نائومێد ببون، ناڕەزایەتییەکان نەدەبیستران و کپکرابون، دەنگە ئازاکان پەرتەوازە و ناڕێکخراو بون، خەڵک بەشێوازی با کڵاوەکەت با نەیبات دەژیا.
ئەگەر ڕیتمی موزایەدە یان پۆپۆلیستی بۆ سەردەمێک لەسەردەمەکانی کاری سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا زەرورەتێکی حەتمی بوببێت، ئەوا لە ئێستا نەک زەرورەتی حەتمی نیه بەڵکو وەک عەیبەیەکی لێهاتوە، چونکە ڕۆژگارێک پێویست بو حزب ئەو دەنگانە بارز بکات هەتا گڕو تین بدات بەو دەنگە خەفەکراوانە کەلەناو هەناوی خەڵکدا قەتیس مابون.

ئاشکرایە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، شێوازی هەڵبژاردن نیمچە کراوەیە، واتە دەنگدەری عێراقی لەسەر ئەساسی مەزهەب یان حزب دەنگ بە نوێنەرەکەی خۆی دەدات، واتە کاتێک دەنگدەرێک دەنگ بە کاندیدێک دەدات پێش ئەوەی کاندیدە دڵخوازەکەی خۆی دیاریکردبێت ئەوا حزبە دڵخوازەکەی دیاریکردوە، واتە حزب و مەزهەب ئامانجی دەنگدەرە نەک کاندید.
لەبەرئەوە تۆی نوێنەری خەڵک، پێش ئەوەی نوێنەری خەڵک بیت ئەوا نوێنەری حزبەکەتی، لەهیچ وڵاتێکی دیموکراسی نیه نوێنەرێک لە ڕیتمی کارکردنی حزبەکەی خۆی لابدات، ئەگەر هاتو لادان ڕویدا ئەوا توشی لێپرسینەوە دەبێتەوە لەلایەن حزبەکەیەوە.

کاتێک نوێنەرێک موزایەدە بەسەر حزبەکەی خۆیدا دەکات، هەمو ئەوانەی کاری سیاسی دەکەن لە هەمو پاڵنەرەکان و ڕاستیەکانی ئەو ڕوداوە ئاگادارن کە موزایەدەکەی لەسەردەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا هەندێک حزبی سیاسی نەک نەیانتوانیوە میکانزمێک جێبەجێ بکەن بۆ نەهێشتنی موزایەدەکە، بەڵکو ڕاستی بابەتەکەش ناخەنە بەردەم خەڵک تا بەو موزایەدانە چاوبەس نەکرێن.

نزیکەی 10 ساڵە هەمو کەموکوڕییەکانی حکومداری خراونەتە بەرچاوی خەڵک، بابەت نیه لە تەلەفزیۆنەکانەوە چەندەها بەرنامەی لەسەر نەکرابێت، کێشەو گرفت نەماوە سەدان پسپۆڕی بوارەکەی قسەی لەسەر نەکردبێت، لەبەرئەوە خەڵک هەموی بە دەردەکە ئاشنا بوە، هەموی دەرمانەکەی دەوێت، فەرمو تۆی نوێنەریش دەرمانی بکە.

پێویستە لەسەر حزبەکان ( بەتایبەت حزبە بەشداربوەکانی حکومەت) بوار بۆ ئەم جۆرە موزایەدەکردنانە نەهێڵن و چارەسەریان بکەن( هەندێک بابەتی موزایەدە لەگەڵ یاساکەی پێچەوانەیە و یەکناگرنەوە)، چونکە خەڵک بەتەواوەتی هیلاکە و چیتر بەرگەی ماڵوێرانی و برسێتی ناگرن و، وە لەڕابردودا بینیمان خەڵک جگە لە نەمانی خزمەتگوزارییەکان و چارەکە موچە هیچ سودێکی تریان لە بەرهەمی موزایەدەکردن نەبینی.

ئومێدەوارین نوێنەرەکان بە پڕۆژە و فکر و کارکردن خۆیان لەدڵی خەڵک خۆشەویست بکەن، نەک بە موزایەدەکردن و لادان لەپرەنسیپی ئەو حزبەی کە بەهۆیەوە دەرچون.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP