هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

زمانی کوردی هۆی دابەشبوونی زیاتر نەک هۆی یەکبون

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 9-07-2019 - 1550 جار خوێندراوەتەوە

بێگومان دیارترینی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ى كه‌لتوری كوردی كه‌ بونی كوردی پێده‌ناسرێته‌وه‌و چوه‌ته‌ شوێنی شووناسی كوردی زمانی كوردیه‌. ئه‌و جێگاگرتنه‌ى زمان له‌ جیاتی شوناس بارێكی ناسرووشتیه‌و له‌ ئاستێكی تریشدا هۆكاری نه‌بوونی شووناس ئه‌وه‌ى درووستكردووه‌و كارگه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ له‌ جیاتی شووناسی كوردی بوونی كورد له‌ سنوورێكی ته‌سك یان له‌ ئاستی ناوچه‌یدا له‌ رێگای زمانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت، ئه‌ویش له‌و رووه‌وه‌ نا كه‌ زمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو باڵاده‌سته‌ له‌ نێو زمانه‌كانی تری دنیادا، نه‌خێر به‌ڵكو له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ وه‌كو زمانێكی ناوچه‌یی سه‌یر ده‌كرێت و ته‌نیا له‌ ئاستی ناوچه‌یشدا كاری پێده‌كرێت. 

دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ زمان وه‌كو به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ ئه‌نتۆلۆجیای مرۆڤ سه‌یر ده‌كرێت و یه‌كه‌مین ئامرازی سه‌ره‌كیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ چ وه‌كو تاكه‌ كه‌س و چ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ش بوونی خۆیی پێده‌رببڕێت یان گوزارشتی له‌خۆی پێبكات. زمانی كوردی تاكو ئێستا ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ له‌ رووبه‌رێكی ناوچه‌یی سه‌رجوگرافیای كوردستاندا گوزارشتی پێده‌كرێت و جۆراوجۆرای زاره‌كانی ئه‌م زمانه‌و درووستنه‌بوونی زمانی ستانده‌ر وایكردووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كورستان خۆیشی ئه‌م زمانه‌ نه‌توانێت به‌ یه‌ك شێوازو به‌ جۆرێك كه‌ هه‌موو كه‌سێكی كورد تێیبگات ببێته‌ ئامرازی خۆده‌ربڕین و خۆنمایشكردنی كورد به‌مه‌رجی هه‌موو كورد تێی بگات. واته‌ دابه‌شبوونی زمانی كوردی بۆ چه‌ند زارێكی ناوچه‌یی و پێكنه‌هاتن و درووستنه‌بوونی زمانی ستانده‌ر له‌ ئاستێكدا كه‌ هه‌موو كورد بتوانێت پێی بدوێت و پێی بنووسێت و پێی بخوێنێته‌وه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ لاوازى هه‌ستی یه‌كبوون و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردو به‌و پێیه‌ش له‌ ئاستی قوڵدا بۆ هه‌ستنه‌كردنی كورد به‌وه‌ى كه‌ ده‌بێ یه‌ك شووناسی هه‌بێت كه‌ شووناسی كوردیه‌. به‌ڵام به‌م باره‌ى ئێستای زمانی كوردییه‌وه‌ شوناسی سۆرانی بوون یان شووناسی بادینانی بوون یان شووناسی هه‌ورامی بوون یان شووناسی لوڕی بوون ئه‌گه‌ر به‌هێزتر نه‌بێت له‌ شووناسی كوردی بوون ئه‌وه‌ لاوازتر نییه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ رووى كردارو پراكتیكه‌وه‌. 

كه‌واته‌ به‌ ئاشكرا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زمانی كوردی نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ ره‌گه‌زێكی كاریگه‌ر بۆ به‌ ده‌ستهێنانی شووناسی كوردی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی به‌ڵكو ته‌نانه‌ت رۆڵی نێگه‌تیفی بینیووه‌ له‌وه‌دا كه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر جوگرافیای كوردستانیش واته‌ له‌ ناو ماڵی كورد خۆیشیدا تاكه‌ شووناسێكی كوردی به‌ ئاشكرا نه‌بینرێت یان به‌ ئاشكراو له‌ رووی كرداره‌وه‌ بوونی نه‌بێت. بێگومان هه‌رچۆن جوگرافیا یان تۆپۆگرافیای كوردستان رۆڵی نێگه‌تیفی له‌وه‌ه‌دا بینیووه‌ كه‌ رێگربێت له‌ به‌رده‌م پێكهاتنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا دابه‌شبوونی زمانی كوردى بۆ چه‌ند زارێكی ناوچه‌یی هه‌مان رۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه‌و هه‌یه‌و یه‌كێكی له‌ هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ى كورد به‌ پارچه‌پارچیی و له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌كگرتن. هه‌مان شێوه‌ى داگیركردن و دابه‌شكردن به‌هه‌مان شێوه‌ سیاسه‌تیش رۆڵی نێگه‌تیفی هه‌بووه‌و هه‌یه‌ له‌وه‌یدا كه‌ زمانی ستانده‌رى كوردی درووست نه‌بێت، به‌شێك له‌ حیزبه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان قوڵایی بادینی یان كرمانجی و زازاییان هه‌یه‌ به‌ ئاسانی دان به‌ زارى سۆرانیدا نانێن و له‌وه‌ ناپرسن كه‌ ئه‌م زاره‌ چه‌ند كارى پێكراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و حیزب و سیاسیانه‌ى كه‌ قوڵاییه‌كی سۆرانییان هه‌یه‌ بادینی به‌ ڕه‌واى ئه‌وه‌ نابینن ببێته‌ بنه‌ماى زمانی ستانده‌رى كورى. 

ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى له‌ تاكه‌ به‌شێكى كوردستاندا كه‌ ئێستا كورد خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات دوو زاری ناوچه‌یی بۆ خوێندن هه‌بێت و دوو زاری نووسین له‌ ده‌موده‌زگاكانی حكومه‌تی كوردیدا به‌كاربێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا بووه‌ته‌ هۆی لاوازى ئینتیمای یه‌كبوون و هه‌ستكردن به‌ جیاوازى له‌گه‌وهه‌رو ماهیه‌ت و بوونی نه‌ته‌وه‌دا كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ خۆیدا زه‌مینه‌ سازى ده‌كات بۆ په‌رتبوون و دابه‌شبوونی زیاتر مرۆڤی كورد له‌ خودی خۆیداو به‌و پێیه‌ش دابه‌شبوونی شووناس نه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وی ده‌ره‌وه‌ یان ئه‌ویتردا به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتریشدا. یان به‌ وته‌یه‌كی تر ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ بوونی شووناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كبوونیه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌وا زمانی كوردی به‌ ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ى یه‌كبوون كارده‌كات و به‌و پێیه‌ش نه‌ك رۆڵی كاریگه‌ر ناگێڕێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی شووناس به‌ڵكو رۆڵی نێگه‌تیف ده‌گێڕێت له‌به‌رامبه‌ر درووستبوونی شووناسی نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP