ئه‌زمونى حزبى كوردى له‌ باشور

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 7-07-2019 - 1645 جار خوێندراوەتەوە

له‌سه‌ر داواى دۆستانێك خه‌ریكى گه‌ڕانو هه‌ڵوه‌سته‌بووم له‌ سه‌ر حزبى كوردى له‌ باشورى كوردستان ، له‌ راستیدا من نه‌مده‌ویست وه‌ك دیرۆك سه‌یرى پرسه‌كه‌ بكه‌م، من وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ده‌مویست قسه‌ بكه‌م، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاوڕله‌ دیرۆكى حزبه‌ كوردیه‌كانى باشور ده‌ده‌یته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ چاوى ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن سه‌یریانبكه‌یت ، توشى شۆك و سه‌راسیمه‌ ده‌بیت ، خه‌ونى نالى ، ئه‌حمه‌دى خانى ، حاجى قادرو ئه‌وانى تر بۆ حزب و خۆخاوه‌نى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ ، كه‌ دواى ده‌یان ساڵ له‌ مێژووى شیعرى ئه‌و شاعیرانه‌ حزب دروست ده‌بێت .

ئه‌زمونى حزبى كوردى له‌ باشور ، ئه‌زمونێكى پڕ كه‌ند و له‌ندوبچڕان و په‌رت بوونه‌ ،  ئه‌زمونێكى تاڵ و ناجۆره‌ ، گه‌رچى له‌ سایه‌و په‌نایدا هه‌ندێك بوونه‌ به‌ ملیاردێرو سه‌رمایه‌دارى مشه‌خۆرو ده‌یناسۆر ئاسا ، له‌وئه‌زمونه‌دا شه‌ڕى ناوخۆ ، ملدان بۆ دوژمن ، خۆ به‌ هیچ نه‌زانین ، بچوكبوون ، خاك فرۆشى و خه‌ڵك فرۆشى هه‌یه‌ ، له‌وئه‌زمونه‌دزێوه‌دا كوشتنى هه‌زاران گه‌نج هه‌یه‌ ، به‌ بیانووى ناشرین ناشرینى ئه‌و تۆ كه‌ هه‌ر رۆژێك بێت ده‌بێت سزاى ئه‌و دیرۆكه‌ بدرێت .

ئێستاش دواى نزیكه‌ى سێ ده‌یه‌ له‌ خۆ به‌ڕێوه‌به‌رى باشور كاتى ئه‌وه‌یه‌ هه‌ق و حسابێكى ئاكارى له‌ ته‌ك ئه‌و حزبانه‌دا بكرێت ، ئه‌مه‌ بێئه‌وه‌ى ئێمه‌ بیكه‌ین ، پێویسته‌  ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى ئه‌و حزبانه‌ خۆیان بیكه‌ن، ناكرێت ئه‌ندامو هه‌ڵسوڕاوو لایه‌نگرو هه‌وادارى حزب ده‌روێشانه‌ بكه‌ونه‌ ناو ، ئه‌مه‌ بۆ قۆناغێكى دیكه‌ى مرۆڤایه‌تى  ره‌نگه‌ بشێت ، به‌ڵام بۆ ئێستا ئه‌سته‌م و جۆرێكه‌ له‌ كۆیلایه‌تى مۆدێرن ، یانى تۆ به‌ هه‌موو كێماسیه‌كى حزبه‌كه‌ت بڵێى سه‌ركه‌وتن و به‌ هه‌موو كارێكى رازى بیت .

دواى نزیك به‌ سێده‌یه‌ ى باشورى كوردستان ئیدى كاتى ئه‌وه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كى ورد بۆ حزبه‌ كوردیه‌كانى باشورو جیاوازیه‌كانى نێوانیان و ره‌وتارى سیاسیان ده‌رهه‌ق به‌ پرسى كورد  بكرێت ، یانى له‌ حزبه‌كانى باشورى كوردستاندا به‌ تایبه‌ت حزبه‌ خاوه‌ن  زۆرینه‌كانى خه‌ڵك ، ئه‌وخۆ نه‌بوون و ملدان بۆ دوژمن و لاره‌ خواریه‌ له‌ به‌رانبه‌ر دوژمن و دڕبوون له‌ به‌رانبه‌ر هاو نیشتمانى خۆتا له‌ چیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتوه‌ بۆ ئاوایه‌ ، چى بكرێت بۆ خۆیى بوونه‌وه‌ى حزب ، بۆ به‌ كوردى كردنه‌وه‌ى حزب ، ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ توێژینه‌وه‌وڤه‌كۆڵًینى ورده‌ .

ئایه‌ ئه‌وه‌ى له‌ باشور هه‌یه‌ به‌و جۆره‌ى حزب ،سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ى به‌ پیریش ده‌سبه‌ردارى پلو پۆست نه‌بن ، ده‌ستوه‌ردانى حزب له‌ بازاڕو قۆرخكردنى ، پاوانكردنى ناوچه‌و زۆنى جیاجیا ، بوونى میایشیاى حزبى ، ئه‌مانه‌ هه‌موو مه‌ترسى گه‌وره‌ نین بۆ هه‌میشه‌ مانه‌وه‌ له‌ دۆخى دڕدۆنگى ومۆڕه‌له‌یه‌ككردن و به‌ دگومانى ، ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن ، كه‌من نامه‌وێ وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌و وه‌ڵامه‌كه‌ بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرو دۆستانى حزبه‌كان به‌ جێدێڵم .
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP