دوێنێ شەو بۆ نیو کاتژمێر بوم بە وەزیر، بەڵام...

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 9-07-2019 - 56918 جار خوێندراوەتەوە

شیەکەرەوەو زانایانی خەون ئەڵێن، مرۆڤ لەسەر هەر خەیاڵێک سسەربخاتە سەر سەرینەوە، رێک خەون بەوەوە دەبینێ. بەڵام من پێرێ شەو دڵنیام بەرلەوەی سەر بخەمە سەر سەرین و مالئاوایی لە رۆژێکی پڕ جەنجاڵ و هەواڵ و رووداوەکانی کەناڵە کوردیەکانەوە بکەم، هیچ فکرو خەیاڵ و ئارەزوویەکی درۆیین لە مێشکما نەبوو. 

دوای 10 مانگ لە دەنگۆی لە دایک بوونی کابینەی نۆهەمی حکومەتی ساوای هەرێمی کوردستان و کێشمەکێشە سیاسیەکان، ماوەیەک بوو خەیاڵمی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو

 

دوای 10 مانگ لە دەنگۆی لە دایک بوونی کابینەی نۆهەمی حکومەتی ساوای هەرێمی کوردستان و کێشمەکێشە سیاسیەکان، ماوەیەک بوو خەیاڵمی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. بەڵام پێرێ شەو لە رووداوێکی دەگمەن و ناوازەدا، بێ ئەوەی بیرم لای کابینە وحکومەت و بەرکەوتە و لێکەوتە و بەش بەشێنی دابەشکردنی کورسی وپۆست و پلە و پایەوە بێ، خەونێکی سەیرم بینی و بۆ نیو کاتژمێر منی خستە دۆخێکی نامۆ و پڕ لە ترسەوە.

لە خەونمدا بینیم بە قودرەتی قادر و دوعای بەردەوامی مادەر ( دایک)،  لە پڕ لە هەواڵێکی بەپەلە و موژدەیەکی شادیهێنەری بروسک ئاسادا، عەرزی بەندەیان کرد

 

لە خەونمدا بینیم بە قودرەتی قادر و دوعای بەردەوامی مادەر ( دایک)،  لە پڕ لە هەواڵێکی بەپەلە و موژدەیەکی شادیهێنەری بروسک ئاسادا، عەرزی بەندەیان کرد، هەڵۆی بەختت لە شەقەی باڵی داوەو لەسەر شانی لای راستت نیشتۆتەوەو تا دەمێک ساڵ هەرلەوێ، وەک لەک لەکی بەهاران،  هێلانەش دەکات و وەچە دەخاتەوەو تۆ دەبی بە وەزیر. بەڵام عەرزیان نەکردم چ وەزیرێک و چ وەزارەتێکی پڕ شکۆ چاوەڕوانمە و کەی دەبێ دەست بەکار بم.

تاوێک لە خۆشی ئەم هەواڵەدا بۆ ماوەی دوو خولەکێک تاوولەرز و هەززەی خۆشی و کامەرانی و دوارۆژی مسسۆگەرکراو گرتمی

 

تاوێک لە خۆشی ئەم هەواڵەدا بۆ ماوەی دوو خولەکێک تاوولەرز و هەززەی خۆشی و کامەرانی و دوارۆژی مسسۆگەرکراو، گرتمی و وام لێهات بە " قوەی جەزبەش" م نەدەزانی و خەریک بوو لە هۆش خۆم بچم!

فشارم بۆ خۆم هێناو بیرم کردەوە....بەڵام بیرو هزر وهۆشم لای خۆم نەبوو...ئەسلەن کات و زەمەن و فەزاو مەکان بە لامەوە گرینگ نەبوو...بیرم لە شکۆی بوون بە  وەزیر دەکردەوە،  لە شکۆی پاسەوان و دەرگەوان و مەسینەهەڵگرو خاولی بەدەست و رتلی ئوتۆمبێلە گوللە نەبڕە گرانبەهاکان و زرت و فرتی ئەمسەرو ئەوسەری دونیاو دامەزراندنی براو خوشک و خزم و ئامۆزاو خاڵۆزاو هاوڕێ و دۆست و ئەحبابی کۆن و نوێ دەکردەوە...

بیرم لای گرێبەستە خەیاڵیەکان و خەیاڵ پڵاوە چەورەکان و تێکەولێکە و بینەو بەردەو پڕ کەو فڕکەو قڕکە بوو

 

بیرم لای بەنزینی بەلاش و ئیمتیازاتی بوون بە وەزیر بوو...بیرم لای ئەو ( جڕتانە) بوو دەبوایە بۆ هەژاران و خانە نشینان لێی بدەم، کاتێک داوای یارمەتیان لێ دەکردم....بیرم لای گرێبەستە خەیاڵیەکان و خەیاڵ پڵاوە چەورەکان و تێکەولێکە و بینەو بەردەو پڕ کەو فڕکەو قڕکە بوو....شاگەشگەی کڕینی قات و ریباتی ئیتاڵی و بۆن وبەرامەی فەرەنسی و سێلفی حەشامات و جەماوەری داماوو کۆڵنەدەرو پانکەرەوەی دەورووبەرو فەزای مەجازی فەیس بوک و رووبەری  تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوو....بیرم لای کڕینی کاتژمێری سویسری پەنجادەفتەری بۆ خۆم و خێزان و ئەو هوتێلە پێنج ئەستێرەییە بوو، پارساڵ لە یەکێک لە لە پایتەختەکانی وڵاتێکی ئەورووپی بینیبووم...بیرم لای درووست کردنی چەند قومارخانەو سەنتەری مەساج و شێلان بوو....بیرم لای ویسکی سکۆتلاندی و جگەرەی چرۆی کوبی و زاخاوی مێشک و دڵ و دەروون بوو....بیرم لای ئۆکرانیا و دوورگە دڵڕفێنەکانی تورکیا و ئەو ڤیلا گرانبەهایە بوو جاری پێشتر لەوێ و لە دوبەی بینیبووم....بیرم لای گرێبەستە خەیاڵیەکان بوو.....بیرم لای هەموو شتە ( باشە) کان بوو....بیرم لای بیرە بوو....خولاسە سەرتان نەیەشێنم.......لەو خەیاڵ پڵاوانەدا بووم، هەر ئەوەندە بینیم پیرە پیاوێکی بە سام و هەیبەت و نورانی لە دوورەوە بەرەو رووم هات....تۆزێک ترس و لەرز دایگرتم...تارماییەکە تا دەهات نزیکتر دەبووەوەو منیش نوتقم گیرابوو و هێزی ڕاکردنم لێ بڕابوو..دڵە کوتەم گرتبوو و خەریک بوو لە هۆش خۆم بچم.

من دەموچاوو سیمای ئەوم لێوە دیارنەبوو...بەڵام نوری دەموچاوی مەدهۆشی بینینی خۆی کردم

 

من دەموچاوو سیمای ئەوم لێوە دیارنەبوو...بەڵام نوری دەموچاوی مەدهۆشی بینینی خۆی کردم...وای خوایە ئەم پیرە پیاوە چەند بە هەیبەت بوو......پیرە پیاوێکی کەڵەگەت و چوارشانەو بە سام ... لەترسانا نوتقم گیرا...هەناسەم سوار بوو....ئەژنۆم شکا..قورگم وشک و رەنگم زەرد هەڵگەڕا.

ئەو بە نەرمە دەنگێکی زۆر بە سۆزەوە بانگی کردم...وتی مەترسە...ئارام بگرە...منم باوکی کۆچ کردووت.

من نەهاتووم باسی چەمکی کوردایەتی و قوتابخانە فکریەکانی سۆسیالیزم و لیبراڵیزم و  هزری شۆفینیزم و پۆپۆلیزم و دیموکراسیت بۆ بکەم....من نەهاتووم مێژووی مرۆڤایەتی و باجی کوردبوونی سەدەکانی رابردوو و دیرۆکی کوردیاتی و خەبات و بەرخودان و تێکۆشانت بۆ شەن و کەو کەم....من هاتووم هەروەک جاران ئامۆژگاریت بکەم. 

دەنگەکە هی باوکی کۆچ کردووم بوو...ناسیمەوە...ئاخر من ئاشنابووم بەم دەنگە.... ئەو پیاوەی لە پێناو نیشتیمان و کوردستان و ئازادیدا نەک خۆی و بنەماڵە، بەڵکو منداڵ و عەشیرەت و هەموو ژیانی خۆیشی کردە قۆچی قوربانی چەمکی کوردبوونەوە....

ئەو بەردەوام بوو و وتی منم ئەو پێشمەرگە سادەیەی سەردەمانێکی زۆر دوور دوور و هەر لە دواساتەکانی کۆتایی پەنجاکان سەری خۆم هەڵگرت و رووم کردە چیا سەرکەشەکەی سەفین و لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگە جەربەزە چاونەترسەکانی ئەوکات، بە دەستێک تفەنگ و بەدەستێک نانە رەقە، رووبەرووی ستەمی داگیرکاری و رژێمی داپڵۆسێنەر بووینەوە و رووەو زولم وەستاینەوە، بێ ئەوەی چاومان لە دینارێک دەسکەوتی مادی و کورسی و پۆست و پلەی شکۆدارەوە بێ.

منم ئەو پێشمەرگە گیان فیدایەی سەردەمانێک لەوسەرو ئەوسەری کوردستان تەنگمان بە داگیرکەرانی کوردستان و جاش و بەکرێگیراوو موستەشارە خۆفرۆشەکانی ئەوساو رێزلێگیراوانی ئێستا هەڵچنیبوو

 

منم ئەو پێشمەرگە گیان فیدایەی سەردەمانێک لەوسەرو ئەوسەری کوردستان تەنگمان بە داگیرکەرانی کوردستان و جاش و بەکرێگیراوو موستەشارە خۆفرۆشەکانی ئەوساو رێزلێگیراوانی ئێستا هەڵچنیبوو...منم ئەو کەسەی بە ساڵان بینینی ماڵ و مناڵ و خاوو خێزانی لێ حەرام کرابوو و کە دەشهاتمەوە ماڵەوە، منداڵە بێ ناازو رووت و ڕەجاڵەکانم بە چاوی میوان و بێگانە سەیریان دەکردم و ببووم بە مرۆڤێکی نامۆ و پڕلە رەمزو رازو نهێنیەوە بۆیان.

کورەکەم شۆڕش بڕواناکەم تۆی کورە پێشمەرگە بکەن بە وەزیر....واز لە خەیاڵ پڵاو بێنە....ئەم شتە کردەیەکی ناکردەیە....ئاخر لەکوێی قاموس و فەرهەنگی کوردایەتی بووە کورە پێشمەرگەیەکی هەژار و رابردوو پاک و خاوەن بڕوانامەی زانکۆو  و بەئەخلاق ئەم ئەرکەی پێ بسپێردرێت....گەر کردیشیان با لەسەر بنەمای وزەو تواناو شیان و شایستەیی و  بەهرەمەندیتەوە بێ.... نەک مەحسوبیەت و ئەو پۆستەی پێت بەخشراوە تاقیکردنەوەی خوای گەورەیە و بۆ خزمەتی نیشتیمانە، نەک خۆت و تێرکردنی ئارەزووە لە بن نەهاتوووەکانتەوە...!

کورە کەم نەکەی خۆت لێ بگۆڕێ...نەکەی لەخۆت بایی بی...نەکەی بە لاتەنیشت و سەری پەنجە و نیوە دەست بەرزکردنەوە وەڵامی سڵاوو رێزی خەڵکی بدەیتەوە...ئەم پۆستە:

-بەرپرسیارەتیەکی ئەخلقی و نیشتیمانی و نەتەوەییە.
- ئەرکێکە خراوەتە سەر شانت و گەرەکە بە دڵسۆزی و پاکی بیبەی بەڕێوە.
- ئەم پلەیە لێت دەخوازێ لە کار کردن وڕاپەڕاندنی ئەرکەکانت ئەوپەڕی هیمەت بنوێنی و ڕاڕای نەکەی لە بریارداندا.
- خۆت لە ئەرکەکان بە بڕۆو بیانۆی جۆراوجۆر نەدزیەوە.
- خۆت لە پشت دیواری ڤێلاو مەزرەعە ( کێڵگە)کانی کەیف و سەفاو راب واردنەوە لە خەڵکی مەشارەوە.
- لە خۆبایی بوون نەکەی بە پڕەنسیپی کار کردنت و فیز بە هاونیشتیمانیانت مەفرۆشەوە.
- ڕێزی کەسانی دەورووبەرت بگرە و دڵسۆزیان بە.
- گوێ لە داواکاری خەڵکی بگرە.
- سینگت بۆ رەخنە و گلەیی و گازندەی خەڵکی کراوە بێ.
- وامەزانە ئەم پۆستە ئەبەدیە و تۆ قەت نامری.
- دەسپاکی بکە بە پەیرەی کارەکانت و پرۆگرامی ئەنجامدانی ئەرکەکانتەوە.
- بوێرو راستگۆ بە.
- وریای گفت و بەڵێن و پەیمان و ئاخاوتنەکانت بە.
- وریا بە بڕواو متمانەت بە خەڵکی نەدۆڕێنی.
- وانەکەی خەڵکی بەهۆی هەڵسوکەوتی چەوت و خراپەکانتەوە، گومان بخەنە سەر کەسایەتی و رابردووی منیشەوە.
- نەکەی وا هەڵسوکەوت بکەی خەڵکی رقیان لە من و مێژووشمان بێتەوە.
- نەکەی بەهۆی هەڵسوکەوت و ئاکارە ناشرینکانتەوە خەڵکی قێز لە ئێمە و حزب و چەمکەکانی کوردایەتی و کوردبوونیش بکەنەوە.
- وریا بە حزب ئامراز نیە بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات و خۆدەوڵەمەند کردن، بەڵکو حزب و پۆستی حکومی ئامرازێکە بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان.
- تکات لێ دەکەم نەخۆت و نە من و نە حزبیش بە ئاکارە چەوتەکانتەوە ناشرین مەکە. من نەمکرد تۆش مەیکە.

- کاتێک خەڵکی داوای خزمەت و لالێ کردنەوەی کێشەو چارەسەرکردنی گرفتەکانتەوە لێدەکەن، بە قسەی باق و بریقەدار و گفتی بێ بنەماو سەرگەرم کردن، درۆیان لەگەڵ مەکە. دڵنیابە بەیەک درۆ، هێمای پرسیار ئەخەیتە سەر کۆی گشتی کەسایەتی خۆت و منیشەوە.
- لەبیرت بێ هاونیشتیمانیانت لەوە هۆشیارترو بە ئاگاترن، تۆ بتەوێ بە بەڵێنی بێ بنەما و درۆوە، لە خشتەیان بەری.
- کاتێک لەبەردەم مایکی تەلەفزیۆنەکاندا ئەوەستی، خۆت لێ نەبێ بە سەرۆکی ئەمریکا و کۆنگرێسمان، یا ئەندامی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانی و حیسابی ورد بۆ لێدوانەکانت بکە. ئێمە هێشتا گەلێکی بن دەست و دابەشکراوین و نەبووین بە دەوڵەت.
- خەڵکی زۆر لەوە هۆشیارترە گاڵتە بە عەقڵیانەوە بکەی و پێیانەوە رابوێری. ئەو خەڵکە داماوە مەکە بە بارمتە بە دەست خۆتەوەو ڕاستیان بۆ بێژە.
- تۆ بۆ خزمەتی گشتی و چارەسەری لەوێ دانراوی نەک بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆت و کەسە نزیکەکانتەوە.
- رێگە نەدەی خەڵکانی بێ کەلک و شایەر و چاوەش و بودەڵەو هیچ و پوچ و راپۆرت نووس و جاسوس و هیچ لەبارادا نەبووی هەلپەرەستی بێ ویژدان، بە پان کردنەوەو مامەحەمەیی لە دەورەتەوە کۆ ببنەوە و بە شانو باڵتەوە هەڵبدەن.
- لە خوا بترسە و بزانە ئەو، چاودێرە بەسەرتەوەو هیچ شتێک لێی شاراوە نیە.
- رێگە بە خەڵکی بودەڵەو هەلپەرەست و بەرژەوەندچی مەدە بۆ بردنە پێشەوەی خۆیان و دەسکەوتە مادیەکان، خۆیانت لێ نزیک بکەنەوە و کە لێش کەوتی و شکستت خوارد، پشتت تێ بکەن.
- رێزی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت وبێنەواو بگرەو بەگوێرەی تواناو دەسەڵاتت یارمەتیان بدە.
- خۆت لە ململانێی ئەم وئەو بپارێزە.
- رێزی هاوسەنگەر و هاورێ و هەڤاڵانی دوور ونزیکی من بگرەو بە قسەوگوفتاری خۆش بیاندوێنە.
- لە حەرام و دزە وگەندەڵی خۆت بپارێزە و بزانە ئەم دونیایە رۆژێک دێت کۆتایی پێ دێت و ئەپێچرێتەوەو حەق و حیساب دەربارەی وردو درشتیەوە لەگەڵت دەکرێ. هەروەک لەگەڵ منی باوکت کردیان.
-کەسانی گەندەڵ و چابرسی لەخۆت دوور بخەرەوەو دەرفەتی دزی وگزیان پێ مەدە.
- کوری خۆم بیسەلمێنە تۆ کوری پیاوی مەرد و خاوەن هەڵوێست و رابردووپاکی.

ئامۆژگاریەکانی باوکم بەردەوام ب و منیش زۆر بە وردی گوێم بۆ ئامۆژگاریەکانی هەڵخستوو و سەرتاپای جەستەم لە ترسانا هەڵئەلەرزی.....هەر ئەوەندەم زانی هێلینی کچە یازدە ساڵەکەم خەبەری کردمەوە و خەون و خەوە شیرینە یۆتۆپیاکەی لێ پچڕاندم و هەپروون بە هەپروونی کرد وبە داخەوە، سەرەڕای تامەزرۆییمەوە، نەیهێشت ببم بە وەزیر:

" بابە گیان دە هەستە...درەنگە....ئەوڕۆ بۆ واخەوت گرانە و کەوتوویەتە خەوێکی قوڵەوە.؟.....ئەی نامبەی بۆ قوتابخانە...پاسەکە نیو کاتژمێریتر ئەڕواو بە جێمان دێڵێ و من دیسان تاقەتی بە پێ رۆیشتنم نیە....ئاخر پایسکلەکەشم پەنچەرە و ئیستاپەکانیشی باش ئیش ناکەن.....ئەها بیریشت نەچی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دایکو باوکەکانە و مامۆستای زمانی دانیمارکیش ئەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات....!!!!


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP